تەفسیر

ته‌فسیری ئایه‌تی دووه‌م سێیه‌م و چوارەم سوره‌تی (المجادلة)

ئایه‌تی دووه‌م سێیه‌م و چوارەم

 

(الَّذِينَ يُظَاهِرُونَ مِنكُم مِّن نِّسَائِهِم مَّا هُنَّ أُمَّهَاتِهِمْ إِنْ أُمَّهَاتُهُمْ إِلاَّ الَّلائِي وَلَدْنَهُمْ وَإِنَّهُمْ لَيَقُولُونَ مُنكَرًا مِّنَ الْقَوْلِ وَزُورًا وَإِنَّ اللَّهَ لَعَفُوٌّ غَفُورٌ * وَالَّذِينَ يُظَاهِرُونَ مِن نِّسَائِهِمْ ثُمَّ يَعُودُونَ لِمَا قَالُوا فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مِّن قَبْلِ أَن يَتَمَاسَّا ذَلِكُمْ تُوعَظُونَ بِهِ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ * فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ مِن قَبْلِ أَن يَتَمَاسَّا فَمَن لَّمْ يَسْتَطِعْ فَإِطْعَامُ سِتِّينَ مِسْكِينًا ذَلِكَ لِتُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَتِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ وَلِلْكَافِرِينَ عَذَابٌ أَلِيمٌ).

 

واتە: ئه‌و كه‌سانه‌تان كه‌ ظيهار له‌ ئافرەتە‌كانیان ده‌كه‌ن (كه ‌پێیان ده‌ڵێن وه‌كو دایكمی) قسه‌یه‌كی ناقۆڵاو به‌دوو درۆو بوختان ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئافرەتە‌كانیان دایكیان نین، دایكیان ئه‌وانه‌ن كه‌ لێیان ئیجاد بوون، خوای گه‌وره‌ لێبورده‌و لێخۆش بووه‌. (٢) ئه‌و كه‌سانه‌تان كه ‌ظيـهار  له ‌ئافرەتە‌كانیان ده‌كه‌ن و پاشان لێی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ (په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ له‌ ظيهاره‌كه‌یان) ده‌بێ كۆیله‌یه‌ك ئازاد بكه‌ن (پێش ئازادكردنی كۆیله‌كه‌ كه‌ كه‌فاره‌تی ظيهاره‌‌)كه‌یه نابێت له‌گه‌ڵ ئافرەتە‌كانیاندا جووت بن (سه‌رجێیی جیماع بكه‌ن) ئه‌مه‌ حوكمی خوای گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئامۆژگاریتان ده‌كات پێوه‌ی پابه‌ند بن، خوای گه‌وره‌ شاره‌زای ئه‌و كارانه‌تانه‌ كه‌ ده‌یكه‌ن.(٣)  هه‌ركه‌سێك نه‌یتوانی كۆیله‌ ئازاد بكات ده‌بێت دوو مانگ له‌ سه‌ریه‌ك به‌ڕۆژووبێت (تا رۆژووی هه‌ر دوومانگه‌كه‌ش ته‌واو نه‌كات كه‌ كه‌فاره‌تی ظيهاره‌كه‌یه‌) نابێت له‌گه‌ڵ ئافرەتە‌كه‌یدا جووت ببێت (جیماع بكات) ئه‌گه‌ر ئه‌م رۆژووگرتنه‌شی له ‌توانادا نه‌بوو ده‌بێت خواردنی شه‌ست كه‌س بدات كه‌ هه‌ژارو ده‌سكورتن، ئه‌مه‌یه‌ حوكمی خوای گه‌وره‌، ده‌بێت ته‌سلیمی بن وقبوڵتان بێت مادام باوه‌ڕتان به‌خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هێناوه‌، ئه‌مه‌ سنوری خوای گه‌وره‌یه‌ (نه‌یبه‌زێنن) حه‌تمه‌ن كافره‌كانیش سزای به‌ژانیان ده‌بێت.(٤)

 

