رێنمایی

لە بارەی زادییەوە

من لە زادی چی فێردەبم؟

زادی؛ کورتەی "زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی"یە. تۆ لە زادی بەرفراوانترین پڕۆگرامی خوێندن هەڵدەبژێریت بۆ دیراسەکردنت دەربارەی ئیسلام و زانستە شەرعییەکان. ئەمە خاڵی هەرەبەهێزی پڕۆگرامی ئەم خوێندنەیە، کە لەناو دیراساتی ئیسلامیدا بە زمانی کوردی؛ هاوشێوەی نییە، نە لە خوێندنی مەیدانی، نە ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی؛ چ لە حکومی بێت یان ئەهلی، هەروەها لە خوێندنەکانی تریش بە زمانی عەرەبی، نەمانبینیوە بەو "بەرفراوانی" و "تۆکمەیی"ـە.

مادام تۆی فێرخواز عەوداڵی دیراسەی دەربارەی ئیسلام، خوا، شەریعەت، پەیام و بانگەوازی ئیسلامی، فیکر و جیهانبینیی ئیسلامی، زانستە ئوسوڵی و ئالەکان و...هتد؛ ناچار نییت بە چەندین خوێندنی جودای ناگشتگیر یان تایبەتمەند بە بواری دیاریکراودا تێپەڕیت، بۆ ئەوەی بگەیتە ئامانجەکانت، ئاخر زادی بە هەوڵێکی تاقەتپڕوکێن ساڵانێك لە ئەزموون، بەرز و نشێویدا تێپەڕیوە؛ تا بتوانێت ڕێگاکە کورت و، پارچەکان یەکبخاتەوە بۆ میللەتی کوردی موسوڵمان، تا بە خێرایی، بەهێز و پێزەوە دەستباتە ژێر باڵی نەوەی کۆن و نوێی کورد، کە لە ڕیزەکانی دواوەی جیهانی ئیسلامی بەرزبنەوە و بچنتە ئاستی باڵای جیهان، بۆ ئەوەی نەوەی نوێی کورد پێبگات؛ تا بتوانێت کاریگەریی لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە هەبێت، ئەو نەوەیەی ئێستا پێگەیشتووە، ڕاستە پەرت و جیان، بەڵام پێگەیشتوو، تێگەشتوو و باڵان، بەرهەمی ڕەنجگەلێکی ئارەق، فرمێسك و خوێنن، بەڵام هێشتا مامۆستا کرێکار ئەمەی پێ بەس نەبوو، زادیی دامەزراند؛ تا بزاوتێکی شیاو بۆ جوڵە، بانگەواز و شاهێدیدان پێبگەیەنێت. خوا فەزڵی بێپایانی زۆری کرد بەسەرماندا؛ چون دوای چەندجارێك لە دەستگیرکردن و دابڕانی مامۆستا کرێکار، بەرز و نشێوی، دابڕان و دەسپێکردنەوەی؛ ئێستا زادی لە هەر کاتێکی تر ئامادەترە بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیری، پێگەیاندنی زانستی و بەهێزکردنی فیکریی فێرخوازانی. تۆ لە قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەییدا، (١٢) بواری زانستە شەرعییەکان دەخوێنیت، کە ئەمانەن:

١ـ زانستی شەرعی: پێناسە، پێگە، شێوازو ئادابی.

۲- عەقیدە: زانستی عەقیدە و پێناسەی، پێگەی، عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت و کۆمەڵەکانی تر.

۳- فیکری ئیسلامی.

٤- قورئانەوانی: تەجوید، تەفسیر، لەبەرکردن لە قورئانی پیرۆز، زانستەکانی قورئان.

٥- فەرموودەوانی: شیکردنەوەی فەرموودە، زانستەکانی فەرموودە، لەبەرکردنی فەرموودە، ناساندنی پیاوانی فەرموودە.

٦- ڕەفتارناسی: تەزکییە و ئاداب.

۷- بانگەواز.

٨- شەرعزانی: فیقهو قەواعید و ئوسووڵەکانی.

۹- مێژوو: چۆنییەتی خوێندنی، مێژووی موسوڵمانان، کورد و ئەوانەی پێوەی پەیوەستن.

١٠- ژیان و ڕێبازی پێغەمبەران/ سیرە.

١١- ژیانی پێشەوایان.

