وه‌ڵامی پرسیاره‌ شه‌رعییه‌كان

دەربارەی چۆنیەتی پیرۆزبایی کردنی جەژنەکان

پرسیاری (272) دلاوەر لە سویدەوە بە تەلەفۆن

دەربارەی چۆنیەتی پیرۆزبایی کردنی جەژنەکان

بسم اللە الرحمن الرحیم

الحمدلله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

پرسیاریان دەربارەی چۆنیەتی پیرۆزبایی جەژنان لە ئیمامی ئیبنوتەیمییە کرد. کە بوترێت جەژنت پیرۆز بێت، یان دەستەواژە (عیبارەت) ی تری هاوشێوە، ئایا شیاوە؟ ئایا بەڵگەیەکی لەسەر هەیە؟ لە وەڵامدا فەرمووی[1]: ئەوەی کە خەڵکی دوای نوێژی جەژن کە بە یەکتریی دەڵێن (تَقَبَّلَ اللهُ مِنَّا وَمِنْكُمْ ، و أحَالَهُ اللهُ عَلَيكَ) و هاوشێوەی. ئەوە ئەسڵ (بەڵگە) ی هەیە. ریوایەت لە کۆمەڵێک لە یاوەرانەوە هاتووە، کە وایان بە یەکتریی فەرمووە. ئیمامی ئەحمەدو ئیمامانی تریش رێیان پێداوە. بەڵام ئیمامی ئەحمەد فەرموویەتی من دەسپێخەریی پیرۆزباییەکە ناکەم، کە لێمیان کرد وەڵامی دەدەمەوە، چونکە وەڵامدانەوەی ـ وەکو وەڵامی سڵاو ـ فەرزە، بەڵام دەسپێکی سوننەت نییە. نەهیشی لێ نەکراوە.. ئەوی ئاوا پیرۆزبایی دەکات نموونەی پێشینی لە یاوەراندا هەیەو ئەوی ناشیکات هەر نموونەی لە ناویاندا هەیە. والله أعلم.  

   مەبەستی ئیمامی ئەحمەد رحمە اللە ئەوە بوو کە لە پێغەمبەری خواوە صلی اللە علیە وسلم راستەوخۆ نەهاتووە. چونکە جەنابی ئەوە دەزانێت کە یاوەران کردوویانە. هەر ئیمامی ئەحمەد ریوایەتێک بە سەنەدی پەیوەستەوە لە محمدی کوڕی زیادەوە دەهێنێتەوە کە فەرموویەتی: لە خزمەت ئەبوئومامەی باهیلیی و هەندێک یاوەری تردا بووم،  دەمدی کە لە نوێژی جەژن دەهاتنەوە بە یەکتریان دەفەرموو: (تقبل الله منا ومنكم). ئیمامی ئەحمەد خۆی دەربارەی سەنەدەکەشی دەفەرموێ: (إسناده جيد).[2]

   شێخی ئەلبانی رحمە اللە دەفەرموێ: سیوطی بە سەنەدی (حەسەن) لە زاهیرییەوە وەرگرتووە.. مەبەستی شێخی ئەلبانی لە زاهیر (ابن طاهر) ی خاوەنی کتێبی (تحفة عيد الفطر)ە . [3]

هەندێک لە توێژەرەوەکانی شەرعناسیی فەرموویانە: مادام ئەسڵ لە رەفتاردا دابو نەریتی جوانەو بەڵگەیەک لەسەر رێلێگرتنی پیرۆزبایی نەهاتووە، کەوابوو دەشێت بە پێی دابونەریتی گەل و ناوچەکان پیرۆزبایی لە یەکتریی بکرێت.. منیش لە بەدواداچوونمدا ئەمەم زیاتر لا چەسپی. بۆیە پێم باشە ـ وەکو پابەندبوونمان بە رەفتارو رەوشتی یاوەرانی بەڕێزەوە ـ  پیرۆزبایی جەژن بەوە لە یەکتریی بکەین کە بڵێین (تَقَبَّلَ اللهُ مِنَّا وَمِنْكُمْ). توندو سەختگیریش نەبین بەرامبەر ئەو کەسانەی دەڵێن: جەژنت پیرۆز بێت.. چونکە ئەمیش پێناچێت ناشەرعی بێت. واللە اعلم.

وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم تسليما



[1]  لە: مجموع الفتاوی: (24/253)

[2] ابن التركماني لە (الجوهر النقي حاشية البيهقي/ 3/ 320 – 321)

[3] لە تمام المنة ( ل 356 )

  • وەڵام: حوکمی شەرع دەربارەی کاری ئافرەتان لە ساڵۆن چییە ؟ ئایا پارەکەی حەڵاڵە؟
    وەڵام: 

    وەڵام: بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِیمِ

    الْحَمْدُ لِلَّهِ وَالصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِ اللە الاَمِیْنِ، مُحَمَّد وَ عَلَی آلِهِ وَ صَحْبِهِ وَمَنْ والاه

     سەرەتا مەبەست لە ساڵۆن ئەو شوێنانەیە کە ئافرەتی تێدا "جوان" دەکرێت یان دەڕازێنرێتەوە ووشەکە عەرەبییە کە (صالون التجمیل)ـە. هەر وەکو کە بە شوێنی "جوان کردن"ی پیاوانیان ووتووە (صالون حلاقة).. کارکردنەکەش مەبەست لێی ئەو جوان کردن و رازاندنەوەیەیە.

    کاری ساڵۆن کاسبی و پیشەیەکی شارستانێتی رۆژئاوایەو بەسەر ئوممەتەکەماندا سەپێنراوە یان خزێنراوەتە ناو قیەمی ئیسلامییەوە بە رادەیەک کە بۆتە کارێکی ئاسایی! ئاساییش نییە.

    کارکردن لە ساڵۆن دوو جۆرە:

    یەکێکیان: چەندی رەفتارە کە هەر یەکەیان حەرامەو لەعنەتی لەسەرە، جا لە ساڵۆن بکرێن یان لە ماڵان یان لە هەر شوێنێکی تر. وەکو: برۆکردن و خاڵ کوتان و تاتۆو پێکەوە لساکاندنی قژو هاوشێوەیان . ئەمە بە دەقی فەرموودەی سەحیح ناجائیزن و هەموو پارە وەرگرتنێک لەسەریان حەرامە. پێغەمبەری خوا صلی اللە علیه وسلم دەفەرموێ: (لَعَنَ اللَّهُ الْوَاشِمَاتِ وَالْمُوتَشِمَاتِ وَالْمُتَنَمِّصَاتِ وَالْمُتَفَلِّجَاتِ لِلْحُسْنِ، الْمُغَيِّرَاتِ خَلْقَ اللَّهِ) بوخاری/٤٨٨٦ ، موسلیم/٢١٢٥ واتە لەحنەتی خوا (دەرکردن لە رەحمەتی خوای گەورە) بۆ ئەوکەسەی برۆدەکات یان بۆی دەکەن، ئەوی خاڵ دەکوتێ یان بۆی دەکوتن، ئەوی قژی کەسێکی تر بە سەرەوە پەیوەست دەکات و ئەوی بۆی پەیوەست دەکەن، ئەوی ددانە شاش دەکات و ئەوی ددانەکانی بۆ شاش دەکەن، ئەمانە کە دەسکاری خیلقەتی خوای گەورە دەکەن..

    ئەم لەعنەتە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە قژو رواڵەت بە شێوەی کافران رێک دەخەن و خۆیان بەوان دەچوێنن. وەکو: شێوەکانی قژ بڕین و برۆتاشین و هاوشێوەیان. پێغەمبەری خوا صلی اللە علیه وسلم دەفەرموێ: (مَنْ تَشَبَّهَ بِقَوْمٍ فَهُوَ مِنْهُمْ)  ئەبو داوود/٣٥١٢ ئەلبانی لە (صحيح أبي داود/٣٤٠١)دا دەفەرموێ: حسن صحيح. واتە ئەوی خۆی بە کافران بچوێنێت وەکو ئەوانە.

      هەموو ئەمانە حەرامن و پارە وەرگرنتیش لەسەریان حەرامە.

    دووەمیان: ئەو رەفتارانەن کە خۆیان لە خۆیاندا حەڵاڵن. وەکو جۆرەکانی قژ داهێنان و  بڕین و بۆیە کردن (مادام زیانی لێ نەکەوێتەوە)، یان نەخشی دەست بە خەنەو  بۆیەو شیوازیان کە ئافرەتی موسوڵمان بە ئامادەبوونی مەحرەمەکانی دەیکات یان دەریان دەخات..

    ئەگەر ئەم رێپێدراوانە بۆ ئافرەتانێکی سافیرە دەکرا کە پێوەی دەچنە دەرەوە، جائیز نامێنێت و پارەکەشی حەرام دەبێت. بە دڵنیاییەوە مکیاج بۆ کردن و رازاندنەوەی حەرامترە.

    دیسان ناشێت بۆیەیەک لە نینۆک یان لە شوێنێکی تری جەستەی بدات کە رێ لە دەسنوێژ و غوسڵ دەرکردنی بگرێت.

    زۆرینەی ئەم رەفتاری خۆ جوان کردن یان جوانکردنی ئافرەت بۆ مێردی خۆی یان بۆ لای مەحرەمانی خۆی جائیزن.

    ئەم حوکمە پیاوانیش لە زۆرینەی ئەم رەفتارە ناشەرعییانەدا دەگرێتەوە واللە اعلم.

