رێچكه‌و مه‌زهه‌به‌كان

ته‌قلیدی مه‌زهه‌بی شیاوه ‌نه‌ك فه‌رز

 

١-  ته‌قلیید: كاركردنه‌ به‌قسه‌ی كه‌سێك بێ به‌ دوادا چوونی به‌ڵگه‌ی شه‌رعی .

٢-  ته‌قلیید جائزه‌ بۆ عه‌وام.. عه‌وام ئه‌و كه‌سه‌یه‌كه‌ له‌ به‌ڵگه‌ شه‌رعییه‌كه‌ تێناگات، بۆیه‌ ده‌شێت عه‌وام فه‌قێیه‌ك، مه‌لایه‌ك، مامۆستایه‌ك، داعیه‌كیش بێت نه‌ك نه‌خوێنده‌وار .

شێخی ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ (ئیبنوعه‌بدولبه‌ڕ ده‌فه‌رموێ : عه‌وامی خه‌ڵكی هه‌رده‌بێت ته‌قلیدی زاناو شه‌رعناسان بكه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ حوكمی شه‌رعی ئه‌و واقیعانه‌دا كه‌ لایانه‌و لێیان رووده‌دات، چونكه‌ كابرای عه‌وام نازانێت كامه‌ به‌ڵگه‌ی شه‌رعییه‌ و له‌به‌ڵگه‌كه‌شدا چی مه‌به‌سته‌، تا زانستی ئه‌وه‌ش فێرنه‌بێت هەر ‌به‌عه‌وامی ده‌مێنێته‌وه‌.. زانستیش پله‌و ئاسته‌و ئه‌سته‌مه‌ بگاته‌ كۆتابڵنده‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی پله‌و ئاسته‌كانی خوارێ ی بڕیبێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌ربه‌سته‌یه‌كه‌ عه‌وام نه‌یبڕیووه‌ و به‌عه‌وامێتی ماوه‌ته‌وه‌ والله اعلم .

شه‌رعناسان و زانایان له‌وه‌دا راجوێ نه‌بوون كه‌ حه‌تمه‌ن عه‌وام ده‌بێ ته‌قلییدی شه‌رعناسان بكه‌نه‌وه‌، خوای گه‌وره‌ كه‌ده‌فه‌رموێ (فَاسْأَلُواْ أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لاَ تَعْلَمُونَ)النحل/43 واته‌: له‌ئه‌هلی زانستی شه‌رعی (قورئانه‌وانی) بپرسن ئه‌گه‌ر خۆتان نه‌تانده‌زانی، مه‌به‌ستی عه‌وامه‌كانه‌ كه‌ ده‌بێ له‌زانایان و شه‌رعناسان وشاره‌زایان بپرسن، هه‌روه‌ها زانایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش راجوێ نین كه‌ كوێر هه‌رده‌بێت به ‌چاوساغێكی لێزان بڵێ قیبله‌ له‌چ ئاڕاسته‌یه‌كه‌ تا له‌نوێژه‌كه‌یدا رووی تێكات، عه‌وامیش وه‌كو كوێره‌کەیه‌و ده‌بێ له‌ زانایان بپرسێت تارێنمایی بكه‌ن، كه ‌رێنمایشیان كرد هه‌رده‌بێ ته‌قلیدیشیان بكات چاری نییه‌..

دیسان شه‌رعناسان و زانایان له‌وه‌شدا راجوێ نین كه‌ عه‌وام بۆی نییه‌ فه‌توابدات ، چونكه‌ – والله اعلم– ماناكانی ده‌قی به‌ته‌واوی پێ لێك نادرێته‌وه‌ تابتوانێت به‌راست و دروستی بزانێت چی حەڵاڵە‌ و چی حه‌رامه‌ ...