١٢- زمانەوانی: عەرەبی (زمان و ڕێزمان) و، کوردی (ڕێنووس و خاڵبەندی).


لە بواری زانستی شەرعیدا: بۆ هەر شتێك، سەرەتا ناسینی گرنگە، لە پۆلی یەکەمی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامیدا، فەزڵی زانستی شەرعی دەخوێنیت، لە پۆلی دووەمدا حوکمی زانستی شەرعی؛ کە چ زانسێك فەرزە، لەسەر کێ فەرزە، کەی دەبێتە فەرزی کیفایە و کەی فەرزی عەینی، هەریەك لەو دوو جۆرەی فەرز چین، حوکمی کردن و نەکردنیان چییە و...هتد؟ لە پۆلی سێیەمدا، شێوازی وەرگرتنی زانستی شەرعی دوخوێنیت، لە ئاداب و ڕێسا و ڕێنماییەکان دەربارەیان.


لە بواری عەقیدەدا: دەست پێ دەکەیت بە خوێندنی کورتەیەك دەربارەی عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت، لەگەڵیدا کورتەیەك لە ناساندنی پێنج پایەکەی ئیسلام (شایەتمان، نوێژ، ڕۆژوو، زەکات و حەج). ئەمانەش وان لە قۆناغی ناوەندیدا، دواتر لە قۆناغی ئامادەییدا؛ عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت بە تەفسیڵاتێکی زیاترەوە دەخوێنیت، هاوتا لەگەڵ دەلیلەکانی، هەروەها هەموو پایەکانی ئیسلام کە پێشتر بە کورتی خوێندبووتن؛ لە ڕووی فیکری و فیقهییەوە بە تەفاسیل و دەلیلەکانیانەوە دەیانخوێنیتەوە. پاشان دەربارەی فیرقە گومڕاکان دەخوێنیت و دەیانناسی.


لە بواری فیکری ئیسلامیدا: ئەوەی هاوتای هێزی بازوو ئوممەتی موسوڵمانی ڕاگرتووە؛ فیکری بەهێزی ئیسلامی بووە، چوون لە عەقیدەوە هەڵقوڵاوە و، بە جومگەکانی (عەقیدە، عیبادەت و شەریعەت)دا بڵاوبۆتەوە. ئەوەی ئێستا زۆر گرنگە کە فیکری ئیسلامی پێی هەڵدەستێت؛ ڕاستکردنەوەی بیری نامۆ، تێگەیشتنە هەڵەکان و بەرپاکردنی شۆڕشی هۆشیارییە، هەروەها ڕاستکردنەوەی هەڵەتێگەیشتنەکان دەربارەی: خوا، پێغەمبەران و پێغەمبەرایەتی، ئیسلام، ئیمان، کوفر، دەسەڵات، شارستانێتی، ململانێ، دۆستایەتی و دوژمنایەتی (الولاء والبراء)، حاکمیەت، زمان، کەلتوور، نەتەوە، خاك، خەڵك، ژن، گەردوون، ژیان، مرۆڤ، عەقیدە، عیبادەت و شەریعەت و...هتد! بۆیە لە سەرەتاوە لە قۆناغی ناوەندیدا بە ڕاستکردنەوەی هەندێك لەو بوارانە دەستپێدەکەیت، پاشان تا بە قۆناغەکاندا سەردەکەویت؛ هەموویانت لا ڕۆشن دەبێتەوە، ئەوسا جیهانبینیی ئیسلامی دەربارەی هەریەکەیان تێدەگەیت. لە ئامادەییدا بە تەفسیڵێکی زیاتر، دەربارەی پێناسەی فیکر، بوار و شێوازەکانی دەخوێنیت، هەروەها، لێکۆڵینەوەی ورد دەربارەی شایەتمان، ئیسلام، ئیمان، کوفر، زاراوەگەلێکی شەرعیی کە ماناکانیان دەستکاری کراون، دارولئیسلام و دارولکوفر، پەیام، دیدی ئیسلامی و...هتد، دەخوێنیت.


