مێژوو

كۆتایی خێـزاو

  وه‌ك چۆن مێژووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان مێژوی هه‌ر شارستانێتییه‌ك ده‌كرێت به‌ چه‌ند قۆناغێكه‌وه‌، مێژووی ئیسلامیش وایه‌، ئه‌ویش ده‌كرێت به‌ چه‌ند قۆناغێكی زه‌مه‌نییه‌وه‌، وه‌كو :

-  زه‌مانی پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و خه‌لیفه‌كانی (..-٤١ ك /٦١٩-٦٦١ ز) .

-  قۆناغی سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌كان.(٤١-١٣٢ك/ ٦٦١-٧٤٩ ز).

-  قۆناغی سه‌رده‌می عه‌بباسییه‌كان  ( ١٣٣-٦٤٢ك/ ٧٥٠-١٢٥٨ ز) .

- قۆناغی ده‌وڵه‌تی عوسمانی (٦٤٣كـ١٣٤٦/ ١٣٦٠-١٩٢٤ ز) .

وه‌ هه‌روه‌ها .

 شارستانێتی ئیسلام وه‌كو خێزاوی ده‌ریا، زۆرجار هه‌ڵكشان و داكشانی به‌ خۆوه‌ دیتووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی به‌ یه‌كجاری دەسەڵاتی نه‌ماو یه‌كێتی ئوممه‌ته‌كه‌ی له‌ ساڵی ١٩٢٤دا -به‌ نه‌مانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی- فه‌وتا.وادیاره‌ پێویسته‌ كورته‌ باسێكی زۆر گوشراوی ئه‌و قۆناغانه‌ی شارستانێتی ئیسلامیی بكه‌ین، چ وه‌كو زه‌مان، چ وه‌كو جێ و ڕێ، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی خه‌یاڵییانه‌ی له‌ كات و شوێندا گرته‌ ده‌ست.[1]

١- شه‌پۆلی یه‌كه‌می شارستانێتی ئیسلامیی :

   ئه‌مه‌ ئه‌و شه‌پۆله‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی یه‌كه‌می كۆچییه‌وه‌ گرتییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ساڵی ٢٣٢ك (٦٦٢-٨٤٧ ز) زیاتر له‌ ٢٣٠ ساڵی خایاند، وه‌كو به‌رفراوانی خاكیش ده‌كاته‌ هه‌موو نیوه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بستان و ووڵاتی فارسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و له‌ باكوریشه‌وه‌ ئیمپراتۆرێتی ڕۆم...ئه‌م به‌رفراوان بوونه‌ی دەسەڵاتی ئیسلامیی كارێكی هه‌ر وا ساده‌و ئاسان نه‌بوو، باجێكی زۆری خواست، قوربانییه‌كی زۆری له‌ ئه‌هلی ئیسلام ویست، ئارامی و نه‌فه‌س درێژییه‌كی زۆری له‌ پشته‌وه‌ بوو، ئه‌ركێكی قورس بوو كه‌ خێرخوازانی سه‌ده‌ چاكه‌كانی ئوممه‌تی موسڵمان خستیانه‌ سه‌رشانی خۆیان.به‌و ڕه‌نجه‌ ده‌گمه‌نه‌ بوو كه‌ له‌ ڕۆژهەڵاته‌وه‌ هه‌موو عێراق و فارس و ئه‌فغانستان كه‌وته‌ ژێر ڕكێفی ئیسلامه‌وه‌، له‌ خواریشیانه‌وه‌ هه‌موو ووڵاتی سندو فه‌رغانه‌و له‌ ڕۆژئاواشه‌وه‌ گه‌یشته‌ كه‌ناری زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی و په‌ڕییه‌وه‌ بۆ ئه‌نده‌لووس.دەسەڵاتی حوكمی ئیسلامیی توانی له‌ پانتایی ئه‌م ڕووبه‌ره‌ به‌رفراوانه‌دا زمانی عه‌ره‌بی (زمانی قورئان) بكاته‌ زمانی زۆرینه‌ی میلله‌تانی ئه‌م ناوچانه‌، چونكه‌ هه‌موو بێ فشارو تین به‌ كۆمه‌ڵ هاتنه‌ ڕیزی ئوممه‌تی موسڵمان و دینه‌كه‌ی خوایان وه‌رگرت .

