رۆژوو

کاریگەری ڕۆژوو لەسەر جەستە

                                                                  

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم فەرموویەتی :  ( مَن أَصْبحَ مُعَافى فِي جسده، آمنا في سربه، عنده قوت يومه فكأنما حيزت له الدنيا) [1]واتە: هەرکەسێك بەلەش ساغی شەوی ڕۆژ کردەوە جەستەی ساغ بوو، لەنێو دەوروبەرەکەیدا ئەمین بوو نان و ڕۆزی ئەو ڕۆژەی هەبوو هەروەکو ئەوە وایە هەموو دنیایی درابێتێ.

ئیسلام هاتووە  دین و دنیا پێکەوە گرێ بدات، هەروەکو چۆن یاسای حوکمڕانی ڕێکخستوە لە هەمانکاتدا بایەخیشی داوە بە یاسای پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، هەروەها یاساو ڕێسایی ئابوریشی هێناوە، مەنهەجێکی پڕو دەگمەنی داناوە بۆ پارێزگاری کردن لە تەندروستی مرۆڤایەتی ..

ئەم مەنهەجەش خۆی دەبینێتەوە لە:

(تەندروستی جەستە، تەندروستی ژیری، ڕەفتاری فیترەت و تەندروستی دەروونی).

جەستەو ژیری و دەروون پێکهاتەی فیترەن کە خوای گەورە خەلقی کردووە لە مرۆڤدا، لێرەدا لایەنی جەستە دەخەینە ڕوو:

مانگی ڕەمەزانی پیرۆز کاریگەری لەسەر جەستەی ڕۆژووەوان جی دەهێڵێت، ئەمەش ماوەی ڕۆژووگرتنەکە دەگرێتەوە، ماوەکەی درێژدەبێتەوە لەنێوان بانگی سەرلەبەیانی تا کاتی بانگی ئێوارە کەجەستە پشت دەبەستێ بەو ووزەیەی کەهەیەتی بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی لەشەکری کلوکۆز ئەویش لەخواردنی پارشێودایە، بەڵام لەو ژەمە خۆراکە ناتوانێت ئەو ووزەیە بەدەست بخات کەلە شەکرەکەدا هەیەو وەهەڵیبگرێت تەنها بۆچەند کاتژمێرێکی دیاریکراو نەبێت، لەپاش ئەو کاتە دیاریکراوە جەستە ناچاردەبێت پشت ببەستێت بەو ووزەیەی کەلە شەکری کلوکۆزو مەوادی شەکرەمەنی و هەروەها چەوی هەڵگیراو لەڕیشاڵەکانی جەستەدا کەماوەتەوە، بەم ڕێگایە شەکرو چەوری هەڵگیراو کەبوونەتە ژەهرێکی کەڵەکەبوو لەناو جەستەدا بەکار دەهێنرێت و مرۆڤ ڕزگاری دەبێت لەدەستیان.

شتێکی ئاساییە کە جەستە سەرەتا دەستبکات بە بەکارهێنانی خانە نەخۆش و پیرو تێکچوەکان، پاشان لەدوای ڕۆژوو شکاندن لەگەل خواردنی ئیفتار ئەو خانانە دووبارە دروست دەبنەوە بەخانەی تازە کەهێزێك و چالاکییەك دەدەنەوە بەجەستە.

مانگی ڕەمەزان دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بوارێکە بۆ تازەبوونەوەی لاوێتی و بونی چالاکی و دروستکردنی خانە لەبەرئەوەی ڕۆژووگرتن دەبێتە هۆکاری دوو کاریگەری گرنگ، کەئەمانە:

