دامەزرێنەر

بسم اللەالرحمن الرحیم
ژیاننامه‌ی مامۆستا كرێكار


هەموو ئەو کەسانەی ناوێکی دیارو کەسایەتییەکی پرشنگداریان دەبێت و ئاراستەی خەڵكی دەکەن ، دۆست و ناحەزانیان حەز دەکەن زیاتر بیان ناسن و شارەزای ژیاننامەیان بن، جەنابی مامۆستا کرێکاریش بەدەر لەوەی زانایەکی ئیسلامییە، کەسایەتیەکی سیاسییە و خەڵكێكی زۆر چ لە کوردستان وەیان دەرەوە ناو ناوبانگیان بیستووە و حەز بە ژیاننامەی دەکەن ،لەبەر ئەوەی دامەزرێنەر و مامۆستای زانکۆکەمانە، پێمان خۆش بوو لێرەدا بە کورتی باس لە ژیاننامەکەی بکەین تا خەڵكی بە گشتی ئاشنا بن بە ژیاننامەی مامۆستای خۆشەویستمان.

ناو نازناوی

مامۆستا كرێكار : ناوی تەواوەتی  نجم الدین فه‌ره‌ج ئه‌حمه‌ده‌ ، لە راگەیاندنە جیهانییەکاندا ناسراوە بە مەلا کرێکار ، پێشگری مەلا بە واتای هەڵگری زانست و پەروەردەو رۆشنبیری ئیسلامەتییە کە ئەمەش مایەی گەورەی و رێزو پلە بەرزییە لە ناو کۆمەڵگەی ئیسلامەتیدا بەگشتی.

وەكو شاعيريش هەڵگری نازناوی کرێکار بووە ، کە لەئێستادا زیاتر وەك مامۆستا کرێکار ناسراوە و بانگ دەکرێت لەلایەن دۆستان و خۆشەویستانی.

هەروەها نازناوی ئەبو سەید قوطب( فاتح کرێکار) ی پێبەخشراوە لەلایەن هاوڕێ و دۆستانی لە ووڵاتی پاکستان.

لە دايك بوون و گەشەو خوێندنی:

مامۆستا کرێکار له ساڵی‌ ١٩٥٦ له خێزانێکی هەژار لە‌ شاری سلێمانی له ‌دایكبووه‌ ، باوک و دایکی بەڕێزی کۆچی دواییان کردووەو ، شەش براو چوار خوشکی هەیە.

لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی بە خوێندن کردووەو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە.

لەساڵی١٩٧١ چۆتە ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ، بەڵام زۆری نەخایاندووەو لەگەڵ تێکەڵ بوونی بە ئەهلی مزگەوت ، ئاشنا بووە بە ئەندامان و لایەنگرانی ئیخوان المسلمين و بەهۆی رەوشت بەرزی و پابەندبوونی دیندارانەیان و یادکردنەوەی بۆنە ئاینییەکان و کۆڕو مەجلیسی مزگەوتیان هۆگریان بووەو بۆ یەکەمجار لە خزمەتی مامۆستا حەسەن پێنجوێنی لە مزگەوتی ئەبوبەکری سدديق لە شاری سلێمانی زانستە شەرعییەکانی خوێندووەو پاشان بۆتە ئەندامی رێکخراوی ئیخوان المسلمين. خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مامۆستا حەسەن پێنجوێنی دەبێت ، هەر وەك خۆی دەگێڕێتەوە  و دەفەرموێت" مامۆستا حەسەن پێنجوێنی ئيمامی مزگەوت ، بووە ئيمامی ژيانم، لە خۆم و باوك و دايكمم زياتر خۆش دەويست" بۆیە مزگەوتی ئەبوبەکری سدديق دەبێتە یەکەم قوتابخانەی ئیسلامەتی و بانگەوازو هەروەها کاری کۆمەڵکارانەی برایان.

پاش ئاوارە بوون ،بەهۆی ستەم و دەستدرێژی حکومەتی بەعس  لە ساڵی ١٩٧٤بووە بە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان  و بەردەوام بووە تا نسکۆی ساڵی ١٩٧٥.