٢- شه‌پۆلی دووه‌می شارستانێتی ئیسلامیی :

   ئه‌میش ئه‌و شه‌پۆله‌یه‌ كه‌ سه‌ده‌و نیوێكی خایاند (٣٨٨-٤٢١ك/ ٩٩٨-١٠٣٠ز) وه‌كو به‌رفراوانی خاكیش له‌سه‌ر ده‌ستی سوڵتان مه‌حموودی غه‌زنه‌وی هه‌موو هیندستانی گرته‌وه‌...بۆیه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێنجه‌می كۆچیدا دەسەڵاتی حوكمی ئیسلامیی ناوچه‌كانی ئه‌فریقاشی گرته‌وه‌و له‌ زه‌مانی ده‌وڵه‌تی مورابیطونى مه‌غریبدا گه‌یشته‌ سه‌نیگالی ئه‌مڕۆ .

   ئه‌م شه‌پۆله‌ شارستانێتییه‌ی ئیسلام توانی ئه‌م هه‌موو ناوچه‌و گه‌له‌ جوداو لێك دوورانه‌ وه‌كو ئه‌ندامی له‌ش پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌..توانی هه‌ست به‌ یه‌ك ئوممه‌تی له‌ ناخی هه‌مواندا بڕوێنێت و هه‌موو لایه‌كی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ بكات.! جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ زمانی عه‌ره‌بیشی -بێ فه‌رز كردن- له‌گه‌ڵ ئیسلامه‌كه‌دا بڵاو ده‌كرده‌وه‌، ئه‌گه‌رچی نه‌شببووه‌ زمانی هه‌موو خه‌ڵكی...چونكه‌ میلله‌تان له‌ ژێر سایه‌ی دەسەڵاته‌ ئیسلامییه‌كه‌دا ئازادو سه‌ربه‌خۆ مابوون، زمانی خۆیان پاراستبوو، بەڵام هه‌موو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ عه‌ره‌بی فێر ببوون كه‌ په‌رستنه‌كانی پێ بكه‌ن .

٣- شه‌پۆلی سێیه‌می شارستانێتی ئیسلامیی :

   ئه‌میان نزیكه‌ی چوار سه‌ده‌ی خایاند (٤٥١-٨٥٧ك/ ١٠٦٠-١٤٥٣ز) وه‌كو خاك هه‌موو پانتایی ناوه‌ڕاست و ڕۆژئاوای ئه‌فریقای گرته‌وه‌، له‌ملاوه‌ش گه‌یشتبووه‌ ڕۆژهەڵاتی ئاسیاو ئاسیای بچووك، ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ ساڵی (٨٥٧ك/ ١٤٥٣ز)دا كه‌ شاری قوسته‌نتینیه‌ی خسته‌ ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه‌، توانی ئاسیای بچووك بكاته‌ ووڵاتێكی ئیسلامیی، توانی ئه‌م شاره‌ گرنگه‌ له‌ پایته‌ختی مه‌سیحێتییه‌وه‌ بكات به‌ پایته‌ختی ئیسلامیی و ناوی بنێ (ئیسلامبول) واته‌ (شاری ئیسلام).! هه‌ر ئه‌م ناوه‌یه‌ كه‌ دوایی گۆڕانیان    - به‌ ئه‌نقه‌ست - به‌سه‌ردا هێناو كردیانه‌ ئیستانبوڵ.! له‌ كوردیش بووه‌ ئه‌سته‌مبووڵ!.
٤- شه‌پۆلی سێیه‌می شارستانێتی ئیسلامیی :

