دوعا ( نزا و پاڕانەوە )
٢- حیكمه‌ت و سووده‌كانی دوعا
١- به‌خشینی ئارامی به دڵ و ده‌روون و زیادبوونی گومانی باش به په‌روه‌ردگار.
٢- زیادبوونی ئیمان و قایمتربوونی له به‌رامبه‌ر پێشهاته خۆش و ناخۆشه‌كانی ژیان، به جۆرێك كه خۆڕاگر بێ و سنووری شه‌رع بپارێزێت.. پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌رباره‌ی خێری هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه فه‌رموویه‌تی: (عَجَبًا لِأَمْرِ الْمُؤْمِنِ إِنَّ أَمْرَهُ كُلَّهُ خَيْرٌ وَلَيْسَ ذَاكَ لِأَحَدٍ إِلَّا لِلْمُؤْمِنِ إِنْ أَصَابَتْهُ سَرَّاءُ شَكَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ وَإِنْ أَصَابَتْهُ ضَرَّاءُ صَبَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ) رواه مسلم[1] واته: سه‌ر له كاری موسوڵمان سوڕ ده‌مێنێت، هه‌موو كاروباره‌كانی خێره‌و پاداشتی بۆ ده‌نوسرێت، ئه‌وه بۆ كه‌سی تری غه‌یری موسوڵمان وا نه‌لواوه! كه ده‌كه‌وێته خێر‌و خۆشییه‌وه سوپاسی خوا ده‌كات پاداشتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، كه ناڕه‌حه‌تیشی تووش ده‌بێت ئارام ده‌گرێت، به‌وه‌ش پاداشت وه‌رده‌گرێت.
٣- هه‌ستكردن به هیممه‌ت به‌رزیی و زیادبوونی متمانه به‌خۆ.. چونكه كابرای موسوڵمان هه‌ست ده‌كات كه به هێزو دەسەڵاتی خوای گه‌وره پشت ئه‌ستوور بووه.
٤- دوعا زادو توێشووی بانگخوازانی ڕێگای خوای گه‌وره‌یه، بۆیه حه‌تمه‌ن گوڕ‌و تینی زیاتر به داعی ده‌داو له ژیاندا زیاتر دڵخۆشی ده‌كات.
بەڵام پێویسته موسوڵمان چاك بزانێت كه هه‌ر كاتێك په‌له‌ی گیرا بوونی دوعاكانی كرد‌و نیازه‌كانی زوو حاسڵ نه‌بوو، یاخود قه‌بوڵ بوونی نزاكانی به دوور زانی، ئه‌وه ئه‌و حیكمه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه له ده‌ست ده‌داو وه‌كو واهیمه‌و نه‌خۆشیه‌كی ده‌روونی لێ دێت، حاڵه‌تێكی بێ هیوایی تێدا دروست ده‌بێت! ئه‌مه‌ش ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌و سه‌ره‌نجامه خراپه‌ی كه وای لێ بێت واز له دوعاكردن بهێنێت! كه بێگومان هه‌ركه‌س بكه‌وێته ئه‌و حاڵه‌تانه‌وه بار‌و دۆخی ئیمانی تێك ده‌چێت و پاك و بێگه‌ردییه‌كه‌ی نامێنێت.. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئاگادارمان ده‌كاته‌وه لێی كه شایسته نییه ئه‌گه‌ر دوعاكانمان له قاپی خوای گه‌وره وه‌رنه‌گیرێت بكه‌وینه په‌له‌په‌ل و هات و هاوار بۆ زوو گیرابوونی! هه‌ر وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (يُسْتَجَابُ لِأَحَدِكُمْ مَا لَمْ يَعْجَلْ يَقُولُ دَعَوْتُ فَلَمْ يُسْتَجَبْ لِي) رواه البخاری[2] واته: ئه‌گه‌ر په‌له‌تان نه‌بێت دوعاكانتان گیرا ده‌بێت.. ناشێت كابرا ده‌ڵێ: ئه‌وه‌تا دوعا ده‌كه‌م و گیرا نابێت! یا خود كه ده‌فه‌رموێ: (لَا يَزَالُ يُسْتَجَابُ لِلْعَبْدِ، مَا لَمْ يَدْعُ بِإِثْمٍ أَوْ قَطِيعَةِ رَحِمٍ، مَا لَمْ يَسْتَعْجِلْ، قِيلَ: يَا رَسُولَ اللَّهِ مَا الِاسْتِعْجَالُ؟ قَالَ يَقُولُ: قَدْ دَعَوْتُ، وَقَدْ دَعَوْتُ، فَلَمْ أَرَ يُسْتَجَابُ لِي، فَيَسْتَحْسِرُ عِنْدَ ذَلِكَ وَيَدَعُ الدُّعَاءَ)[3] رواه مسلم واته: وەڵامی دوعای به‌نده هه‌ر ده‌درێته‌وه مادام دوعای گوناهباریی و پسانی سیله‌ی روحم نه‌كات و په‌له نه‌كات.. ووتیان ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا په‌له كردن چیه؟! فه‌رمووی: ده‌ڵێ هه‌ر من دوعا ده‌كه‌م و دوعا ده‌كه‌م كه‌چی نابینم قبووڵ ببێت! ئیدی بۆی ده‌بێته مایه‌ی په‌شیمانی تا وای لێ دێت واز له دوعا كردن و پاڕانه‌وه‌كه ده‌هێنێت!!
ئاماده‌كردنی: لیژنه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامی
پێداچوونه‌وه و توێژینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی: مامۆستا كرێكار
[1] راسته لای موسلیم به شه‌رحی ئیمامی نه‌وه‌وی ژماره (٢٩٩٩) یه.
[2] به‌ڵێ وایه لای ئیمامی بوخاریهو ژماره‌كه‌ی (٥٩٨١)ە.
[3] به‌ڵێ وایه لای ئیمامی موسلیمه‌و ژماره‌كه‌ی (٢٧٣٥)ە.