   ئینولقه‌یم رحمه‌الله ده‌رباره‌ی حه‌رامێتی ظيهار ده‌فه‌رموێ: (ظيهار حه‌رامه‌ و موسوڵمان نابێت بیكات) چونكه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌رهه‌قی ده‌فه‌رموێ: كه‌ (مُنكَرًا مِّنَ الْقَوْلِ) قسه‌یه‌كی خراپ و ناپه‌سه‌نده‌ (وَزُورًا) درۆو بوختانی ناڕه‌واشه‌، ئه‌م دووانه‌ش هه‌ر دووكیان حه‌رامن، له ‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌واڵێكی درۆو قسه‌یه‌كی نابه‌جێ یه‌ كه‌ بڵێ (پشتت وه‌كو پشتی دایكمه‌) چونكه‌ ئه‌مه‌ وا نیەو درۆیه‌، له ‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بڕیارێك له‌سه‌ر ئه‌و ناڕه‌واییه‌ داده‌مه‌زرێنێت، كه‌ ئافرەتە‌كه‌ی له‌ خۆی حه‌رام ده‌كات.[1]

* زۆرینه‌ی پێشه‌وایانی شه‌رع -جگه‌ له ‌ئیمامی شافیعی رحمه‌الله له ‌قه‌ولی قه‌دیمییدا- هه‌روه‌ها زاهیرییه‌كان، هه‌موو ده‌فه‌رموون: خێزانەکە‌ی خۆی به‌ هه‌ر ئافره‌تێكی مه‌حره‌می خۆی بچوێنێت هه‌ر ظيهاره‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی بچوێنێت به ‌نه‌نكی یان پووری یان خوشكی.. خوشكی دایك و باوكی بێت یان خوشكی شیریی. به ‌پشتی بچوێنێت یان به‌ئه‌ندامی تری جه‌سته‌ی هه‌ر ظيهاره‌، چونكه‌ وه‌كو زۆرینه‌ی شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون هه‌موویان له ‌حوكمی نه‌خواستنیاندا وه‌كو دایكن، كه‌وابوو ظيهاریش كه‌ چواندن بێت به‌وان هه‌مان حوكمی چواندن به ‌دایكی هه‌یه‌.. ئه‌مه‌ش رای په‌سه‌نده‌، چونكه‌ به‌ڵگه‌كانی به‌هێزترن.[2]

* ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێرد ظيهار له ‌ژنی خۆی نه‌كات بەڵام ئه‌گه‌ر كردی ئه‌وه‌ كه‌ فاره‌ته‌كانێتی كه‌ بەڕيز ئایه‌ته‌كه‌ باسی كردوون، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆ ماوه‌ی مانگێك ظيهاری له ‌ئافرەتە‌كه‌ی كرد بۆ نموونه‌ له ‌ره‌مه‌زاندا جائیزه‌، چونكه‌ ریوایه‌تی سه‌لمانی كوڕی صه‌خری ئه‌نصاری ده‌رباره‌ی حاڵه‌تێكی وایه‌ كه‌ له ‌ره‌مه‌زاندا ظيهاری له‌ ئافرەتە‌كه‌ی كرد، بەڵام شكاندی و شه‌وێك چووه‌ لای. پێغه‌مبه‌ری خواش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه‌فاره‌ته‌كه‌ی به‌و ریزبه‌ندییه‌ خسته‌ پێش چاو، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وسی كوڕی صامتی مێردی خاتوو خه‌وله‌ی كچی ثه‌عله‌به‌ هیچ كام له ‌كه‌فاره‌ته‌كانی نه‌توانی بدات.[3]