لە بواری قورئانەوانیدا: لە قۆناغی ناوەندیدا دەست پێ دەکەیت بە خوێندنی تەجوید، پێناسە، جۆر، شێواز و ئادابەکانی، پاشان کورتەیەکی بەسوود لە زانستەکانی قورئان دەخوێنیت، کە دەبێتە دەروازەیەکی زۆر باش، تا تێبگەیت قورئانەوانی، یان زانستەکانی قورئان، چین و چۆنن؟ هەروەها هەندێك سوورەت بە تەفسیرەکانیانەوە دەخوێنیت و سوورەتەکان لەبەر دەکەیت. دواتر لە ئامادەییدا بە زانستی تەجوید دەستپێدەکەیت و دواتر تەفسیر، پەروەردە و پێگەیاندنی خۆت بە قورئان؛ کە جومگەیەکی هەرە سەرەکیی پایەداربوونی خوێندنی زانستی شەرعییە و، شێوازی یاوەرانە لە وەرگرتنی قورئاندا -کە بەداخەوە زۆر پڕۆگرامی خوێندن کەناریان خستووە-. دواتر زانستەکانی قورئان بە شێوازێکی قوڵتر و جوانتر دەخوێنیت، بەجۆرێك دەروازەی دیراسەکردنی سەربەخۆت لەو بوارەدا بە ڕوودا دەکاتەوە. هەروەها لە ئامادەییدا سەرەتایەکی پێویست دەربارەی زانستە ئوسوڵییەکانی قورئان، لەگەڵ زانستەکانی قورئاندا دەخوێنیت، ئەمەش دەروازەیەك دەبێت کە قۆناغی دیراسەی پەیمانگات لا ڕۆشن و ئاسان دەکاتەوە.


لە بواری فەرموودەوانیدا: لە دەستپێکی فەرموودەوانیدا، بە لەبەرکردنی فەرموودەکانی (نووری ڕێ) دەستپێدەکەیت -کە بیست فەرموودەن و دواتر شەرحەکەیان لە ئامادەییدا دەخوێنیت-، پاشان کە فێرخواز چووە پۆلی دووەم و چاوی کرایەوە؛ ئەربەعینی نەوەوی لەبەردەکات و دەیخوێنێت، کە لە کۆنەوە لە نێو زانایانی ئیسلام و -کورستانیش بە حوکمی شافیعی مەزهەبییەکەی-؛ هەر وتراوەتەوە بە فەقێکان، ڕێگرییەك نییە لە ناوەندی ئەکادیمی و زانکۆکانیشدا بخوێندرێت، چونکە ئامانجەکانی خۆی دەپێکێتەوە ان شاء اللە. لەگەڵ ئەوەدا، سەرەتایەك لە زانستی فەرموودە دەخوێنیت، کە دواتر لە ئامادەیی و پەیمانگاشدا زیاتریش دیراسەت بۆی دەبێت و، تێیدا قاڵ و قووڵ دەبیتەوە. هەر لە ئامادەییدا ژیانی هەندێك لە گێڕەرەوە (ڕاوی)یەکانی فەرموودە بە کورتی دەخوێنیت، کە دەکرێت لە پەیمانگادا زیاتر دیراسەی بکەیت.


لە بواری ڕەفتارناسی و تەزکییەدا: کاتێك خوای گەورە باسی ناردنی پێغەمبەرانی دەکات، دەفەرمووێت: بۆ ئەوەم ناردوون، تا بانگەوازی خەڵکی، هەروەها تەزکییە و فێریان بکەن. تەزکییە یەکێكە لە بوارە گرنگەکانی خوێندن -ئەگەر گرنگترینیان نەبێت و هەموو زانستەکانی تر بۆ خزمەتی ئەو نەبن-، کە بەداخەوە لەبەر گرنگیپێنەدانی بە ئاستی پێوسیت؛ ڕەنگدانەوەی خراپی هەبووە. بۆیە لە پۆلی یەکەمی ناوەندیدا کورتەیەکی جوانی ئادابە کۆمەڵایەتییەکان دەخوێدرێت، لەگەڵ ئادابی رەفتاکردن لە خزمەت قورئاندا -وەکوو کە لە بواری قورئانەوانیدا ئاماژەمان پێدا-، دوای ئەوەی فێرخواز زیاتر چاوکراوە بوو، لە پۆلی دوەمدا ڕێساکانی تەزکییەی نەفس دەخوێنێت، لە پێناسە، بنچینە و قەواعیدی فێربوونی شێوازی ئەنجامدانی ئەرکی تەزکییەی نەفس، هاوتا لەگەڵ دوو لە نەخۆشییە سەرەکییەکانی دەروون و شێوازی چارەسەریان، تا لەوێوە فێرخواز فێر بێت، کە چۆن هەموو نەخۆشییەکانی تری دەروونی بەو شێوەیە چارەسەر بکات. لە ئامادەییشدا قاڵ و قووڵ دەبیتەوە لە باس، پێناسە، گرنگی، جۆر، لق و پۆپەکانی و شێوازی جێبەجێکردنی، لەگەڵ خوێندنی ژیانی هەندێك لە پیاوچاكان، تا چاو لە ئاستی بەرزی ئەوان بکەیت و، بیانکەیت بە پێشەوای ژیان و رەفتارەکانی خۆت. هەروەها هەردوو بواری: ئاداب و رەفتارناسی، لە ئامادەییدا جیا دەبنەوە، داب و ئادابی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری پارسەنگ؛ بە دەرسی جیاواز دەخوێنیت، بوارەکانی دەروون، گەشە و نەشونمای رۆحیش بە دەرسی جودا، هەریەکەشیان بە شێوازی بەرفراوان و زیاتر لە پێشوو.


