فیقهی ده‌ستووری

دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە سیستمی ئیسلامیدا

مزگەوت و قوتابخانە و دەزگاكانی ڕاگەیاندن یەك ئەركیان لە ئەستۆیە، كە بەرهەمهێنانی كەسی موسوڵمان و ئوممەتی موسوڵمانە، هەموویان پێویستە لە ناوخۆیاندا بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجە هاوكاری یەكتری بكەن، جگە لەوەی كە دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەركێكی تریشیان لەسەرە كە گەیاندنی بانگەوازی ئیسلامی و دیدوتێڕوانینی ئوممەتە بە جیهانیان؛ ئامانجی دەزگاكانی فێرخوازی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەناو وڵات یەكە. ڕاگەیاندن ئەركی دەرەوەشی لەسەرە كە بەرگریكردنە لە ئیسلام و موسوڵمانان و ڕسواكردنی جاهیلیەت و سووككردنی دید و بۆچوون و بزاوت و هەڵوێستی ئەهلی كوفر و دوژمنانی ئیسلامە.. بەردەوام لەسەر عەقیدە و بیروباوەڕی جاهیلی دەدوێت و ڕەخنەی لێدەگرێت، ڕەخنە لە دین و دیدی، لە دابونەریتی، لە بزاوت و هەڵوێستی، لە ڕەفتار و ڕەوشتی، لە یاسا و رێسای، لە دەستور و سیاسەت و حوكمڕانی.. هەوڵیش دەدات بەهەموو زمانە زیندووەكانی جیهان بدوێت، خەڵكی بە زمانی خۆیان بدوێنێت و بەلاغی ئیسلامیان پێبگەێنێت لەگەڵ بەكارهێنانی هەموو چۆنیەتی و شێوازێكی دەروونیی كاریگەر تا بەتەواویی حەق ڕوون بكاتەوە و شیاوانە ببێتە خاوەن هەنجەتی شەرعی و (ئیقامە حوجیە) لەسەر خەڵكی بكات.
لەوانەیە یەكێك لە كێشە سەختەكانی ڕاگەیاندنی ئیسلامی ئەوەبێت كە چۆن بگاتە خەڵكی و نەكەوێتە ژێر داخوازیی هەوا و هەوەس و حەز و ئارەزووەكانیانەوە. چۆن ئەوان بەرەو ئاستی ئیسلامەكە بەرزبكاتەوە؟! ئەمە پێویستی بە هزرەوانی دامەزراو و نەخشەوانی كارامە و ڕۆشنبیری لێزان هەیە، ئەمە ڕۆژنامەوان و میدیایی دیندار و شارەزای  شەرع و واقیعەكەی دەوێت كە بزانێت و بتوانێت بۆنەی حەڵاڵ و كاتی گونجاو و سەدای كاریگەر و بابەتی ئاراستەوانی بگەیێنێتە هەموو توێژێكی كۆمەڵگە.. ئەمە دەروونناس و كۆمەڵناسی پسپۆڕی دەوێت كە چۆن دڵ و هەست وسەرنجی خەڵكەكە بۆخۆی ڕادەكێشێت و چاو و گوێ‌ و زەینیان بۆ بانگەوازی خوایی دەكاتەوە و دید و تێڕوانین و قییەم و نەریتی خۆمانیان پێدەگەیێنێت.. ئەمە واقیعناسی دەوێت كە بزانێت چۆن نەوەی نوێ -بەتایبەتی گەنجەكان- لە لادان و فەساد و كوفر دەپارێزێت و ئەوانەی لە زۆنگاوی فەساددان چۆن دەردەهێنرێن و دەگوازرێنەوە بۆ مێرگی ئاسوودەیی گەشەی ڕۆحی ئیسلامی؟

 

 

سەرچاوە: سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی
نوسینی: سەعید حەووا
وەرگێڕانی: مامۆستا کرێکار

1220 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
01/10/2021
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.