مێژوو

چه‌ند ده‌رسێك بۆ سه‌رنجدان

یه‌كه‌م: قه‌واره‌ی سیاسیی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌كان به‌ پێی ئاستی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ دایانده‌مه‌زرێنن و ئاڕاسته‌یان ده‌كه‌ن.ئه‌گه‌ر كه‌سانێك دایانمه‌زرێنن كه‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی موسڵمانێتی تێدا لاواز بێت، یان ئامانجی هاتنی ئیسلامیی لا ڕۆشن نه‌بێت، یان دیندارێتییه‌كه‌ی توندو تۆڵ نه‌بێت، حه‌تمه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌رده‌ستی له‌و به‌هێزترو كاریگه‌رتر نابن..بۆیه‌ كورد ووتویه‌تی له‌گه‌ڵ شێردا به‌گژ شێردا ده‌چمه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ڕێویدا ده‌چمه‌ كونه‌وه‌.! چونكه‌ ئه‌و خاڵه‌ لاوازییانه‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی دینداریی و بیناسازیی كه‌سایه‌تی هه‌ڵیده‌گرێت، یان ئه‌و سووكه‌ پابه‌ندییه‌ی كه‌ كه‌سایه‌تییه‌ك خۆی پێ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت كه‌ وا ده‌زانێت ئه‌وه‌نده‌ ئیسلامه‌تییه‌ی گرتوێتی بۆ دونیای به‌سه‌و حه‌تمه‌ن بۆ قیامه‌تیشی هه‌ر وا.! بەڵام دیاره‌ كه‌ هێزو لاوازی په‌روه‌رده‌ بوونی سه‌ره‌تایی مرۆڤ كاریگه‌ریی خۆی له‌ هه‌موو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت یا ئۆرگانه‌كانی كۆمه‌ڵكارییه‌كه‌ی هه‌یه‌.

   ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ئه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رپرسانی كۆمه‌ڵكاریی ئیسلامیی فه‌رز ده‌كات كه‌ قۆناغه‌كانی په‌روه‌رده‌و ئاڕاسته‌كردنی یه‌كه‌مینی شوێنكه‌وتووانیان به‌ بڕی پێویست درێژ كه‌نه‌وه‌و هیچ په‌له‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و پله‌دا نه‌كه‌ن.شوێنكه‌وتوو دواكه‌وێت له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و پله‌یدا باشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی بۆی پێش بخه‌یت و به‌ نا كامڵی بیكه‌یته‌ لێپرسراوی كارێك..ده‌بێ هه‌موو ئه‌وه‌یان له‌بیر بێت كه‌ ئه‌وان زه‌مینه‌یه‌كی عه‌قائیدی له‌ كه‌سانێك درووست ده‌كه‌ن كه‌ به‌رپرسێتی هێنانه‌وه‌ی حوكمی ئیسلامییان له‌سه‌ر مه‌نهه‌جی پێغه‌مبه‌رێتی و تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ژیانی موسڵمانانانه‌یان له‌ (دار الاسلام)دا پێ ده‌سپێررێت، بۆیه‌ ده‌بێت كاتی ته‌واو به‌كار بهێنن له‌ گۆشكردن و گه‌شه‌كاریی و پێگه‌یاندنی ئه‌ندامانی به‌رده‌ستیاندا..ناشێت بۆ ئه‌وه‌ی زووترو زۆرتر ده‌ركه‌ون په‌له‌ له‌ په‌روه‌رده‌كارییه‌كه‌دا بكه‌ن، چونكه‌ دوایی كه‌ شوێن كه‌وتووه‌كانیان به‌ لاسه‌نگی بینی، به‌ بێ گوێیی و خود سه‌ریی بینی، كه‌ به‌ لووت به‌رزیی و هه‌ڕاڵی بینییانن، كه‌ به‌ شل و شێواوی یان دڵڕه‌قی و توندو تیژ بینییانن، نابێت هه‌ر لۆمه‌ی ئه‌وان بكه‌ن ، ده‌بێ به‌ خۆشیاندا بێنه‌وه‌و بزانن كه‌ ئه‌وه‌ به‌رهه‌می چۆنییه‌تی و چه‌ندێتی ئاڕاسته‌كردنه‌كه‌ی خۆیانه‌.! كه‌ ده‌بینن كه‌سانێك بۆ ئه‌م ڕێبازو ئامانجه‌ دوورو سه‌خته‌ هێناوه‌ته‌ پێش كه‌ ته‌حه‌ممولی ڕێ و كۆسپه‌كانی ناكه‌ن و هه‌ر گله‌یی و گازانده‌و بۆڵه‌ بۆڵیانه‌.!