لە بواری ئاداب و بانگەوازدا: لە ناوەندیدا، هەردوو بواری ئاداب و بانگەواز وەکوو وانەی سەربەخۆ، جودا نەکراونەتەوە، بەڵکوو پێکەوە دەیانخوێنیت، ئەمەش ئەوەت لا دەچەسپێنێت، کە بانگخواز لە پێشدا چاکسازی لە خۆیەوە دەستپێدەکات، پاشان خەڵکیی بۆ بانگ دەکات. لەم قۆناغەدا تەریب بە یەکتری، هەردوو لایەنی ئاداب و فیکر لە بواری ئاداب و بانگەوازدا دەخوێندرێت، تاوەکوو ڕۆشنبیریت چرۆ دەکات و دید و ڕەفتاری خۆت پارسەنگ دەبێت تێیدا. پاشان لە ئامادەییدا هەموویان دەچنەوە نێو کڵێشەیەکی فروانتر و لە مەیدانی سەبەخۆدا دەیانخوێنیت.


لە بواری شەرعزانی (فیقهـو ئوسوڵ و قەواعیدی فیقهی)دا: هەروەکوو ئەوەی لە پڕۆگرامی حوجرەکاندا بە زۆری کاری پێدەکرێت، -ئێمەش ئەمەمان پێ پەسەندە-؛ سەرەتا فێرخواز شارەزا دەبێت لە کورتەیەك لە بواری فیقهیدا، لە ناوەندییدا کورتەیەك دەربارەی پاکژی و نوێژ (الطهارة والصلاة) دەخوێنیت. کە چوویتە ئامادەیی، بە تەفسیڵی زیاتریەوە بوارەکانی: پاکژی، نوێژ، ڕۆژوو، زەکات و حەج دەخوێنیت، ئەمەش بە فیقهی دەلیل و بەرفراوانییەکی زیاتر لە هەر خوێندنێکی تری هاوشێوەی... بەڵام دەوڵەمەندتر لە هەرخوێندنێکی تر، تەریب بەیەكتری؛ لە ڕووی فیکری و فیقهیشەوە دەیانخوێنیت؛ تا لە پەیام، کاریگەری، شێوازی ڕەفتار و چەسپاندنی هەریەکەیان تێبگەیت. زیاتر لەوەش؛ زانستەکانی قەواعید و ئوسوڵی فیقهی بە دەرسی جودا دەخوێنیت. تەواوکەری هەموو ئەمانە و فیقهی مەزهەبیش، لە پەیمانگادا تەواو دەکەیت.


