یادی تایبه‌تی و یادی گشتی
هه‌ندێك له زیكره‌كان گشتین و له هه‌موو كات و شوێنێكدا ده‌كرێ بخوێنرێن. وه‌ك: (سبحان الله، الحمد لله، لا الهَ إلّااللّهُ، الله اكبر) هه‌ندێكیشیان تایه‌به‌تن و به كات و شوێنی دیاری كراوه‌وه، وه‌ك كاتی باران بارین و چوونه مزگه‌وت و.. هتد جا بۆ ئه‌م زیكرانه پێویسته كات و جێگا ره‌چاو بكرێت. هه‌روه‌ها پێوسته حاڵی تایبه‌تی ئه‌و جۆره پارانه‌وه‌و یادانه له پێشچاو بگیرێت كه بۆ حاڵه‌تێكی تایبه‌تی دانراون.. بۆ نموونه: ئه‌و پاڕانه‌وه قورئانیانه‌ی كه به (ربی) و (ربنا) ده‌ست پێ ده‌كه‌ن ده‌بێ به‌و جۆر‌و حاڵه‌ته‌وه بخوێنرێت كه ده‌ق و مانای ئایه‌ته‌كانی پێش و دوای پاڕانه‌وه‌كه دروستی ده‌كات و ده‌یخوازێت.
به‌ڕاستی پاڕانه‌وه‌و یادی خوای گه‌وره له هۆكاره گرنگه‌كانی په‌روه‌رده كردنی ئیماندارن، ئه‌گه‌ر به چاكیی ئه‌نجام بدرێت.
شتێكی هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موو كه‌س وه‌ك یه‌ك پێی بوترێ فڵان پاڕانه‌وه‌و فڵان یادی خوای گه‌وره بخوێنه، به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی كه پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئه‌نجامی داوه‌و ئه‌ویش بۆ ئێمه سه‌رمه‌شقه‌و كاره‌كانی سوننه‌تن، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌ركه‌سه‌و چی بۆ باشه‌و بۆ په‌روه‌رده‌كردن و پڕ كردنه‌وه‌ی كه‌م و كوڕییه‌كانی پێویستێتی ئه‌وه‌ی بۆ دیاری بكرێت..[1] به‌ڵگه‌و سه‌رمه‌شقی ئه‌مه پێغه‌مبه‌ری خوایه صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. كه به سه‌یدنا مه‌عازی فه‌رموو كه له كۆتایی هه‌موو نوێژێكه‌وه ئه‌م دوعایه بخوێنێت كه ده‌فه‌رموێ: (اللَّهُمَّ أَعِنِّي عَلَى ذِكْرِكَ وَشُكْرِكَ وَحُسْنِ عِبَادَتِكَ)[2] پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئه‌م یاده‌ی له‌سه‌ر مینبه‌رو له به‌رده‌ست هه‌موو موسوڵماناندا پێ نه‌وتووه‌و به هه‌موو موسوڵمانانیشی رانه‌گه‌یاندووه كه بیخوێنن، به‌ڵكو ته‌نها به مه‌عازی فه‌رمووه، ئه‌ویش كاتێ كه مه‌عاز هات بۆ لای پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و فه‌رمووی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا من تۆم زۆر خۆش ده‌وێت. پێغه‌مبه‌ری خوایش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمووی: منیش هه‌روه‌ها تۆم زۆر خۆش ده‌وێت. وه‌سێتت بۆ ده‌كه‌م دوای هه‌موو نوێژێك بڵێ:(اللَّهُمَّ أَعِنِّي عَلَى ذِكْرِكَ..