   ئه‌مما ئه‌گه‌ر به‌ پێی مه‌رجه‌كان كه‌سه‌كان وه‌رگیرابوون، به‌ پێی به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵكارییه‌كه‌ په‌روه‌رده‌ كرابوون، به‌ گوێره‌ی دین و دینداریی و تواناو لێوه‌شاوه‌ییان به‌ گه‌ڕ خرابوون، باروودۆخی كار پێكردنیشیان گونجاو بوو، نابێ به‌ به‌هانه‌ی زیاتر په‌روه‌رده‌ بوون له‌ جێی خۆ بهێڵرێنه‌وه‌و جورئه‌تی چوونه‌ پێشه‌وه‌یان لێ ببڕێت..نا ئه‌گه‌ر وا بێت نه‌ ده‌وڵه‌ت و نه‌ كۆمه‌ڵكاریی ناچێته‌ قۆناغی داهاتوو، له‌ كاتێكدا دوژمنان زووترو زیاتر چوونه‌ته‌ پێش..

دووه‌م: گه‌ل و میلله‌تان له‌سه‌ر حاڵه‌تێك نامێننه‌وه‌، توخمه‌كانی هێز ده‌شێت له‌ بوارێكدا یا له‌ زیاتردا هه‌بن و بمێننه‌وه‌، بەڵام له‌ بواره‌كانی تردا نامێنن، یان به‌دیلی لاوازیان بێته‌ شوێن..ره‌چاوكردنی ئه‌م خاڵه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانكارییش وایه‌و بۆ ئیداره‌ی سیاسیی و فه‌رمانده‌یه‌تی سه‌ربازییش وایه‌..له‌وانه‌یه‌ هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتن و شكست له‌ یه‌ك كاتدا له‌ كۆمه‌ڵێكدا هه‌بن، بەڵام ووریایی و زرنگی ئاڕاسته‌وان و به‌هێزی مه‌نهه‌جی په‌روه‌رده‌و ئاڕاسته‌، رێ له‌ لاسه‌نگی ده‌گرێت..

   گه‌وره‌یی داعی و پێشه‌نگی گۆڕانكاریی و بیرمه‌ندو شیكاری ستراتیژێتی پێشه‌وای سیاسیی له‌وه‌دایه‌ كه‌ زوو حه‌قیان ناسیووه‌و به‌رپرسێتی ناسین و ناساندنیان خستۆته‌ سه‌رشانی خۆیان و خۆیان بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی ته‌رخان كردووه‌، له‌ كاتانێكدا كه‌ خه‌ڵكێكی خه‌مسارد پاڵیان لێ داوه‌ته‌وه‌و خۆیان به‌ زیره‌كترو چالاكتر ده‌زانن.! له‌ باروودۆخێكدا كه‌ ئه‌مان هه‌موو جۆره‌ به‌ر به‌ستێكی خراپیان له‌به‌ر خاتری ئه‌م دینه‌ هاتۆته‌ رێ، كه‌چی كۆمه‌ڵێك گه‌ده‌ زلی به‌ر سێبه‌ر له‌ خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی به‌زین زمانیان به‌رامبه‌ر درێژ ده‌كه‌ن و ئه‌وان به‌ گه‌وج ده‌ناسێنن و خۆشیان به‌ژیر.! خه‌ڵكانێكی هه‌ڵه‌ پاس به‌رهه‌می دیارو زه‌قی ئه‌مانیان پێ پووچه‌ڵه‌ له‌ كاتێكدا خۆیان به‌رهه‌میان نییه‌، یان كاریان له‌ بن دڕكی تاغووتاندایه‌.!