لە بواری مێژوودا:
لە گرنگترین بەشی مێژووەوە دەستپێدەکرێت؛ کە مێژووی ژیانی پێغەمبەری خوایە (صلی اللە علیه وسلم)، پاشان یاوەرانی، ئینجا دواتر و دواتر، هەتا دەگاتەوە بە مێژووی کورد و بزاوتی کوردی لە مێژووی کۆن و نوێیدا. لە ناوەندیدا دەستپێدەکرێت بە کورتەی سیرەی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیه وسلم)، هەروەها ژیانی هاوسەر و منداڵەکانی. لە پۆلی دووەمدا ژیانی هەموو پێغەمبەرانی تر دەخوێندرێت، لەگەڵ ژیانی ٢٠ لە یاوەرانی بەڕێزی پێغەمبەری نازدار (صلی اللە علیه وسلم)؛ هەموو ئەمانەش بە کورتی، بەڵام بە پەند، وانە و شیکارییەکی زانستی و پەروەردەیی. لە ئامادەییدا، ژیانی هەموو پێغەمبەران بە تەفاسیڵێکی زیاترەوە دەخوێدرێت، هاوتا لەگەڵیدا، فێرخوازان دەکرێنەوە بە ڕووی خوێندنێکی شیکاری بۆ مێژووی؛ خەلیفەکانی ڕاشیدین، ئەمەوییەکان، عەباسییەکان، عوسمانییەکان و مەغۆلییەکان، مێژووی نوێی کوردەکان، لەگەڵ هەر کۆمەڵێك کە پەیوەستە پێیانەوە. هەروەها ژیانی زیاتر لە چل کەس لە پێشەوایانی خواناس و زانایانی شەرع -وەکوو لە باسی ئاداب و تەزکییەدا باسمان کردووە پێشتر- . دواتر خوێندنێکی شیکاریی ورد؛ بۆ مێژووی نوێی ڕووخانی خیلافەتی ئیسلامی و دواتری؛ هەتا ئێستا. لەگەڵ مێژووی نزیکی کورد و شیکارییەکی وردی زانستی، مێژووی، پەروەردەیی، فیکری، سیاسی، هەواڵگری، ململانێی ئیسلام و ڕۆژئاوا، ڕۆڵ و کاریگەریی کوردەکان لەو نێوانەدا و...هتد. هەروەها، دەربارەی زانستی مێژوو و چۆنییەتی خوێندن و توێژینەوە تێیدا؛ کتێب و وانەی تایبەت دەخوێنیت.


لە بواری ژیانی پێغەمبەراندا:
لە سیرەی پاکی پێغەمبەری نازدار (صلی اللە علیه وسلم)ـەوە دەستپێدەکەیت، پاشان هاوسەر و منداڵەکانی، یاوەرانی نزیکی، وەکوو خەلیفەکان و عەشەرەی موبەشەرە. دواتر ژیانی سەرجەم پێغەمبەرانی تر (علیهم الصلاة والسلام)، سەرجەمیان بە کورتی. دواتر لە ئامادەییدا بە تەفاسیڵێکی زیاترەوە دەربارەی هەر یەك لە پێغەمبەران دەخوێنیت.


لە بواری ژیانی پێشەوایاندا: سەرەتا بە خوێندنی کورتەیەك لە ژیانی هاوسەر و منداڵەکانی پێغـەمبەری خوا (صلی اللە علیه وسلم)ـەوە دەسپێدەکەیت، دواتر خەلیفەکانی ڕاشیدین، عەشەرەی موبەشەرە، پێنج عەبدوڵڵاکە (العبادلة الخمسة) و، هەندێك لە یاوەرانی تری نزیك. دواتر لە ئامادەیی ئامەدی ئیسلامیدا، هابەش بە بەشی تەزکییە؛ ژیانی زیاتر لە ٤٠ لە پێشەوایانی کۆن و نوێ بە کورتی دەخوێنیت. هەروەها تێکەڵ بە بەشی مێژوو؛ ژیانی دەیان لە پێشەوایانی تری کورد و عەرەب و نەتەوەکانی تر.


لە بواری زمانەوانیدا: سەبارەت بە ڕێزمان، لە قۆناغی ناوەندیدا سەرەتایەك لە زانستی نەحو و هەندێك لە سەرف دەخوێنیت، دواتر لە ئامادەیی ئامەددا، کورتەیەك لە هەموو زانستی نەحو دەخوێندرێت، کە دەروازەیەکی باش دەبێت لێوەی داخڵی ڕێزمانی عەرەبی ببیت و ئامادەبیت بۆ قۆناغی پەیمانگا، تا لەوێ زیاتر قاڵ و قووڵ دەبیتەوە. هاوتا بەوانە، لە قۆناغی ئامادەییدا هەردوو بواری ڕێنووس و خاڵبەندیی کوردی دەخوێنیت، کە تێیدا تا ئاستێکی باش بێپێویست دەبیت لە دیراسەی زیاتر لەو بارەیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا؛ وانەی تایبەت دەخوێنیت دەربارەی چۆنییەتی لێکۆڵینەوەی زانستی (البحث العلمي) و کتێبنووسی، هەردووکیشیان لە ژێر چاودێریی مامۆستایانی زادیدا جێ بە جێ دەکرێن لە کاتی خوێندندا.