الخ) بێگومان ئه‌م پاڕانه‌وه‌یه ئه‌مڕۆش بۆ زۆربه‌ی موسوڵمانان سوودی هه‌یه وله‌گه‌ڵ حاڵیاندا ده‌گونجێت. كه‌واته پێویسته حاڵ و هه‌ل و مه‌رجی هه‌ركه‌سه بگیرێته پێش چاو به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر پاڕانه‌وه‌یه‌كی فێر بكرێت.. له به‌ر ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه فێر ده‌كراو به نووری خوای گه‌وره ده‌یبینی.. بۆیه به گه‌وره‌ترین زانای ده‌روونناسی داده‌نرێت.. بۆیه كه هه‌ستی كردووه مه‌عاز له‌و سه‌رده‌مه‌ی ژیانیدا له په‌رستن و یادی خوای گه‌وره‌دا ته‌مه‌ڵی ده‌كات و ئه‌ركه‌كانی به ته‌واوی به‌جێ ناهێنێت، پێی فه‌رمووه كه ئه‌م پاڕانه‌وه‌یه بخوێنێت و له دوای هه‌موو نوێژێكه‌وه دووباره‌ی بكاته‌وه وه‌ك ده‌رمانێك بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و ته‌مه‌ڵی و ساردی و لاوازییه‌ی.[3]
وه‌نه‌بێت ئه‌مجۆره كار‌و وه‌سێتانه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ شتێكی ئاوازه‌و ده‌گمه‌ن بووبێت، به‌ڵكو هه‌میشه ئه‌مه شێوازی بووه له چاره‌سه‌ركردنی لایه‌نه لاوازه‌كانی هاوه‌ڵه‌كانیدا. بۆ نموونه كاتێك یه‌كێك له هاوه‌ڵه‌كانی پرسیاری لێ كرد كه باشترین و خێرترین كار چییه؟ فه‌رمووی نوێژ له كاتی خۆیدا، كه ئه‌گونجا بفه‌رموێت چاكترین كار كاری دڵه (یه‌كتاپه‌رستی)! بەڵام دیاره ئه‌و هاوه‌ڵه پێویستی به‌وه بووه له بواری گرنگیدان به كاتی نوێژه‌كانیدا ووریا بكرێته‌وه، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌یزانی چاكترین كار بۆ ئه‌و كه‌سه نوێژه له كاتی خۆیدا كه به راده‌ی پێویست گرنگی پێ نه‌داوه..
له فه‌رمووده‌ی تریشدا هاتووه كاتێك كه پرسیاریان له پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كردووه، ده‌رباره‌ی چاكترین كار شتێكی تری پێ فه‌رموون، جگه له نوێژ ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه چاكترین كار بۆ ئیماندار ئه‌وه‌یه شتێك بكات و بخوێنێت له بواره‌كانی به‌ندایه‌تیدا كه‌م و كوڕییه‌كانی بۆ پڕ بكاته‌وه.. كه‌واته كاتێك كه‌سێك فێری پاڕانه‌وه‌و یادی خوای گه‌وره ده‌كرێت پێویسته حاڵ و تایبه‌تمه‌ندییه ده‌روونییه‌كانی ره‌چاو بكرێت.
بۆ نموونه ده‌بینین مۆسڵمانێك خۆی به‌وه‌وه هه‌ڵده‌كێشێت و شانازی ده‌كات كه گوایه فه‌رمانی به چاكه كردووه‌و به‌رهه‌ڵستی له خراپه كردووه. نزیكه شه‌یتان له‌بیری بباته‌وه كه ئه‌وه‌ی ئه‌م كردوویه‌تی به‌هۆی هێزو دەسەڵات،یارمه‌تی خوای گه‌وره‌وه بووه، بۆیه پێویسته كه ئاگاداری بكه‌ینه‌وه به‌وه‌ی كه یادی (لَا حَوْلَ وَلا قُوَّةَ إِلا بِاللَّهِ) زۆر دووباره بكاته‌وه، دوای روونكردنه‌وه‌ی ته‌واوی واتا‌و ناوه‌ڕۆكی یاده‌كه. تا تێ بگات كه هه‌موو هێزو توانایه‌ك له خوای گه‌وره‌وه‌یه‌و ته‌نها خوای گه‌وره یارمه‌تیده‌ری مرۆڤه.