   شه‌پۆلی ئه‌م قۆناغه‌ هه‌مووی له‌سه‌ر ده‌ستی عوسمانییه‌كان بوو، وه‌ك زه‌مان ماوه‌ی دوو سه‌د ساڵی زیاتری خایاند (٧١٦-٩٣٩ك/ ١٣٢٦-١٥٣٢ز) وه‌ك ناوچه‌ش گه‌یشته‌ قوژبنه‌كانی باكووری ڕۆژئاوای ئاسیای بچووك و به‌ڵقان و ووڵاتی مۆره‌و كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ئه‌دریاتیكی و ده‌ریای ڕه‌ش و بۆسنه‌و هێرسكی ئه‌وروپاو تا له‌ ساڵی (٩٣٩ك/ ١٥٣٢ ز)دا گه‌یشته‌ شوراكه‌ی ده‌وری ڤییه‌ننای پایته‌ختی ئه‌مڕۆی نه‌مسا .!

كشانه‌وه‌ :

   شه‌پۆله‌كانی شارستانێتی ئیسلامیی ئاوا به‌ كات و شوێندا بڵاو ده‌بۆوه‌، تا وای لێهات ده‌وڵه‌تی عوسمانی بووه‌ سه‌رداری ده‌ریاو ووشكانی و نوێنه‌ری دەسەڵاتی دین و دونیای موسڵمانان.! له‌ سه‌رده‌می سوڵتان سوله‌یمانی قانونییدا (٨٩٩-٩٧٤ك/ ١٤٩٤-١٥٦٦) پانتاییه‌كه‌ی زیادی كرد بۆ چوار سه‌د هه‌زار میلی دووجا!.[2]

    ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ به‌هێزو پان و پۆڕه‌، له‌و كشانه‌ شارستانێتییه‌وه‌ كه‌وته‌ وێك هاتنه‌وه‌و گرژ بوون، به‌ هۆی چه‌ندین هۆكاری هه‌ڵكۆڵینی ناوه‌كی وه‌ك خۆره‌، كلۆر بوو تا ڕما .!

له‌وانه‌: 

ئه‌و لاوازی و خراپه‌كارییه‌ی كه‌ ده‌رچه‌ی ئاسایی ته‌فره‌قه‌و ڕاجوێیی بوو، هه‌روه‌ها پشێوی سیاسیی و خیانه‌تی كاربه‌ده‌ستان له‌ یه‌كترو له‌ ئوممه‌ت..له‌گه‌ڵ كه‌ڕوو هه‌ڵهێنانی بیرو ووشك هەڵاتنی هزرو ژیرو ده‌ست نه‌خستنی پێشكه‌وتنی زانست به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌نی سه‌ربازییه‌وه‌، وه‌كو: درووست كردنی ئامێری سه‌ربازیی و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگ و هونه‌ری ڕێكخستنی سوپاو ئاماده‌سازیی، كه‌ ده‌بوونه‌ هۆی مانه‌وه‌و به‌ پێوه‌ بوون، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌وروپای دوژمن ده‌بینرا یارغه‌ی پێده‌كردو پێی پێش ده‌كه‌وته‌وه‌، ده‌بینرا ئه‌وروپا ئه‌م پێشكه‌وتن و ڕێكخستنه‌ی كردۆته‌ ووزه‌ی موسابه‌قه‌.! ده‌بینرا كه‌ ئه‌وروپا به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ شه‌و و ڕۆژ هه‌وڵی هه‌ستانه‌وه‌و پێش خستنی خۆی ده‌دات، دیاره‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی نییه‌ ڕاست بێته‌وه‌و به‌س، به‌ڵكو خۆی بۆ جه‌وله‌ی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌و به‌ره‌نگاری ئیسلام ئاماده‌ ده‌كاته‌وه‌.! خۆی بۆ گورزی داهاتوو له‌ په‌یكه‌ری ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئیسلام ئاماده‌ ده‌كات.! هه‌ر بۆیه‌ هێنده‌ی نه‌برد دوای سوود وه‌رگرتن و به‌كارهێنانی ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا، كه‌وته‌ شاڵاوی شه‌ڕی نه‌بڕاوه‌و هه‌موو ئامێره‌ نوێكانی جه‌نگ و پلانه‌ نوێكانی شه‌ڕی به‌كار هێنا، تا له‌ ١١٨٩ك/ ١٧٧٤ز دا ده‌وڵه‌تی عوسمانی زۆر خراپ تێك شكاند، ئینجا ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا له‌ ناو خۆیاندا دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌وتنه‌ ته‌قه‌ به‌س و ڕێككه‌وتنی ستراتیژی سیاسیی و سه‌ربازیی، هه‌موویان پێكه‌وه‌ به‌ ناوی یه‌كێتی مه‌سیحییه‌وه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی هاوبه‌شیان پێكه‌وه‌نا تا سه‌ره‌تا هێزی ده‌ریایی عوسمانی بفه‌وتێنن، بۆیه‌ هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی پاپاو ئیسپانیاو بوندوقییه‌ی ئیتاڵیاو ماڵتاو سافۆ یه‌كیان گرت و به‌ هه‌موویان له‌ شه‌ڕه‌ ده‌ریاییه‌كانی لیبانتدا نوشووستییه‌كی تری گه‌وره‌یان به‌سه‌ر عوسمانییه‌كاندا هێنا . .