    وَصَلَّى اللَّه عَلَى سَيِّدنَا مُحَمَّد وَعَلَى آله وَصَحْبه وَسَلَّمَ تَسْلِيمًا

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە.

  • وەڵام: ئایا راستە کە ئەگەر نوێژی جەژنێک کەوتە رۆژی جومعەوە نوێژی جومعەکەی لەسەر فەرز نامێنێت؟!
    وەڵام: 

    پرسیار: ئایا راستە کە ئەگەر نوێژی جەژنێک کەوتە رۆژی جومعەوە نوێژی جومعەکەی لەسەر فەرز نامێنێت؟!

    وەڵام : بسم الله والحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله .. بەڵێ . وایە.

    تەفسیل: هەشت ریوایەتی سەحیحی مەرفووع و مەوقووف هەیە کە لە ئەبوداوودو نەسائی و ئیبنوماجەو  داریمی و ئیمامی ئەحمەدو ئیبنولجاروودو ئیبنوخوزەیمەو بەیهەقی و طەبەرانی عبدالرزاق و حاکم و هیترەوە هاتووە، هەموویان ئەمە روون دەکەنەوە کە ئەو کەسەی نوێژی جەژنەکەی لەگەڵ موسوڵماناندا کرد بۆی هەیە بەشداری نوێژی جومعە نەکات.

    لێرەدا زەروورییە هەندێک خاڵ نەقڵ بکەین کە لیژنەی دائیمی فەتوای زانایانی حەرەمەین روونیان کردۆتەوە:

    ١- نوێژی فەرزی نیوەڕۆ لەسەر ئەو کەسە دەمێنێت کە نوێژی جەژنەکەی لەگەڵ موسوڵماناندا کردووە. دەبێ بیکات.

    ٢- ئەو کەسەی نوێژی جەژنەکەی لەگەڵ موسوڵماناندا نەکردووە، فەرزێتی نوێژی جومعەی لەسەر لاناچێت. دەبێ بیکات. ئەگەر لەو کات و شوێنەدا نەیتوانی نوێژی جومعەکەی بکات، دەبێ فەرزی نیوەڕۆکەی بکات.

    ٣- ئیمام و خەتیبەکان دەبێ نوێژی جومعەکە بکەن، لەبەر هەبوونی ئەگەری ئەوە کە خەڵکانێک هەن نوێژی جەژنەکەیان نەکردووە، تا نوێژی جومعەکە بکەن. ئەگەر نوێژی جومعەکەیان پێنەکرا دەبێ نوێژی فەرزی نیوەڕۆکە بکەن.

    ٤- ئەو کەسەی نوێژی جەژنەکەی کردو نەچووە نوێژی جومعە دەبێ نوێژی فەرزی نیوەڕۆکەی بکات.

    وصلی اللە وسلم علی سیدنا محمـد وعلی آلە وصحبه وسلم تسلیما

    کرێکار 

  • وەڵام: پرسيار: لە چ حاڵەتێکدا هەمزەی ئیبنو ئیبنە (إبن و إبنة) دەنوسرێت؟
    وەڵام: 

    وەڵام: بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِیمِ..

    الْحَمْدُ لِلَّهِ وَالصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِ اللە الاَمِیْنِ، مُحَمَّد وَ عَلَی آلِهِ وَ صَحْبِهِ وَمَنْ والاه..

    ١- هەمزەی ئیبن و ئیبنە ئەگەر نەکەوتە نێوان دوو ناوەوە دەنوسرتێت وەکو قال ابن مندة ..

    ٢- هەروەها ئەگەر کەوتە سەرەتاوە وەکو ابن عباس حبر الأمة.

    ٣- ئەگەر بۆ مثنی /دووانە بە کار هات وەکو : الحسن والحسین ریحانتا رسول اللە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ.

    ٤- ئەگەر بوو بە وەصف وەکو عبداللە ابن مسعود.

    ٥- ئەگەر فاصڵ کەوتە نێوان ناوەکەو ئیبنووەکەوە وەکو: محـد ابن سیرین.

    ٦- ئەگەر ئیزافە کرا بۆ ضمیر/راناو وەکو هذا ابنک.

    - بەڵام لە قورئاندا هەمیشە هەمزەکەی دەنوسرێت.

    لەم شوێنانەشدا لا دەبرێت:

    ١- ئەگەر کەوتە نێوان دوو ناوەوەو وەکو: محـمد بن عبداللە. یان کەوتە نێوان دوو نازناو/ لەقەبەوە وەکو: محـد بن عبداللە خاتم النبیین عَلَيهِ السَّلَام.

    ٢- ئەگەر بوون بە صفەت بۆ ناوێک وەکو : علي بن أبي طالب أحد الخلفاء..

    هەروەها هەندێک شوێنی تر. واللە اعلم

     

    وَصَلَّى اللَّه عَلَى سَيِّدنَا مُحَمَّد وَعَلَى آله وَصَحْبه وَسَلَّمَ تَسْلِيمًا

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە.





  • وەڵام: پرسیار: دەخوازین هەندێک لە ئادابی رەفتاری لەدایکبوونی منداڵمان بۆ باس بکەیت
    وەڵام: 

    پرسیار: دەخوازین هەندێک لە ئادابی رەفتاری لەدایکبوونی منداڵمان بۆ باس بکەیت . خوا پاداشتی خێرت بداتەوە.

    وەڵام: بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِیمِ..

    الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِینَ وَ الصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِه الاَمِیْنِ، مُحَمَّد وَ عَلَی آلِهِ وَ صَحبِه  أَجْمَعِين.

    خوای گەورە پێوقەدەمی کۆرپەکەتان پیرۆزکات و بیخاتە ریزی پێشەوایانی پیاوچاکی ئوممەت و بیکاتە مایەی خێری بەردەوام بۆ دایک و باوک و کەسوکاری.. ئامین

    ١- پێش لە دایکبوونی رەفتارێکی موسوڵمانانەیە کە دایک و باوکی کۆرپەلەکە دوعای خێرو سەلامەتی و هیدایەت و چاکیی بۆ بکەن. وەکو کە هاوسەری بەڕێزی عیمران علیهما السلام کە دوعای بۆ مەریەمی کچی کردو فەرمووی: (أُعِيذُهَا بِكَ وَذُرِّيَّتَهَا مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ) آل عمران/٣٦.

    ٢- لە رۆژی یەکەمی لە دایکبوونیدا سوننەتە بە شتێکی نەرم  شیرینییەکی وەکو هەنگوین یان شیلەی خورما بدرێت لە مەڵاشووی. ئەبوموسای ئەشعەریی خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە: (وُلِدَ لِي غُلَامٌ فَأَتَيْتُ بِهِ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَسَمَّاهُ إِبْرَاهِيمَ فَحَنَّكَهُ بِتَمْرَةٍ وَدَعَا لَهُ بِالْبَرَكَةِ وَدَفَعَهُ إِلَيَّ)بوخاریی (٥١٥٠)، موسلیم(٢١٤٥)  واتە: منداڵێکمان بوو. هێنامە خزمەت پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ جەنابی ناوینا ئیبراهیم. ئینجا شیرینی خورمای دا لە مەڵاشووی و دوعای بەرەکەتی بۆ کردوو دایەوە دەستم.

    ٣- ناونانی: سوننەتە لە رۆژی یەکەمەوە تا رۆژی حەوتەمی تەمەنی ناوی بنێت. بێگومان دواتریش مافی خۆیانە کە ناوێکی خۆشی بنێن کە لەگەڵ عورف و نەریتی گەل و ناوچەکەیاندا بگونجێت، ناوێک نەبێت کە گەورەبوو شەرمی لێبکات، یان خەڵکی لێی بکەنە تانەو تەشەر.. ئەنەس خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: (وُلِدَ لِي اللَّيْلَةَ غُلَامٌ، فَسَمَّيْتُهُ بِاسْمِ أَبِي إِبْرَاهِيمَ) موسلیم(٣١٢٦) واتە: خوای گەورە ئەمشەو منداڵێکی پێدام بە ناوی باوکمەوە ناوم نا ئیبراهیم.

    ٤- پەسەندتر ئەوەیە بانگێک بە گوێی راستییدا بدرێت. بانگ یان قامەتکردن بەلای چەپدا، بەڵگەیەکی وای نییە حوکمی پێبدرێت، ئەو ریوایاتەنەی لەسەری هاتوون شێخی ئەلبانی رحمە اللە لە (السلسلة الضعيفة/١ /٤٩١) بە زەعیفیان دەناسێنێت.

    ٥- سەرتاشینی: سوننەتە سەری منداڵەکە بتاشرێت و مووەکەی بکێشرێت و بە قەدەر کێش (وەزن)ی ئەو زیوو حسێب بکرێت و پارەکەی بکرێت بە خێر. سەلمانی کوڕی عامری ضەببی خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەربارەی لە دایکبوونی منداڵ دەیفەرموو: (وَأَمِيطُوا عَنْهُ الْأَذَى) بوخاریی (٥٤٧١) واتە: مووی سەری بتاشن (ابن عبدالبر: الإستذکار/ ٥/٢٥٧)، وا نازانم سەرتاشینەکە تایبەت بێت بە کوڕەوە. هەروەها پێم وایە زێڕیش جێ بگرێت کە لە زیووەکە بە نرخترەو سوودی هەژارانی زیاتر تێدایە. ئەگەر ئەم کێشانەش نەکرا هەر تەقدیری بکەن بە پارە. مەرجە کەسێکی ووریاو شارەزا سەری بە مووس (گوێزان بتاشێت) نەک بە مەکینە. واللە اعلم.