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وا ده‌زانم كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌های گشتی بڵێین عه‌وام چاری نییه‌ هه‌رده‌بێ ته‌قلید بكات، شتێكی تێدایه‌.. چونكه‌ كه‌ ته‌قلید بریتی بێت له‌ به‌قسه‌كردنی كه‌سێك بێ به‌دوادا چوونی به‌ڵگه‌ شه‌رعیه‌كه‌ی، زۆرجار ده‌بینرێت كابرا عه‌وامه‌ بەڵام زیره‌كه‌و ده‌قه‌كه‌ش كه‌بووه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی حوكمە شه‌رعییه‌كه‌ ئاسانه‌، بۆیه‌ عه‌وامه‌كه‌ ئاسان له‌ حوكمه‌كه‌و به‌ڵگه‌كه‌ش تێگه‌یشتووه‌.. بۆنموونه‌ ئه‌م ده‌قه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم له‌ته‌یه‌مموم گرتندا (یان كردندا) ده‌فه‌رموێ (التيمم ضربةٌ واحدةٌ للوجه والكفين) واته‌: له ‌ته‌یه‌ممومدا بۆ ده‌موچاوو هه‌ردوو ده‌ست یه‌كجار به‌سه‌ بیده‌یت به‌زه‌ویدا، یان به‌وه‌ی ته‌یه‌ممومه‌كه‌ی پێ ده‌كرێت ئێ ئه‌مه‌ هه‌ربۆ عه‌وامی زیره‌ك نییه‌ كه‌ زوو تێی ده‌گات بۆ كه‌ڕه‌ عه‌وامیش ئاسانه‌.. بۆیه‌ باشتر وایه‌ بوترێت هه‌ركه‌سێك نه‌یزانی به‌ڵگه‌كه‌ چیه‌ وچۆنه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ری ته‌قلید بكات، خوای گه‌وره‌ش ئه‌وه‌نده‌ی فه‌رزكردووه‌ كه ‌له‌توانادایه‌ .

٣- ئه‌گه‌ر ته‌قلید بۆ عه‌وام شیاوبێت، فه‌رزنییه‌ له‌سه‌ری له‌ هه‌مووشتێكدا شوێن یه‌ك مه‌زهه‌بی دیاری كراو بكه‌وێت ، چونكه‌ حه‌ق ته‌نها له‌ مه‌زهه‌بێكدانییه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ:(فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِن كُنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ) النساء/59 واته‌: ئه‌گه‌ر ناكۆكیتان له‌سه‌ر شتێك كه‌وته‌ نێوانه‌وه‌، بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خواو پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن و باوه‌ڕتان به‌خوای گه‌وره‌ و رۆژی دوایی هێناوه‌.. له‌م ئایه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌كه‌س جگه‌له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم مه‌عسوم نییه‌، كه‌وابوو هه‌موو كه‌سێك له‌ قسه‌كانی وه‌رده‌گیرێت و ره‌ت ده‌كرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم .

ئیبنولقه‌یم رحمه‌الله ده‌فه‌رموێ: (ئایا عه‌وام هه‌رده‌بێت به‌ یه‌كێك له‌ مه‌زهه‌به ‌ناسراوه‌كانه‌وه‌ پابه‌ند بێت یان نا؟ زانایان له‌ وەڵامدا دووبۆ چوونن :

بۆچوونی یه‌كه‌م: پابه‌ند نابێت : ئه‌مه‌ شیان راستتره‌ وسه‌رجه‌می به‌ڵگه‌ لایه‌نگرێتی ، چونكه‌ هیچ شتێك فه‌رز نابێت ئه‌گه‌ر خواو پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم فه‌رزیان نه‌كردبێت، وە لەسەر کەسيشيان  فه‌رز نه‌كردووه‌ به‌ مه‌زهه‌بێكه‌وه‌ پابه‌ندبێت، نه‌یانفه‌رمووه‌ كه‌ كابرایه‌ك به‌هه‌موو راوبۆچوونی پیاوێكی ئه‌م ئوممه‌ته‌وە پابه‌ندبێت و هه‌موو دینه‌كه‌ی هه‌رله‌وه‌وه‌ وه‌ربگرێت وبه‌س، لانه‌كات به‌لای پیاوێكی تره‌وه‌.. سه‌له‌ف‌ له‌مه‌ دووره‌ په‌رێزن كه‌یه‌كێك بڵێ پابەند نە‌بوون به‌ مه‌زهه‌بێكی دیاری كراوی كه‌سێكه‌وه‌ حه‌تمیه‌، راستتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌وام مه‌زهه‌بی نییه‌ پابەندی یه‌ك مه‌زهه‌بی دیاری كراویش بێت، مه‌زهه‌ب بۆ كه‌سێكه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی زانست وتێگه‌یشتن وته‌قوا هه‌یه‌ كه‌ توانای به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ (الاستدلال) و ڕاده‌ربڕینی سه‌ر به‌خۆی هه‌بێت شاره‌زای مه‌زهه‌به‌كان بێت..

