فیکری ئیسلامی

ئيسلام مه‌بده‌ئه‌

هه‌موو مرۆڤێك به‌ پێی سروشتی خۆی وێڵه‌ له‌ دووی به‌خته‌وه‌ریی بۆیه‌ هه‌وڵ بۆ ژیانێكی ره‌فاهییه‌ت و ئاسووده‌یی و كامه‌رانیی ده‌دات.. ده‌یه‌وێت له‌ ئاستێكدا بژی به‌رزتر بێت له‌ ژیانی مه‌خلووقاتی دیكه‌.

مرۆڤ به‌ درێژایی مێژووی ژیانی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ به‌ده‌ست بهێنێت تا ئاسووده‌ بژی.. فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندو داڕێژه‌رانی یاساو سیاسه‌تمه‌داران به‌و ئومێده‌وه‌ ده‌یان دیدی فه‌لسه‌فیانه‌و تێڕوانین و یاساو ده‌ستوورو تیۆری سیاسی و عه‌قیده‌ی دینی و ئایدیۆلۆژییان داڕشتووه‌.. خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵ جیاوازی زۆری دیدو تێڕوانین و حه‌زو ئاره‌زوو به‌رژه‌وه‌ندی تێكچڕژاویاندا هه‌ر وه‌كو لافاو شوێنیان كه‌وتوون و دیدی فه‌لسه‌فییانه‌و تێڕوانینی سیاسی ئه‌وانیان كردووه‌ به‌ رێبازو خه‌باتیان له‌ پێناوی ئامانجه‌ دووره‌كانیاندا كردووه‌.. بەڵام ئایا گه‌یشتوونه‌ته‌ مه‌نزڵگای به‌خته‌وه‌ریی؟! بێگومان، نا .. چونكه‌ رێگای راست و دروستی رابوونیان نه‌گرتۆته‌ به‌ر، ئیدی به‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ش شاد نه‌بوون..

ئه‌و مرۆڤه‌ی ده‌یه‌وێت بگاته‌ به‌خته‌وه‌ریی پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت بزانێت كه‌ رابوونی راست ودروستی پێویسته‌.. رابوونی راست و دروستیش به‌رهه‌می ره‌فتارو ره‌وشتی مرۆڤی راست و دروسته‌.. چونكه‌ ره‌فتارو ره‌وشتی مرۆڤه‌كانه‌ كه‌ روفاهییه‌ت یان گه‌نده‌ڵیی به‌رهه‌م ده‌هێنن..

ره‌فتارو ره‌وشت چییه‌؟!

ره‌فتارو ره‌وشت بریتییه‌ له‌ سه‌رجه‌می ئه‌و كارو كرده‌وانه‌ی مرۆڤ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیدا ده‌یخاته‌ڕوو. ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌و زینده‌ ووزه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م مرۆڤه‌ له‌ ناخی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه‌... .، ئه‌و زینده‌ووزه‌یه‌ ئه‌و پاڵنه‌ره‌یه‌ كه‌ پاڵ به‌م مرۆڤه‌وه‌ ده‌نێت تا ئه‌و كارو كرده‌وانه‌ بخاته‌ڕوو كه‌ ئێمه‌ لێیه‌وه‌ ده‌یبینین. به‌ پێناسه‌یه‌كی روونتر ئه‌و ووزه‌یه‌ بریتیه‌ له‌ كۆی پێداویستییه‌كانی مرۆڤ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی هه‌ست ده‌كات ده‌بێت له‌ هه‌وڵێكی به‌رده‌وامدا بێت تا بیانهێنێته‌ دی، هه‌روه‌ها حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی كه‌ ده‌بێت تێریان كات.. ئه‌م مرۆڤه‌ ده‌یه‌وێت بخوات و بخواته‌وه‌، ده‌یه‌وێت بپۆشێت و بڕازێته‌وه‌، ده‌یه‌وێت هه‌یبێت و پێوه‌ی دیار بێت، ده‌یه‌وێت به‌رگریی لێ بكرێت تا له‌ ئه‌ماندا بێت، ده‌یه‌وێت پیرۆزییه‌كانی بپارێزرێن و جێی رێز بن، ده‌یه‌وێت بواری بۆ كراوه‌ بێت تا زاتی خۆی بسه‌لمێنێت.. ئه‌مانه‌و ده‌یان به‌رژه‌وه‌ندی تر كه‌ ده‌خوازێت بۆی بێنه‌ دی.. بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ:  (زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاء وَالْبَنِينَ وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ الْمُسَوَّمَةِ وَالأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ ذَلِكَ مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَاللَّهُ عِندَهُ حُسْنُ الْمَآبِ)  الزخرف/٣٢ واته‌: حه‌ز له‌ ژن و ئاره‌زووی هه‌بوونی كوڕو نه‌وه‌ی زۆرو گه‌نجینه‌ی پاره‌و زێڕو زیوو و ره‌وه‌ ئه‌سپه‌ شێی قه‌شان و ره‌سه‌ن و مه‌ڕو ماڵات و زه‌وی و زار لای خه‌ڵكی جوان و په‌سه‌ند كراون.. بەڵام ئه‌مانه‌ كه‌لوپه‌لی ژیانی دنیان، خوای گه‌وره‌ له‌وه‌ به‌نرخترو په‌سه‌ندتری لایه‌..