یه‌كێكی تر ده‌بینین كه دیمه‌نه‌كانی میهره‌بانی خوای گه‌وره له بوونه‌وه‌ردا هیچ كاریان تێ ناكات، له كاتێكدا كه چاوی خه‌ڵكانی تری پڕكردووه له سه‌رسامی، بەڵام ئه‌و چاوه ده‌خشێنێت به‌سه‌ریاندا به‌بێ ئه‌وه‌ی بیریان لێ بكاته‌وه! تابلۆ جوانه‌كانی سروشت و بوونه‌وه‌ر، وه‌ك شاخه گه‌ردن كه‌شه‌كان و ده‌ریاو شه‌پۆله‌كانی و ده‌شتایییه سه‌وزه‌كان و گەڵای شه‌كاوه‌ی دارستانه‌كانی كاری تێ ناكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچی نه‌بینیبێت! له‌كاتێكدا خه‌ڵكی تر به‌سه‌رسامی و تێڕامانه‌وه ده‌ڵێن (سُبْحَانَ اللهِ، سُبْحَانَ اللهِ ، مَاشاءَ الله)
سُبْحَانَ اللهِ، واته: پاك و بێ گه‌ردی بۆ خوای گه‌وره.. گومانی تێدا نییه ئه‌م نه‌خۆشه پێویستی به دوعاكانی ته‌سبیحات هه‌یه ئه‌و ته‌سبیحاته‌ی كه خه‌ڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌موو ده‌یڵێنه‌وه جگه له مرۆڤی بێ ئاگای وه‌ك ئه‌مه‌و هه‌ندێك له ئێمه.. ده‌بێت یادی بخه‌ینه‌وه‌و پێی بڵێین: ئایا تۆ ئه‌م هه‌موو شته نا‌بینیت؟ ئایا ئه‌م هه‌موو شته به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌یی توانایی خوای گه‌وره نین؟ ئایا له‌م كاته ناسكه پڕ سه‌رسامییه‌دا كه ئه‌م هه‌موو دروستكراوانه‌ی خوای په‌روه‌ردگار ده‌بینیت بیر له خاوه‌نه به‌خشنده‌كه‌ت ناكه‌یته‌وه؟ خۆزگه هه‌موو په‌روه‌رشكارێك واتا و مه‌به‌ستی (تسبیح)ی به زبانی تایبه‌تی خۆی بۆ قوتابیه نه‌خۆشه‌كانی روون ده‌كرده‌وه به‌ر له‌وه‌ی كه پێی بڵێت به عه‌ره‌بی بیخوێنێت. بۆ ئه‌وه‌ی كاتێ كه به عه‌ره‌بی زبانی قورئان ده‌یخۆێنی به ته‌واوی واتا و مه‌به‌ست و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و یاده باڵ بكێشێت به‌سه‌ریداو كاری تێ بكات.
ئه‌وه‌ش بزانین كه له قورئاندا زۆر یادو پاڕانه‌وه ده‌ستنیشان كراون و حاڵی مرۆڤی تێدا ره‌چاو كراوه. بۆ نموونه: ئیمانداران له كاتێكدا رووبه‌ڕووی دوژمنانیان ده‌بنه‌وه پێویستیان به‌وه هه‌یه كه ترس روویان تێ نه‌كات و دامه‌زراوو خۆگربن و پێویستیان به كۆمه‌ك و یارمه‌تی خوای گه‌وره هه‌یه به‌سه‌ر كافراندا، بۆیه موسوڵمانانی پێشین له‌و كاتانه‌دا ئه‌م دوعایه‌یان ده‌خوێند (رَبَّنَا أَفْرِغْ عَلَيْنَا صَبْرًا وَثَبِّتْ أَقْدَامَنَا وَانصُرْنَا عَلَى الْقَوْمِ الْكَافِرِينَ)البقرة/٢٥٠ واته: خوای په‌روه‌ردگارمان، ئارامیمان به‌سه‌ردا ببارێنه‌وپێمان قایم كه‌و به‌سه‌ر كافراندا سه‌رمان خه.