به‌هیچ جۆرێك ئه‌وه‌ له‌ به‌ڵگه‌ی شه‌رعییدا نه‌هاتووه‌ كه‌ كابرا ده‌بێت به‌ مه‌زهه‌بی زانایەكه‌وه‌ پابه‌ندبێت ولێی لانه‌دات وبۆچوونی زانایه‌كی تر وه‌رنه‌گرێت! ئه‌مه‌ بیدعه‌یه‌كی خراپ وگه‌نه‌ كه‌وتۆته‌ ناو ئوممه‌ته‌كه‌وه‌، كه‌س له ‌پێشه‌وایانی دین وایان نه‌فه‌رمووه‌و رێشیان پێ نه‌داوه‌، كه‌ ئه‌وان شاره‌زاتر و پله‌به‌رزترو زاناترن به‌خواناسی وسوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم چۆن خه‌ڵكانێك پابه‌ند ده‌كه‌ن به‌تاقه‌ كه‌سێكه‌وه‌ جگه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ری مه‌عسووم صلی اللە علیە وسلم .[1]

هه‌ر ئیبنولقه‌یم رحمه‌الله ده‌فه‌رموێ (له‌به‌رئه‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ (عه‌وام) له‌ هه‌ركه‌سێكی شارەزا فه‌توا داوا بكات له‌ زانایانی چوار مه‌زهه‌به‌كه‌و مه‌زهه‌بی ئه‌وانی تر[2]  ، بۆی هه‌یه‌ نه‌ك فه‌رزبێت له‌سه‌ری، موفتیش نابێ خۆی ته‌نها به‌ مه‌زهه‌بێكه‌وه‌ پابه‌ند بكات له‌ چوار مه‌زهه‌به‌كه‌ ئه‌مه‌ش كۆڕا (ئیجماع)ی ئوممه‌تی له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌كو كه‌زاناو شه‌رعناسیش نابێت ته‌نها به‌ فه‌رمووده‌ی زانایانی ناوچه‌كه‌ی خویه‌وه‌ پابه‌ند بێت به‌ڵکو له‌ هه‌ربوچونێك فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی ده‌ست كه‌وت ده‌بێ وه‌ری بگرێت[3]).

٤- شێخولئيسلام ئیبنوته‌یمیه‌ رحمه‌الله ده‌فه‌رموێ: (هه‌ر كه‌سێك كه‌سێكی تر به‌ مه‌زهه‌بێكی تایبه‌ته‌وه‌ پابه‌ندكات و فه‌رزی کات له‌سه‌ری ده‌بێ داوای تەوبه‌ی لێ بكرێت وپه‌شیمان ببێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر په‌شیمان نه‌بۆوه‌  ده‌كوژرێت، بەڵام ئه‌گه‌ر ووتبووی پێویسته‌ پابه‌ندبێت ئه‌وه‌ نه‌زان وگومڕایه[4]‌) .

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ جه‌ختی لێ بكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نها فه‌رمانی خواو پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ صلی اللە علیە وسلم كه‌ شوێن كه‌وتن و جێ به‌جێ كردنیان حه‌تمییه‌ و فەرزە ، بۆیه‌ هه‌ركه‌سێك ئه‌م ئاسته‌ بدات به‌ كه‌سێك هه‌ر چه‌ند زاناوشه‌رعناسی شاره‌زاش بێت ئه‌وه‌مانای وایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌رزكردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌دا یان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یدا صلی اللە علیە وسلم یه‌كسانی كردووه‌، ئه‌مه‌ش كوفره‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ:  (ثُمَّ الَّذِينَ كَفَرُواْ بِرَبِّهِم يَعْدِلُونَ)الانعام/1 واته‌: پاشان ئه‌و كه‌سانه‌ی كافرن و باوه‌ڕیان به‌ خوای گه‌وره‌ نییه‌ شه‌ریكی تری پێ یه‌كسان ده‌كه‌ن .

   هه‌روه‌ها هه‌ركه‌سێك شوێن كه‌وتنی ته‌نها ئیمامێكی به‌فه‌رز ناساند كه‌له‌ هه‌موو كاروبارێكدا رای ئه‌و وه‌رگیرێت كافر ده‌بێت پێی ، چونكه‌ فه‌رمایشتی خوای ره‌ت كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ ((فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ))النساء/59 واته‌ : هه‌ركاتێك ناكۆكیتان تێكه‌وت له‌ سه‌رشتێك بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خواو پێغه‌مبه‌رەکەی... نه‌یفه‌رمووه‌ بۆ كه‌سێكی تریش، به‌ڵكو ته‌نها بۆ قورئان وسوننه‌ت ..