مرۆڤ كه‌ ده‌بینێت ئه‌و هۆكارانه‌ وا له‌ ده‌وروبه‌ری خۆیدان كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی و تێركردنی حه‌زه‌كانی، كه‌ بۆ ئه‌و ده‌سته‌به‌ر كراون، بۆیه‌ ده‌بینیت به‌ گوژم خۆی بۆ هه‌ڵده‌دات و بۆ چنگ پێداكردنی ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵپه‌! بەڵام سه‌ری له‌ كێشه‌یه‌كی تره‌وه‌ ده‌رده‌چێت.. ئه‌ویش ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ تا ئێستا وەڵامی ده‌خوازێت:

چۆن و به‌ چ رێگایه‌ك پێویسته‌ سوود له‌و شتانه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆی وه‌ربگرێت؟! چۆن ده‌توانێت پێداویستییه‌كانی پڕ بكاته‌وه‌و حه‌زه‌كانی تێر بكات؟! خۆ سوود وه‌رگرتن له‌و شتانه‌و خۆ تێركردن لێیان ره‌فتارێكی ئاژه‌ڵییانه‌ نییه‌، به‌رەڵا بێت بۆیان و تا تێریان لێ ده‌خوات بله‌وه‌ڕێت! نا، مرۆڤ بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ده‌یخاته‌ سه‌ر چه‌ندین رێ، كه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژێرێت كه‌ مه‌به‌سته‌كانی دێننه‌ دی و تێری ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی تووشی دژواریی بكه‌ن..

كاتێك مرۆڤ له‌ دیدو بۆچوونی فیكریی خۆیه‌وه‌ شێوازێكی تایبه‌ت بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو هێنانه‌دی پێداویستیه‌كانی وتێركردنی حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی. ئه‌م شێوازه‌ی كه‌ بۆ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌یگرێته‌ به‌ر، پێی ده‌ڵێن (ره‌فتار: سلوك).. زۆر موماره‌سه‌كردنی ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ ده‌بێته‌ رێسای ره‌وشتیانه‌، كاتێك زۆرینه‌ی خه‌ڵكانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك باوه‌ڕ به‌م رێسایانه‌ دێنن و موماره‌سه‌ی ده‌كه‌ن ده‌بێت به‌ دابونه‌ریتیان.. كه‌وابوو ره‌فتاری مرۆڤێك بریتییه‌ له‌ شێوازی تێركردنی پێداویستییه‌كان و تێركردنی حه‌زو ئاره‌زووه‌كان، كه‌ له‌ دیدی خۆیه‌وه‌ (یان خۆیانه‌وه‌) رێسای بۆ داڕشتووه‌. ئیتر ئه‌م رێسایانه‌ن كه‌ ئاڕاسته‌ی ره‌فتاره‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م رێسایانه‌ن كه‌ قه‌ناعه‌تی پێده‌كه‌ن به‌ هه‌ندێك شت رازی بێت و به‌ هه‌ندێك شتی تر ناڕازی. ئاوا ئه‌م مرۆڤه‌ (یان ئه‌م مرۆڤانه‌) له‌ روانگه‌ی ئه‌م رێسایانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ی دێنه‌ رێیان.