لە پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و لەبارچوونی شۆڕشی ئەیلول جەنابی مامۆستاش دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاش ماوەیەك ڕودەکاتە شاری هەولێر و لە تەمەنی ١٩ ساڵيدا وەك فەرمانبەر له‌ ئه‌مانه‌تی گشتی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی دادەمەزرێت و هاوکات درێژە بەخوێندنی شەوانە دەدات، قۆناغی دواناوەندی بە سەرکەوتووی و نمرەیەكی باش تەواو دەکات.

لە شاری هەولێر بایەخێکی زۆر بە دیراسەکردن و خوێندنەوە دەدات و  بینای فیکری خۆی دروست دەکات ئەمەش لە پاش ناسینی کەسانێکی دیندارو بۆ خوا سوڵحاو کەئاراستەی دەکەن ، جگە لەوەش بایەخ زۆر بە خوێندنەوە دەدات و بەردەوام کتێب هاوڕێی دەبێت.

لەساڵی ١٩٧٨ دەگەڕێتەوە  شاری سلێمانی و لەزانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت لە بەشی ئاداب زمانی عەرەبی و بە پلەیەكی باش زانکۆ تەواو دەکات و پلەی دووەم بەدەست دێنێت لەسەر ئاستی کۆلێژ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و شه‌شه‌م دەبێت له‌سه‌ر ئاستی به‌شه‌کانی تری کۆلێژ که‌ زانسته‌کانی زمان و کۆمه‌ڵناسی له ‌خۆگرتووە، یه‌کێك دەبێت له‌ ده‌ یه‌که‌مه‌کانی زانکۆ که‌ یاسای ڕژێمی عێراقی ڕێگه‌ی خوێندنی باڵای پێده‌دان به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگیریان بۆ حیزبی به‌عس هه‌بێت! چونکه‌ له‌ یاسای به‌عسیه‌کانی عێراقدا کۆلێژه‌کانی زانست و فێرکردن هه‌روه‌کو کۆلێژی سه‌ربازی و پۆلیس وابوون ته‌نها بۆ قوتابیانی به‌عسی بوون جگه‌ له‌ ده‌ یه‌که‌مه‌کان! بۆیە پاش تەواوکردنی زانکۆ داوای خوێندنی باڵا دەکات و گرانترین بەشی زمانی عەرەبی هەڵدەبژێرێت کە (بەلاغەی زمانی عەرەبییە) ، بۆیە وەك پاڵێوراوێك بۆ ئەو بەشە رۆژی چاوپێکەوتنی بۆ دیاری دەکرێت ، بەڵام لەکاتی چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت ئەگەر بەعسی نەبێت ، چۆن دەبێتە ئاراستەوان و مامۆستای نەوەی نوێ ، جەنابی مامۆستا لەوەڵامدا دەڵێت: کارم بەسیاسەتەوە نییە ، بەڵام کاتێك پرسیاری ئەنجامەکەی دەکات ، دەڵێن : هەر کات لەو بەشە قبوڵکرایت ئاگادارت ئەکەینەوە، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندی بکە بە یەکەی سەربازییەوە، کە ئەوەش جۆرێك بووە لە ئیزن دان بەوەی وەرناگیرێت چونکە بەعسی بوونەکەی قبوڵنەکردووە!.

پاشان بەغداد جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و بۆ ئەوەی بە سەرباز نەگیرێت خۆی حەشار دەدات، تا لە ٢٠/٨/١٩٨٢ بڕياردەدات کوردستان جێبهێڵێت و هیجرەت بکات، بۆیە بە هاوڕێیەتی جەنابی مامۆستا عەلی باپیر بەنهێنی و قاچاغە رێ لە رێگەی شاخ و سەختاییەوە ڕوو دەکاتە ووڵاتی ئێران و سەرەتا دەچێتە شاری تاران ، بە گەیشتنی هەوڵی ئەوە دەدات کە دەست بە خوێندن بکات لە زانکۆی تاران بەشی کۆمەڵناسی، بەڵام پرۆسەی خوێندنەکە سەر ناگرێت .