شێخی ئه‌لبانی رحمه‌الله لە ئامۆژگارییەکیدا بۆ گه‌نجه‌كان ده‌فه‌رموێ (زه‌روورییه‌ ئاگاتان له‌ شتێك بێت كه‌ له‌ زۆرینه‌ی گه‌نجه‌ موسوڵمانه‌ رۆشنبیره‌كانیش شاراوه‌یه‌ چ جای غه‌یری ئه‌وان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ الحمدلله به‌هۆی ره‌نجی هه‌ندێ نوسین ونوسه‌ری ئیسلامیه‌وه‌ وه‌كو سید قوتب رحمه‌الله یان عه‌للامه‌ مه‌ودوودی و غه‌یری ئه‌وانیش ئه‌م گه‌نجانه‌ له‌وه‌ حاڵی بوون كه‌ یاساو ڕێسا داڕشتن مافی خوای گه‌وره‌یه‌ و كه‌س بۆی نییه‌ تێیداببێته‌ هاوبه‌ش نه‌كه‌س ونه‌ده‌زگا ، ئه‌مه‌ی كه‌ ئه‌وان ناویان لێ ناوه‌ (الحاكمیة لله تعالی) ئه‌مه‌ش راسته‌ و به‌ته‌واوی به‌یانی ئه‌و ده‌قانه‌یه‌ كه‌ پێشتر له ‌سه‌ره‌تای باسەکەمدا هێنامه‌وه‌، له‌قورئان وسووننه‌تدا- ده‌ڵێم له‌گه‌ڵ رۆشنی ئه‌م باسه‌ وتێگه‌یشتنی گه‌نجه‌كان لێ ی هه‌ندێكیان له‌وه ‌غافڵ بوون كه‌ئه‌م هاوبه‌شبوون وبه‌شدارێتی  یاسا ورێسادانان كه‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌بده‌ئی حاكمێتی خوای گه‌وره‌یه‌، جیاوازی نییه‌ له‌ كافره‌وە بێت یان له‌ موسوڵمانه‌وه‌، یه‌عنی ئه‌وه‌ی كه‌شوێنی كه‌وتوون موسوڵمانه‌و به‌هه‌ڵه‌ حوكمی ده‌ركردووه‌ كه‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌حكامی خوای گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ یان كافره‌ وخۆی كردووه‌ به‌ خاوه‌ن مافی یاساو رێسا داڕشتن، جیاوازی نییه‌ له‌وه‌دا ئایا زانا بووه‌ به‌و كاره‌ی یان نه‌زان.. هه‌ر كردارێكی وا (یاسا ورێسا داڕشتن پێچه‌وانه‌ی دینی خوا) دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌بده‌ ئیسلامێتیه‌دا (الحاكمیه‌ لله تعالی) دا هه‌یه‌ كه‌ الحمدلله گه‌نجه‌كان باوه‌ڕیان پێ ی هێناوه‌و گرتوویانه‌ته‌به‌ر   .[5]

شێخ عبدالرحمن بن حسن ئالی شێخ له‌كتێبی (فتح المجید شرح كتاب التوحید)ە ‌كه‌یدا به‌شێكی نووسیووه‌ به‌ناوی (باب من أطاع العلماء والأمراء في التحريم ما احل الله أو تحليل ماحرّم اللهُ فقد اتخذهم أرباباً من دون الله [6]) واته‌: هه‌ر كه‌سێك گوێڕایه‌ڵی زانایان وبه‌رپرسان بكات له‌وه‌دا كه‌ حەڵاڵێك كه‌ خوای گه‌وره‌ دیاری كردووه‌ ئه‌وان حه‌رامی بكه‌ن یان حەڵاڵکردنی شتێك كه‌ خوای گه‌وره‌ حەرامی كردووه‌، ئه‌وه‌ كردوونيان به‌خواو له‌جێ ی خوای گه‌وره‌ دایانناون ..