ئه‌و جادوگه‌رانه‌ی كه باوه‌ڕیان به مووسا پێغه‌مبه‌ری خوا عَلَيْهِ السَّلَام هێناو فیرعه‌ون هه‌ڕه‌شه‌ی سزادان و كوشتنی لێ‌كردن، پێویستیان به‌وه هه‌بوو كه له ده‌ست فیرعه‌ون رزگاریان ببێت و خوای گه‌وره نه‌یكا به تووشیانه‌وه. بۆیه به‌م جۆره له خوای گه‌وره پاڕانه‌وه (رَبَّنَا لاَ تَجْعَلْنَا فِتْنَةً لِّلْقَوْمِ الظَّالِمِينَ)یونس/٨٥ واته: خوایه نه‌مانكه‌یته مایه‌ی فیتنه‌ی دینی (واته هۆكاری هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له دین) بۆ نه‌ته‌وه سته‌مكاره‌كان.
كه‌واته زۆر پێویسته ئاگامان له‌م خاڵه بێت كه له‌ڕاستیدا پایه‌یه‌كی گرنگی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامییه. ئه‌گه‌ر بانگخوازان تووشی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ سته‌مكاران بوون ده‌بێ یه‌كسه‌ر هه‌مان دوعا بڵێنه‌وه.
یان له كاتێكدا موسوڵمان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا هه‌وڵ ده‌دات به باشترین شێوه نوێژ بخوێنن، باشترین پاڕانه‌وه بۆ ئه‌و موسوڵمانه پاڕانه‌وه‌كه‌ی باوكی پێغه‌مبه‌ری خوا سه‌یدنا ئیبراهیمه عَلَيْهِ السَّلَام، كه فه‌رمووی: (رَبِّ اجْعَلْنِي مُقِيمَ الصَّلاةِ وَمِن ذُرِّيَّتِي)ابراهیم/٤٠ واته: خوایه خۆم و نه‌وه‌كانم بخه‌ره ریزی ئه‌و كه‌سانه‌وه كه نوێژخوێنن..
یا برایه‌ك كه تازه په‌یوه‌ندی كردووه به كاروانی ئیماندارانه‌وه‌و به‌ده‌م بانگی بانگخوازانی رێگای خوای گه‌وره‌وه هاتووه واچاكه ئه‌م دوعا نه‌مره قورئانییه‌ی فێربكرێت كه ده‌فه‌رموێ: (رَّبَّنَا إِنَّنَا سَمِعْنَا مُنَادِيًا يُنَادِي لِلإِيمَانِ أَنْ آمِنُواْ بِرَبِّكُمْ فَآمَنَّا رَبَّنَا فَاغْفِرْ لَنَا ذُنُوبَنَا وَكَفِّرْ عَنَّا سَيِّئَاتِنَا وَتَوَفَّنَا مَعَ الأَبْرَارِ)ال عمران/١٩٣ واته: خوایه ئێمه گوێمان له بانگخوازێك بوو كه خه‌ڵكی بانگهێشت ده‌كرد، ئه‌رێ خه‌ڵكینه باوه‌ڕ به خوای په‌روه‌ردگاری خۆتان بهێنن، ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا، ده‌ی سا خوای په‌روه‌ردگارمان تۆش له گوناحه‌كانمان خۆش به‌و خراپه‌كانمان بسڕه‌ره‌وه‌و له‌گه‌ڵ پیاوچاكاندا بمانمرێنه..
یان باوكێكی میهره‌بان كه ئاواته خوازه چاوی به ژن و مناڵه‌كانی بگه‌شێته‌وه به‌وه‌ی كه خوای گه‌وره بیانكات به خواناس و پارێزكار، ده‌یه‌وێت به داڕشتنی خۆی له خوای گه‌وره بپاڕێته‌وه خۆزگه رێنموویی مان بكردایه بۆ به كارهێنانی هه‌موو هۆیه‌كی چاك و دروست له بواری په‌روه‌رده‌ی ژن و منداڵه‌كانیدا و پاش ئه‌وه فێرمان بكردایه كه ئه‌و پاڕانه‌وه قورئانییه بخوێنێت كه تایبه‌ته به حاڵی یه‌كێكی وه‌ك ئه‌م باوه‌كه‌وه كه ده‌فه‌رموێ: (رَبَّنَا هَبْ لَنَا مِنْ أَزْوَاجِنَا وَذُرِّيَّاتِنَا قُرَّةَ أَعْيُنٍ وَاجْعَلْنَا لِلْمُتَّقِينَ إِمَامًا) الفرقان/٧٤ واته: خوای په‌روه‌ردگارمان له خێزان و نه‌وه‌كانمان كه‌سانی وا بخه‌ره‌وه كه ببنه مایه‌ی چاو ڕوونیمان، خوایه بمانكه به پێشه‌وای پیاوچاكان و ته‌قواكاران..
