پێشه‌وایانمان

سەیید قوتب کێیە؟

سەید قوتب (١٩٠٦- ١٩٦٦ ز)
ن: مامۆستا کرێکار


   سەیید قوتب ئیبراھیم، لە (٩/١٠/١٩٠٦ز) لە گوندی مووشەی سەر بە شاری ئەسیوتی میسر لە ‌دایک بووە. نۆبەرە (کوڕی یەکەم)ی دایکی بووە، بۆیە بایەخێکی زۆریان پێ داوە. باوکی موختاری گوندەکە بووە ‌و وەکوو ئەندامی حیزبێکی سیاسییش چاوکراوە بووە، دایکیشی ھەمیشە ھیوا و ئومێدێکی گەورەی لە دڵ و دەرووندا ڕواندووە کە (حەتمەن دەبێت ناوی خانەوادەکەمان ھەر بە گەورەیی ڕاگریت و خۆت بچووک نەکەیتەوە بۆ شتی منداڵانە)، سەییدی رەحمەتی خۆی لە ساڵی (١٩٤٠ز)دا ئاماژە بەم ھیواپێبوونە دەکاتەوە.

      لەگەڵ ھەست بە پاکی و ڕاستگۆیی و جوامێریی لادێ؛ زیت و وریایی و چاوکراوەیی سیاسەتیش کەسێتیی (پیاوانە)ی سەییدیان دادەڕشت، کە لە (دارالعلوم) دەیخوێند، مەقالەشی بۆ گۆڤارەکان دەنووسی، وا زوو، وا بەھێز و  وا بە جورئەتەوە شتی دەنووسی، تا بووە جێسەرنج و شانازیی ھەموو ئەوانەی دەیانناسی! مەھدی عەللامی، مامۆستای بەناوبانگی (دارالعلوم) لە زەمانی قوتابێتییەکەی سەیید قوتبدا دەیوت: "گەر لە دنیادا غەیری سەیید قوتابیم نەبووبێت، ئەو بەسمە، ئەو جێی خۆشحاڵی و شانازیمە."

     لە (٣/١١/١٩٤٨ز)دا بۆ دوورخستنەوەی لە ساحەی میسر، حکومەت بە بەھانەی خوێندن ناردی بۆ ئەمریکا، سەیید لەوێ بوو کە لە شوباتی (١٩٤٩ز)دا ئیمام بەننا شەھید کرا.

   ساڵی (١٩٥٠ز) بووە بە ئیخوان و لە (١٩٥٢ز)دا بوو بە ئەندامی شورا (مەکتەبی ئیرشاد) و بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن. ھەر لە ئیخواندا مایەوە تا ساڵانی دوایی تەمەنی، کە ئیتر لەگەڵ عەبدولفەتاح ئیسماعیل و محەمەد یووسف ھو‌واش و عەبدولمەجید شازلیدا وازیان لە ئیخوان ھێنا و خۆیان تەنزیمێکی تری سەربەخۆیانیان دروست کرد.

   سەیید لە (٢٩/٨/١٩٦٦ز)دا بە فەرمانی جەمال عەبدونناسری سەرۆکی میسر و لە ‌سەر داوای خرۆشۆفی سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت ئیعدام کرا.

   بەھێزترین سیفەتی سەیید قوتب ڕاستگۆیی و ئازایەتی و جوامێری و دەستپاکی و سەخاوەت و بێھەوا و فیزیی بوو. سیفەتی تری فەرماندەییشی تێگەیشتنی ململانێ و گەشبینی و نەفەسدرێژی بوو. شەھیدی جیھاد (د. عەبدوڵا عەززام)ی ڕەحمەتی لە وتارێکی ھەیینیدا لە پیشاوەر فەرمووی: "لە عەقیدەدا کەوتوومەتە ژێر کاریگەریی ئیبن تەیمییەوە، لە پەروەردە ‌و پابەندیدا کەوتوومەتە ژێر کاریگەریی ئیبن قەییمەوە، لە فقھیشدا ئیمامی نەوەوی زۆرتر کاری تێ کردووم، لە بزاڤ و کاری ئیسلامیشدا قوتابیی سەیید قوتبم، چونکە لە ھەموو کەس زیاتر کارتێکردنی لە سەرم ھەبوو، بە تایبەتی لەو ماوەیەدا کە من لە ئەزھەر دەمخوێند و لە نزیکەوە مولازەمەی مامۆستا سەییدم دەکرد."