    ٦-خەتەنەکردنی کوڕ: خەتەنەکردن لە سوونەتە سرووشتیەکان (سنن الفطرة)ەن. بۆ کوڕ فەرزەو بۆ کچ هیچی لەسەر نییە. نە فەرزەو نە سوننەتە. ئەبوهورەیرە خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە پێنج رەفتار سوننەتی سرووشتین. لەوانە خەتەنەکردن: (الْفِطْرَةُ خَمْسٌ أَوْ خَمْسٌ مِنْ الْفِطْرَةِ: الْخِتَانُ وَالِاسْتِحْدَادُ وَتَقْلِيمُ الْأَظْفَارِ وَنَتْفُ الْإِبِطِ وَقَصُّ الشَّارِبِ) بوخاریی (٥٥٥٠) و موسلیم (٢٥٧). واتە: واتە: پێنج رەفتار سرووشتین: خەتەنەکردن، بەرکردن، نینۆک کردن، هەڵکێشانی مووی بنباڵ و بەرسمێڵکردن.

    ٧-عەقیقە بۆ کردن: عەقیقە واتە سەربڕینی ئاژەڵیک بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاریی و خۆشحاڵیی بە لە دایکبوونی منداڵەکە. خاتوو عائیشە خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە: (عَقَّ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنْ الْحَسَنِ وَالْحُسَيْنِ يَوْمَ السَّابِعِ وَسَمَّاهُمَا) فتح الباري (٩/٥٨٩) واتە: پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە رۆژی حەوتەمی لە دایکبوونی حەسەن و حوسەیندا عەقیقەی بۆ کردن و ناوینان. عەقیقەکە دوو سەر مەڕ بۆ کوڕو یەک سەر مەڕ بۆ کچە. ئەگەر لە توانایاندا بوو.. دەشکرێت دواخرێت بۆ ساڵانی تەمەنی. دەکرێت کە گەورە بوو، خۆی بۆ خۆیی بکات واللە اعلم. 

     خوای گەورە بە لوتفی خۆی منداڵی موسوڵمانان بگرێتە خۆی و هیدایەتیان بدات. ئامین..

     

    وَصَلَّى اللَّه عَلَى سَيِّدنَا مُحَمَّد وَعَلَى آله وَصَحْبه وَسَلَّمَ تَسْلِيمًا

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە.

  • وەڵام: ئایا جایزه له زانکوکانی ئێران دەرس بخوێنین؟ ....
    وەڵام: 

    پرسیار: ئایا جایزه له زانکوکانی ئێران دەرس بخوێنین؟ لەبەر ئەوەی که له زۆرینه زانکۆکان کچ  و کور پێکەوە دەخوێنن؟

    وەڵام:

    بِسْمِ اللّهِ الْحَمْدُ لِلَّه وَالصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِ اللە وَعَلَی آلِهِ وَ صَحبِه وَمَنْ والاە..

    بە داخەوە کە هێشتا لە ئێراندا هەردوو توخمەکە لە زانکۆکاندا پێکەوە بە تێکەڵاویی دەخوێنن. ئەمە سیماو سیفەتی خوێندنە لە ووڵاتی کافراندا، کە لەگەڵ حەملە ئیستیعمارییەکانیاندا هێنایانە ووڵاتانی موسوڵمانانەوە، بە تەئکید تێکەڵاوییەکە مونکەرە، چونکە پێچەوانەی فەرمانی خوای گەورەیە کە رێی بە تێکەڵاویی نەداوەو فەرمانی بە هەردوو رەگەزەکە داوە کە خۆ لە نەزەر بگرنەوە. وەک دەفەرموێ: (قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ  ذَٰلِكَ أَزْكَىٰ لَهُمْ إِنَّ اللَّـهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ * وَقُل لِّلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا....)النور/٣٠-٣١ واتە: هەروەها بە پیاوە موسوڵمانانەکان بفەرموو کە لە نەزەر خۆ بگرنەوەو داوێنیان بە پاکیی راگرن، ئەوە پاکێتی و خۆپاڵفتەکردنیانە، خوای گەورە شارەزاو بە ئاگایە لەوەی دەیکەن. بە ئافرەتە موسوڵمانەکانیش بفەرموو کە لە نەزەر خۆ بگرنەوەو داوێنیان بە پاکیی راگرن و جوانیان بۆ کەسانی نامەحرەم دەرنەخەن مەگەر ئەوەی رێپێدراوە.. کەوابوو حەتمەن تێکەڵاوییەکە مونکەرەو حەرامە. ئەو کەسانەی ڕییان پێداوەو کردوویانە بە یاسایی تووشی گوناحێکی زۆر گەورە بوون. بەڵام خوێندنی قۆناغی زانکۆکانیش زەروورەتێکە کە تاکو کۆی کۆمەڵگەکان پێویستیان پێی دەبێت. بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمان کە دەچێتە ئەو خوێندنە چەند خاڵێکی دینداریی رەچاو بکات. لەوانە:

    ١-  نییەتی لە خوێندنەکەی فێربوون بێت تا دواتر هەر لەبەر خاتری خوای گەورە بتوانێت خزمەتێکی باشتر بکاتەوە.

    ٢- پۆشاکی شەرعی بپۆشێت و شوێن مۆدێلاتی جلوبەرگ و رواڵەتی جاهیلییەت نەکەوێت.

    ٣- تا بۆی دەکرێت خۆ بەدوور بگرێت لە تێکەڵاویی و دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ رەگەزەکەی بەرامبەردا.

    ٤- تا زەرووریی نەبێت قسە لەگەڵ رەگەزەکەی بەرامبەرییدا نەکات. ئەگەر زەروورییش بوو با بە قەدەر پێویستیەکەی بێت و بە شێوازێک بێت کە شەرم و شکۆی موسوڵمانێتی خۆی تێدا بپارێزێت.

    ٥- هەمیشە هۆشی لەوە بێت کە ئەو بۆ خوێندن هاتۆتە ئەو جێگایەوە. کە ئەگەر ئەوە نەبوایە نەدەبوو بێت، بۆیە پێویستە کە کاتی خوێندنەکەی تەواو بوو لەوێ نەمێنێتەوەو بچێتە دەرەوە.

    ٦- هەمیشە هۆشی لەوە بێت کە تووشی لادان و کزی ئیمان و لاوازیی پابەندبوونە دینییەکەی نەبێت. ئەگەر نا وازهێنانی لەو خوێندنە لەو کات و شوێنەدا باشترە. واللە اعلم.

     

    وَصَلَّى اللَّه عَلَى سَيِّدنَا مُحَمَّد وَعَلَى آله وَصَحْبه وَسَلَّمَ تَسْلِيمًا

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە

     

  • وەڵام: قورئان خویندن بو دایک و باوکیکی بێ سەواد (نەخوێندەوار) سوودی هەیە بۆیان؟
    وەڵام: پرسیار: ئایا قورئان خویندن بو دایک و باوکیکی بێ سەواد (نەخوێندەوار) سوودی هەیە بۆیان؟

    وەڵام:

    بِسْمِ اللّهِ الْحَمْدُ لِلَّه وَالصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِ اللە وَعَلَی آلِهِ وَ صَحبِه وَمَنْ والاە..

    پێشەوایانی شەرع کۆڕا (ئیجماع)ـیان لەسەر ئەوە هەیە کەخێرو خێرات و  دوعاکردن بۆ مردوو پێی دەگات. ئیمامی موسلیم لە پێشەکی سەحیحەکەیدا دەفەرموێ کە عبداللەی کوڕی موبارەک رحمە اللە کە لە ریزی چوار پێشەوا بەڕێزەکەیە دەیفەرموو (لە گەیشتنی خێرو خێرات بە مردوودا راجوێیی نییە) کەوابوو لە رەفتارە چاکەکانی تردا راجوێیی هەیە، وەکو نوێژو رۆژوو و خوێندنی قورئان و چاکەی تر..

    پۆلێک لە پێشەوایان و شەرعناسان دەفەرموون هیچی لەوانە پێناگات. چونکە خوای گەورە دەفەرموێ: (وَأَن لَّيْسَ لِلْإِنسَانِ إِلَّا مَا سَعَىٰ)النجم/٣٩ واتە مرۆڤ هەوڵەکانی خۆی دەست دەکەوێتەوە. پێغەمبەری خواش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وەکو لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە دەفەرموێ: (إِذَا مَاتَ ابْنُ آدَمَ انْقَطَعَ عَمَلُهُ إِلا مِنْ ثَلاثٍ: مِنْ صَدَقَةٍ جَارِيَةٍ، أَوْ عِلْمٍ يُنْتَفَعُ بِهِ، أَوْ وَلَدٍ صَالِحٍ يَدْعُو لَهُ).[1] واتە: کە ئادەمیزاد دەمرێت ئیتر هەموو کارو کردەوەکانی دەپسێن، مەگەر لە سێ ڕیگاوە بەردەوام بن بۆی: خێرێکی بەردەوام، یان زانستیەکی بەسوود کە بڵاوی کردبێتەوە، یان منداڵی چاکی لەدوا جێما بێت کە دوعای خێری بۆ بکات.

