رێنمایی

ڕێنمایی پێویست، لە چۆنییەتی خوێندنی وانەکان، بۆ سەرجەم ئاستەکان

خوێندنی وانەکان بە شێوازی دروست، گرنگیی زۆری بۆ فێرخواز هەیە، چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت زانیارییەکان دەست بخات. بۆیە تا شێوازەکە شیاوتربێت، دەتوانێت سوودێکی زیاتر لە وانەکان ببینێت. هەروەها گرنگە کە بزانێت ئایا لە پەرتووکێک بۆ پەرتووکێکی تر چۆن بخوێنێت، ئەوەشی لە پێشچاو بێت کە لەو قۆناغەی ئێستای پرسیارەکان چۆن دێنەوە و مامۆستاکانی شێوازی پرسیاردانانیان چۆنە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خوێندنی ئۆنلاین بە زمانی کوردی شتێکی تا ڕادەیەک نامۆیە و فێرخوازەکان بە ئاسانی پەی بەو خاڵانە نابەن، لێرەدا هەندێک ڕێنمایی پێویست دەخەینە بەردەست، تکامان وایە فێرخوازانی ئەزیز بە هەندی وەربگرن.

۱ـ پەرتووکەکان شیکردنەوەیان هەیە، بەڵام بە زۆری شینەکراونەتەوە، چوونکە مامۆستا کرێکار شیکردنەوەی بۆ دەکردن، بەڵام ئێستا بەهۆی زیندانەوە دابڕاوە(خوای گەورە ئازادی بکات). بۆیە:

أـ ئەو پەرتووکانەی شیکردنەوەیان بۆ کراوە گوێیان لێ ڕاگرە جارێک یان زیاتر، تیبینی و زیادو کەمەکانی هەموو بنوسەوە لە دەفتەر و پەرتووکەکانت. بۆ ئەمەش سەرەتا پەرتووکەکە بخوێنەرەوە و پاشان گوێ لە شیکردنەوەکانی بگرە و با پەرتووکەکەشت لە بەردەست بێت لە هەمان کاتدا. ئەگەر لەسەر پەرتووکی چاپکراو ناخوێنیت تا تێبینی و پرسیار و زیادەکانی لەسەر بنووسیت، زەرووریە کە دەفتەرێکی تایبەتت هەبێت بۆ ئەو مەبەستە.

ب ـ ئەو پەرتووکانەی شینەکراونەتەوە چەن جارێک بیانخوێنەوە لە سەرەتاوە تا کۆتایی، هەموو ئەو بڕگانەی پرسیارت هەیە دەربارەیان بە نامەی نوسین یان دەنگی بینێرە بۆ پەیجی زادی ڕێمان و ئێمەش لەوێوە وەڵامت دەدەینەوە بەپێی توانا.

ج ـ ئەگەر هاوڕێیەکی ترت هەیە کە لە هەمان پۆل بن، ئەوا پێکەوە بخوێنن، جا لە نزیکەوەبێت یان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.

د ـ ئەگەر کەسێکی نزیک و شارەزات هەیە کە بتوانی وانەکانی لا بخوێنی، ئەوا کاتی لێوەرگرە کە هەر پەرتووکێک و بەچەن وانەیەک بخوێنیت لە خزمەتیدا. ئەگەر نەبوو؛ بەڵام کەسێک هەیە قۆناغێک یان پۆلێک لە پێش تۆوەیە و ئاستی باشە، با ئەو وانەکانت پێ بڵێتەوە.

۲ـ هەموو ئەو پەرتووکانەی کە لە پڕۆگرامی خوێندنەکان هەیە چاپنەکراون، بەڵام هەندێکی چاپکراوە. بۆیە:

أـ ئەوانەی چاپکراون هەوڵ بدە هەموویان دەست بخە، بۆ ئەوەی لەسەر پەرتووکەکان بخوێنیت، بشتوانیت تێبینی و پرسیارەکانتی لەسەر بنوسیت.

ب ـ ئەوانەی چاپنەکراون، دەتوانی لە چاپەمەنی و پەڕاوگەکاندا کۆپیان بکەیت و لە شێوەی مەلزەمە بیانخوێنیت. چوونکە خوێندن لەسەر کاغەز کەمتر لەبیردەچێتەوە وەک خوێندن لەسەر پەرتووکی ئەلیکترۆنی/pdf زۆر خوێندکاریش هەر بەو شێوەیە هەموو پەرتووکەکان دەخوێنن.