   ده‌توانرێت بوترێت كه‌ له‌ ساڵی (١٥٧١)ی زایینییه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی توانای هێرشی نه‌ماو كه‌وته‌ به‌رگری...بەڵام توانی ئه‌م حاڵه‌ته‌شی بۆ زیاتر له‌ (١٣٠) ساڵی تر ڕاگرێت، له‌ به‌ره‌ی به‌رامبه‌ریدا هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا یه‌ك و پێشكه‌وتوو بوون، سوپای ڕێك و ئامێری پێشكه‌وتوویان له‌ ده‌ست بوو، بۆیه‌ به‌ ڕاستی په‌یمانی كارلۆفینز كه‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ ناچاری له‌ ساڵی (١٦٩٩)دا له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا ئیمزای كرد، به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان و سه‌ره‌تای خۆرئاوا بوونی عیززه‌تی ئیسلامیی عوسمانی دانرا ..

     ئه‌م قۆناغه‌ له‌م ساڵه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م توولی كێشا..كه‌ هه‌مووی بریتی بوو له‌ (زه‌مانی جه‌نگی به‌رگری) هه‌موو هه‌وڵ و ڕه‌نجه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بوون، ده‌وڵه‌تی عوسمانی نه‌كه‌وێت، بەڵام هاوكێشه‌كه‌ لاسه‌نگ بوو بوو، ئه‌وروپای گه‌نجی به‌ گوڕو تین به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی پیرو په‌ككه‌وته!.