هه‌روه‌ها كاتێك بانگخوازێك ده‌یه‌وێت كارێك ئه‌نجام بدات پێویسته هۆكاری دروست به‌كار بهێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م دوعا دڵسۆزانه‌ش بخوێنێت كه ده‌فه‌رموێ: (رَبَّنَا آتِنَا مِن لَّدُنكَ رَحْمَةً وَهَيِّئْ لَنَا مِنْ أَمْرِنَا رَشَدًا) الكهف/١٠ خوای په‌روه‌ردگارمان به‌زه‌ییه‌كی تایبه‌تمان له لای خۆته‌وه بۆ بنێره‌و كاره‌كه‌مان بۆ ته‌واو كه.
برای بانگخوازم ! ئه‌مانه بكه‌ره نموونه‌و به‌م جۆره بۆ هه‌موو كار‌و حاڵه‌تێك یادو پاڕانه‌وه‌ی گونجاوو تایبه‌تی دیاری بكه. زۆر پێویسته له یادو پاڕانه‌وه‌دا ئاگادرای ئه‌م شێوازه‌و ئه‌م ئاراسته قورئانیانه بین كه پایه‌یه‌كی بنچینه‌یی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامییه.
ئاماده‌كردنی: لیژنه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامی
پێداچوونه‌وه و توێژینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی: مامۆستا كرێكار
[1] ئه‌مه دیدو بۆچوونێكی نامۆیه.. چۆن ده‌شێت ئه‌م زیكر‌و وێردانه به‌سه‌ر جۆره‌های خه‌ڵكیدا ببه‌خشینه‌وه؟! ئایه‌ته‌لكورسی بده‌ینه كێ و له كێی بگرینه‌وه؟! هیچ شتێكی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ تایبه‌ت نیه مه‌گه‌ر به به‌ڵگه‌یه‌كی قورئان و سوننه‌ت.. ته‌نانه‌ت به خۆشی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. ئه‌مه فێركردنی ئوممه‌ته‌كه‌یه‌تی له رێی یاوه‌رێكیه‌وه نه‌ك زیكرێكی تایبه‌ت بێت به‌و یاوه‌ر.
[2] ئه‌بوداوود (١٥٢٢)، شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی له (صحیح سنن أبی داود ٥/٢٥٣) به سه‌حیحی ناساندووه. هه‌موو فه‌رمووده‌كه‌ش ئاوایه: (يَا مُعَاذُ! وَاللَّهِ إِنِّي لَأُحِبُّكَ، وَاللَّهِ إِنِّي لَأُحِبُّكَ، فَقَالَ: أُوصِيكَ يَا مُعَاذُ: لَا تَدَعَنَّ فِي دُبُرِ كُلِّ صَلَاةٍ تَقُولُ: اللَّهُمَّ أَعِنِّي عَلَى ذِكْرِكَ وَشُكْرِكَ وَحُسْنِ عِبَادَتِكَ).
[3] سه‌یره.. به‌ڵگه‌ی ئه‌م سستی و لاوازییه‌ی سه‌یدنا مه‌عاز چییه خوا لێی رازی بێت.. به راستی ئه‌مه تۆمه‌تبار كردنه! چۆن ده‌شێت له خۆوه به یاوه‌رێكی خۆشه‌ویستی وه‌كو مه‌عاز بوترێت ته‌ممه‌ڵ و سارد‌و لاواز بووه له خواپه‌رستیدا؟! ئه‌مه ئه‌و سه‌یدنا مه‌عازه‌یه كه پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بۆ هیدایه‌تدانی دانیشتوانی یه‌مه‌ن ناردی؟!