* ظيهار له ‌ئەسڵییدا سته‌مێكی ئه‌هلی جاهیلییه‌تی پێش ئیسلام بووه‌، كه ‌له ‌ناو عه‌ره‌به‌كاندا باو بووه‌، بەڵام ئیسلام ئه‌و كه‌فاره‌ته‌ قورسانه‌ی بۆ دانا تا وا ده‌گمه‌نی كرد كه‌ نزیك بوو له‌ نه‌مانی. له ‌لایه‌كه‌وه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ی چاره‌سه‌ر كرد، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ رێگایه‌كی تری چاره‌سه‌ریی كۆیله‌یی كه ‌رێساكانی جه‌نگی كۆن كردبوویانه‌ مافێكی سروشتی براوه‌و سه‌ركه‌وتووه‌كان و دیل و به‌زیووه‌كانیش قه‌ناعه‌تیان پێی هه‌بوو كه‌ ئه‌وه‌ یاسای زاڵبووانه‌! له‌ملاوه‌ كێشه‌یه‌كی خێزانی هه‌یه‌ كه‌ له ‌نێوان ژن و مێردێكدا روویداوه‌، بەڵام چاره‌سه‌ره‌كه‌ی چاره‌سه‌ری دیارده‌یه‌كی تری کۆمەڵا‌یەتیشه‌. بۆیه‌ له ‌لایه‌كه‌وه‌ ره‌فتاره‌كه‌یان لا دزێوو ناقۆڵا ده‌كات، كه ‌ناڕه‌واو خراپ و درۆیه‌، له ‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ كه‌فاره‌تی قورسی بۆ چاره‌سه‌ری داناوه‌ كه ‌به‌م رێزبه‌ندییه‌یه‌:

١- كۆیله‌یه‌ك ئازاد بكات: هه‌ر وا به‌ (نه‌كيره‌: نه‌زانراو)ی، بەڵام له ‌كه‌فاره‌تی كوشتن (قه‌تڵ) دا ده‌فه‌رموێ: كۆیله‌یه‌كی موسوڵمان. هه‌ندێك له ‌شه‌رعناسان فه‌رموویانه‌ ئه‌و كۆیله‌یه‌ی له ‌كه‌فاره‌تی ظيهاردا ئازاد ده‌كرێت، مه‌رج نییه‌ موسوڵمان بێت چونكه‌ ئایه‌ته‌كه‌ به‌ره‌هایی و گشتی ده‌فه‌رموێ: كۆیلەیەک، بەڵام ئیمامی شافیعی رحمه‌الله ده‌فه‌رموێ: مه‌رجه‌ كۆیله‌یه‌كی موسوڵمان بێت، چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێرە شوێنی موناقه‌شه‌كردنیان نییه.

٢- ئه‌گه‌ر كۆیله ‌نه‌بوو، یان هه‌بوو ئه‌و له‌ توانای داراییدا نه‌بوو، ده‌بێت دوو مانگ له‌سه‌ر یه‌ك به‌رۆژوو ببێت، بێ ئه‌وه‌ی كه‌لێنیان تێبخات.

٣- ئه‌گه‌ر هیچیانی نه‌توانی ده‌بێت حه‌تمه‌ن خۆراكی شه‌ست هه‌ژار بدات، نه‌شیبێت عه‌فوو ناكرێت، ده‌بێت په‌یدای كات، چونكه‌ له ڕوداوه‌كانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه ‌نه‌ ئه‌وس و نه‌ سه‌لمانی كوڕی صه‌خرو نه‌كه‌سانی تریش هیچیان نه‌بوو، بەڵام یارمه‌تیدران تا بۆیان كۆ بكرێته‌وه‌ و بیدەن.

 