٥- ئه‌وی ته‌قلید ده‌كات پێ ی ده‌وترێت (موقه‌للید).. ده‌ڵێین هه‌ركاتێك موقه‌للید بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ حه‌ق پێچه‌وانه‌ی مه‌زهه‌به‌كه‌یه‌تی ده‌بێت به‌حه‌قه‌كه‌وه‌ پابه‌ندبێت نه‌ك له‌به‌ر خاتری مه‌زهه‌به‌كه‌ی حه‌ق (ته‌رك) كات خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ (إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَن يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ) النور/51 واته‌: هه‌ركاتێك كه‌موسوڵمانان كه ‌بۆلای خوای گه‌وره‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صلی اللە علیە وسلم بۆ داوه‌ریی بانگ ده‌كرێن، ده‌ستبه‌جێ ده‌ڵێن به‌ سه‌رچاو.. گوێمان لێبوو، گوێڕاڵی وملكه‌چین ئائه‌وانه‌ سه‌رفرازن.. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ (وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلالا مُّبِينًا)الاحزاب/36 واته‌: نه‌بۆ موسوڵمانێكی نێرینه‌و نه‌بۆ موسوڵمانێكی مێینه‌ جائیز نییه‌ ئه‌گه‌ر خواو پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم حوكمێكیان ده‌ركرد ئه‌وان خۆیان له‌ وه‌رگرتن وجێ به‌جێ كردنیدا سه‌رپشك كه‌ن! نا، هه‌ركه‌سێكیش سه‌رپێچی فه‌رمانی خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صلی اللە علیە وسلم بكات ئه‌وه‌ به‌ته‌ئكید له‌ گومڕاییه‌كی زۆر ئاشكرادایه‌ .

خوای په‌روه‌ردگار ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر موسوڵمانان فه‌رزكردووه‌ كه‌ گوێڕایه‌ڵی و ملكه‌چی بۆ فه‌رمانی خۆی و فه‌رمانی نێرراوه‌كه‌ی صلی اللە علیە وسلم ده‌رببڕن، له‌ هه‌موو شتێكدا.. ئه‌مه‌ش مه‌نزیله‌یه‌كه‌ دوای پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم بۆ هیچ كه‌سێكی تر نییه‌، دیدو هه‌ڵوێستی هه‌ر زانایه‌ك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و حه‌قه‌ سه‌لمێنراوه‌بێت كه‌ به‌ڵگه‌ی شه‌رعی له‌سه‌ره‌ ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ وكاری پێ ناكه‌ین وبه‌رهه‌ڵستیشی ده‌كه‌ین وخه‌ڵكیش هانده‌ده‌ین نه‌یكه‌ن، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ: (مَنْ أَحْدَثَ فِي أَمْرِنَا هَذَا مَا لَيْسَ مِنْهُ فَهُوَ رَدٌّ ) متفق عليە واته‌: هه‌ركه‌سێك شتێكی (بیدعه‌یه‌كی) له‌م دینه‌ماندا داهێنا، لێ ی وه‌رناگیرێت وره‌تكراوه‌و ره‌فزه‌.. ئیمامی شافیعی رحمه‌الله ده‌فه‌رموێ (موسوڵمانان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆن كه‌ هه‌ر موسوڵمانێك سوننه‌تێكی پێغه‌مبه‌ری خوای صلی اللە علیە وسلم بۆده‌ركه‌وت بۆی حەڵاڵ نییه‌ پشتگوێی خات (ته‌ركی کات) وبچێته‌ سه‌رقه‌ولی كه‌سێك [7]... ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستی پێشه‌وانی هه‌رچوار مه‌زهه‌به‌كه‌و غه‌یری ئه‌وانیشه‌ له‌ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت .

عه‌للامه‌ شه‌نقیطی له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا چه‌ند به‌شێكی جوانی ده‌رباره‌ی ته‌قلید باس كردووه‌، كه‌چ جۆرێكی جائیزه‌و چ جۆرێكی زه‌مكراوه‌ زۆر به‌سوده‌[8] .