      د. عەبدوڵا عەززام لە کتێبی (عملاق الفکر الاسلامی: الشھید سید قطب)دا دەربارەی گەڕانەوەی سەیید بۆ بزاڤی ئیسلامی دەفەرموێ: "دوو ڕووداو کارتێکردنی زۆر لە سەر سەیید قوتب ھەبوو، کە کاریگەر بوون لەسەر ئاڕاستەی و رێبازی ژیانیان گۆڕی:

- یەکەم: لەو کاتەی سەیید لە ئەمریکا بوو، دەڵێ: لەو سەردەمەدا ھەموو ووڵاتانی رۆژئاوا  ھەوڵیان دەدا جێپێیەک بۆ خۆیان لە ووڵاتانی رۆژھەڵاتدا مسۆگەر کەن، میسریش لە پێش ھەموانەوە، ئێمەش کە شەش قوتابیی میسری بووین، وەزارەتی مەعاریف ناردبووینی بۆ ئەمریکا، زۆر کەس پەیوەندییان پێوە دەکردین و ھەواڵی وڵاتیان لێ دەپرسیین، جارێک سەفیری بەریتانیا لە ئەمریکا دەعوەتی کردین بۆ ماڵەکەی خۆی، ئێمەش چووین، لەوێ لای ئەو کتێبی ( العدالة الاجتماعية في الاسلام )ە کەی خۆمم بینی -کە تازە چاپ کرابوو- وا لە لایەتی! یەک نوسخەی گەیشتبووە خۆم، کەچی دەبینم وا نوسخەی لای کاکەی سەفیرە! سەفیری بەریتانیا لە ئەمریکا! سەرم سووڕما -وا دیار بوو ئەویش زوو ھەستی بە سەرسووڕمانەکەی من کرد-، بۆیە تا وام حاڵی بکات کە زیاتر جێبایەخی ئەوم، وتی: ئەمەش کتێبەکەی دواییتە ‌و نوسخەیەکم بۆ ھاتووە و منیش وا خەریکی وەرگێڕانیم بۆ ئینگلیزی !

   لەویش سەیرتر ئەوە بوو کە کوڕەکانی سەفیر ناویان محەمەد و ئەحمەد و عەلی بوون!

- دووەم: ھەر لەو سەفەرەیدا، جارێک لە (٣١/٢/١٩٤٩ز)دا لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا کەوتبوو، رۆژێک دیتی ھەموو قاوشەکان ڕازێنراونەتەوە ‌و گڵۆپی زۆرتر ھەڵکراوە و دەیان ھێما و نیشانەی ئاھەنگ و خۆشی ھەڵواسراوە. سەیید دەفەرموێ: "پرسیم: 'دەڵێی ئەمڕۆ ئاھەنگێک ھەیە؟' ئافرەتێکی برینپێچ وەڵامی دامەوە: 'بەڵێ بەڵێ، کەڵە پیاوەکەی رۆژھەڵات کوژرا، دوژمنەکەی رۆژئاوا!' سەیید دەڵێ: 'وتم ئاخۆ کێ بێت؟!' گومانم ھەر بەرە ‌و ھیندستان و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئاسیا چوو، کەچی دوایی رۆژنامەیەکیان دامێ، کە سەیر دەکەم کەڵە پیاوە کوژراوەکە ئیمام بەننای میسری ڕابەری ئیخوان موسلیمینە! سەیید دەڵێ لە دڵی خۆمدا وتم: '(ئا ئێستا حەق دەرکەوت)'، ئیتر زانیم کە تەنھا ئەم کۆمەڵە ھەن لەسەر حەق و ھەقخواز بن، منیش ئیتر ھیچ عوزرێکم لای خوا نەما شوێنیان نەکەوم و نەبمە ئەندامیان، ئەمەتا، ئەمە ئەمریکایە کە سەما لە ‌سەر کاسەی سەری ئیمام بەننا دەکات و ئەوەش بەریتانیایە کە ھەرچی توانا و وزەی ھەیە دژی ئیخوان خستوێتییە کار! سەیید دەڵێ: 'ھەر لە ماڵی کابرای سەفیری بەریتانی بووین کە بڕیارمدا ببمە ئەندامی ئیخوان.'"