زیاتر:

ئایا ئەو قۆناغانە هەموویان وەکوو یەکن؟

نەخێر، هەر قۆناغێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە.



تایبەتمەنەدیی قۆناغی ناوەندی چییە؟

ئەم قۆناغە ناوی "ندا"یە، کە کورتکراوەی "ناوەندیی دیراساتی ئیسلامی"یە. دوای ئەوەی ئەزموونی ئەوەمان کرد، کە کەسانێكی لێهاتوو دەیانەوێت بەژداربن لە زادی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاستیان نزمە و ڕاستەوخۆ لە ئامادەییەوە دەستپێکردن بۆ ئەوان ئاسان نییە؛ دەبێتە هۆی بێهیوابوونیان لە بەردەوامبوون، یان هەندێك لە فێرخوازان پێشتر تەنها لە چەند بوارێکی دیاریکراودا شارەزاییان هەبووە و، هەموو بوارەکانیان پێکەوە پێ ناخوێندرێت بە یەك ئاست؛ لەبەر ئەوەش ناتوانن سوودی تەواو لە قۆناغی ئامادەیی ببینن، بۆیە قۆناغی ناوەندیمان کردەوە، تا لەو قۆناغەوە دەستپێبکەن، پێبگەن و زیاتر چاویان تیایدا بکرێتەوە. بۆیە هەوڵمانداوە کە کورتەیەکی قۆناغی ئامادەیی بە ئاسانی لە ناوەندیدا بخەینەوە بەردەستی بەڕێزتان، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەتان نەمێنێت.

هەروەها ناوەندی، سەرەتایەکی زۆر باشە بۆ ئەوانەشی کە دەتوانن راستەوخۆ لە ئامادەییەوە دەست بە خوێندن بکەن، چوون بناغەیەکی پوختی زانستە شەرعییەکانە و بە بینای ئەو بناغە گشتگیرە؛ فێرخواز دەتوانێت زیاتر سوود لە هەموو قۆناغەکانی دواتر ببینێت.

جگە لەوەش، هەندێك وانەی گرنگ لەم قۆناغەدا دەخوێندرێت، کە بێگومان لە قۆناگەکانی دواتردا بەردەست نین.



تایبەتمەندییەکانی قۆناغی ئامادەیی چییە؟


 قۆناغەکە ناوی "ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی"یە. بەو پێیەی پێویستە لە ئامادەییدا بینای جومگە سەرەکییەکانی سەقافەی خۆت بکەیت؛ ئامادەیی پڕۆگرامێکی گشتگیری لە بوارە سەرەکییەکانی خوێندنی تێدا کۆکراوەتەوە، ئاستەکانی سەرەتا لە پۆلی یەکەمەوە دەخوێنیت و دواتر لە پۆلی دووەم و سێیەم تێیدا قاڵ دەبیتەوە. هەروەها ئەو زانستانەی کە زۆرن، سەرەتاکانیان لە پۆلی یەکەمەوە دەستپێدەکەیت و لە پۆلەکانی دواتردا بەشەکانی تری دەخوێنیت.



تایبەتمەندیی پۆلی سێیەمی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی چییە؟