* له ‌كه‌فاره‌تی یه‌كه‌م و دووه‌مدا ده‌فه‌رموێ: (مِّن قَبْلِ أَن يَتَمَاسَّا.) پێش ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ جووت ببنه‌وه‌، واته‌ جیماعی له ‌گه‌ڵدا بكات هه‌ندێك له ‌شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون: بۆی نییه‌ (جیماع)ی له ‌گه‌ڵدا بكات ده‌نا ده‌ستبازیی و پێهێنانه‌وه‌ی لێ حه‌رام نییه‌. بەڵام زۆرینه‌ی پێشه‌وایان ده‌فه‌رموون كه‌ ده‌سبازیی كردنیشی جائیز نییه،‌ تا كه‌فاره‌ته‌كه ‌نه‌دات. ئه‌مه‌ بۆچوونی ئیمامان ئه‌بوحه‌نیفه‌و مالیك و شافیعی (له‌ قه‌ولێكیدا) و بۆچوونی مه‌زهه‌بی ئیمامی ئه‌حمه‌دیشه‌ رحمه‌الله، وا دیاره‌ ئه‌میشیان په‌سه‌ندتر بێت والله اعلم. چونكه‌: ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: (أَنَّ رَجُلا أَتَى النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  قَدْ ظَاهَرَ مِنِ امْرَأَتِهِ فَوَقَعَ عَلَيْهَا فَقَالَ يَا رَسُولَ اللَّهِ إِنِّي قَدْ ظَاهَرْتُ مِنْ زَوْجَتِي فَوَقَعْتُ عَلَيْهَا قَبْلَ أَنْ أُكَفِّرَ فَقَالَ:'وَمَا حَمَلَكَ عَلَى ذَلِكَ يَرْحَمُكَ اللَّهُ' قَالَ رَأَيْتُ خَلْخَالَهَا فِي ضَوْءِ الْقَمَرِ. قَالَ:'فَلا تَقْرَبْهَا حَتَّى تَفْعَلَ مَا أَمَرَكَ اللَّهُ بِهِ).[4] كابرایه‌ك هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و عه‌رزی كرد ظيهارم له‌ ئافرەتە‌كه‌م كرد، بەڵام پێش ئه‌وه‌ی كه‌فاره‌ته‌كه‌ی بده‌م چوومه‌وه‌ لای، فه‌رمووی (ئێ ره‌حمه‌تی خوات لێ بێت بۆ چی واتكرد؟) عه‌رزی كرد: خڕخاڵ و پاوانه‌كانی پێیم له ‌به‌ر تیشكی مانگه‌شه‌وه‌كه‌ بینی! فه‌رمووی: ده‌ی سا توخنی مه‌كه‌وه‌ره‌وه‌ تا ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌یت كه‌خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێداویت.

 

* ( ذَلِكُمْ تُوعَظُونَ بِهِ) شێوازێكی نه‌رم و نیانی خوای گه‌وره‌یه‌ له ‌ته‌مێكردنی ظيهاركاردا، ده‌نا وه‌كو ابن کثير ده‌فه‌رموێ: مه‌به‌ست لێی زه‌جرو سه‌رزه‌نشت كردنێتی و به ‌دواشییدا ده‌فه‌رموێ: (وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِیرٌ) واته:‌ خوای گه‌وره‌ شاره‌زاو ئاگاداری ئه‌و كارو كرده‌وانه‌تانه‌ كه ‌ده‌یكه‌ن. تا هۆشدارییان بداتێ كه‌ دینداریتان كه‌ له ‌نێوان خۆتان و خوای گه‌وره‌دایه‌ ده‌بێت وابێت بووبێته‌ هه‌ستی چاودێریی ئیمانی تا كاری وا نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كردتان خۆی لێ نه‌دزنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌فاره‌ته‌كه‌تان به‌سه‌ردا درا بیده‌ن و هه‌وڵ مه‌ده‌ن خۆی لێ راپسكێنن.

 