ئێستا كه‌ زانیمان ره‌فتار (سلوك) چییه‌، ده‌بێ بێینه‌ قوڵای باسه‌كه‌و بگه‌ڕێین له‌ دووی ئه‌و ره‌فتاره‌ راستودروسته‌ی كه‌ ده‌مانگه‌ێنێته‌ رابوونی پارسه‌نگ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌خته‌وه‌رییه‌كه‌.

وه‌ڵامه‌كه‌ ئاوا ده‌ست پێده‌كات:

بۆ ئه‌وه‌ی ره‌فتاری پارسه‌نگ جێگیر بكه‌ین ده‌بێ بگه‌ینه‌ فیكرێكی راست و ره‌سه‌ن، چونكه‌ ره‌فتار ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی دیده‌ عه‌قائیدیه‌كان و چه‌مكه‌ فیكرییه‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك ره‌فتاری ژیانی رۆژانه‌ی خۆی به‌ پێی دیدو بۆچوون و پێناسه‌كانی ناخی ئاڕاسته‌ ده‌كات. ره‌فتاری مرۆڤ سه‌رجه‌می په‌یوه‌ندییه‌كانێتی به‌ مرۆڤ و ده‌وروبه‌رییه‌وه‌، دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ی چۆنه‌ به‌رامبه‌ریان ئاوا ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كات. بۆ نموونه‌ كاتێك (س) (ش)ی خۆشده‌وێت، (س) هه‌موو ره‌فتاره‌كانی پارسه‌نگانه‌ له‌گه‌ڵ (ش) ده‌گونجێنێت.. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كاتێك (س) (ع) ده‌بوغزێنێت، هه‌موو ره‌فتاره‌كانی لێكدابڕان دوورخستنه‌وه‌ ده‌نوێنێت.. ره‌فتاریشی به‌رامبه‌ر (غ) كه‌ نایناسێت جۆرێكی تری پێ ده‌گرێته‌به‌ر.. له‌م روانگه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ رێسای گۆڕان كه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ره‌فتاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك پارسه‌نگ كه‌ین ده‌بێ سه‌ره‌تا دیدو تێڕوانین و پێناسه‌یان بۆ ژیان و چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانیان یه‌كخه‌ین.. بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ:  (إِنَّ اللَّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنفُسِهِمْ)  الرعـد/١١ واته‌: خوای گه‌وره‌ سیفه‌ت و سیمای كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ناگۆڕێت تا خۆیان له‌ ناخدا خۆیان نه‌گۆڕن..

ده‌سكه‌وتنی دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ی دروست له‌ خۆوه‌ نایات، حه‌تمه‌ن ده‌بێ له‌ چه‌مكێكی راسته‌وه‌ بێت، چه‌مكی راستیش له‌ فیكری راست و ره‌سه‌نه‌وه‌ دێت. ئه‌م فیكره‌ گشتگیره‌ ده‌توانێت مه‌به‌ست له‌ بوونی مرۆڤ له‌ ژیانی سه‌ر زه‌وی دیاری بكات.. ئه‌و كاته‌ دیدو تێڕوانینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مرۆڤ و گیانله‌به‌رو شته‌كانی تری ده‌وروبه‌رییدا ئاسان ده‌گونجێت. ئه‌مما ئه‌گه‌ر خۆی بۆ خۆی دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ دیاری بكات، حه‌تمه‌ن به‌ دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ی خه‌ڵكی تر ده‌كێشرێت.. چونكه‌ كه‌سیان نایه‌وێت له‌ چه‌مكێكی خۆی ته‌نازول كات تا له‌ كۆلكه‌ هاوبه‌شه‌كاندا یه‌ك بگرنه‌وه‌.

دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ی ژیان ئه‌وه‌ش ده‌خوازێت كه‌ پێناسه‌ی پڕاوپڕی مرۆڤ و ژیان و گه‌ردوونی لا رۆشن بێت، ماهییه‌ت و چاره‌نووس و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیانی لا به‌ڵگه‌نه‌وویست بێت. بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ پێش ئه‌م ژیانی دنیایه‌ ژیانێكی تر هه‌بووه‌و دوای ئه‌م ژیانی دنیایه‌ش ژیانێكی تر هه‌یه‌.. ده‌بێ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌موویان بدۆزێته‌وه‌و لێیان دڵنیا ببێت.. ده‌بێت ئه‌وه‌ی بۆ ساغ بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ چییه‌و چۆنه‌و كێیه‌ كه‌ وا له‌ پشت ئه‌م مرۆڤ و ژیان و گه‌ردوونه‌وه‌؟! ئه‌مه‌ رێسایه‌كی فیكرییه‌ بەڵام زه‌مینه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌موو رێسا فیكرییه‌كانی تری ده‌رباره‌ی ژیان له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت. ئیدی په‌ی به‌وه‌ ده‌بات كه‌ ژیانی مرۆڤ له‌ چه‌ندین قۆناغی پێكه‌وه‌ به‌ستراو پێكهاتووه‌، ژیانی دنیا یه‌كێكه‌ له‌ قۆناغه‌كان.. ئاڵقه‌یه‌كه‌ له‌ زنجیرێك.. به‌شێكه‌ له‌ هه‌موو.. ئه‌مه‌ ئه‌و گرێ كوێره‌یه‌ كه‌ له‌وه‌تای مێژوو هه‌یه‌ مرۆڤ به‌ ته‌نهاو ده‌سته‌جه‌معی پێوه‌ی خه‌ریكه‌و هێشتا هه‌ر تینی بۆ دێنێت كه‌ ده‌ی بزانه‌و ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌ هه‌ڵبێنه‌!! ئه‌ویش ئاڵۆزو پشێو هه‌ر خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌و لێده‌ركردنه‌ به‌رده‌وامه‌كه‌یه‌تی، كه‌ نه‌یگه‌یاندۆته‌ هیچ.. بەڵام به‌ ته‌ئكیید ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌ی زانی ئیتر هه‌موو ده‌زووه‌ ئاڵۆزكاوه‌كانی بۆ شی ده‌بێته‌وه‌و ئاسان سه‌ریان لێ ده‌رده‌كات..

هه‌ر كه‌سێك ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌ قورسه‌ی ژیان زانی ئه‌وه‌ ده‌ستی له‌و عه‌قیده‌ گیر بووه‌ كه‌ دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ی ته‌واو پڕاوپڕی ماهییه‌تی شته‌كان تێدایه‌و دڵنیایی ته‌واوی پێوه‌یه‌.. ئه‌مه‌ ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ كه‌ هه‌موو رێساكانی تری ژیانی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت، هه‌موو سیستمێكی ژیانی لێوه‌ وه‌رده‌گیرێت، هه‌موو ره‌فتارو ره‌وشتێكی پارسه‌نگی له‌خۆگرتووه‌.. پاك وپوخت ئه‌مه‌ ئه‌و مه‌بده‌ئه‌یه‌ كه‌ وه‌ك نه‌خشه‌ی بیناسازیی چۆنیه‌تی هه‌موو موشته‌مه‌لاته‌كانی ره‌هه‌ندو لایه‌نێكی له‌خۆ گرتووه‌..

مه‌بده‌ء: له‌ زاراوه‌ی هه‌موو خه‌ڵكییدا بریتییه‌ له‌و فیكره‌ سه‌ره‌كییه‌ی وه‌كو بناغه‌ رۆده‌چێت وهه‌موو دیدو تێڕوانین و راو بۆچوون و پێناسه‌ی به‌شه‌كانی مرۆڤ و ژیان و گه‌ردوونی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت.. به‌ هه‌موو فیكرێك ناوترێت مه‌بده‌ء، ته‌نها به‌و فیكره‌ گشتگیرییه‌ ده‌وترێت كه‌ ده‌رباره‌ی لایه‌نه‌كانی ژیان ده‌بێته‌ زه‌مینه‌ی ئه‌فكاری تر.. مه‌بده‌ء ئه‌و فیكره‌ سه‌ره‌كییه‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تییه‌ كه‌ پێشتر وه‌كو ئه‌و نه‌بووه‌، بۆیه‌ شیاوی ئه‌وه‌یه‌ بكرێته‌ روانگه‌ی دیدو تێڕوانین، بكرێته‌ تاكه‌ پێناسه‌ی بوون و نه‌بوون، پێناسه‌ی مرۆڤ و ژیان و گه‌ردوون به‌ هه‌رچی پێكهاته‌و ماهییه‌ت و گۆڕانكاریی و چارەنووسیانه‌وه‌ كه‌ هه‌یانه‌..