   ئیتر لەوەو دوا سەییدی ڕەحمەتی وازی لە خوێندنەکەی ھێنا و گەڕایەوە میسر و چووە ریزی ئیخوانەوە. لە وێشدا بێگومان دیدی بەرفراوانتر بوو، بەڵام وا دیارە لە ساڵانی میحنەتی ئیخواندا زۆر کەس خاڵە نەگۆڕەکانی دید و کاری ئیسلامی دەگۆڕی! بەڵام سەییدی ڕەحمەتی تا دەھات بەرچاویوونتر دەبوو، بۆیە گەورەترین و گرنگرترین تیۆری فیکریی بزاڤی ئیسلامیی دەربارەی گرنگیی عەقیدە ‌و کۆبوونەوە لە سەر (عەقیدە) ‌و (بزاڤ بە عەقیدە)ی نووسی و بێمونافیس بووە مامۆستای نەوەی نوێی ئیسلامییان.

- شێخ حەموود بن عەقلائـ (رحمە اللە)‌ لە گەورە زانایانی سعودیە بوو، دەربارەی سەیید قوتب دەفەرموێ: "سەیید (رحمە اللە)‌ کەڵەپیاوی مەنھەجی و ھەڵوێستی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکارانە، یەکێکە لە پیاوە کەموێنەکانی بانگەوازی خواپەرستی و خوابەیەکناسی، بە ڕۆحی خۆی سرەوتی لە دوژمنانی خوا جەمال عەبدونناسر و ئەمسالی ئەو بڕی، بۆیە کەس وەکوو ئەوان بە ئیعدامکردنی دڵخۆش نەبوو، ئەو کلکانە وایان دەزانی بە کوشتنی سەیید بانگەوازەکەی دەفەوتێت! نەیانزانی ئەو خوێنەی مەنھەجەکەی ئەوی ئاو دا، گوڕوتینی بە ھەموو وشەکانی دا، سەییدی زیاتر بردە پێش و کتێبەکانی ئەوی زیاتر بڵاو کردەوە، چونکە ڕاستگۆیانە نووسیبوونی، بۆیە دەبینیت سەر لە نوێ کەوتوونەتەوە تیرپێوەنانی! ئێستا کە سەیید قوتب سەر لە نوێ کراوەتەوە ئامانج؛ خۆ بێگومان لە بەر شەخسی خۆی نییە، شەخسی خۆی ڕۆیشت و نەما، بەڵکوو بە ھۆی مەنھەجەکەیەوەیە، دەربارەی ڕەخنەلێگرتنیشی، سەیید لە نێو زانایاندا یەکەم کەس نییە ھەڵەی لێوە دەرکەوتبێت، بەڵام تیر و توانج و لاوازکردنەکەی ھەر لەبەر ھەڵوێستی دژایەتیکردنەکەی زوڵم و کوفر بووە."

