نزاو پاڕانەوە

ئادابی پاڕانەوە

گرنگە پێش ئەوەی ئەو نزاو پاڕانەوانە دابگرین کە لەقورئان و سوننەتدا هاتوون بە کورتی باسی ئەو ئادابانە بکەین، کە پێویستە لە کاتی نزاکردندا ڕەچاوبکرێن ، تاخوای گەورەو کردگارمان بە لوتف و بەزەی خۆی نزاکانمان لێقبوڵبکات.

 ١- دڵسۆزی (الاخلاص)بۆ خوای گەورە نزا شاردنەوە و داواکردن لەناخەوە لەخوای گەورە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسە بەڕاستی و بە دڵسۆزییەوە داوا لە خوای گەورە دەکات.

 ٢- یەکێک لە ئادابەکانی پاڕانەوە هەبوونی دەست نوێژە،پاشان ڕووکردنە قیبلەو دەست بەرزکردنەوە. ئەمەش لە پێغەمبەری خواوە  صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هاتووه کە هەرکاتێ ویستبێتی بپاڕێتەوە دەست نوێژی گرتووە و ڕوویکردووەتە قیبلەو دەستی بۆ ئاسمان بەرزکردۆتەوە لەخوای گەورە پاڕاوەتەوە.

٣- دەبێ بە سوپاس و ستایشی خوای گەورەو صلاوات دان لەسەر پێغەمبەرصَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەست پێ بکات.

٤- هەروەها دەبێ دوور بکەوینەوە لەسەجع(واتە نابێت کۆتای نزاو پاڕانەوەکانمان وەک شعر یەک وەزن و یەک قافیەی هەبێت.

 ٥- یەکێکی تر لە ئادابەکانی نزاکردن ئەوەیە کە بەدەنگی نزم داوا لەخوای گەورە بکەیت وەک خوای گەرە دەفەرموێت: ( ادْعُوا رَبَّكُمْ تَضَرُّعًا وَخُفْيَةً إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ ) الأعراف/ ٥٥ . واته:دەسا بە سەرکزی و بە پەنامەکی لەپەروەردگارتان بپاڕێنەوە،بەڕاستی خودا دەست درێژکاران و لە سنوور دەرچوانی خۆش ناوێت.

 ٦- جەزم کردن لەپاڕانەوەو بڕوا بوون بە وەڵامدانەوەی.

 ٧- سوربوون و دووبارەکردنەوە (الحاح )لە پاڕانەوەدا و پەلەنەکردن لەوەڵامدانەوە،لەم بارەوە ئیمامی ئیبن قیم رەحمەتی خوای لێبێت دەفەرموێت:نموونەی ئەوکەسەی کە وازی لە نزاکردن هێناوە وەک ئەو کەسەیە کە تۆوێکی چاندووەو بەردەوام بە دەوروپشتیدا دێت و دەچێت خزمەتی دەکات بەڵام لەگەڵ گەورەبوون و پێگەشتنیدا وازی لێ دەهێنێت.

٨- ئامادەبوونی دڵەکان لەکاتی پاڕانەوەدا :ئاگاداربونی دڵ و پەیوەست بونی دڵ لە ناخەوە بە نزاکەوە هۆکارێکی گەورەن کە چێژو خۆشی بە دەروونی مرۆڤ دەبەخشن و تەنها ئەوانەهەستی پێ دەکەن کە پێ ی گەیشتوون.

 ٩- پاڕانەوە لەکاتی خۆشی و ناخۆشی و پێ گیراندا.

١٠- جگە لەخوای گەورە لەکەس نەپاڕێیتەوەو کەس نەکەیت بە واسیتە لە نێوان خۆت و خوادا.

١١- نەپاڕانەوە لەخۆت و کەس و کارو سامان و منداڵ بەخراپە.

 ١٢- داننان بە تاوان و داواکردنی لێخۆش بوون لە خوا لێی و دان نان بە نیعمەت و سوپاس کردنی خوای گەورە لەسەری.

 ١٣- کوڕوزانەوەو خشوع و ئومێد و ترسان لە خوای گەورە.

١٤- گەڕاندنەوەی مافی ستەم لێ کراوان لەگەڵ تەوبەدا.

١٥- سێ بارە کردنەوەی پاڕانەوەکە .

١٦- دەبێ دوعاکەر لە پێشدا بپاڕێتەوە بۆخۆی پاشان ئەگەر ویستی بۆ غەیری خۆی بپاڕێتەوە،لە پێغەمبەری خواوە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ چەسپاوە کە سەرەتا بۆخۆی دەستی بەپاڕانەوە کردووە ،هەروەها چەسپاویشە کە بۆخۆی دەستی پێ نەکردووە وەک پاڕانەوەی بۆ ئەنەس و ابن عباس و ام اسماعیل و غەیری ئەوان.

١٧- دەبێ تەوەسول بکات بۆلای خوا بەناوە جوانەکانی و سیفەتە بەرزەکانی یان بەکردەوەیەکی چاک کە دوعاکەر خۆی ئەنجامی دابێت یان بەپاڕانەوەی پیاوچاکێکی زیندووی ئامادە کە بۆی بکات.

١٨- دەبێ خواردن و خواردنەوەو پۆشاکی حەڵاڵ بێت.

١٩- نابێ بپاڕێتەوە بەتاوان یان بە بێ بەزەیی.

٢٠- دەبێ فرمان بکات بە چاکەو بەرگری بکات لە خراپە.

٢١- دوورکەوتنەوە لەهەموو جۆرە یاخیبونێکی خوای گەورە.

نوسینی: ئەفنان رەزا

1771 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/08/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.