لە نێوان ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٤ لە ووڵاتی ئێران نیشتە جێ دەبێت و لە ئۆردوگایەکی سەر بە شاری کەرەج دەبێتە ئیمام و خەتیب و جگە لەوەی بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات، هاوکات لە لای زۆرێك لە زانایانی رۆژهەڵات زانستە شەرعییەکان دەخوێنێت .  هەروەها لەگەڵ مامۆستا صلاحدين بەهادین و چەند چالاکوانێکی ئیخوان بەشداربووە لە دروستکردنی رێکخراوێکی جیهادیی بە ناوی کۆمەڵی پشتیوانان، هەرچەند ئێرانییەکان وەعدی پشتگیری و هاوکارییان پێداون ، بەڵام سەرئەنجام  لەوەی کە دڵنیا بوون دەستەمۆ نابن بۆیان، نەك هاوکاری بگرە کەوتونەتە دژایەتیان و زۆرێك لە ئەندامانی ئیخوانیان دەستگیرکردووە. هەروەها کەوتونەتە لێپێچينەوە لەگەڵ جەنابی مامۆستا کرێکار بۆیە بڕياری راکردن و گەڕانەوەی داوە پێش ئەوەی بڕياری دادگا دەربچێت لە دژی. بۆیە لە لایەن برایانی ئیخوان  ئامۆژگاری کراوە بەوەی هیجرەت بکات بەرەو ووڵاتی پاکستان،یاخود تورکیاو لەوێشەوە بۆ ووڵاتێکی عەرەبی بە مەبەستی خوێندنی باڵا، ئەویش داواکەیانی قبوڵکردووە، بەڵام بە باشی زانیوە پێش ئەوەی زیاتر دوربکەوێتەوە لە کوردستان، ژیانی هاوسەری پێك بهێنێت بۆیە بە قاچاخە رێ گەڕاوەتەوە کوردستانی باشور بەمەستی پێکهێنانی ژیانی هاوسەری .

هاوسەرگیری:

پاش ئەوەی لە مانگی ٨/ی ساڵی ١٩٨٤ دەگەڕێتەوە  شاری سلێمانی، لە ٢٢/٧/١٩٨٤ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتو  روخۆش ئەحمەد پێک دەهێنێت کە پێشتر یەکیان ناسیوەو جەنابی مامۆستا هۆکار بووە بۆ ئەوەی لە ریزی کۆمۆنیستەکان دوری بخاتەوە ببێتە مایەی هیدایەت دانی. خوای گەورە چوار منداڵی پێبەخشيون بە ناوەکانی (معالم و سەید قطب و ظلال و ئیبن تەیمییە) .



رۆيشتن و نیشتەجێبوون لە پاکستان:

پاش ئەوەی لەگەڵ خاتو روخۆش ژیانی هاوسەری پێك دێنن ، بە رێگەی قاچاخە رێ دەگەڕێنەوە ووڵاتی ئێران و پاش ١٣ رۆژ لەوێوە بە نهێنی و قاچاخە رێ ڕو دەکەنە ووڵاتی پاکستان، لەگەڵ گەیشتنیان، لە سنوری پاکستان دەستگیر دەکرێن و جەنابی مامۆستا ماوەی ١٠٠ رۆژ زیندانی دەکرێت. لەبەر ئەوەی زیندانیش بۆ ئافرەت نییە خێزانی تەسلیم بە ماڵی شێخ عبدالخالق زامرانی دەکرێت کە زانایەکی دیاری ناوچەی بەلوجستانەو ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامی پاکستان بووە.

لە دوای سەد رۆژ زیندانی بە هەوڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکراوە ئیسلامییەکان ، لە ناویشياندا کەسایەتی دیارو ناسراو شەهید عبداللە عزام بەرەحمەت بێت ئازاد دەکرێت.

لە مانگی ٢ی ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ خێزانی لە شاری کراتشی پاکستان نیشتە جێ ئەبن و درێژە بە ژیانی ئاوارەی و غوربەت دەدەن. بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات و هەروەها بڕوانامەی ماستەر لە زانستی فەرمودەدا وەردەگرێت و وەك مامۆستا لە زانکۆی ئەبوبەکر کە لقێکە لە زانکۆی مەدینەی مننەوەرە  وانە دەڵێتەوە و هەروەها بەردەوام دەبێت لە کاری رێکخراوەی ئیخوان . تا ساڵی ١٩٨٨ و کارەساتی هەڵەبجە، کە تەواو گۆڕانکاری دێنێت بە سەر ژیانیداو واز لەهەموو کارەکانی دێنێت، لە کاتێكدا خوێندکاری دکتۆرایە، دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە کاری فریاگوزاری لێقه‌وماوان له‌ خێوه‌تگاکانی ئێران که‌ ١٧٥٠٠٠ په‌نابه‌ربوون و له‌ تورکیا ١٠٠٠٠٠ زیاتر بوون !!