    پۆلە زانای بەرامبەر کە ئیمامی ئەبوحەنیفەو ئیمامی ئەحمەدو هەندێک لە شەرعناسانی مەزهەبی شافیعین دەفەرموون: قورئان خوێندن و رۆژوو گرتن بۆ مردوو سوودی بۆی دەبێت. پاشان وەڵامی بەڵگەهێنانەوەکەی پۆلی یەکەمیان داوەتەوەو فەرموویانە:

    ١- ئایاتەکە لە مانای ئاشکراو راشکاوییدا پێچەوانەی ئەوەیە کە ئەو بەڕێزانە بۆی چوون و کردوویانە بە بەڵگەی نەگەیشتنی چاکە بە مردوو. چونکە ئایەتەکە دەفەرموێ: مرۆڤ هەوڵەکانی خۆی دەست دەکەوێتەوە. ئەمە حەقە، چونکە هەوڵ و رەنجی خۆیەتی و دێتەوە رێی. مانایەکی تریشی ئەوەیە کە بەرهەمی هەوڵ و رەنجی کەسانی تری بۆ نایات، چونکە بکەرەکانیان خاوەنیانن. ئەمەشیان حەقە. بەڵام ئەمەیان کە بەرهەمی رەنجی کەسانێکی ترەو هی خۆیانە موڵکەو بۆیان هەیە بە دیاری بیدەنەوە بە کەسانی تر.. ئایەتەکە رێی لەمە نەگرتووە. لەم مەسەلەدا مردوو وەکو زیندووە سوود لە رەنجی خۆی و لە رەنجی کەسانێکی تر دەکات کە پێشکەشی دەکەن. وەکو ئەوەی کە شتێکت کەوتۆتە لای کەسێکی زیندوو دوایی دەیدەیت بە خۆی، ئەمیش وایە. خێرێکەو کردووتە، یان رۆژوویەکە گرتووتە یان سورەتێکی قورئانەو خوێندووتەو لە چاکەی خۆتەوە بە دیاری دەیدەیتە مردوویەک. ئەمە حەتمەن سوودێکەو بە مردووەکە دەگات ئەگەرچی بەرهەمی رەنجی خۆشی نیە.

    ٢- وەڵامی ئیستیدلالیشیان بە فەرموودەکە وا داوەتەوە کە دوعاکردنی ئەولادی خۆی تایبەتن بە خۆی، چونکە لە راستیدا هەر جۆرێکی ترن لە رەنجی بەردەوامی دنیای خۆی. خوای گەورە کە دەفەرموێ (مَا أَغْنَىٰ عَنْهُ مَالُهُ وَمَا كَسَبَ) المسد/٢ واتە: نە سەروەت و سامانەکەی نە ئەولادی دادیان نەدا. ئەولاد رەنجی باوکەکەیەتی وەکو کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وەکو لە سونەنەکاندا هاتووە دەفەرموێ: (إِنَّ أَطْيَبَ مَا أَكَلَ الرَّجُلُ مِنْ كَسْبِهِ وَإِنَّ وَلَدَهُ مِنْ كَسْبِهِ).[2] واتە: پاکترین (حەڵاڵترین) شت کە کابرا بیخوات ئەوەیە کە بە دەستی خۆی پەیدای کردووە. ئەولادەکەشی لە پەیداکردنی خۆیەتی. چونکە کابرا هۆکاری ئیجادبوونی ئەولادەکەیەتی بۆیە پاداشتی رەفتاری چاکەی ئەولادەکانی پێدەگات. خۆ ئەم چاکانەی کە ئاوا پێی دەگات لە هەوڵ و رەنج و پەیداکردنی خۆیەوە نییە.

    ٣- فەرموودەکە دەفەرموێ: کردەوەکانی دەپسێن، مەگەر لە سێ ڕیگاوە بەردەوام بن بۆی. نافەرموێ سوود لە رەنجی کەسانی تر ناکات و بەرهەمی هەوڵی ئەوانی پێناگات..

       کەوابوو رای پەسەند ئەوەیە کە خێرو چاکەی زیندووان بە مردوو دەگات. لەوانەش قورئان خوێندن. واللە اعلم..

       هەندێک لە شەرعناسانی مەزهەبی شافیعی خوا پاداشتیان بداتەوە شێوازێکی جوانیان داهێناوە کە دەفەرموون: کە قورئانی خوێند پاشان بڵێ: خوایە ئەگەر بە لوتفی خۆت ئەم قورئان خوێندنەت لێ قبووڵ کردووم پاداشتی خێرەکەی بگەێنە بە فڵان و فڵان.. وەکو ئەوەی کە دوعایەکەو دەیکات و دەیخاتەوە بەر لوتف و کەرەمی خوای گەورە.. ئەمەشە کە لای خۆمان مامۆستایان لە دوای تیلاوەتەکە دەفەرموون: (اللهَمَّ بَلِّغْ ثَوابَ مَا قَرَأناهُ الى روح .....) واللە اعلم.

     

    وَصَلَّى اللَّه عَلَى سَيِّدنَا مُحَمَّد وَعَلَى آله وَصَحْبه وَسَلَّمَ تَسْلِيمًا

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە

     




     



    [1] ـ موسلیم (٣٠٩٢)، ئەبوداود (٢٤٩٨)، نەسائی: السنن الصغری (٣٦١٠)، ترمذی (١٢٩٣)، ئەحمەد (٨٦٤٦)، داریمی (٥٦٠)، ئیبنوخوزەیمە(٢٣٢٩)، ئیبنوحیببان (٣٠٩٣) و هیتر.

    [2]  ـ ئەبوداود(٣٠٦٦)، نەسائی: السنن الصغری (٠٤٤٠٠) ترمذی (١٢٧٤)، ئیبنوماجە (٢١٢٨)، ئەحمەد (٢٣٥٩٨)، داریمی (٢٤٥٧)، ئیبنوحیببان (٤٣٤٨).  

  • وەڵام: نویژ کردن له پشت ملایەکی صوفی دروسته؟
    وەڵام: 

    پرسیار: ئایا نویژ کردن له پشت ملایەکی صوفی دروسته؟ اگر بزانین شرک اکبر و کو هاوار له غەیری خودا دەکات؟

    وەڵام:

    بِسْمِ اللّهِ الْحَمْدُ لِلَّه وَالصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِ اللە وَعَلَی آلِهِ وَ صَحبِه وَمَنْ والاە..

    لەوە وریا بین کە دەوترێت کەسێک صۆفییە زۆر سیفەت و حاڵەت و رەفتارو رەوشت تێکەڵ دەکرێن:

    ١- هەر کەسێک باوەڕی وا بێت کە غەیری خوای گەورە بە نادیاریی سوود یان قازانج بە خەڵکی دەگەێنێت یان دەچێتە سەر مەرقەدو نزرگاکان و لە مردووەکان دەپاڕێتەوە تا قازانجی پێبگەێنن یان زیانی لێ دوور بخەنەوە، یان کەسێک وا بزانێت شێخێک زۆر گەورەو پیرۆزە چونکە لە خوای تێکەڵ بووە، یان یەکێک وا بزانێت شێخێکی زیندوو یان مردوویەک ئەولیایەو زانستی غەیب دەزانێت یان لە دوورەوە ئاگای لە موریدەکانێتی، یان وا بزانێت کە شێخێک یان کەسێکی تر مەعسوومەو گوناحی نەکردووە یان نایکات، یان کەسێک باوەڕی وا بێت ئەو وێردو دوعایانەی دەیانخوێنێت لە قورئان گەورەترن یان وەکو ئەون و وەکو ئەو پاداشتیان هەیە.. یان باوەڕی بە شتی تری لەم جۆرە هەبێت ئەمە کافرەو نوێژ لە دوایەوە دروست نییەو پێویستە لە ئیمامەتیش لا بدرێت.. 

    ٢ـ کەسێک باوەڕی بە (تەوەسول) هەیە و دەڵی کە بڵێین خوایە لەبەرخاتری پێغەمبەرەکەت علیە الصلاة والسلام ئەو سوودەم پێ بگەێنیت یان ئەو زیانەم لێ دوور بخەیتەوە، یان لە خواپەرستییەکانییدا بیدعەی هەیە. ئەمیش باشتر وایە لە دوایەوە نوێژ نەکرێت و هەجر بکرێت، مەگەر ئیمامی مزگەوتێک بێت یان ووتاربێژێک بێت و موسوڵمانانی ئەو ناوچەیە مزگەوت و ئیمام و خەتیبی تری عەقیدە پاکتریان دەست نەکەوێت، لەم کاتەدا نابێت واز لە نوێژکردن لە پشتیەوە بهێنرێت، چونکە ئەم حاڵەتە نوێژی بە کۆمەڵی مزگەوت دەفەوتێنێت.. واللە اعلم.

     

    وَصَلَّى اللَّه عَلَى سَيِّدنَا مُحَمَّد وَعَلَى آله وَصَحْبه وَسَلَّمَ تَسْلِيمًا

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە

     

  • وەڵام: کەسێک لە دەریادا خنکابێت یان لە ئاگردا سووتا بێت یان دڕندە خواردبێتی
    وەڵام: 

    پرسیار: کەسێک لە دەریادا خنکابێت یان لە ئاگردا سووتا بێت یان دڕندە خواردبێتی و ئەمانە کە گۆڕیان نیە، چۆن ئازاری گۆڕ دەچێژن؟ 

    وەڵام:

    بِسْمِ اللّهِ
    الْحَمْدُ لِلَّه وَالصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِ اللە وَعَلَی آلِهِ وَ صَحبِه وَمَنْ والاە..