ئه‌م مه‌بده‌ئه‌یه‌ كه‌ زه‌مانه‌تی رابوونی راست و پارسه‌نگ ده‌كات، چونكه‌ مرۆڤه‌كان پارسه‌نگ په‌روه‌رده‌ ده‌كات، به‌و مه‌رجه‌ی چاره‌سه‌رێكی واقیعی بێت، له‌گه‌ڵ سروشت و ته‌بیعه‌تی مرۆڤدا بسازێت، قه‌ناعه‌ت به‌ ژیریی بكات و دڵ و ده‌روون پڕكات له‌ هێمنی و ئاسووده‌یی..

مه‌بده‌ء له‌ بیروهۆشی كه‌سێكه‌وه‌ یان كه‌سانێكی بیرمه‌نده‌وه‌ دێت، جا یان زاده‌ی بیركردنه‌وه‌و پلانی بلیممه‌تانه‌ی خۆیه‌تی، یان وه‌حییه‌و خوا بۆی ناردووه‌.. ئه‌و مه‌بده‌ئه‌شیان راست و دروست و پارسه‌نگه‌ كه‌ وه‌حییه‌و خوای گه‌وره‌ بۆ كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێزی ناردووه‌، چونكه‌ له‌ كردگاری مرۆڤ و ژیان و گه‌ردوونه‌كه‌وه‌یه‌، كه‌ خوای په‌روه‌ردگاره‌. ئه‌مه‌ مه‌بده‌ئێكه‌ بنبڕ راسته‌و گومانی تێدا نییه‌..

ئه‌مما ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی زاده‌ی بیروهۆشی بیرمه‌ندێكی بلیممه‌ته‌، له‌چاو مه‌بده‌ئه‌ وه‌حییه‌كه‌دا هه‌ر ناڕه‌وایی و لاسه‌نگییه‌، چونكه‌ ته‌نها له‌ په‌ی بردنی ژیرییه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ سنوری دیاری كراوی هه‌یه‌و درك به‌ هه‌موو مرۆڤ و ژیان و گه‌ردوون و پێكهاته‌و ماهییه‌ت و چاره‌نووسیان ناكات.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ دیدو بۆچوونی بیرمه‌نده‌ بلیممه‌ته‌كانیش له‌ناو خۆیاندا لێك جوداو دوورن، هه‌یانه‌ دژ به‌یه‌كن، هه‌یانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و بارودۆخ و دابونه‌ریته‌وه‌ كه‌ تێیدا په‌روه‌رده‌ بوون.. بۆیه‌ ئاوا هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ ئاوازێك ده‌خوێنێت.. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێكیان پێی ئاشتییه‌ ئه‌وی تریان پێی زه‌لیلییه‌و ده‌ڵێ پێویسته‌ بگۆڕێت. ئه‌وی پێی وایه‌ جه‌نگی پیرۆزه‌، ئه‌وی تر پێی وایه‌ ده‌ستدرێژییه‌.. هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌وه‌!  ئه‌مه‌شه‌ كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌ی دوچاری ئه‌و هه‌موو كوێره‌وه‌رییانه‌ كردووه‌ كه‌ شیرازه‌ی هه‌مووانی بۆ ده‌سه‌لێتداران پساندووه‌، چونكه‌ ره‌فتاره‌كان كه‌ له‌و دیدو تێڕوانینه‌ لاسه‌نگانه‌وه‌ هاتوون هه‌ر لاسه‌نگ و دوژمنكاریین.. بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ فه‌رمان ده‌فه‌رموێ:  (اتَّبِعُواْ مَا أُنزِلَ إِلَيْكُم مِّن رَّبِّكُمْ وَلاَ تَتَّبِعُواْ مِن دُونِهِ أَوْلِيَاء)  الاعراف/3 واته‌: ده‌ی سا شوێن ئه‌و په‌یامه‌ بكه‌ون كه‌ له‌ خوای په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌ بۆتان نێرراوه‌ته‌ خواره‌وه‌، شوێن سه‌رپه‌رشتیاری دیكه‌ مه‌كه‌ون..

له‌به‌ر ئا ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ته‌نها ئیسلام مه‌بده‌ئێكی راستو پارسه‌نگی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌، چونكه‌ ئیسلام وه‌حی خوایه‌و به‌ تایبه‌ت بۆ پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وای صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ناردووه‌و كردوێتی به‌ كۆتا په‌یامی خۆی.. گرێ كوێره‌ی ژیانی پێ كردۆته‌وه‌و چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی مرۆڤی به‌ شێوه‌یه‌ك كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌تی هزرو ژیریی وجیهانی سۆزو هه‌ست و ئاسووده‌یی دڵ و ده‌روونییدا بگونجێت.