لە نێوان ئاوەریی ئێران و پاکستان چەند کتێبێکی بەسود دەنوسێت و وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی کە دیارترینیان (معالم في الطريق)ی سەید قطبە بەرەحمەت بێت و هەروەها یەکەم دیوانە شيعرییەتی بە ناوی ( ژانی مان ).

جەنابی مامۆستا لەگەڵ ئەوەی لە ریزەکانی ئیخوان کاری دەکرد، وەك فيکرو مەنهەج پێوەیان پابەند بوو بەڵام لە ڕوی عەقائیدییەوە هەر لە ساڵانی خوێندنی جامیعەوە، عەقیدەیەکی سەلەفیانەی تۆکمەی هەبوو ، بەهۆی ئەوەی ئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ هەندێك برای عەرەبی بەغدادی و موسڵاوی پەیداکردبوو، کە چەندین کتێبی زانایانی سەلەفییان بۆ هێنا بوو  وەك کتێبەکانی ئیحسان ئیلاهی زەهیر بەرەحمەت بێت کە ديدێکی فراوانی پێ بەخشيبوو لە بارەی ناسینی شيعەو تەشەيووع ، پاشان چەندین کتێبی بەسود لە بارەی عەقیدەو سوننەت و وەلاء و بەراء و بیدعەوە ، کە هەر ئەو سەردەمە ئەو باسەکانی تەوحيدی وەك ئەسماء سیفات و ناسینی پەروەردگارێتی و حاکمیەتی بۆ خوێندکارەکانی ڕون دەکردەوە، کە زۆرێك لە ئیخوانەکان پێیان دەوت : ( ئەم زانيارييە زانينی قازانج ناگەیەنێت و نەزانينی زيان ناگەیەنێت!!)

لە ساڵی ١٩٨٨پاش کیمیا بارانکردنی هەڵەبجە، ريزەکانی ئیخوان جێدەهێڵێت و پەیوەندی دەکات بە بزوتنەوەی ئیسلامی لە ژێر رابەرایەتی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدول عەزیز بەرەحمەت بێت.

لە ساڵی ١٩٨٩ بۆتە ئەندامی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی.

لەساڵی ١٩٩٤ خەتی ئیصلاح دادەمەزرێنێت، کە ئامانج لێی پەروەردەکرن و پاراستنی گەنجانی ناو بزوتنەوەی ئیسلامی بووە لەوەی نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو کەسانەی ئێران، وەیان لایەنە دەرەکییەکان ئاراستەیان دەکردن.

پاش ئەوەی مامۆستا عەلی پایرو باڵی نەهزەکان لە ٣٠/٥/٢٠٠١ جیابوونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی،و هەروەها  هێزی دووی سۆران لە ١/٩/٢٠٠١ بەیانی خۆیان کرد وەك جند الئیسلام و بزوتنەوە ی یەکبون بویەوە بە بزوتنەوەی ئیسلامی، لە ١٠/١٢/٢٠٠١ باڵی ئیصلاحی مامۆستا کرێکارو جندالئیسلام یەکیان گرت و پشتیوانانی ئیسلام(ئەنصار الئیسلام) یان دروستکرد .

کێشەی مامۆستا لەنەرویج و سەرەتای هاتنی [1]

مامۆستا كرێكار كه‌ له‌ ١٩٨٨دا وه‌كو كوردێكی چه‌وساوه‌و هەڵاتووی بێ په‌نا مقابه‌له‌ی له‌گه‌ڵ ده‌زگای قبووڵ كردنی په‌نابه‌ریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئیسلام ئابادی پاكستان كردو وه‌كو كورده‌كانی دیكه‌ مه‌له‌فی پێناسه‌ی رێكخرا ، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مه‌له‌فه‌كه‌ی نارده‌ چه‌ند ووڵاتێك كه‌ په‌نابه‌رێتی هه‌ندێك كورد قبووڵ بكه‌ن له‌وانه‌ نه‌رویج بوو كه‌ مه‌له‌فی مامۆستا كرێكاری دیراسه‌ كردو مافی په‌نابه‌رێتی دایه‌ مامۆستا كرێكارو سێ منداڵه‌كه‌ی.