پۆلی سێیەم دوو کاری سەرەکیی تێدا دەکرێت، یەکەم: هەموو ئەو زانستانەی ماویانە بە تەواوی لەبارەیانەوە دیراسەی زیاتر بکەی؛ لێرەدا کامڵی دەکەیت. دووەم: بە ڕەچاوکردنی ئەوەی، کە نابێت فێرخواز تەنها کتێبی گشتی بخوێنێت دەربارەی زانستەکان، هەروەها قۆناغی دوای ئامادەییتان لە پێشە، کە تێیدا دەبێت تایبەتمەندێتی (تخصص) وەرگرن لە بوارێکی دیاریکراودا؛ پۆلی سێیەم لە زانستە سەرەکییەکاندا دەرچە (مدخل)ی تێدا دەخوێندرێت، بۆ نموونە: لە پێشتردا عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەتت بە دەلیلەوە هەموو خوێندووە، بەڵام تۆ هێشتا ناتوانیت دەربارەی هەموو عەقیدە بزانیت، چوونکە عەقیدە وەکوو زانست نەخوێندووە، لێرەدا هەموو پێکهاتەی زانستی عەقیدە کە بۆ فێرخوازێك پێویستە، دەخوێنیت، هەروەها دەربارەی کۆمەڵە گومڕاکانیش دەخوێنیت، کە بەشی ناسینی هەموو ئەوانەیە کە پێچەوانەی عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەتن لە بوارێك یان زیاتری عەقیدەدا. یان بۆ نموونە: تۆ پێشتر بەشەکانی (پاکژی، نوێژ، ڕۆژوو، زەکات و حەج)ت خوێندووە، بەڵام هێشتا تۆ زانستی شەرعزانی (فقه)ت وەکوو زانست نەخوێندووە، بۆیە لێرەدا دەرچەیەك لە (ئوسوڵ و قەواعیدی فیقهی) دەخوێنیت.

خوێندنی ئەو دەرچە و دەروازە زانستییانە هاوکارێکی باشە، تا دواتر بتوانیت لە پەیمانگادا تایبەتمەندیی خۆت هەڵبژێریت لەو بوارەی کە وائەزانیت بەدڵی خۆتە و خولیای فێربوونیت هەیە. ئەمەش یەکێکی ترە لە تایبەتمنەدییە ناوازەکانی پڕۆگرامی خوێندنی زادی، چون وا ئەکات جگە لە خوێندنی وانەکان، فێرخواز بە جوانی زانستەکان بناسێت و دوودڵ نەبێت لە هەڵبژاردنی بوارێك یان زیاتر تێیاندا بە دڵی خۆی، بۆ ئەوەی تایبەتمەندێتیی تێدا وەرگرێت.



زادی بۆ بە کوردییە؟

بە ڕەچاوکردنی ئەوەی، کە نەوەی نوێی کورد بە زۆری ئاستیان لە عەرەبیدا لاوازە، بەڵکوو زۆریان عەرەبی نازانن؛ زادی هەوڵی داوە بە زمانی کوردی هەلی خوێندنێکی تۆکمەتان بۆ برەخسێنێت، چون نەدەکرا فێرخوازان لە سەرەتاوە لەگەڵ عەرەبییەکەدا چەند ساڵێك سەرقاڵ بکەین بۆ ئەوەی فێری عەرەبی ببن و دواتر بەو زمانە بخوێنن، بەڵکوو لە بەدیلی ئەوەدا؛ دیراسەیەکی سەقافیی قووڵ دەخوێنن و، لەگەڵیشیدا چەند وانەیەکی ئاسانکراو دەخرێتەوە بەردەستتان بۆ فێربوونی زمانی عەرەبییش، تا دوای قۆناغی ئامادەیی، لە پەیمانگادا خوێندنەکەتان بە زمانی عەرەبی درێژە پێ بدەن، ئوسوڵ و قەواعیدی زانستەکان لەوێ بە زمانی عەرەبی دیراسە بکەن. واتە لە بری وەستان لە خوێندنی زانستەکان و، سەقاڵبوون بە خوێندن و فێربوونی عەرەبییەکەوە لە سەرەتادا -کە ڕەنگە ئەوکات زۆربەی فێرخوازان ساردببونایەتوە و پێیان قورس بوایە-؛ وامانزانیوە باشترە کە تەریب بەیەکتری هەردووکیان بخوێنین، ئاوا هەلێکی بەرفراوانتر، باشتر و ئاسانکراو دەڕەخسێنرێت، بێگومان هەمان ئامانجیش دەپێکێتەوە لە کۆتاییدا.