ئیسلام ئه‌وه‌ی وورده‌كارانه‌ روون كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ پشت ئه‌م مرۆڤ و ژیان و گه‌ردوونه‌وه‌ كردگارێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ی دروست كردووه‌، بۆیه‌ بناغه‌ی سه‌ره‌كی ئیسلامه‌كه‌ باوه‌ڕهێنانه‌ به‌ بوون و ده‌سه‌لێتی خوای تاك و پاك.. باوه‌ڕهێنان به‌ خوای تاك و پاك باوه‌ڕهێنانێكی تر ده‌خوازێت به‌ نێرراوێتی و پێغه‌مبه‌رێتی محمد صلى الله علیه و سلم و به‌وه‌ش كه‌ قورئان په‌یامی خوایه‌و بۆ ئه‌و هاتووه‌، كه‌ ده‌بێ باوه‌ڕ به‌ هه‌موو پیت و ووشه‌یه‌كی بهێنرێت. له‌م روانگه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنرێت كه‌ عه‌قیده‌ی ئیسلامی روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك به‌ڵگه‌نه‌وویست هه‌ن ده‌بێت وا باوه‌ڕی پێ بهێنرێت كه‌ پێش ژیان هه‌بوون، وه‌كو هه‌بوونی خوای كردگارو رۆژی زیندووبوونه‌وه‌ی قیامه‌ت.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ رۆژی دروست بوونی مرۆڤه‌وه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ ته‌نها خوای كردگار خاوه‌نی هێزی ره‌های بوونه‌و مرۆڤیش ده‌بێت به‌ فه‌رمان و به‌رهه‌ڵستییه‌كانی ئه‌وه‌وه‌ پابه‌ند بێت و به‌س.. ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یوه‌ستییه‌یه‌ كه‌ ژیانی دنیا به‌ پێش خۆیه‌وه‌ هه‌یبووه‌و له‌وه‌شدا كه‌ باوه‌ڕی به‌ رۆژی دوایی هێناوه‌ كه‌ رۆژی پاداشت و سزایه‌تی، ئه‌مه‌ش ژیانه‌كه‌ی دنیا به‌ دوای خۆیه‌وه‌ هه‌ر په‌یوه‌ست ده‌كاته‌وه‌.. بۆیه‌ مرۆڤ حه‌تمه‌ن ده‌بێت له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتارێكیدا هۆشی له‌ عه‌بدێتی خۆی بۆ خوای گه‌وره‌و چاودێریی خوایی و به‌رپرسێتی قیامه‌تی بێت.. كه‌ ئاواشی لێهات ئیتر حه‌تمه‌ن زیاتر دیندار ده‌بێت و ته‌قوای زیاتر ده‌بێت، به‌مه‌ش زیاتر به‌ فه‌رمانه‌كانی خوای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ پابه‌ند ده‌بێت..

جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مرۆڤه‌ به‌ فه‌رمان و به‌رهه‌ڵستییه‌كانی خوای گه‌وره‌وه‌ باشتر پابه‌ند بێت، بۆ ئه‌وه‌ی عه‌قیده‌ی ئیسلامه‌كه‌ بكاته‌ زه‌مینه‌ی فیكریی دیدو تێڕوانین و چه‌مك و پێناسه‌كانی خوای گه‌وره‌ شه‌ریعه‌تی خۆی بۆ ناردووه‌، شه‌ریعه‌تێكی گشتگیر كه‌ هه‌موو لایه‌ن و كه‌لێنێكی ژیانی تاك و كۆی مرۆڤایه‌تی بگرێته‌وه‌.. كه‌ ره‌فتارو ره‌وشت و دابونه‌ریتی تاك و كۆی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ دیاری بكات.. تا چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بداتێ و رێبازو هه‌ڵوێستیان بۆ دیاری بكات.. ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی كه‌ حوكمی شه‌رعی بۆ هه‌موو گوفتارو ره‌فتارێكی مرۆڤ ده‌ركردووه‌.. هه‌ر كارو كرده‌وه‌و هه‌ڵوێستێك كه‌ عه‌بدێكی خوا ئه‌نجامی ده‌دات یه‌كێك له‌م رێسایانه‌ی شه‌رع ده‌یگرێته‌وه‌: واجبه‌ یان حه‌رامه‌، شیاوه‌ یان بوغزێنراوه‌ یان رێدراوه‌ (الوجوب والتحریم و الندب والكراهیة‌ و المباح).. بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ:  (وَنَزَّلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ تِبْيَانًا لِّكُلِّ شَيْءٍ)  النحل/89 واته‌: په‌یامێكمان بۆ ناردوویته‌ته‌ خواره‌وه‌ كه‌ روون كردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی تێدایه‌..