- شێخ بن جەبرینیش -کە ھەر لە گەورە زانایانی سعوودیەیە-‌ دەربارەی سەیید قوتب دەفەرموێ: سەیید قوتب و حەسەن بەننا لە زانایانی ئیسلامن، ئەھلی بانگەوازی خوان، خوای گەورە بەوان خراپەی زۆری ڕا دا و خەڵکێکی زۆری پێ ھیدایەت دان، ڕەنجی ئەوان نکووڵیی ناکرێت، بۆیە شێخ بن بازی ڕەحمەتی لای جەمال عەبدونناسر تکای بۆ کرد تا ئیعدامی نەکات، بەڵام ئەو -خوا سزای بەوە بداتەوە کە شایانێتی- ھەر ئیعدامی کرد، چونکە ئەو دوو پیاوە لە ‌سەر مەنھەجی ئیسلام کوژراون خەڵکێکی زۆر شایەتی شەھیدبوونی بۆ داون، چونکە بە مەزڵوومی کوژران (رحمھما اللە). ئەوە ماوەی بیست ساڵیشە خەڵکی کتێبەکانیان دەخوێنن، ئەو ڕەخنانەش کە لەم دوای دواییانەدا لە ھەڵەکانیان دەگیرێت، خۆ ناگاتە سنووری کوفر، ھەر وەکوو ئەو ڕەخنانە وان کە لە نەوەوی و سیووتی و ئیبن جەوزی و ئیبن عەتییە و خەتتابی و قەستەلانی و ئەوانی تر گیراون. ئەو ڕەخنانەشم خوێندۆتەوە کە شێخ (ڕەبیع مەدخەلی) لە سەییدی گرتوون، وا ئەزانم ھەر ناونیشانی گەورەی بۆ داناون!، ئەگینا ڕەخنەکان وا نین، ڕەددەکەی شێخ بەکر ئەبوزەیدیش کە لە مەدخەلیی گرتووە بە جێن."

- شێخی دەوسەرییش لە یەکێک لە موحازەرەکانیدا دوای ئەوەی قسەیەکی سەییدی ھێنابۆوە، گەنجێک لێی ڕاست بوو بۆوە ‌و ڕەخنەی لێ گرتبوو، کە بۆ چی قەولی سەییدی بە شاھید ھێناوەتەوە! دواتر بە دۆسەریی وتووە خۆ سەیید قوتب ڕیشی نەبووە! دۆسەری لە وەڵامێکی کەلـلەتەزێندا وتوویەتی: ئەگەر سەیید قوتب موو بە ڕیشیەوە نەبووە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە خاوەن ھەست و غیرەتێکی باش بوو، خاوەن باوەڕ و یەقینێکی قایم بوو، خاوەن عیززەتی نەفس و ڕێز بوو، غیرەتی بۆ موسوڵمانان دەجووڵا، ڕۆحیشی قوربانی دینەکەی کرد و لە پێناوی خوادا و بۆ وەدەستھێنانی ڕەزامەندیی ئەو شەھید بوو. خاوەنی ئەو قەولە بەناوبانگە بڵاوەیە کە کاتێک داوایان لێ کرد کە لەوەی کردوویەتی پەشیمان بێتەوە و داوای لێبووردن لە دەسەڵاتداران بکات، فەرموویەتی: بۆ چی داوای بەزەیی بکەم؟! ئەگەر لە ‌سەر حەق گیراوم حوکمی حەقم پێ خۆشە و پێی ڕازیم، ئەگەر بە ناحەقیش گیراوم، من لەوە گەورەترم داوای لێبوردن و بەزەیی لە باتڵ بکەم، ئەو پەنجەیەی لە نوێژدا بۆ شاھێدیدان بەرزم کردۆتەوە؛‌ ڕەفزی ئەوە دەکات وشەیەک بنووسێت ئیقراری حوکمی تاغووتی تێدا بێت، پاشان شێخی دۆسەری بە کابرا دەڵێت: "ھژا ھو سید قگب، فڕین ڕێحاب الشعر بلا شعور من مواقف الرجال؟ واتە: ئا ئەوە سەیید قوتبە، ئیدی کوا ئەوانەی موویان ھەیە و ڕوویان نییە، ھەڵویستی ئەوانە چۆن بە ھەڵویستی پیاوان بەراورد دەکرێت؟"

سەرچاوە: وانە سەرەتاییەکانی پەروەردەی دەروون

نووسینی: لیژنەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی

پێداچوونەوە و نووسینی پاشکۆی ژیاننامەکان: مامۆستا کرێکار

1814 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
08/02/2023
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.