بۆیه‌ له‌ ٣٠/١١/١٩٩١ دا رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌یاندنیه‌ نه‌رویج و له‌و كاته‌وه‌ له‌وێ جێگیر بوون ..

له‌ شوباتی ١٩٩٨ دا رێكخراوی ( INDICT ) كه‌ به‌ریتانیه‌ بەڵام عایدی موخابه‌راتی سی ئای ئه‌ی ئه‌مریكاییه‌و كابرایه‌ك به‌ ناوی چارڵس فۆرس سه‌رپه‌رشتێتی و ئاڵقه‌ی په‌یوه‌ندیشیان به‌ كورده‌كانه‌وه‌ هەیە بەتایبەت لەگەڵ عبدالله‌تیف ره‌شیدی ئاوه‌ڵزاوای تاڵه‌بانی كه ئه‌و كاته‌ به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخراوه‌كانی یه‌كێتی بوو له‌ به‌ریتانیا ئه‌مانه‌ له‌ مانگی ١٠/٢٠٠١ دا هاتبوونه‌ نه‌رویج و راپۆرتێكیان ده‌رباره‌ی مامۆستا كرێكارو چالاكیه‌كانی دابووه‌ موخابه‌راتی نه‌رویجی !!

جەنابی مامۆستا لە ٦/٩/٢٠٠٢ دەگەڕێتەوە ووڵاتی ئێران بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ئەنصار بەڵام ئێرانییەکان دەستگیری دەکەن و دەیڕفێنن ، پاش دەستبەسەرکردن و داواکارییان لێی بەوەی کاریان لەگەڵ بکات،  جەنابی مامۆستا رەفزی دەکات، بۆیە تەسلیم بە ووڵاتی هۆڵەندای دەکەنەوە .

حكومه‌تی نه‌رویجی مامۆستا كرێكار به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ دژواریی له‌سه‌ر ئه‌منیه‌تی نه‌رویجی هه‌یه‌ تا ئێستا موخابه‌راتی ئێرانی و هۆڵه‌ندی و ئه‌مریكایی و نه‌رویجی و ئیتالیایی و ئه‌ڵمانی راسته‌وخۆ ته‌حقیقاتیان له‌گه‌ڵدا كردووه‌و به‌ ناڕاسته‌وخۆش موخابه‌راتی ئیسپانی و سویدی وسویسری و  فینله‌ندی له‌ رێی موخابه‌رات و دادگاكانی نه‌وریجه‌وه‌ ته‌حقیقاتیان ده‌رباره‌ی كردووه‌و نه‌یانتوانیووه‌ به‌ هیچ شتێك تاوانباری بكه‌ن غه‌یری ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ هه‌ر ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه‌ كه‌ مامۆستا كرێكار فیكری سه‌له‌فی جیهادی هه‌یه‌  !! ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت دژایه‌تیه‌كه‌ی مامۆستا كرێكار له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ تاوانباره‌ به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موسوڵمانێكی راست و سه‌ر ڕاسته‌ ..

جارێك بە عەمەلی و هەروەها بە وەندەی کە میدیا جیهانییەکان ئاشکرایان کردووە لەلایەن موخابەراتی ئەمریکییەوە سێ جار هەوڵی رفاندنی جەنابی مامۆستا کرێکار دراوە، بەڵام هەر سێ جارەکە فەشەلیان هێناوە الحمدللە.

لە ٢٥/١/٢٠١٠ لە نیوەشەودا لە ناو ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لە ناو ماڵەکەی خۆیدا هەوڵی تیرۆرکردنی لە لایەن باندێکی یەکێتییەوە  ئەدرێت، بەڵام الحمدللە سەرکەوتوو نابن . [2]

پاشانیش زانیاری دەگاتە دەستی مامۆستا بەوەی کەسانێکی دیکە رەوانە کراون کەهەوڵی دووەم بدەن بۆ تیرۆرکردنی، بەڵام پاش ئەوەی لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە پۆلیس ئاگادار ئەکرێتەوە ، بەپەلە نەرویج جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە کوردستان.