   جاری وا هه‌یه‌ ڕۆڵی نه‌وه‌یه‌ك یان چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك ته‌نها درووست كردنی پردێكه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ واقیعێك كه‌ ده‌ویسترێت بۆ به‌رنامه‌ی ئیسلام بگۆڕرێت و بۆ ئامانجی ئیسلامه‌كه‌ بخرێته‌ گه‌ڕ، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌كه‌ن ـ كه‌ وه‌كو ڕه‌نگ ڕێژیی هه‌ڵكه‌ندنی بناغه‌ی خانوو درووست كردنه‌ ـ هه‌مان ڕۆڵ و گرنگیان وه‌كو كاری ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ سه‌قفه‌كه‌ تێده‌كه‌ن، یان ئه‌وانه‌ی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ تێ ده‌گرن..پاداشتی هه‌مووشیان لای خوا دیاره‌و هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ قه‌ده‌ر ڕه‌نجی خۆی پاداشت ده‌درێته‌وه‌..گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ده‌یانه‌وێت به‌ ڕۆڵی خۆیان كاره‌كه‌ ته‌واو كه‌ن..گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی وانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ڵێنه‌وه‌ وا نه‌زانن ده‌بێ ببینن كه‌ قوتابییه‌كانیان بوون به‌ پزیشك و ئه‌ندازیار..مه‌رج نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان فێری ئه‌لف و بێیان كردوون، ئه‌وان كردوویانن به‌ قوتابی و هه‌ستی زه‌رووره‌تی خوێندنیان تێدا ڕواندوون..ڕۆڵی ئه‌مان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر ڕێی داهاتوو..ئه‌مما نه‌خشه‌ دانان و سۆراغ و چۆنییه‌تی بڕینی قۆناغه‌كان و خوێندنه‌وه‌و شیكاریی قۆناغی داهاتوو ئه‌وه‌ به‌رپرسێتی سه‌رووتره‌..

سێیه‌م: كاتێك گه‌لێك یان میلله‌تێك مه‌ناعه‌ی نامێنێت و وه‌كو جه‌سته‌ی داوه‌شاو خۆی له‌به‌ر ساده‌ترین میكرۆبدا ناگرێت، ده‌بێته‌ جێ ته‌ماعی هه‌موو هێزێكی نه‌یار..هێزی بوده‌ڵه‌ی ده‌ره‌كیش ته‌ماعی تێ ده‌كات.! كاتێك لاوازیی ده‌بێته‌ جه‌وهه‌رو ڕوواڵه‌تی كۆمه‌ڵكارییه‌ك، هه‌ر لایه‌نێك ته‌ماعیان له‌ ژێر ده‌ستییه‌كه‌یدا هه‌یه‌، یان ده‌یانه‌وێت بۆ خۆیانی ببنه‌وه‌و ئیستیغلالی بكه‌ن، بۆی دێن و به‌ ناوی یارمه‌تی لێقه‌وماوانه‌وه‌، یان به‌ ناوی قوتاركردنی گیانی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌.! دێنه‌ ناو ساحه‌كه‌یه‌وه‌.هه‌موو پێشڕه‌وانی ئیستیعمارو ته‌ده‌خولاتی ڕۆژئاوا ئاوا هاته‌ ناو ده‌وڵه‌ت و ئوممه‌تی ئیسلامه‌وه‌...سه‌رمایه‌دارانی ڕۆژئاوا كه‌ وه‌كو زه‌روون ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌كه‌ن به‌ژێر قه‌رزی حه‌زو چێژه‌ مونحه‌ریفه‌كانی دەسەڵاتدارانی سیاسییه‌وه‌، ئینجا ده‌كه‌ونه‌ ته‌ده‌خولی سیاسیی..به‌ كه‌یفی خۆیان یاسا به‌ حاكمه‌ چاو شۆڕه‌كه‌ ده‌ر ده‌كه‌ن، سیستمی پێ ده‌گۆڕن، ڕێككه‌وتنی لاسه‌نگی پێ واژۆ ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ ڕوویاندا بووه‌ستێته‌وه‌.!

   هه‌موو ئه‌و ته‌ده‌خوله‌ ڕۆژئاواییه‌ ئیستیعمارییانه‌ی له‌ كۆتایی ده‌وڵه‌تی عوسمانییدا ده‌كرا له‌م جۆره‌ بوو..ووڵاتانی ئیستیعماری ڕۆژئاوا له‌ هه‌موو ناوچه‌یه‌كی گرنگ و ستراتیژیی ده‌وڵه‌تی عوسمانی یان ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی هیندستان، یان باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (كه‌ ئه‌وسا سۆمه‌تره‌و جاوه‌ی پێ ده‌وترا) چه‌ندین كۆمه‌ڵ و ڕێكخراوی مه‌سیحییه‌وانی و ڕۆشنبیریی و ئابووریی و كلتوریی "خۆبه‌خش"ی مرۆییان تێدا ده‌كرده‌وه‌و ڕۆژهەڵاتناسه‌كانیان بۆ ده‌ناردن تا بكه‌ونه‌ دیراسه‌كردنی جوگرافیای ناوچه‌كه‌و دین و دیدو داب و نه‌ریتی خه‌ڵكه‌كه‌ی و هه‌مووی به‌ تۆماركراوی بنێرنه‌وه‌ ووڵاتانی پێشكه‌وتووی خۆیان، تا له‌وێوه‌ پلانی داگیركردنی مه‌حكه‌مانه‌ داڕێژن و سوپای ته‌واوی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن و ناوی شه‌یتانی لێ بهێنن و بێنه‌ سه‌ری..