۳ـ لە کاتی خوێندنی هەر پەرتووکێک تێبینی کۆمەڵێک شت بکە کە گرنگن فێریان ببیت، لە تاقیکردنەوەش ئەوانە دێنەوە:

ــ ناوەڕۆک و مەبەستی باسەکان.
ــ ناوی نوسەر و وەرگێڕ.
ــ پێشەکی پەرتووکەکان گەر شتی گرنگیان تێدابوو.
ــ ئەحکامە شەرعییەکان کە باسکراون، بۆ نموونە: چی حەڵاڵە و چی حەرامە، چی فەرزە و چی سوننەتە، چی کوفرە و چی زوڵمە و چی فیسقە و ...هتد.
ــ پێناسەکان.
ــ پەراوێزی لاپەڕەکان، کە تێیدا سەرچاوەکان و نوسەری پەرتووکەکان ئاماژەیان پێکراوە، بۆ نموونە لە پەراوێزدا نوسراوە "مجموع الفتاوی/ابن تیمیة"، لە تاقیکردنەوە ناوی پەرتووکەکە دەدرێت و دەوترێت هی کێیە، یان ناوی نوسەر دەدرێت و دەوترێت کام پەرتووکی نوسیوە، وەڵامەکەشی لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکاندایە.
ــ ژمارەکان:
أـ ژمارەی ساڵ و مێژووی ڕووداوەکان و هاوشێوەیان.
ب ـ ژمارە دەربارەی ئەحکامەکان، بۆ نموونە: چەن شت دەستنوێژ بەتاڵ دەکاتەوە؟ کە لە پەرتووکەکەی بەردەستت نوسراوە و تەنها ژمارەکەی داوا دەکرێت.
ــ ناوەکان، وەکو ناوی کەس و شوێن و ڕووداوەکان و هاوشێوەیان.
ــ ئەو فەرموودە و ئایەتانەی کە گرنگ و ئاسانن، بۆ نموونە کتیبی پێناسەی پایەکانی ئیسلام شیکردنەوەی فەرموودەیەکە کە دەفەرمووێت: الاسلام ان تشهد ان لا اله الا اللە وان محمدا رسول اللە، وتقیم الصلاة، وتؤتي الزکاة، وتصوم رمضان، وتحج البیت ان استطعت الیه سبیلا... لێرەدا هاتنەوەی ئەم فەرموودەیە شتێکی چاوەڕوانکراوە. هەروەها لەبەرکردنی فەرموودەکانی نێو پەرتووکەکانی فەرموودە، وەکو: ئەڕبەعینی نەوەوی، نووری ڕێ ... .
ــ واتای کۆمەڵێک وشەی عەرەبی بە تایبەت لە پەرتووکەکانی ڕێزمانی عەرەبی و تەفسیرەکان.

٤ـ شێوازێکی دروست بۆ سەعیکردن داڕێژە، ڕۆژانە وانەکان بخوێنە و ئەوانەی پێویستە لەبەریانکەیت بە جیا دیاریان بکە، هەوڵ بدە پێنوسی ڕەنگاو ڕەنگی دیاریکردنی نوسین بەکاربێنیت ئەگەر پەرتووکت لەبەردەست بوو، بۆ ئەوەی لەکاتی دووبارەکردنەوەی هەموی پێش تاقیکردنەوە، شتە گرنگەکانت لە پێش چاوبێت. هەروەها پەرتووکەکە چەند جارێک بخوێنەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە واتا گشتییەکەی تێبگەیت.

٥ـ هەوڵ بدە لەو کاتەی لە بەردەستە بۆ خوێندنی هەر وانەیەک، لەو بوارەدا شتی تریش بخوێنەوە یان گوێ لەوانەی تر ڕاگرە، بۆ نموونە: پەرتووکێک دەبارەی عەقیدە دەخوێنی وەکو: لە ڕێساکانی عەقیدەی ئەعلی سوننەت و جەماعەت، یان پوختەی پایەکانی باوەڕ، یان ئیمان. پەرتووکی تریش دەربارەی عەقیدە بخوێنەوە بۆ زیاتر شارەزا بوون لەو بوارەدا، یان گوێ لە وانەی تر ڕاگرە لە یوتیوب کە دەبارەی عەقیدە شیکراونەتەوە لە لایەن مامۆستایانی بەڕێزەوە. هەروەها هەمان کار بکە بۆ هەموو وانەکانی تری وەکو: فەرموودەوانی و قورئانەوانی و شەرعزانی(فقە) و مێژوو سیرە و فیکر و ئاداب و تەزکییە و ...هتد.

٦ـ پەرتووکەکانی ڕێزمانی عەرەبی وا بخوێنە کە هەموو پێناسەکانت لەبەربێت، لانی کەم بە کوردی. هەروەها بتوانیت شیکردنەوە(اعراب) بۆ ڕستەکان بکەیت. واتای وشەکانیش بە گرنگ دابنێ کە ئەگەری زۆریان هەیە بۆ هاتنەوە.

۷ـ خوێندنی زانستی شەرعی و فێربوونی، کارێکە ئاسانە بۆ کەسێک کە خوای گەورە بۆی ئاسانکات، بۆیە بێ مەرامی دونیایی لێببڕێ بۆی، نیەتت بۆ خوای گەورە پاکبەرەوە و خواویستانە فێریان بە.