١- لەکاتی بەکاربردنی جەستە بۆ ئەو ماددە کەڵەکەبوانە  کەلەماوەی ڕۆژووگرتندا بەکاردەبرێت لەنێوانیاندا چەوری کۆبوەوەو لکێنراو بەدیواری بۆریە خوێنبەرەکاندا هەیە کەئەبێتە هۆی توانەوەی هەروەکو چۆن بەفر لەئاودا دەتوێتەوە، بەم هۆکارە خوێن بڕی زیاد دەکات بەهاتووچۆکردن بەو خوێنبەرانەداو ڕێژەی ئۆکسجین و خۆراکی گەیشتوو لەخانەکان زیاد دەبێت،  دووبارە ئەمەش ئەبێتە زیادبوونی چالاکی و دروستبوونی خانە، لەبەرئەوە ئەوکەسانەی کەپابەندن بە ڕۆژووگرتنەوە ڕێژەی توشبوانیان بەنەخۆشی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و نەخۆشی دڵ کەمەو نیشانەکانی پیربوون تیایاندا دوادەکەوێت.

٢- کۆتاییهاتن و شیبوونەوەی خانە تێکچوەکان وە گۆڕینیان بەخانەی نوێ و چالاك ئەبێتەهۆکاری زیادبوونی کارو هێزی ئەرکەکانی جەستە کەئەمەش هەستێك دەداتە مرۆڤ لەپاش کۆتایی مانگی ڕەمەزان هەست دەکات جەستەی خاوێن بوەتەوەو ووزەی زیادی کردوەو دەروونی ڕۆشن بووەتەوە.

هەروەها ڕۆژوو بەوە دادەنرێت  وەکو هۆکارو چارەسەرێکی چالاك بۆ زۆر لەنەخۆشیەکان.

 

لە نێوان ئەم نەخۆشیانەدا ڕۆژوو کاریگەری و چارەسەری هەیە، وەکو ئەمانەی لای خوارەوە:

١- نەخۆشی حەساسیەت ، زۆریك لەو نەخۆشیە حەساسیەتانەی کەبەچەند جۆرێك خۆراك دەوروژێن و زیاددەکەن لەو خۆراکە ناسراوانەش وەکو : ماسی، هێلکە، شکولاتە، مۆز، وەهەندی خۆراکی تر کە نەزانراوە، لەماوەی ڕۆژوو گرتندا جەستە دووردەکەوێتەوە لەم خۆراکانە هەروەها دەحەوێتەوە، لەبەرئەوە ئەوکەسانەی دووچاری نەخۆشی حەساسییەت بوون هەست بە ئیسراحەتێکی زۆر دەکەن لەگەڵ ڕۆژووگرتندا.

٢- نەخۆشی پێستی دەمووچاو کۆبونەوەی چەوری (حب شباب) توشبوون بە زیپکە، کەئەمەش بەهۆکاری زیادەڕەوی کردن لەژەمە خۆراکی چەوریدا، بەهۆکاری ڕۆژووگرتنەوە ئەم هەوکردنانە کەم دەبێتەوە.

٣- ڕۆژووگرتن نیشانەکانی نەخۆشی و ڕاوەستانی دڵ کەم دەکاتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لەڕۆژووگرتندا خواردنەوە لەگەڵ خۆراك کەم دەکرێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆکاری توانەوەی ئەو چەورییەی کەلەدەمارە خوێنبەرەکاندا هەیە وە ئەمەش دەبێتە هۆکاری باش کارکردنی دڵ وە کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی دڵ لەنێو کەسە تۆشبوەکاندا.

٤- قەڵەوبوون و زیاد بوونی کێش، مانگی ڕەمەزان بەپزیشکێکی تایبەتمەندی بێ بەرامبەر دەبینرێت و هەلێکی مەزنە بۆئەو کەسانەی کەکێشیان زۆرە بەو مەرجەی پابەندبن بە مەرجەکانی مانگی ڕەمەزان بۆ تەندروستی، ئەویش وەکو میانڕەویی لەخۆراك و زۆری جوڵەو کەمی تەمەڵی و خەوتن.