   ئه‌هلی ئیسلام به‌ تایبه‌تی داعی و پێشڕه‌وان و بیرمه‌ندانی ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بزر نه‌بێت كه‌ هێشتا ڕۆژئاوا له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستی ستراتیژی نه‌گۆڕێتی و ووڵاتی موسڵمانانیش هه‌ر له‌ دواكه‌وتووییه‌كه‌یدایه‌تی، ئه‌گه‌ر چی له‌ ڕووی بیرو هۆشه‌وه‌ ئاهێكیان هاتۆته‌وه‌ به‌رو تا راده‌یه‌كی باش        -دوای شكستی سه‌د ساڵه‌ی دەسەڵاتی عه‌سكه‌ریتاریای عه‌له‌مانییه‌ت - زه‌مینه‌ی هاتنه‌وه‌ی ئیسلامییان بۆ حوكمڕانی ئاماده‌كردووه‌..والحمدلله‌.

   ئه‌هلی ئیسلام به‌ تایبه‌تی داعی و پێشڕه‌وان و بیرمه‌ندانی ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بزر نه‌بێت كه‌ ئێستا ڕۆژئاوا له‌ جاران زیاتر چاوی له‌ كه‌ره‌سته‌ زه‌روورییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگاكانێتی كه‌ له‌ ووڵاتانی ئێمه‌دا هه‌ن..وه‌كو نه‌وت و غازو زێڕو یۆرانیۆم و كه‌ره‌سته‌ی خام و كانزای تر، ئه‌وانیش له‌ جاران خوێن مژترن و سه‌رمایه‌دارییه‌كه‌یان له‌ دوو سه‌ده‌ی ڕابردوو زیاتر چاو برسی ترن..بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ ناوی بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسیی و پاراستنی مافی مرۆڤ و دامه‌زراندنی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ ئاڵقه‌یان كردۆته‌وه‌ لووتی حاكمه‌ عه‌له‌مانییه‌كانیان كه‌ به‌سه‌ر ووڵاتی موسڵمانانیاندا داون و پشكێكیان له‌ سامانه‌ دزراوه‌كه‌ ده‌ده‌نێ تا به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان پاس بكه‌ن..

چواره‌م: زۆرجار گه‌ل و میلله‌تان ده‌كه‌ونه‌ دوو ڕێیانی مێژووییه‌وه‌و هه‌لی هه‌ڵبژاردن و هەڵاوێردنی هه‌ڵوێستی ئازایانه‌یان بۆ دێته‌ پێش، ئه‌گه‌ر ئوممه‌ت و پێشڕه‌وانی توانیان ڕێی ڕزگاریی و سه‌ربه‌ستی و ڕێزداریی خۆیان بگرنه‌ به‌ر ئه‌وه‌ بۆیان لواوه‌و نابێت هه‌ل به‌فیڕۆ بده‌ن، ئه‌گه‌ر نا، حه‌تمه‌ن تۆقی زه‌لیلییه‌كه‌یان بۆ داهاتوویه‌كی تریش هه‌ر له‌ گه‌ردندا ده‌مێنێت و ده‌بێت به‌ كۆیله‌یی یان به‌ برسێتی ڕایكێشن.! ده‌بێ ئه‌وه‌ش ڕۆشن بێت كه‌ ئه‌و دوو ڕێیانه‌ مێژووییانه‌ له‌ پڕدا ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو به‌ پێی یاساو ڕێسای قه‌ده‌ری خوایی بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئوممه‌تان و پێشڕه‌وانیان دێنه‌ پێش..جا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانان ئازایانه‌ بڕیاری قوتار بوون و سه‌ربه‌ستییاندا، ئه‌وه‌ وه‌كو سێ سه‌د ساڵی یه‌كه‌می ئوممه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر ڕێی پێشه‌نگی شارستانێتی و سه‌رفرازی لای خوای گه‌وره‌..ئه‌گه‌ر له‌ نه‌زانی و له‌ ترس و هیممه‌ت نزمیشدا بڕیاری مانه‌وه‌ی هه‌مان باروودۆخی دواكه‌وتوویی خۆیاندا ئه‌وه‌ حه‌تمه‌ن وه‌كو ئه‌م سه‌رده‌مه‌ مێژوویانه‌یان به‌سه‌ردا دێت كه‌ لێره‌دا ده‌یخوێنین..