       ئیمامی ئیبنولقەییم رحمە اللە لە کتێبی (الروح /ل٩٨) دا دەفەرموێ: (پێویستە ئەوە بزانرێت کە ئازارو نیعمەتی گۆڕ هەر ئازارو نیعمەتی (بەرزەخ)ە -کە ماوەی مانەوەی گۆڕە لە دوای ژیانی دنیاوەیە تا زیندووبوونەوەی رۆژی دوایی-  وەکو خوای گەورە دەفەرموێ: (وَمِن وَرَائِهِم بَرْزَخٌ إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ) المٶمنون/ ١٠٠واتە بەرزەخ کە بە دوای مردنیاندا دێت تا رۆژی قیامەت بەردەوام دەبێت. لە ماوەی بەرزەخدا مردووەکان ئاگایان لە حاڵی دنیاو لە حاڵی قیامەت دەبێت. شوێنەکە بۆ مردووەکان یان باخێکە لە باخەکانی بەهەشت یان چاڵێکە لە چاڵەکانی دۆزەخ. ئەو کەسەی بە سووتان مردووە یان نقومی ناو دەریا بووە یان دڕندەو باڵندە خواردویانە بە پێی جۆری کارو کردەوەیان پشکی سزا، یان پاداشتی خۆیان لە بەرزەخدا وەردەگرن. کۆکردنەوەی ئەندامانی جەستەیان بۆ خوای گەورە سەخت نیە. وەکو ئەو کابرایەی کە وەسێتی بۆ کوڕەکانی کرد کە ئەگەر گیانی دەرچوو جەستەکەی بسوتێنن و لە رۆژێکی رەشەبادا سووتوەکەی بدەنە دەم با تا بڵاوی بکاتەوە. ووتی: ئەگەر خوای گەورە بتوانێت کۆم بکاتەوە حەتمەن سزایەکی سەختم دەدات. وایان لێکرد ، بەڵام خوای گەورە تۆزوخۆڵەکەی لەسەر درەخت و بن بەردو  ناو خاک کۆکردەوەو پێی فەرموو: هەستە زیندوو ببەرەوە، ئاوا یەکسەر بە زیندوویی هەستایەوە. خوای گەورە لێی پرسی کە بۆچی وەسێتی وای کرد؟ ووتی: خوایە خۆت ئاگاداریت کە لە ترسی خۆت بوو.  ئیتر خستیە بەر رەحمەتی خۆی.. دەبینیت ئازاری بەرزەخ ئەم کەسەی هەر گرتەوە ئەگەرچی سوتووی هەموو جەستەی پەرش و بڵاوبووبۆوە.. کەوابوو ئەگەر کەسێک لە ناوجەرگەی ئاگرێکی زۆر گەورەدا دفن بکرێت یان بسوتێنرێت و تۆزو خۆڵەکەی بە دنیادا بڵاوببێتەوە ئازاری بەرزەخ هەر دەچێژێت. ئەوە بەڵگە نەویستە کە بوون و بزاوت و سرەوتی  هەر هەموو گەردو گەردیلەی توخمەکانی وجود بە فەرمانی خوان و بە فەرمانی ئەویش کۆدەبنەوە، هیچ شتێک لە خوای گەورە یاخی نابێت و لەدەستی دەرناچێت).

    ٢- لە لاپەڕە (٨٩)شدا دەفەرموێ: (جۆری ئاگرەکەی کە لە بەرزەخدا دەکرێتە سزا، لە جۆری ئاگری رۆژی دواییە نەک لە جۆری ئاگری دنیایی. جۆرو رازاوەیی باخەکەش لە بەرزەخدا هەر لە جۆری باخی رازاوەی بەهەشتە نەک لە جۆری باخی دنیایی).

    ٣- هەروەها هەر لەوێدا دەفەرموێ: ( لەوانەش سەیر تر ئەوەیە کە دەشێت دوو کەس لە یەک گۆڕدا بە خاک سپێررا بن، یەکێکیان لە چاڵێک لە چاڵەکانی دۆزەخدا دەبێت و ئەوی تریان لە باخێک لە باخەکانی بەهەشتدا دەبێت. کە ئەگەر کەسە زیندووەکان دەستیان لێ بدەن هەست بە هیچ شتێکی ئەو حاڵەتانە ناکەن کە هەردووکیانی تێدایە). واللە اعلم.

     

    وَصَلَّى اللَّه عَلَى سَيِّدنَا مُحَمَّد وَعَلَى آله وَصَحْبه وَسَلَّمَ تَسْلِيمًا

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە

  • وەڵام: دەربارەی چۆنیەتی پیرۆزبایی کردنی جەژنەکان
    وەڵام: 

    پرسیاری (272) دلاوەر لە سویدەوە بە تەلەفۆن

    دەربارەی چۆنیەتی پیرۆزبایی کردنی جەژنەکان

    بسم اللە الرحمن الرحیم

    الحمدلله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

    پرسیاریان دەربارەی چۆنیەتی پیرۆزبایی جەژنان لە ئیمامی ئیبنوتەیمییە کرد. کە بوترێت جەژنت پیرۆز بێت، یان دەستەواژە (عیبارەت) ی تری هاوشێوە، ئایا شیاوە؟ ئایا بەڵگەیەکی لەسەر هەیە؟ لە وەڵامدا فەرمووی[1]: ئەوەی کە خەڵکی دوای نوێژی جەژن کە بە یەکتریی دەڵێن (تَقَبَّلَ اللهُ مِنَّا وَمِنْكُمْ ، و أحَالَهُ اللهُ عَلَيكَ) و هاوشێوەی. ئەوە ئەسڵ (بەڵگە) ی هەیە. ریوایەت لە کۆمەڵێک لە یاوەرانەوە هاتووە، کە وایان بە یەکتریی فەرمووە. ئیمامی ئەحمەدو ئیمامانی تریش رێیان پێداوە. بەڵام ئیمامی ئەحمەد فەرموویەتی من دەسپێخەریی پیرۆزباییەکە ناکەم، کە لێمیان کرد وەڵامی دەدەمەوە، چونکە وەڵامدانەوەی ـ وەکو وەڵامی سڵاو ـ فەرزە، بەڵام دەسپێکی سوننەت نییە. نەهیشی لێ نەکراوە.. ئەوی ئاوا پیرۆزبایی دەکات نموونەی پێشینی لە یاوەراندا هەیەو ئەوی ناشیکات هەر نموونەی لە ناویاندا هەیە. والله أعلم.  

       مەبەستی ئیمامی ئەحمەد رحمە اللە ئەوە بوو کە لە پێغەمبەری خواوە صلی اللە علیە وسلم راستەوخۆ نەهاتووە. چونکە جەنابی ئەوە دەزانێت کە یاوەران کردوویانە. هەر ئیمامی ئەحمەد ریوایەتێک بە سەنەدی پەیوەستەوە لە محمدی کوڕی زیادەوە دەهێنێتەوە کە فەرموویەتی: لە خزمەت ئەبوئومامەی باهیلیی و هەندێک یاوەری تردا بووم،  دەمدی کە لە نوێژی جەژن دەهاتنەوە بە یەکتریان دەفەرموو: (تقبل الله منا ومنكم). ئیمامی ئەحمەد خۆی دەربارەی سەنەدەکەشی دەفەرموێ: (إسناده جيد).[2]

       شێخی ئەلبانی رحمە اللە دەفەرموێ: سیوطی بە سەنەدی (حەسەن) لە زاهیرییەوە وەرگرتووە.. مەبەستی شێخی ئەلبانی لە زاهیر (ابن طاهر) ی خاوەنی کتێبی (تحفة عيد الفطر)ە . [3]

    هەندێک لە توێژەرەوەکانی شەرعناسیی فەرموویانە: مادام ئەسڵ لە رەفتاردا دابو نەریتی جوانەو بەڵگەیەک لەسەر رێلێگرتنی پیرۆزبایی نەهاتووە، کەوابوو دەشێت بە پێی دابونەریتی گەل و ناوچەکان پیرۆزبایی لە یەکتریی بکرێت.. منیش لە بەدواداچوونمدا ئەمەم زیاتر لا چەسپی. بۆیە پێم باشە ـ وەکو پابەندبوونمان بە رەفتارو رەوشتی یاوەرانی بەڕێزەوە ـ  پیرۆزبایی جەژن بەوە لە یەکتریی بکەین کە بڵێین (تَقَبَّلَ اللهُ مِنَّا وَمِنْكُمْ). توندو سەختگیریش نەبین بەرامبەر ئەو کەسانەی دەڵێن: جەژنت پیرۆز بێت.. چونکە ئەمیش پێناچێت ناشەرعی بێت. واللە اعلم.

    وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم تسليما



    [1]  لە: مجموع الفتاوی: (24/253)

    [2] ابن التركماني لە (الجوهر النقي حاشية البيهقي/ 3/ 320 – 321)

    [3] لە تمام المنة ( ل 356 )

  • وەڵام: لەبەر هەژاریی و نەداریی نەیتوانی کەفارەتی رۆژووی نەگیراوی رەمەزانی بدات
    وەڵام: 

    پرسیار: ساڵی پاری گرتوە بەڵام قەرزارن بە ڕێژەیەکی زۆر ئەوەش حاڵی موچەیە ئایا گەر نەتوانێ فیدیەکە بدات، یان خۆی پێویستی بەو پارەیە هەبێت هەر دەبێ بیدات؟

    وەڵام

    الحمد لله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

    هەر کەسێک لەبەر هەژاریی و نەداریی نەیتوانی کەفارەتی رۆژووی نەگیراوی رەمەزانی بدات، کەفارەتەکەی لەسەر نامێنێت. خوای گەورە دەفەرموێ: (لاَ يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلاَّ وُسْعَهَا) البقرة/٢٨٦ واللە اعلم..  ئەمەش رای پەسەندکراوی ئیمامی نەوەوییە رحمەاللە.. 

