کتێبی: بەرەو فەقێیەتی نوسینی : د. عبدالقادر عبدالعزیز وەرگێڕانی : مامـــۆستا کرێــکار ناساندنی کتێبەکە: بەرهەمی چاپکراوی "زادی"یە و ئێستا بە چاپکراوی لە کتێبخانەکانی کوردستان بەردەستە، لەژێر ناوی بەرەو فەقێیەتی. کتێبەکە لەدوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی یەکەمی لەسەرەتاوە تا لاپەڕە ۷٨ باسی: (گەورەیی زانستی شەرعی و بەڕێزی فێرخوازانی) دەکات. بەشی دووەمی لەلاپەڕە ۷۹ تا کۆتایی کتێبەکە باسی: (حوکمی وەرگرتنی زانستی شەرعی دەکات). ئەم کتێبە دەبێتە دەروازەی یەکەمی ئاشنابوونی فێرخوازانی بەڕێز بە زانستی شەرعی. بەشی گەورەیی زانستی شەرعی و بەڕێزیی فێرخوازانی، ناساندنی پێگەی زانستی شەرعی و فێرخوازانێتی، سەرەتا بە ئایەتەکانی قورئان، پاشان بە فەرموودەکانی پێغەمبەری پێشەوا (صلی اللە علیه وسلم)، ئینجا بە وتەی زانایان و پێشەوایانی ئەهلی ئیسلام. دەروازەی تێگەیشتنە لە پێگەی زانستەکە، تا فێرخواز بزانێت؛ دەستی داوەتە خوێندن و دیراسەی چی؟ تێبگات کە ئەم زانستە لە شەرعی خوادا ڕێزی لێ گیراوە؛ ڕێزی هەڵگرانی خواویستیشی گیراوە کە بە ڕێزی خودی زانستەکەوەیە، تا خۆشەویستی و قەدری زانستەکە لە دڵدا بچەسپێت و دەروونی بۆی بجۆشێت، بە تاسەوە دەستبداتە خوێندنی و تا کۆتایی تەمەنی لە دیدی وەسفی قورئانییەوە بڕوانێتە بەرزیی پێگەی زانستەکە و ڕێزی زۆری هەڵگرانی خواویست و سەرڕاستی.