بە پێی بڕيارێك کە وەزارەتی شارەوانی و هەرێمەکان لە ١٩/٢/٢٠٠٣ دەریکردوە گوایە مامۆستا مەترسی دەبێت لەسەر ئاسایشی نەرویج،فەرمانگەی کاروباری بێگانەکان مافی پەنابەرێتی و پاسپۆرت و ئیقامەی هەمیشەی و مافی کارکردنی لە مامۆستا کرێکار سەندەوە.

موخابەراتی نەرویجی زیاتر لە ٤٠ جار جەنابی مامۆستای بردۆتە بەردەم دادگا بە تۆمەتی ئیرهاب و هاندان بۆ کاری توندو تیژی بەڵام لە هیچياندا سەرکەوتوو نەبوەو بەڵگەی نەبووە کە مامۆستا تاوانبار بکات و زیندانی بکات ،  تا سەر ئەنجام چەند تۆمەتێکی بۆ رێکخرا لەسەر ئەوەی هەڕەشەی لە سێ کوردی مورتەد کردووە کە سوکایەتیان بە پیرۆزییەکانی ئیسلام کردووەو لە ٢٧/٣/٢٠١٢ دەست بەسەر دەکرێت و پاشان بە بڕياری دادگا  بە دو ساڵ و دە مانگ  زیندانی دەکرێت ، لە زیندانی کۆنگسڤينگەر.

لە ساو پەنای ئەو مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسییەی کە لاف و گەزافی پێوە لێدەدەن ، لە زیندانیشدا مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ ناکرێت و زۆربەی مافەکانی لێ زەوت دەکرێت، وەك خوێندن و چۆنیەتی سەردانیکردن و ناردنی نامەو شتومەك بەدەستی ، تەنانەت کاتژمێر ٧ ی بەرەبەیانی ٢٠/٣/٢٠١٣ موخابەرات هەڵدەکوتنە سەر ژورەکەی و هەموو دەست نوس و کتێبەکانی ئەپێچنەوەو لەگەڵ خۆیان دەیبەن و تا ئێستە بۆیان نەگێڕاوەتەوە!!

لە پاش دو ساڵ و دەمانگ زیندانی لە ٢٥/١/٢٠١٥ ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە نێو ماڵی خۆی لە شاری ئۆسلۆ ، بەڵام پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئێن ئارکۆی نەرویجی بە تۆمەتی بێ بنەما دەستگیر دەکرێتەوە و لە ئێستادا دەست بەسەرە تا دادگای دەکرێت لەسەر قسەکانی، بەڵام تا ئێستا دادگا ئەو بەڵگانەی پێ بەس نەبووە  کە پێی تۆمەت بارکراوە بۆ  ئەوەی لەسەر ی دادگای بکرێت و سزا بدرێت.

بەرهەمەکانی :



مامۆستا کرێکار لەسەرەتای دینداری و دەستپێکردن بە کاری ئیسلامییەوە ، بە شاهیدی دۆست و دوژمن لە رادە بەدەر چالاک بووە ، هیچ شتێك لە ئاوارەی و زیندان و خەباتی شاخ و شار نەیتوانییەوە بیوەستێنێت لە گەیاندنی پەیامی ئیسلامەتی و مەنهەجی کارکردنی . بۆیە بەرهەمەکانی زۆرن و زیاتر لە هەزار وتار ی دەنگی و ڤيديۆی و زیاد لە هەشتا کتێب نوسین وەرگێڕانی هەیەو دیوانە شيعرییەکەی سێ سەد پەڕەیە . [3]



کەسایەتی :

مامۆستا کەسێکی قسە خۆش و  هەمیشە دەم بەخەندەو سوعبەت چییە، دڵسۆزە بۆ دەورەوبەری و هەرچی لە نزیکەوە بیناسێت ئەزانێت چەند بە خەمی دۆستانیەتی بەتایبەتی و خەڵکییە بە گشتی، دڵ نەرم و بەبەزەیی و بەخشندەیەو هەمیشە بە خەمی هەتیو بێوەژن و هەژارانەوەیە ، هەرچی بێتە دەستی خێرا ئەیبەخشێت ، لەگەڵ کێشەی خەڵکدا تێکەڵە و هەمیشە لە هەوڵی چارەسەردایە بۆیان، جارێك بۆ نان خواردنی بەیانی هەموانی هەستان ، بەڵام پێش ئەوەی نانەکە دابنرێت تەلەفۆنێکی بۆ هات و قسەی ئەکرد ، کە کاتی نان خواردن هات هیچی پێنەخوراو دڵی نەیدەبرد ، دایە فاتم (دایکی خێزانی) لێی پرسی خۆ تۆ بە گەرم و گوڕی داوای نان و چات کرد ئێستە بۆ هیچ ناخۆیت ، فەرموی ئەو تەلەفۆنە زۆر بێتاقەتی کردم چونکە پرسی تەڵاق بوو ، بە پێچەوانەشەوە زۆر دڵخۆشە بە دڵخۆشی خەڵک و سەرکەوتنیان کەسێك کە تەلەفۆنی بۆ بکات بەوەی لە خوێندن سەرکەوتوو بوە وەیان کێشەیەکی چارەسەر بووە وەیان ژیانی خێزانی پێكهێناوە ، زۆر دڵخۆش دەبێت و چەندین جار باسی ئەکات و سوپاسی خوا ئەکات لەسەری .