مه‌به‌ست هۆشداریی ورێگرتنه‌ له‌ ده‌مارگیریی (ته‌عه‌سوب) ی مه‌زهه‌بێك یان كه‌سێكی زیندوویان مردوو.. موسوڵمان واجبه‌ له‌سه‌ری پابه‌ندبێت به‌ قورئان وسوننه‌ته‌وه‌ واته‌ به‌ به‌ڵگه‌ی شه‌رعییه‌وه‌.. ئه‌مما ده‌مارگیریی مه‌زهه‌ب و  زانایان به‌حه‌ق و به‌ناحه‌ق ئه‌وه‌ ره‌وشتی ئه‌هلی جاهیلییه‌ته‌ و زه‌مكراوه‌.. وه‌كو خوای گه‌وره‌ دەربارەیان دەفەرموێت  ( وَإِذَا قِيلَ لَهُمُ اتَّبِعُوا مَا أَنزَلَ اللَّهُ قَالُواْ بَلْ نَتَّبِعُ مَا أَلْفَيْنَا عَلَيْهِ آبَاءَنَا)البقرة/170 واته‌: ئه‌گه‌ر پێیان بووترێت وه‌رن شوێنی ئه‌وه ‌بكه‌ون كه‌ خوای گه‌وره‌ ناردوێتییه‌ خواره‌وه‌، ده‌ڵێن : نا ئێمه‌ شوێن ئه‌وه‌ ده‌كه‌وین كه‌باب وپابیرانی خۆمانمان له‌سه‌ری دیووه‌، واته‌ داب و نه‌ریتی كۆنی باب و باپیرانمان .

-شێخ محمد حامد نامیلكه‌یه‌کی هه‌یه‌ به‌ناوی (لزوم اتباع مذاهب الأئمة حسماً للفوضى الدينية) كه‌له‌وێدا[9] ته‌قلیدی موجته‌هیدێكی تایبه‌ت واجب ده‌كات گوایه‌ ئه‌و ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌تی كه‌ ده‌فه‌رمووێ (فَاسْأَلُواْ أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لاَ تَعْلَمُونَ)النحل/43 واته‌: ئه‌گه‌ر خۆتان نه‌زان بوون له‌ قورئانه‌وانان (خاوه‌ن زانستی شه‌رعی) بپرسن بەڵام ئه‌م ئایه‌ته‌ واجب بوونی ته‌قلیدی تێدانییه‌ نه‌زانایه‌کی دیاری كراو و نه‌ مه‌زهه‌بێكی دیاری كراو... شێخ حامد رحمه‌الله له ‌هه‌موو ئه‌و نامیلكه‌یەدا به‌ڵگه‌یه‌كی تری غه‌یری ئه‌م ئایه‌ته‌ی نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مەش نابێته‌ به‌ڵگه‌، كه‌وابوو به‌ڵگه‌ی نییه‌ له‌سه‌ر واجب كردنی ته‌قلید.. ئه‌وه‌ی ئیبنولقه‌یمیش ته‌واوه‌ كه‌ده‌فه‌رموێ (دە‌قێك له‌ قورئاندا یان له‌ سوننه‌تدا ته‌قلیدی مه‌زهه‌بێكی دیاری كراو فه‌رز دەكات.. كه‌وابوو پابه‌ندبوون به‌ مه‌زهه‌بێكه‌وه‌ فه‌رز نییه‌ ئه‌گه‌ر چی بۆ عه‌وام شیاوه‌ چونكه‌ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر واجب بوونی ته‌قلییدی مه‌زهه‌بێك نییه).

 

نوسينی: شێخ عبدالقادر عبدالعزیز

 



[1]  إبن القيم : اعلام الموقعين (4/262).

[2]  مەبەستم مەزهەبی سونییە ، نەك شيعە بۆ نمونە جگە لە حەنەفی و مالیکی و شافعی و حەنبەلی ئێمە زاهیریشمان هە یە یان شوێن کەوتووانی ئیمامە بەڕێزەکانی تری وەك عبداللە کوڕی موبارەك و مەکحول و ئەوزاعی و لەیسی کوڕی سعد و دەیانی تر .

[3]  إبن القيم : اعلام الموقعين (4/263).

[4]  إبن تيمية ": الإختيارات الفقهية . لاپەڕە 333

[5]  الباني : الحديث حجة بنفسە . لاپەڕە 96.

[6]  فتح المجيد / طبع أنصار السنة . لاپەڕە 383

[7]  الفلاني / ايقاظهم أولی الأبصار: لاپەڕە 58.

[8]  أضواء البيان (7/428) لە تەفسیری ئایەتی أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ سورەتی محمددا صلی اللە علیە وسلم .

[9]  لزوم اتباع مذاهب الأئمة / طبع المنار - اردن  لاپەڕە 42

4797 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.