* (وَتِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ) ئه‌مه‌ ئه‌و سنوره‌یه‌ كه‌خوای گه‌وره‌ له ‌نێوان حه‌رام وحەڵاڵدا دیاری كردووه‌، پێوه‌ی پابه‌ند بن. خوای گه‌وره‌ (١٤)جار باسی سنوری ئه‌حكامه‌كانی شه‌ریعه‌تی خۆی كردووه‌ (١٢)جاریان له ‌كێشه‌كانی ئافره‌تدایه‌ ظيهار و تەڵاق و میرات و. هتد، وه‌كو بخوازێت به‌ هۆشداریی دان به ‌پیاوان و بیرخستنه‌وه‌ی ته‌قواو به‌رپرسێتی قیامه‌ت له‌و سنورانه‌دا بیان وه‌ستێنێت و به‌هێزی بازوو و پله‌ی کۆمەڵایە‌تی و پیاو سالاریی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌ڕاڵ (مه‌غروور) نه‌بن و وا بزانن سنوور شكاندنیان بۆ ده‌لوێت و ده‌توانن ئافره‌تی موسوڵمان كه‌ له‌ كۆتی جاهیلیه‌ت رزگار بووه‌، بگێڕرێته‌وه‌ ناو هه‌مان ئاستی خواره‌وه‌ی مه‌زڵومێتی ئه‌و پیاوانه‌ی هه‌ستی ئیماندارییان به‌هێزه‌ له‌ حه‌نای ئه‌م هۆشدارییه‌و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سنورانه‌دا دڵیان دا ده‌چڵه‌كێت و نەوێرن توخنیان كه‌ون.. بۆیه‌ له‌ هه‌موو كێشه‌یه‌كی نێوان ژنان و پیاواندا، پیاوانی ته‌قوا كار ئاماده‌ن ته‌نازوول له‌ هه‌ندێك مافی ره‌وای خۆیان بكه‌ن له‌به‌رخاتری ئه‌وه‌ی مافی ئافرەتە‌كانیان نه‌كه‌وێته ‌لا، ژنی بێت یان دایك و خوشكی كه ‌پشكی میرایتان به‌رده‌كه‌وێت.. خۆم نموونه‌ی پیاوانی دیندارو جوامێرم له‌ خزمانی خۆمدا دیووه‌ والحمدلله.

 

* دوا به‌ دوای باسكردنی سنوری مه‌حره‌م و ئه‌حكامی شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌فه‌رموێ: (وَلِلْكَافِرِينَ عَذَابٌ أَلِيمٌ) تاببێت به‌ئینزارێكی تری ژن و پیاوی موسوڵمان به ‌تایبه‌تی مێرده‌كان.. تا به‌ ئه‌حكامی شه‌رع رازیبن و پێوه‌ی پابه‌ند بن، چونكه‌ ئه‌وی كه ‌شه‌رعی خوای پێ قبووڵ نییه‌ و  ره‌فزی ده‌كاته‌وه ‌یان ده‌یگۆڕێت، كافره‌و به ‌ته‌ئكید سزای به‌ ژان ده‌درێت. دوای ئه‌م كۆتاییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌ له‌ یاخیبووان له ‌شه‌رع یه‌كسه‌ر دێته‌ سه‌ر باسی ئه‌وانه‌ی دوژمندارێتی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌كه‌ن، كه‌ دیاره‌ ئه‌وانه‌ن كه ‌به ‌رێبازی خوایی رازی نه‌بوون و لێی ته‌وه‌لا بوون.

 

* له‌گه‌ڵ روون كردنه‌وه‌ی ئه‌حكامه‌كاندا -كه‌ وه‌كو یاسا ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ستیان- هه‌ست و هۆشی ئیمانی و  چاودێریی ته‌قواكاریی و هه‌ستی مه‌سئوولییه‌تی قیامه‌تییان به‌رده‌وام بیر ده‌خاته‌وه‌. بڕوانه‌ به‌رامبه‌ری یه‌ك حوكمی شه‌رعی یه‌ك كێشه‌ی کۆمەڵایە‌تی، چۆن هه‌ر خۆیان ده‌كاته‌وه‌ به ‌راپه‌ڕێنه‌ری ئه‌حكامه‌كان، ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌ گرنگه‌یه‌ كه‌ ئه‌حكامی شه‌رع ئه‌گه‌ر موسوڵمانان (ده‌وڵه‌ت و دەسەڵات)یشیان نه‌بوو شه‌رع خۆی له ‌ناخیاندا حاكمی دەسەڵاتداره‌و ناچاری ملكه‌چییان ده‌كات ئه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌یه‌ كه ‌بیرمه‌ندو سیاسه‌تمه‌دارو كۆمه‌ڵناس و یاساناسانی رۆژئاوا خۆزگه‌ی بۆ ده‌خوازن له ‌ها‌ووڵاتیانیاندا هه‌بێت، چونكه‌ له ‌ووڵاتی ئه‌وان هه‌ر كه‌سێكیان -له‌ سه‌رۆكه‌وه‌ تا ڕه‌شۆكی سه‌رجاده‌كانیان- ئه‌گه‌ر چاوی چاودێریی یاساو پۆلیسیان لێ دیار نه‌ما به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ هه‌موو مافێكی یه‌كتریی هه‌ڵده‌لووشن! ژیاین و دیمان.[5]