له‌ كۆی ئه‌و ئه‌حكامه‌ شه‌رعییانه‌ سیستمه‌كانی ژیان داڕێژراون.. ئیسلام جگه‌ له‌ ئه‌حكامه‌كانی خواپه‌رستیی و ره‌وشت و خۆراك و پۆشاك كۆمه‌ڵێك رێسای ئاڕاسته‌كردنی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌و ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی داڕشتووه‌، له‌وانه‌ سیاسه‌تی ناوخۆ: (سیستمی حوكم و باری ئابووریی و باری كۆمه‌لێیه‌تی و سیستمی فێرخوازیی و ..) و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌: (جیهادو په‌یمانبه‌ستن و جه‌نگ و ئاشتی و ..هتد). خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ:  (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلامَ دِينًا)  المائده‌/3 واته‌: ئه‌مڕۆ دینه‌كه‌م بۆ كۆتایی پێهێنان و نیعمه‌تی خۆمم به‌ ته‌واوی به‌سه‌رتاندا رشت و رازیم كه‌ ئیسلام به‌رنامه‌ی ژیانتان بێت..

به‌م گشتگیرییه‌یه‌ كه‌ ئیسلام ته‌نها مه‌بده‌ئێكه‌ زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ بدات كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و رابوونێكی راستوپارسه‌نگ به‌رزبكاته‌وه‌و بیگه‌ێنێته‌ به‌خته‌وه‌ریی حه‌قیقی.. مێژووش باشترین شایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌م راستییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌.. ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی كه‌ ئیسلامی به‌ ته‌واوی تێدا چه‌سپێنرابوو مه‌زنترین شارستانێتی تێدا هاتبووه‌ دی كه‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی شارستانێتی وای نه‌دیبوو. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ـ له‌ پێش ئه‌وانیشه‌وه‌ موسوڵمانه‌كان ـ بخوازن رابوونێكی وا بهێننه‌وه‌ كایه‌ كه‌ رێزی مرۆڤایه‌تی به‌ جوانترین شێوه‌ بپارێزێت و بیگه‌ێنێته‌وه‌ به‌ به‌خته‌وه‌ریی راسته‌قینه‌، ئه‌وه‌ حه‌تمه‌ن ده‌بێت ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ ئیسلامییه‌ بخه‌نه‌وه‌ مه‌یدانی ململانێی ژیان و سه‌رڕاستانه‌ له‌ ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌و ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا بیچه‌سپێننه‌وه‌.. ئه‌و كاته‌ له‌م ئه‌شكه‌وته‌ تاریكه‌ ده‌رده‌چن كه‌ تێی په‌ستێنراون و حه‌تمه‌ن ده‌چنه‌وه‌ به‌ر روناكی نووری خوایی و سێبه‌ری دادی خواوویستی.. خوای گه‌وره‌ش یارو یاوه‌رانیان ده‌بێت وه‌كو خۆی به‌ڵێنی پێداون: (اللَّهُ وَلِيُّ الَّذِينَ آمَنُواْ يُخْرِجُهُم مِّنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ وَالَّذِينَ كَفَرُواْ أَوْلِيَاؤُهُمُ الطَّاغُوتُ يُخْرِجُونَهُم مِّنَ النُّورِ إِلَى الظُّلُمَاتِ)  البقرة‌/ 257 واته‌: خوای گه‌وره‌ سه‌رپه‌رشتیارو مشوورخۆری ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌، له‌ تاریكستانییه‌وه‌ به‌ره‌و روناكی ده‌ریان ده‌هێنێت.. ئه‌مما ئه‌و كه‌سانه‌ی كافر بوون ئه‌وه‌ مشوورخۆریان تاغووته‌كانن كه‌ له‌ روناكییه‌وه‌ به‌ره‌و تاریكستانییان پێشخۆ ده‌ده‌ن..

2891 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.