   ڕه‌نجه‌ زۆره‌ به‌ سه‌بره‌كه‌ی سوڵتان عبدالحمیدی ڕه‌حمه‌تی هه‌ر بۆ پاراستنی په‌یكه‌ره‌ ئێسكه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی (خیلافه‌ت) بوو.! چونكه‌ سه‌رده‌می ئه‌م وه‌كو سه‌رده‌می تیاچوونه‌كه‌ی ئه‌نده‌لووس بوو، چۆن له‌ولا ئیسپانیا هه‌ر به‌وه‌ ڕا نه‌ده‌وه‌ستا كه‌ موسڵمانانی ڕیشه‌كێش كردووه‌و ئه‌وی كه‌ ڕای كردۆته‌ ئه‌و به‌رو ده‌یویست بۆ ئه‌وانه‌ش بپه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ ووڵاتی مه‌راكیش، تا له‌وێش ته‌فرو توونایان كات.! ئه‌وروپاییه‌كانی ڕۆژهەڵاتیش به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ر وا بوون.! بۆیه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا سوور بوون له‌سه‌ر دابڕ دابڕكردنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، له‌ لایه‌كه‌وه‌  پچڕین و داماڵینی ناوچه‌كانی ئه‌وروپای ده‌وڵه‌تی عوسمانی، به‌ ناوی ڕزگاركردنه‌وه‌ كه‌وتنه‌ ده‌ست تێوه‌ردان و دنه‌دانی گه‌لانی غه‌یره‌ توركی له‌ به‌ڵقان و یۆنان و شوێنانی تری ئه‌وروپای ژێر دەسەڵاتی عوسمانییه‌كان، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌ست خستنه‌ ناو كاروباری ده‌وڵه‌تی ڕه‌سمی عوسمانییه‌كان و فشار بۆ هێنانیان و لێك هه‌ڵوه‌شاندنی پێكهاته‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی.ئه‌مه‌ خۆی نه‌خشه‌یه‌كی كۆن بوو، بەڵام هه‌لی بۆ ڕه‌خسا تا بهێنرێته‌وه‌ پێش و لێی زیاد بكرێت، خۆ وه‌زیری ئه‌وسای ئیتاڵيا (جۆڤارا ئالامانی) له‌ كتێبه‌كه‌یدا (سه‌د پرۆژه‌ بۆ دابه‌شكردنی توركیا) باس له‌ هه‌بوونی سه‌د پلانی ئه‌وروپایی ده‌كات بۆ ئه‌و دابڕ دابڕ بوونه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ڕماندنی.

   تۆینبی بیرمه‌ند ده‌رباره‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌ڵێ: (دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژئاوا جیهانی ئیسلامیی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گه‌مارۆدا، ئینجا تۆڕه‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌ سه‌ری، ئیدی ڕۆژئاوا كه‌وته‌ قۆناغی هێرش و، هه‌ڵمه‌تی چڕو خه‌ستی خۆی بۆ ناو جه‌رگه‌ی ووڵاتی دوژمنه‌ كۆنه‌كه‌ی.ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ چڕو پڕه‌ی ڕۆژئاوای نوێ بۆ سه‌ر جیهانی ئیسلام بووه‌ مایه‌ی به‌رپا بوونی ئه‌م ده‌به‌ڕێكڕا چوون و ململانێیه‌ی هه‌ردوو شارستانێتییه‌كه‌).[3]

_____________________________________________________

[1] الدكتور علي عبدالحليم: التراجع الحضاري/دار الوفاء ـ القاهرة ض ١ ـ ١٩٩٤ لا ٢٥٠ـ٢٥٢

[2] ئێره‌ باسی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌، نه‌ك هه‌موو ده‌سەڵاتی ئیسلامیی ئه‌و كاته‌. چونكه‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی هێمای خیلافه‌تی ئیسلامیی بوو كه‌ له‌ چه‌رخه‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ كه‌وتبووه‌ ده‌ستیان، ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ زۆری له‌ گه‌لانی موسڵمان له‌ خۆ گرتبوو، به‌ نه‌مانیشی، حوكمی ئیسلامیی نه‌ماو ئوممه‌ته‌كه‌ش په‌رته‌وازه‌ بوو.. ده‌نا دوو ده‌وڵه‌تی به‌هێزی  ئیسلامیی تریش هه‌بوون كه‌ بریتی بوون له‌ بلادی فارس (١٥٠٠ـ١٩٢٦ز) و ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی مه‌غۆله‌كان له‌ هیندستان (١٤٢٦ـ١٩٠٠ز). 

[3] أنور الجندي: الاسلام والغرب/المكتبة العصريةـ بيروت ض ١/١٩٨٢ لا ١٤٠..


1879 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/08/2018
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.