   ئوممه‌تی ئیسلام ئێستا ئه‌زموونی دوو سه‌د ساڵی رابوردووی خۆی باش له‌به‌ر چاوه‌، ئه‌گه‌ر په‌ی به‌ هۆكاری لاوازیی و نه‌بوویی خۆی ببات.پاشان ئه‌گه‌ر ژیرانه‌ ڕێی سه‌رفرازییه‌كه‌ بگرێته‌ به‌ر..ئه‌مما ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر بیری نه‌ته‌وایه‌تی و هه‌ستی نیشتیمان په‌روه‌ریی و ناوچه‌گه‌رێتی و ئینتیمای عه‌شایری ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی دوایی بمێنێته‌وه‌و سه‌ر ڕاستانه‌ ڕوو نه‌كاته‌وه‌ دیندارێتی به‌و ئیسلامه‌ی به‌زۆر پێیان خسته‌ كه‌ناری مێژووه‌وه‌، زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌م سه‌رده‌می شه‌ڕه‌پاڵی هێزو جه‌مسه‌ری كه‌سب كردن و په‌یمانه‌ سه‌ربازییانه‌ی دوژمناندا بێته‌وه‌ سه‌ر ڕێی شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی جارانی..

   هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵوێستی به‌هێز له‌ سه‌رده‌می لاوازیی ئوممه‌ت و دەسەڵاتدا خۆی له‌ خۆیدا به‌ربه‌ره‌كانێیه‌كی سه‌خته‌و دێته‌ پێشی داعی و بیرمه‌ندو پێشڕه‌وایانی ئه‌هلی ئیسلام..چونكه‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌ی شیاو له‌ دوای توێژینه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌، دوای ته‌قدیرو بڕیار، ئینجا نه‌خشه‌ داڕشتن زوو جێ به‌جێ كردنی ئه‌ركێكی داواكراوی ئوممه‌ته‌ دڵسۆزه‌ وێڵه‌كه‌یه‌ له‌ داعی و بیرمه‌ندو پێشڕه‌وانی، چونكه‌ ئه‌وان سه‌رچاوه‌ی ئاڕاسته‌و مه‌رجه‌عییه‌تی بڕیارن..ده‌رنه‌كه‌وتنی هه‌ڵوێستی شیاو لێیانه‌وه‌ ده‌یان كێشه‌ی ترس و بیم و شیرازه‌ پسان و تێكچڕژان له‌ ئوممه‌ته‌كه‌دا دێنێته‌ پێش و ده‌یان كێشه‌ی گۆڕینی وه‌لاء و ته‌كفیرو یاخیبوونیش بۆ ئاڕاسته‌وانان دێنێته‌ پێش..

   ئه‌م پێشه‌كی و ئه‌نجامه‌ هه‌ر به‌ هه‌ڵوێسته‌ سلبییه‌كانه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ هه‌ڵوێسته‌ ئیجابییه‌كانیشه‌وه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌نجامی باش گرتنه‌ به‌ری هه‌ڵوێستی باش ده‌خوازێت، هه‌ڵوێستی باشیش وورده‌كاریی و ئازایه‌تی و جورئه‌ت حه‌سم ده‌خوازێت..ئه‌گه‌ر دووڕێیانه‌ مێژووییه‌كان هاتنه‌ پێش و هه‌ڵوێستی گونجاوی خۆیان به‌رامبه‌ر نه‌گیرایه‌ به‌رو ووزه‌كانی بۆ نه‌خرایه‌ گه‌ڕ، هه‌له‌كه‌ دێت و ده‌ڕوات..دوور نییه‌ دوژمنان نه‌یقۆزنه‌وه‌و نه‌یكه‌نه‌وه‌ به‌ هه‌لی زێڕینی خۆیان..

   ئه‌م هه‌لانه‌ش كاتێك ده‌توانرێت یه‌كسه‌ر بقۆزرێنه‌وه‌ كه‌ پێشتر ئوممه‌ت و ئاڕاسته‌وانانی دیدو ڕێ و به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵكاریی و شیاوێتی ووزه‌كانی به‌رده‌ستیان ئاماده‌ كردبێت و چاوه‌ڕوانی هه‌ل بكه‌ن..وه‌كو ڕاوچی به‌توانا به‌ قه‌نناسێكه‌وه‌ چووه‌ بۆ ئاسكێك..كات و شوێنی ڕاوو ئالییه‌تی پێویستی ئاماده‌ كردووه‌و له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی نێچیره‌كه‌ی وویستی خۆی ده‌خاته‌ گه‌ڕ..

3270 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
20/12/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.