هەڵبژاردەی نوسەران
ئیرادەی شەرعی و ئیرادەی کەونیی خوای گەورە لە عەقیدەی ئیسلامیدا
دلێر گەرمیانی


ئیرادەی شەرعی و  ئیرادەی کەونی خوای گەورە لە چەند خاڵێکدا:

١ـ خوای گەورە دوو جۆر ئیرادەی ھەیە:
یەکەم: ئیرادەی شەرعی. دووەم: ئیرادەی کەونی.

٢ـ نموونە بۆ ئیرادەی شەرعی: خوای گەورە ئیرادەی وایە کە نوێژی واجب کردووە.
واجبکردنی نوێژ لەسەرمان لەلایەن خواوە بە ئیرادەی شەرعی خوای گەورە بووە.
واتە: ئیرادەی خوای لەسەر بووە، لەھەمان کاتیشدا پەیوەستە بە یاسا و شەرع بۆ بەندەکان کە دەبێت ئەنجامی بدەن.
نموونە بۆ ئیرادەی کەونی: ڕوودانی بومەلەرزە.
ڕوودانی بومەلەرزە یان ھەر دیاردەیەکی تری کەونی کە ڕوودەدات، ئیرادەی کەونی خوای گەورەی لەسەرە نەک ئیرادەی شەرعی.
واتە: پەیوەست نییە بە یاسا و ڕێسا بۆ بەندەکان، بەڵکو دیاردەیەکی کەونییە و خوای گەورە دەیھێنێتە بوون.

٣ـ ھەموو ئیرادەیەکی شەرعی، خوای گەورە لێی ڕازییە و خۆشی دەوێت.
بەڵام مەرج نییە ھەموو ئیرادەیەکی کەونی خۆش بوێت.
بۆ نموونە: خوای گەورە لە: (نوێژ، ڕۆژوو، زەکات، حەج، سەدەقە، سیلەی ڕەحم، زیکری خوا، یارمەتی خەڵک...) خوای گەورە لەھەموو ئەمانە ڕازییە و خۆشی دەوێن، چونکە ئیرادەی شەرعی خوای گەورەیان لەسەرە.
بەڵام لە: (بوونی کوفر و ئیمان، بومەلەرزە، نەخۆشی، قات و قڕی و برسیەتی..) خوای گەورە ئەمانەی خۆش ناوێت، با ئیرادەیشی لەسەریان ھەبێت.

٤ـ مەشیئەت: مەشیئەت وەکو ئیرادە نییە دووجۆری ھەبێت، بەڵکو تەنھا یەک جۆری ھەیە، ئەویش مەشیئەتی کەونییە.
ئەشێت بڵێین مەشیئەتی کەونی ھەمان ئیرادەی کەونییە، کە باسمان کرد.

شەرحی مەتنی تەحاوی
م. دلێر گەرمیانی

 

291 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/9/2024 7:03:31 PM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.