شەرع زان و بیرمەندە،ئاراستەوانێکی بە تواناو خاوەن مەنهەج و بەرنامەی گەورەو بەسودە،سیاسییەکی لێهاتووەو زو دەرك بە هۆکاری دروست بوونی روداوەکان دەکات و هەڵيان دەسەنگێنێت وشیکاریان بۆ دەکات. دڵسۆزی خاك و نەتەوەو نیشتیمانەکەیەتی، ئامادە نەبووەو نییە بۆ هیج داگیر کەرێك تەنازول بکات و لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هاوکاریان بێت.

لێبوردەیە بەرامبەر بە هەڵەی موسڵمانان و خاوەن وەعدو بەڵێنە بەرامبەر بە نەیارەکانی ، هەچ بەڵێنێك بدات ئەیباتە سەر ، منجە منج و هیچ نەرمییەك نانوێنێت لە بەرامبەر بنەما عەقائیدییەکانی دینەکەی و هەرگیز هیچ تەنازولێك ناکات . حەق وتن و پابەند بوون پێوەی لە لای  خاڵێكی جەوهەری و نەگۆڕە.

هەمیشە بەربەست بووە لەوەی کەسانێك هەوڵی تێك دان و گۆڕانی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام بدەن ، دژی هەموو کەسێك وەستاوەتەوە لەوەی سوکایەتی بە  پیرۆزیەکانی ئیسلام کردبێت ، توڕە بوونی لەبەر خاتری خوایە، خۆشەویستییەکەشی بە هەمان شێوە ، لوت بەرزو خۆ بە زل زان نییە،ئەگەر بێت و باسی سیفەت و کەسایەتی مامۆستا بکرێت  بە کتێبی گەورە لێی دەرناچين، بە کورتی و بە کوردی (( کرێــکار دەنگی دلێری خوا وویستی و شەرعێتی هەڵوێستە)).

ئامادەکرن : زانا هەمەوەندی



[1]  ان شاء اللە لە داهاتودا لە ماڵپەڕی شاخ ئەم باسانە بە دورو درێژی لە ژیاننامەی مامۆستادا باس دەکەین.

[2]  پۆلیسی نەرویج کوردێکی دانیشتوی سویدی تۆمەت بارکرد بەوەی کە یەكێك بووە لەو کەسانەی تەقەی لەماڵی مامۆستا کرێکار کردووە، بەرێکەوتن لەگەڵ پۆلیسی سوید دەستگیرکراو  هێنرا بۆ نەرویج و ماوەیەك زیندانی کرا ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەگەر لە دادگادا تاوانەکەی لەسەر بسەلمایە بەوەی کە یەکێتی رەوانەی کردووە ، مامۆستا کرێکار مافی ئەوەی هەبوو سەرلەنوێ مافەکانی بۆ گێڕدرێتەوە ، چونکە خەسمەکەی کە یەکێتییە هەوڵی تیرۆکردنی داوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو مافە بۆ مامۆستا نەگەڕێتەوە نەرویج ئەو گەنجەی ئازاد کردو ئامادە نەبوو بیباتە بەردەم دادگا!! پۆلیس باسی لە گرتن وهێنانی کرد بەڵام هیچ رونکردنەوەیەکی نەدا لە بارەی ئازادکردنی!!

[3]  ان شاء اللە لە درێژەی ژیاننامەکەیدا ئاماژە بە تەواوی بەرهەمەکانی ئەکرێت.
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.