 

   بڕوانەره‌وه‌ ئایه‌ته‌كان و كۆتاییان: (قَدْ سَمِعَ اللَّهُ)، (وَاللَّهُ يَسْمَعُ تَحَاوُرَكُمَا)، (إِنَّ اللَّهَ لَعَفُوٌّ غَفُورٌ)، (ذَلِكُمْ تُوعَظُونَ بِهِ)، (وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِیرٌ)، (ذَلِكَ لِتُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ)، (تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ): ئه‌م هه‌موو ئاڕاسته‌ و بیرخستنه‌وه‌ و حه‌زه‌ردانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جیهازی ناخی هه‌ر یه‌كه‌یاندا بدوێت، تا راسته‌وخۆ هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ عه‌بدایه‌تی و موسوڵمانێتی ئه‌وه‌ ده‌خوازێت هۆشی له ‌گوناح و تاوان و سنوور به‌زاندن بێت، ئه‌وه‌ ده‌خوازێت دڵی به ‌ئیمان زیندووی خۆی هه‌ست به ‌چاودێریی و زانایی و هێزو دەسەڵاتی خوای گه‌وره‌ بكات و بشزانێت كه‌ چۆن لێره‌ ره‌فتار ده‌كات، له‌ولاش ئاوا پاداشت یان سزا ده‌درێته‌وه‌ (الْجَزَاءُ مِنْ جِنْسِ الْعَمَلِ).

 

 

 



[1] ابن القيم زاد المعاد ٥/٣٢٦.

[2] لە شەرع ناسييدا مەسەلەی ظيهارمان بەتەفسيل روون كردۆتەوە والحمدللە.

[3] ترمذي (١٢)، ئەبوداوود ٢٢١٧ ، ئيبنوماجە ٢.٦٢ ، بەيهيقي ٧/٣٩. فەرموودەيەكی حەسەنە (صحيح فقه السنة ٣/٣٧٢).

[4] ئه‌بو داوود ٢٢٢٣ و ترمذی ١١٩٩ ونه‌سائی ٦/١٦٧ وده‌شفه‌رموێ (مورسه‌ل)ە‌ واته‌ یاوه‌ر سه‌حابه‌ كه‌ی له‌ زنجیره‌ی سه‌نه‌ده‌كه‌یدا كه‌وتووه‌ بەڵام هه‌ر  نه‌سائی ده‌فه‌رموێ (هو أولی بالصواب) تفسیر ابن كثیر ٤/٢٩٦.

[5] نه‌ك هه‌ر له ‌ئەفریقاو سۆڤیه‌ت و یوگوسلاڤیاو دەوڵەت و کۆمەڵگەی سۆشیالیستانی كۆندا به‌ڵكو له ‌ئه‌مریكای دڕندەدا‌.. كه‌ زریانی (كاترینا) له ‌شاری (نیوئۆرلاین)ی داو زۆرینه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی وێران كرد.‌ هه‌ر خه‌ڵكی شاره‌كه‌ خۆیان چه‌ك و سه‌یاره‌و زرێپوشی پۆلیسیان دزی و كردیانه‌ هۆكاری تاڵانكردنی بانق و كۆمپانیاو بازاڕو ماڵه‌گه‌وره‌كان!! حکومەت بە هێزی سوپا دوای چەند رۆژێک توانی شارەکە کۆنترۆڵ بکاتەوە..

1075 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.