  • وەڵام: زەکاتی باوك بۆ کوڕ
    وەڵام: 

    پرسیار:

    ئەم کاتەت باش مامۆستا پرسیارێکم هەبوو ئایا گەر لە ماڵەوە دوو کوڕم لە خانووی کرێچین وە مەعاشیشیان نایەت ، زۆریش موحتاجن ئایا درووستە زەکاتیان بدەینێ؟

    وەڵام:

    الحمد لله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

       ئەسڵ ئەوەیە کە مەسرووفاتی ئەولاد لەسەر باوکە، بۆیە زەکاتی باوک بۆ ئەولادی ناشێت، مادام دەوڵەمەندەو مەسرووفی ئەولادەکانی لەسەرە. زەکاتی ئەولادیش بۆ باوک و دایک هەر وایەو ناشێت زەکاتی خۆییان بداتێ. ئەمانە وەکو ئەوەیە کەسێک زەکاتی خۆی بدات بە خۆی!

    ئیبنوقودامە لە (المغنی٢/٢٦٩) دا دەفەرموێ کە ئیبنولمونزیر دەفەرموێ ئەمە کۆڕا (ئیجماع)ی لەسەرە.

    ئەگەر ماڵی خۆیان جودا بوو، خۆیان کاسبییان دەکرد، مەسرووفیان لەسەر خۆیان دەبێت. ئەگەر مەسرووفی خۆیانیان بە تەواویی پێ پەیدا نەدەکرا، باوکەکەش هەیبوو، دەتوانێت زەکاتی خۆییان بداتێ. وەکو ئەوەی خاوەن پرسیارەکە کرێ خانووەکانیان بۆ بدات.. واللە اعلم

    ئیمامی ئیبنوتەیمییە لە (الاختیارات ل١٠٤) دا دەفەرموێ: (دەشێت ئەولاد زەکاتی خۆیان بدەنە باوک و دایک و باپیرو نەنکیان و بەرەوژوورتر. هەروەها  دەشێت بیدەنە ئەولادو حەفید (نەوە)کانیان مادام ئەوان نەدارن و ئەمیش ناتوانێت مەسرووفیان بکات، یان قەرزارو رێبوارن.. ئەگەر دایکێک هەتیوی هەبوو، کە سامانی خۆیانیان هەبوو بەڵام خەمی ئەوەی بوو کە مەسرووف کردنیان لەو سامانە لە زیانیانە، بۆی هەیە زەکاتی سامانی هەتیوەکان بۆ خۆی هەڵگرێت).

       شێخ ئیبنوعوسێمین رحمەاللە دەفەرموێ: (باوک بۆی هەیە زەکاتی خۆی بداتە ئەولادی خۆی بۆ قەرز بۆ دانەوەی، یان بۆ چاک کردنەوەی سەیارەکەی کە تووشی روداو بووەو خۆی پێی چاک ناکرێتەوە) بڕوانە (مجموع فتاوی الشیخ ابن عثیمین١٨/٤١٥ و٥٠٨).

    لە لایەن جەنابی مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە






  • وەڵام: تا چ رادەیەک ئەوە راستە کە دوعای (الجوشن الکبیر) جوبرەئیل هێناوێتی؟
    وەڵام: 

    دەربارەی دوعای جەوشەن

    ئایا تا چ رادەیەک ئەوە راستە کە دوعای (الجوشن الکبیر) جوبرەئیل هێناوێتی؟

    الحمدلله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

       ئێستا کە ئەم وەڵامە دەنووسم ئەو دوعایەم بە چاپکراوی لەبەر دەستدایە کە بە قەبارەی گیرفانی سەدو بیستو هەشت لاپەڕەیە..

    ئەم دوعایەی کە پێی دەوترێت (دعاء الجوشن الکبیر) ریوایاتی دروستکراوی شیعەیەو هەرچییەک دەربارەی دەوترێت درۆی هەڵبەستراون.. وەکو دەوترێت گوایە (ئیمامی سەججاد لە باوکیەوە، ئەویش لە باوکی خۆیەوەو ئەویش لە پێغەمبەری خواوە صلی اللە علیە وسلم جەنابیشی لە جوبرەئیلی ئەمینەوە سەلامی خوای لێ بێت و ئەویش لە خوای گەورەوە هێناوێتی) ئەم ریوایەتە دروستکراوە دەڵێ: (پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم لە یەکێک لە غەزاکانیدا (جەوشەن واتە: درع ) زرێیەکی پۆشیبوو، جوبرەئیلی ئەمین پێی فەرموو: ئەو زرێیە داکەنەو ئەم دوعایە بخوێنە، ئەم دوعایە ئەمان و زەمانە بۆ خۆت و بۆ ئوممەتەکەت) یان دەڵێن (هەر کەسێک دوعای جەوشەن لەسەر کفنەکەی بنوسێت خوای گەورە شەرم دەکات سزای بدات) ریوایاتی تریشیان لەو بارەوە زۆرە.. بە داخەوە لە ناو تورک و کرمانجی باکوریشدا ئەمە بڵاوەو لە رێی ئەوانیشەوە گەیشتۆتە باشوور بە تایبەتی هەولێر.

       خاتوو عایشە خوا لێی رازی بێت دەفەرموێ: (كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم يَسْتَحِبُّ الْجَوَامِعَ مِنَ الدُّعَاءِ ، وَيَدَعُ مَا سِوَى ذَلِكَ)[1] بەدروددینی عەینی لە شەرحیدا لە (شرح سنن أبي داود 5/398،397 ) دا دەفەرموێ: (مەبەست لێی ئەوەیە کە دوعاکانی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم کۆکراوەی مەبەستە جوانەکان و مەبەستە راست و دروستەکان بوون، ئادابی سوپاس و ستایشی خوای گەورەن و داواکارییەکانی عەبدیش دەگرنەخۆ..

       دەشێت لە جیاتی دوعای جەوشەن دوعاکانی (الأذکار)ی ئیمامی نەوەویی یان (حصن الحصین)ی قەحتانی یان (المأثورات)ی ئیمام بەننا بخوێندرێت.. واللەاعلم

    وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم تسليما

    له‌لایه‌ن جه‌نابی مامۆستا كرێكاره‌وه‌ وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌



    [1] ـ ئەبوداوود هێناوێتیەوە (1482)و شێخی ئەلبانی رحمەاللە لە(صحيح أبي داود) دا بە سەحیحی ناساندووە

  • وەڵام: گەر نەتوانێ فیدیەکە بدات، یان خۆی پێویستی بەو پارەیە هەبێت هەر دەبێ بیدات؟
    وەڵام: 

     

    پرسیار: سڵاو بەڕێزم گەرکەسێک یەک گورچیلەی هەبێت ئەوی دیکەی جارێک لەیزەری لێدابێت. کرێچی بێت. ڕۆژوی لێقەدەغەکرابێ بەڵام هەربیگرێت پانزە تا حەڤدە ڕۆژ بگرێت.

     

    الحمد لله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

       هەر کەسێک بە نەخۆشیەکی قورس موبتەلا بوو، وەکو شەکرەو گورچیلەو هاوشێوەیان کە سەلمێنراوە رۆژووگرتن کاریگەری خراپی لەسەر دەبێت، بۆی نیە بەڕۆژوو بێت. ئەگەر رۆژووی گرت و حاڵەتی خراپتر بوو، گوناحبار دەبێت. چونکە وەکو ئیمامی ئیبنوحەزم رحمەاللە دەفەرموێ ئەو کەسە مۆڵەتی خوایی رەتکردۆتەوە.. ئەم کەسە بەڕۆژوو نابێت، ئەگەر دوای رەمەزان چاکبۆوە رۆژووەکەی دەگرێتەوە، ئەگەر نەیتوانی کەفارەت دەدات، لەبری هەر رۆژێکی ڕۆژووە خوراوەکە ژەمە خۆراکێکی ئاسایی ناوچەکەی خۆی دەداتە هەژارێک.. واللە اعلم

     

    وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە

     

    ***

  • وەڵام: کەسێک یەک گورچیلەی هەبێت،ڕۆژوی لێقەدەغەکرابێ
    وەڵام: 

     

    پرسیار: سڵاو بەڕێزم ئەگەر کەسێک یەک گورچیلەی هەبێت ئەوی دیکەی جارێک لەیزەری لێدابێت. کرێچی بێت. ڕۆژوی لێقەدەغەکرابێ بەڵام هەربیگرێت پانزە تا حەڤدە ڕۆژ بگرێت.