٥- ڕۆژووگرتن چارەسەری زۆر لەکێشەکانی ئەندامی هەرسکردن دەکات، وەکو زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە هەروەها نەخۆشی ڕیخۆڵەو هەرس نەکردن و باکردنی سك کەئەمەش لەبەرئەوەی کەسەکە ناتوانێت بۆماوەیەکی درێژ بەهۆی ڕۆژووەکەوە بخوات و بخواتەوە، ڕۆژووگرتنەکە دەرفەت دەداتە ماسولکەو پەردەکانی ئەندامی هەرەس کردن بۆچالاك بوونەوەو زیادکردنی کردارەکان، هەروەها هۆکاری دەروونیش ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لەچارەسەربوونی هەندێك نەخۆشیەکانی ئەندامی هەرس هەروەکو نەخۆشی ڕیخۆڵە، چونکە ئەنجامی ئەو خۆشبەختی و دڵنەوایی دەروونیە هۆکارەکەیەتی.

بەڵام ئایا هەموو ڕۆژووگرێك سودمەند دەبێت لەسودە تەندروستەکانی ڕۆژوو؟

بەداخێکی زۆرەوە هەندێك لەڕۆژووەوانان بێبەش دەبن لە پاداشت هەروەکو سەروەرمان فەرموویەتی: (رُبَّ صَائِمٍ لَيْسَ لَهُ مِنْ صِيَامِهِ إِلا الْجُوعُ والعطش)[2] واتە: ڕۆژووگرێك کەلە ڕۆژووەکەی تەنها برسێتی و تینوێتی بەدەست دەهێنێت.

ئەمەش ئەو ڕۆژووەوانانە ناگرێتەوە کەخۆیان ناگرنەوە لەغەیبەت و نەمیمەو ئاژاوەگێڕی و لەعنەت کردن و غەشکردن، هەروەها ڕۆژووگرانێکی تریش هەیە کەبێبەش دەبێت لەسودەکانی تەندروستی لەمانگی ڕەمەزاندا ئەمەش ئەوانەن کەلەشەوی ڕەمەزاندا زیادەڕەوی دەکەن لە خۆراك هەروەها لەڕۆژەکەیدا جوڵەیان نیە  هەموو ڕۆژەکە بە خەوتن دەباتە سەر، ئەوانە بێبەش دەبن لەسودی تەندروستی ڕۆژووگرتن چونکە جەستە لەکاتی خەودا پێویستی بە ووزەی زۆر نیە، هەروەها پێوسیت ناکات سوتەمەنی بەکاربهینێت ئەمەش دەبێتەهۆی هۆکاری لەدەستچوونی گرنگترین سودی ڕۆژووگرتن کەلەسەر ئەو بناغەیە سودەکانی تر پشتی پێدەبەسترێت ئەویش سوتاندن و تواندنەوەی مەوادی شەکرەمەنی و چەوری و پرۆتینی هەڵگیراوە لەجەستەدا.

خوێنەرانی بەڕێز تکایە جەستە مافی بەسەرتەوە هەیە دەبێ گرنگی تەواو بدەین بە جەستەمان، زۆر کەس بایەخ ناداتە جەستەی تا ڕووبەرووی نەخۆشی دەبێتەوە، تەندروستی باش نیعمەتە خوای گەورەیە کەبەخشیویەتی بە بەندەی خۆی، دەبێ زۆر ئاگاداربین لێی..

پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرموویەتی: (نِعْمَتَانِ مَغْبُونٌ فِيهِمَا كَثِيرٌ مِنَ النَّاسِ : الصِّحَّةُ وَالْفَرَاغُ)[3] واتە: دوو نیعمەت هەیە زۆر لەخەڵکی لێێ بێ ئاگایە ئەویش نیعمەتی کاتی بەتاڵی و تەندروستی یە.

بەهیوای تەندروستییەکی باش بۆ موسڵمانان و ڕۆژووەوانان بەگشتی.



[1]  رواه الترمذي

[2]  رواه النسائي وابن خزيمة في صحيحه ، والحاكم ، وقال : صحيح على شرط البخاري.

[3]  رواه البخاري

2263 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
04/07/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.