٨ـ گرنگبێت بەلاتەوە کە هەر پەرتووکێک دەخوێنی لێی تێبگەیت و شارەزای ناوەڕۆکی باسەکانی بیت. فێربوونی زانستی شەرعی بەوە نابێت پەرتووک بخوێنیتەوە، بەڵکو دەبێت بیخوێنیت، لێی تێبگەیت و ئەوەی پێویستە و لەتوانات هەیە لەبەریکەیت. ئەوکات ان شاء اللە سوودی لێدەبینیت. 

۹ـ فێربوونی زانستی شەرعی، وەکو زانستەکانی تر وایە، پێویستی بە پشودرێژی و تاقەت و توانای باش هەیە.

۱۰ـ زادی، شیوازێك لە خوێندن پێشکەش دەکات کە فێرخوازانی لە هەموو جومگە سەرەکییەکانی زانستە شەرعییەکان شارەزا بکات، نەوەک هەندێک بوار بخوێندرێت و هەندێکی تر پشتگوێ بخرێت، بۆیە ڕەنگە دوای تەواوکردنی پۆلی یەکەم لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی خوێندن لە زادی، هەست بەوە بکەیت کە بەشێوەیەکی گشتی زۆر شت فێربوویتە، بەڵام ببینیت کەسێکی تر لە تۆ زیرەکترە لە یەکێک یان زیاتر لە بوارەکان، کە لە شوێنێکی تر کەمتری لەتۆش خوێندووە. ئەمە بە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆگرامی خوێندن لە زادی گشتیگر و تا ئاستێکی سەرەتایی کامڵە، چەن بوارێک ناخوێنیت بە تەنها، بەڵکو لە هەموو بوارە سەرەکیەکان دەخوێنیت، لە ناوەندیدا لانی کەم ۱۲ پەرتووک لە ۱۰ بواردا دەخوێنیت تەنها لە پۆلی یەکەم، لە ئامادەییشدا ١٨ پەرتووک لە زیاتر لە ١٢ بواردا دەخوێنیت، تەنها لە پۆلی یەکەم، بۆیە جارێ زووە تۆ لە بوارێک قوڵ بیتەوە بە ئاستێک کە بتوانی لە وردەکارییەکانی تێبگەیت، لە هەمان کاتدا لێرە بە کوردی دەخوێنیت، بۆیە ئەگەر خۆشت هەوڵ نەدەیت فێری زمانی عەرەبی بیت دوادەکەوێت. بەڵام دواتر لە قۆناغی پەیمانگای ئیبن تەیمییە و دواتر کە دوای ئامادەیی ئامەد دەبێت، تۆش زۆر باش وانەکان بە ئوسوڵی و قوڵتر دەخوێنیت، هەروەها بە دەلیلەکانیانەوە زیاتر لەوەی کە پێشتر خوێندوتن. لەگەڵ ئەوەشدا بە زمانی عەرەبی دەخوێنیت، بۆیە ئاستی زمانەکەشت زۆر باشتر دەبێت ئەوکاتە.

 

شێوازی پرسیارەکان لە کاتی تاقیکردنەوەدا چۆنە؟

هاوشێوەی تاقیکردنەوەی ئاستەکان بۆ هەر پرسیارێك یەک خوولەک کاتت هەیە، بۆ ناوەندی ٢٥ پرسیارە و هەر پرسیارەی چوار نمرەی لەسەر دەبێت. بۆ ئامادەیی ٥٠ پرسیارە و هەر پرسیارەی دوو نمرەی لەسەر دەبێت. بۆ خوێندنی ئەم ساڵ ١٤٤٢ک -٢٠٢٠/٢٠٢١ز، بۆ پۆلەکانی دووەمی ناوەندی و یەکەمی ئامادەیی، کۆمەڵە بابەتێکی "پەیوەست/ پەراوێز" دەکرێت بە ئەرک بۆیان، لەوانە: شیکردنەوەی خودی وانەکە، خوێندنەوەی بابەت یان نامیلکە یان کتێبێک لەسەر هەمان بابەت، گوێگرتن لە وانەیەک یان زنجیرە وانەیەک لەسەر هەمان بابەت. بۆ هەر یەک لەمانەش نمرەی لەسەر دەبێت و لە تاقیکردنەوە پرسیاریان لێ دێتەوە. مەبەست لەمەش دەوڵەمەندکردنی زانیارییەکان و هەمەڕەنگیی ئەرکەکانە بۆ فێرخوازان، تا ئاستی زانستیان بەرزتر بێت و توانای خوێندنەوە و دیراسەیان زیاتر بێت.

شیوازی پرسیارەکان پێکدێن لە:

-       هەڵبژاردن

-       راست و هەڵە

-       بەڵێ و نەخێر

بەڕێوەبەرایەتیی زادی

 

ئەم بڵاوکراوەیە نوێکراوەتەوە لە: ٢٠٢٠/٩/٣٠

 

 

 

 

7417 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/01/2020
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.