     وەڵام:

    الحمد لله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

       هەر کەسێک بە نەخۆشیەکی قورس موبتەلا بوو، وەکو شەکرەو گورچیلەو هاوشێوەیان کە سەلمێنراوە رۆژووگرتن کاریگەری خراپی لەسەر دەبێت، بۆی نیە بەڕۆژوو بێت. ئەگەر رۆژووی گرت و حاڵەتی خراپتر بوو، گوناحبار دەبێت. چونکە وەکو ئیمامی ئیبنوحەزم رحمەاللە دەفەرموێ ئەو کەسە مۆڵەتی خوایی رەتکردۆتەوە.. ئەم کەسە بەڕۆژوو نابێت، ئەگەر دوای رەمەزان چاکبۆوە رۆژووەکەی دەگرێتەوە، ئەگەر نەیتوانی کەفارەت دەدات، لەبری هەر رۆژێکی ڕۆژووە خوراوەکە ژەمە خۆراکێکی ئاسایی ناوچەکەی خۆی دەداتە هەژارێک.. واللە اعلم

     

    وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە

     

    ***

  • وەڵام: نوێژى ته راویح چەند ركاته؟
    وەڵام: 

    پرسیار: السلام علیكم تكایه ده توانن كه مێك رونكردنەوه بدەن کە نوێژى ته راویح چەند ركاته؟

    وەڵام:

    الحمد لله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

       نوێژی تەراویح سوننەتی موئەککەدەیە، واتە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ تەئکیدی لێکردۆتەوە کە بکرێت.. تەراویح لە سیماو سیفەتی رەمەزانە. پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هەشت رکاتی دوورو درێژی دەکرد.. ئەبو سەلەمەی کوڕی عبدالرحمن خوا لێی رازی بێت لە عائیشەخانی خوا لێی رازی بێت پرسی (كَيْفَ كَانَتْ صَلاَةُ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي رَمَضَانَ؟ قَالَتْ: مَا كَانَ يَزِيدُ فِي رَمَضَانَ وَلاَ فِي غَيْرِهِ عَلَى إِحْدَى عَشْرَةَ رَكْعَةً، يُصَلِّي أَرْبَعَ رَكَعَاتٍ، فَلاَ تَسْأَلْ عَنْ حُسْنِهِنَّ وَطُولِهِنَّ، ثُمَّ يُصَلِّي أَرْبَعًا، فَلاَ تَسْأَلْ عَنْ حُسْنِهِنَّ وَطُولِهِنَّ، ثُمَّ يُصَلِّي ثَلاَثًا)[1] واتە: نوێژکردنی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە رەمەزاندا چۆنبوو؟ فەرمووی: نە لە رەمەزان و نە لە غەیری رەمەزاندا لە یازدە رکات زیاتری نەدەکرد: چوار رکاتی دەکرد، لە جوانیی و رێکوپێکییان هەر مەپرسە، پاشان چواری تری دەکرد لە جوانیی و رێکوپێکییان هەر مەپرسە، پاشان سێ رکاتی دەکرد.. ئەم نوێژانەی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ زۆر جار نیوەی شەوی دەخایاند! جار هەبووە هەموو شەوەکەی خایاندووە. لەمەوەیە کە زۆر کەس لەسەر ئەم سوننەتە دەڕۆن، لەو هەشت رکاتەیاندا جوزئێک قورئانی تێدا دەخوێنن. ئەگەرچی ماوەی کەمتر دەمێننەوە. بەڵام وەکو شێخ ئیبنوعوثێمین رحمەاللە لە (الشرح الممتع 4/225) دا دەفەرموێ : رێ لە کەس نەگیراوە رکاتی زیاتر بکات. با سەد رکات بکات.. بەڵگەی بۆچوونەکەی ئەمیش ریوایەتەکەی ئیبنوعومەرە خوا لێی رازی بێت کە دەفەرموێ: (صلاةُ الليلِ مَثنَى مَثنَى فَإذا خَشِيَ أَحَدُكُم الصُّبحَ صَلَّى رَكعَة واحِدَة تُوتَرُ لَهُ مَا قَد صَلَّى)[2] واتە: شەونوێژ دوورکات دوورکاتە، ئەگەر کەسێکتان خەمی ئەوەی بوو سپێدەی بەیانی بگاتێ با رکاتێک بکات تا شەونوێژەکەی پێ بکات بە وتر (تاک). لەمەوەیە کە زۆرینەی پێشەوایانی شەرع بیست و زیاتر لە بیست رکاتیان کردووە. حەنەفیەکان و شافیعیەکان حەنبەلیەکان و زاهیریەکان بیست رکاتیان کردووە. مالیکیەکان بە وترەوە سیونۆ رکاتیان کردووە.. ئیمامی ئیبنوتەیمییە لە (الاختیارات ل64) دا دەفەرموێ: (ئەو کەسەی بە پێی مەزهەبی حەنەفی یان شافیعی یان حەنبەلی بیست رکات تەراویح دەکات، یان بە پێی مەزهەبی مالیک سیوشەش رکات دەکات، یان سێزدە یان یازدە رکات دەکات کارێکی چاکی کردووە.. زۆریی و کەمیی رکاتەکان بە گوێرەی کورت و درێژی نوێژەکە دەبێت).

       پێم وایە هەر کەسێک تەنها بوو و کاتی باشی هەبوو باشتر وایە یازدە رکاتی توولانی بکات، با زیاتر لە جوزئێک قورئانی تێدا بخوێنێت، دەشتوانێت قورئانەکە بە دەستەوە بگرێت و تێیدا بخوێنێت.. ئەگەر بە جەماعاتیش دەیکرد با لە خەڵکی قورس نەکات.. با کەسیش بەرهەڵستی ئەو کەسانە نەکات کە بیست رکات و زیاتر دەکەن.. مادام زیاتر لە یەک راو بۆچوونی پەسەند هەیە.. واللە اعلم

    وصلى الله وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين

     

    لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە

     

    ***

     

     

     



     بوخاریی (1909)و موسلیم (738) [1]

     بوخاریی (946) و موسلیم (749)   [2]

  • وەڵام: ویتر لە دوای نوێژی عیشابیدعه نیه؟
    وەڵام: 

    پرسیار: ئایا نوێژی ویتر لە دوای نوێژی عیشابیدعه نیه؟ له كەیەوه دەست پێدەكات؟ جزاك الله خیرا

    وەڵام:

    الحمد لله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

       نوێژی ویتر بیدعە نییەو سوننەتەو ریوایاتی زۆری لەسەرە. باسی ویتر لای بوخاریی و موسلیم و ئەبوداوودو نەسائی و ترمزیی و ئیبنوماجەو ئیمامی ئەحمەدو ئیبنوحیببان وفەرموودەوانانی تریش هەیە، ئەبوهورەیرە خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە : (أَوْصَانِي خَلِيلِي صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِثَلَاثٍ صِيَامِ ثَلَاثَةِ أَيَّامٍ مِنْ كُلِّ شَهْرٍ، وَرَكْعَتَيْ الضُّحَى، وَأَنْ أُوتِرَ قَبْلَ أَنْ أَنَامَ)[1] واتە: هاوڕێ خۆشەویستەکەم (مەبەستی پێغەمبەری خوایە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)رایسپاردم کە هەر مانگەو سێ رۆژی تێدا بەڕۆژوو بم ودوو رکات سوننەتی سپێدە (فەجر) بکەم وپێش ئەوەی بخەوم نوێژی ویترم بکەم .

       کردنی نوێژی سوننەتی ویتر زۆر شێوازی هەیە. لەوانە: یەک رکاتی کۆتا، بە تەنها، سێ رکاتی کۆتا، پێکەوە کە تەحیاتی ناوەندی تێدا ناخوێنێت، پێنج رکاتی کۆتا، کە هەر تەحیاتی ئەخیریی تێدا دەخوێنێت.. وە هەروەها تا یازدە رکات پێکەوە ..

    پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ کە لە سەفەریشدا دەبوو سوننەتی ویتری هەر دەکرد ..

    کاتی کردنی سوننەتی ویتر لە دوای نوێژی عیشاوەیە تا هاتنی سپێدەی بەیانی. واللە اعلم

    وصلى الله وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين

    لە لایەن مامۆستاکرێکار وەڵام دراوەتەوە

     

    ***

     

     



     متفق علیە [1]

  • وەڵام: رۆژوو له‌و شوێنانه‌ی رۆژیان زۆر درێژه‌
    وەڵام: 

        هه‌موو ساڵێك له‌ كاتی هاتنه‌وه‌ی ره‌مه‌زاندا له‌م جۆره‌ پرسیارانه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.. لاریی و گله‌ییمان له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی نییه‌، چونكه‌ ده‌شێت كه‌سانێك بپرسن كه‌ ئه‌و زانیارانه‌یان پێ نه‌گه‌یشتبێت.. بەڵام ئه‌ركی هه‌موومانه‌ به‌ زۆرترین رێژه‌ بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌و گوێ له‌ فه‌توای نامۆ (شاذ) نه‌گرین، كه‌ ده‌ڵێت مادام رۆژ درێژه‌ رۆژانی ره‌مه‌زانی مه‌ككه‌ بكه‌ به‌ پێوه‌رو له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌ڕۆژوو به‌.. ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی زۆر به‌ڵگه‌ی شه‌رعییه‌، بۆیه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ كاری پێ ناكرێت.. والله اعلم ..

       ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ وەڵامی ئه‌مسالیشمانه‌ (١٤٣٧ك ـ ٢٠١٦ز)

     

    الحمدلله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

       رۆژووی ره‌مه‌زان له‌سه‌ر موسوڵمانانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ خۆریان لێوه‌ هه‌ڵدێت و لێیانه‌وه‌ ئاوا ده‌بێت، فه‌رزه‌و پێویسته‌ بیگرن. ده‌بێت له‌ سپێده‌ی به‌یانییه‌وه‌ تا خۆرئاوابوون خۆیان له‌و ره‌فتارانه‌ بگرنه‌وه‌ كه‌ رۆژوو ده‌شكێنێت له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌و ره‌حه‌تبوونی جنسیی و ئه‌وی له‌ حوكمیاندایه‌. چونكه‌ خوای كاربه‌جێ فه‌رموویه‌تی : (وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ) البقرة/١٨٧ واته‌: شه‌وان بخۆن و بخۆنه‌وه‌ تا ئه‌و ساته‌ی هیڵی تاریكایی شه‌و له‌ هێڵی رۆشنایی سپێده‌ جیا ده‌كرێته‌وه‌، پاشان تا هاتنی شه‌و به‌رۆژوو بن.. فه‌رمانه‌كه‌ رۆشنه‌ كه‌ مادام شه‌وو رۆژ لێك جودا ده‌كرێنه‌وه‌، ده‌بێت رۆژووه‌كه‌ بگیرێت، ئه‌گه‌رچی رۆژه‌كه‌ بیست سه‌عات و زیاتریش بخایه‌نێت. وه‌كو ئێستای ئێمه‌ بۆ نموونه‌ له‌ نه‌رویج كه‌ یه‌كه‌مین رۆژی ره‌مه‌زانه‌كه‌مان بیست سه‌عاته‌و تا كۆتایی مانگه‌كه‌ش رۆژ درێژتر ده‌بێت .. 

       بەڵام كه‌ كه‌سێك  له‌م شوێنانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بێت و دواتر ناتوانێت رۆژووبوونه‌كه‌ی ته‌واو كات، چ له‌به‌ر زۆر برسێتی یان له‌به‌ر زۆر تینوێتی یان له‌به‌ر شه‌كه‌تبوون و ماندووبوونێكی زۆر، ئه‌مانه‌ به‌ زانینی حاڵه‌تی خۆی، یان ده‌ترسێت تووشی نه‌خۆشییه‌ك ببێت، ئه‌مه‌ش به‌ رای خاوه‌ن زانیاریی و ئه‌زموون، بۆی هه‌یه‌ رۆژووه‌كه‌ی بشكێنێت بەڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌ تا نه‌كه‌وێته‌ حاڵه‌تی دژواریی نه‌خۆشیی و مه‌رگه‌وه‌، ئیتر ده‌ست له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێت.. چونكه‌ خوای كارزان ئه‌ركی له‌سه‌ر كه‌س له‌ توانای به‌ده‌ر فه‌رز نه‌كردووه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێ: (لا یُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْساً إِلَّا وُسْعَهَا) البقرة‌/٢٨٦ هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ: (وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ) الحج/٧٨ واته‌: خوای گه‌وره‌ نایه‌وێت له‌ دیندارییتاندا ناڕه‌حه‌تتان كات.. ئه‌م كه‌سه‌ی رۆژووه‌كه‌ ده‌شكێنێت فه‌رزه‌ له‌سه‌ری پاش ره‌مه‌زانه‌كه‌ ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ پێ نه‌بووه‌ بگرێته‌وه‌. خوای میهره‌بان ده‌فه‌رموێ: (فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضاً أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ) البقرة/١٨٥واته‌: هه‌ر كه‌سێكتان گه‌یشته‌وه‌ مانگی ره‌مه‌زان با به‌ڕۆژوو بێت، ئه‌مما ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌خۆشه‌ یان له‌ سه‌فه‌ردایه‌، با له‌ رۆژانی دوای ره‌مه‌زانه‌كه‌دا بیگرێته‌وه‌ ..

       ئه‌مما ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و شوێنانه‌ن كه‌ شه‌ش مانگ شه‌وه‌و شه‌ش مانگ رۆژه‌  وه‌كو موسوڵمانانی باكوری نه‌رویج و سوید و فنله‌نداو ئایله‌نداو كه‌نه‌دا (له‌م ساڵه‌دا) یان له‌ پۆڵ (قوتب)ی باشوورن (ئوسترالیاو نیوزیله‌نداو هاوشێوه‌یان.. له‌ ساڵانی تری پێچه‌وانه‌ی باكووردا) ده‌بێت كاته‌كانی نوێژو رۆژوویان به‌ پێی كاتی شه‌ووڕۆژی نزیكترین ناوچه‌وه‌ لێیان دیاری بكه‌ن كه‌ شه‌وورۆژیان هه‌یه‌.. به‌ڵگه‌ی ئه‌م مه‌زه‌نده‌ (ته‌قدیر) كردنه‌ش ئه‌و ریوایه‌ته‌یه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ باسی ده‌ججالی بۆ یاوه‌ران ده‌فه‌رموو، عه‌رزیان كرد: (ما لَبثُهُ في الأرض) واته‌: چه‌ند له‌سه‌ر زه‌مین ده‌مێنێته‌وه‌؟ فه‌رمووی (أربعونَ يَومَاً، يَومٌ كَسَنَةٍ، وَيَومٌ كَشَهرٍ، وَيَومٌ كَجُمُعَةٍ، وَسَائِرُ أيَّامِهِ كَأيَّامِكُم) واته‌: چل رۆژ، رۆژێكیان به‌قه‌ده‌ر ساڵێك ده‌بێت، رۆژێكی تریان به‌قه‌ده‌ر مانگێك ده‌بێت، رۆژێكی تری به‌قه‌ده‌ر هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت، رۆژه‌كانی تری هه‌ر وه‌كو ئه‌م رۆژانه‌ی ئێوه‌ ده‌بێت. عه‌رزیان كرد: (يا رَسُولَ اللهِ، اليومُ الذي كَسَنَةٍ أَيَكفِينَا فِيهِ صَلاةُ يَومٍ) واته‌: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا، ئایا له‌و رۆژه‌یاندا كه‌ به‌قه‌ده‌ر ساڵێك درێژه‌، نوێژی یه‌ك رۆژی تێدا بكه‌ین به‌سه‌؟ فه‌رمووی (لا، أقدِرُوا لَهُ قَدرَهُ) واته‌: نه‌خێر، كاتی نوێژه‌كانی مه‌زه‌نده‌ (ته‌قدیر) ده‌كه‌ن (موسلیم گێڕاوێتیه‌وه‌).

       ئه‌مه‌ پوخته‌ی فه‌توای ژماره‌ (٢٧٦٩) گه‌وره‌ زانایانی حه‌ره‌مه‌ینه‌، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئێمه‌ش كاری پێده‌كه‌ین والحمدلله‌ ..

    وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين

     

    نوسینی: مامۆستا كرێكار

    ٢٩ی شه‌عبانی ١٤٣٧

    ٥ی حوزه‌یرانی ٢٠١٦

     

     

  • وەڵام: رۆژوونه‌گرتن له‌به‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی خوێندن
    وەڵام: 

    پرسیارێك له‌ كه‌لاره‌وه‌ ده‌رباره‌ی

    رۆژوونه‌گرتن له‌به‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی خوێندن

    الحمدلله رب العالمين والصلاة و السلام على رسوله الأمين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.. أما بعد

       گرتنی رۆژووی ره‌مه‌زان كه‌ له‌سه‌ر موكه‌للـه‌ف فه‌رزه‌، روكنێكی ئیسلامه‌، وه‌لكردنی رۆژووگرتنه‌كه‌ی وه‌لكردنی روكنێكی ئیسلامه‌و له‌ گوناحه‌ گەو‌ره‌كان (الكبائر)ە‌.. ئیمامی زه‌هه‌بی له‌ كتێبی (الكبائر ل/٦٤) دا ده‌فه‌رموێ وه‌لكردنی به‌ڕۆژووبوونی ره‌مه‌زان - به‌ بێ هه‌بوونی عوزری شه‌رعی - گوناحێكه‌ له‌ گوناحی زیناكاریی و شه‌رابخۆریی مودمین گه‌وره‌تره‌..

    نه‌گرتنی رۆژووی ره‌مه‌زان ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌و عوزرانه‌ بێت كه‌ شه‌رعی پاك دیاری كردوون، وه‌كو نه‌خۆشی و سه‌فه‌رو ئه‌وانه‌ی له‌ حوكمیاندان.. نه‌گرتنی رۆژووی ره‌مه‌زان له‌ لایه‌ن خوێندكاره‌وه‌ له‌به‌ر خاتری هه‌بوونی تاقیكردنه‌وه‌ نابێته‌ عوزری به‌ڕۆژوو نه‌بوون.. هه‌موو موكه‌للـه‌فێك فه‌رزه‌ له‌سه‌ریی به‌ڕۆژوو بێت، ئه‌گه‌ر كه‌وته‌ حاڵه‌تی دژوارو خراپه‌وه‌ رۆژووه‌كه‌ی ده‌شكێنێت و دوای ره‌مه‌زان ده‌یگرێته‌وه‌.. ئه‌مه‌ پابه‌ندبوونه‌ به‌و سنووره‌ی شه‌رعه‌وه‌ كه‌ خوای كارزان و دانا داوای كردووه‌ نه‌به‌زێندرێت : (وَمَن يَتَعَدَّ حُدُودَ اللَّهِ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ) البقرة/229

       موسوڵمانان به‌ گشتی و خوێندكاران به‌ تایبه‌تی وه‌بیر دێنمه‌وه‌ كه‌ رۆژووگرتن له‌ كوردستان له‌ هیچ حاڵه‌تێكدا ناگاته‌ پله‌ی سێیه‌می كاریگه‌رێتی برسێتی و تینوێتی له‌سه‌ر كه‌س كه‌ پێنج پله‌یه‌و مرۆڤ له‌ پێنجه‌میاندا ده‌مرێت.. له‌ ئه‌وروپا له‌ هیچ حاڵه‌تێكیدا - ئه‌گه‌ر بیست سه‌عاتیش به‌ڕۆژوو بێت-  ناگاته‌ پله‌ی سێیه‌م  واللەأعلم

    وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم تسليما

     

  •  1 2  
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.