جیاوازیی زادی لەگەڵ خوێندنەکانی تردا چییە؟

هەر پڕۆگرامێکی خوێندن تایبەتمەندی و خاڵی بەهێز و لاوازی هەیە، زادییش بەدەر نییە لەو ڕێسایە، بەڵام زادی بینای پڕۆگرامی خۆی بۆ بینای تاکی کۆمەڵگەی کوردی داڕشتووە، هەموو کەسێك پێویستیی بە جۆرێك لە خوێندن نییە و، گشت کۆمەڵگەیەکیش یەك جۆر پڕۆگرام ناخوازێت، زادی دەیەوێت بینای تاکی کوردی (بە تایبەتی کوردی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان)؛ بە پڕۆگرامێکی پەروەردەیی زانستیی شەرعی بکات، ئەمەش تاینەتمەندیی یەکەمییەتی، مەرجیش نییە پڕۆگرامی زادی بۆ جگە لە کورد نەشێت، بەڵام ناشبێت کۆپی بکرێت و وەکوو خۆی دانرێتەوە.

هەمدیس کە ئەنواڕینە خوێندنە جیاجیاکانی جیهان؛ گەر هەموویان نەبێت، زۆرینەیان بۆ تایبەتمەندێتیی بوارێك دانراون، ئەگەریش بەو مەبەستەوە نەبێت، بەڵام بەو ئاراستەیەدا چوون، چوون هەندێك بواری دیاریکراو دەخوێندرێت و ئەوی تر کەنار دەخرێت، لێ زادی ئەم کەلێنەشی پڕکردۆتەوە؛ لە خۆیدا جومگە سەرەکییەکانی بینای تاکی موسوڵمانی ڕۆشنبیری کۆکردۆتەوە، هەنگاو بە هەنگاو؛ لە تەجویدەوە بۆ تەفسیر و ئوسوڵەکانی، لە خۆناسی و خواناسییەوە، بۆ ناسین و پێناسەی موفرەداتەکانی گەردوون، ژیان و مرۆڤ... دەستی فێرخوازان دەگرێت و پێیان دەگەیەنێت. ئاخر زۆر گرنگە، فێرخواز بە پڕۆگرامێکی گشتگیردا ببرێتە سەرەوە، تا لە هەموو شتێك شتێك بزانێت، ئینجا لە کۆتاییدا تایبەنتەندێتیی بوارێكی بۆ بڕەخسێنرێت و؛ لە شتێك هەموو شتێك فێربێت. ئێمە بەو ئاراستەیە فێرخوازانی زادی ئاراستە دەکەین. سەرەتا لە هەموو شتێك شتێك فێردەبێت، دواتر لە بوارێك یان زیاتردا قاڵ و قووڵ دەبێتەوە و، تێیدا تەیبەتمەندێتی (تخصص)ی خۆی دیاری دەکات.



قۆناغی پەیمانگا چییە؟

"پەیمانگای ئیبنوتەیمییە" دوو قۆناغه‌و بۆ ئاستی ئەو کەسانەیە کە خوێندنی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی لای خۆمانیان تەواوکردووە، قۆناغی پەیمانگا رەسەنکردنەوەی بوارەکانی زانستی شەرعین بە بەڵگەکانیان، تا خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو بوارەی دەیەوێت بیکاتە تایبەتمەندیی خۆی لە قۆناغی دواتر(قۆناغی تایبەتمەندێتی).

لە سەرەتادا، مامۆستا کرێکار کە زادیی دامەزراند، ناوی (پەیمانگای ئیبنوتەیمییە) بوو، کە دەکاتە نیوە، یان دوو لەسەر سێی ئەو خوێندنەی ئێستا لە ئامادەییدا دەخوێندرێت، سووپاس بۆ خوا دواتر گەشەی کرد و ناوی گۆڕا بۆ (زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی) کە بە کورتی دەبێتە "زادی". قۆناغی پەیمانگا دواخرا بۆ دوای ئامادەیی، دواتریش قۆناغی ناوەندی کرایەوە لە پێش ئامادەییدا، لە ساڵی ١٤٤٠ك – ٢٠١٨ز، ئەگەر خوا ویستی لەسەر بێت قۆناغی سەرەتاییش دەکەینەوە بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان وا لە ١٠-١٥ ساڵیدا. تا ئێستا ٩/٩/٢٠٢١ز، قۆناغی پەیمانگا نەکراوەتەوە، بۆیە زانیاریی زیاتر دەربارەی ئەو قۆناغە دەخەینە ئەو کاتەی، کە خوا ویستی لەسەر کردنەوەی دەبێت.



زادی، بۆ ناوی زانکۆی هەیە، بەڵام سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی و پەیمانگا لەخۆ دەگرێت؟


قۆناغی زانکۆ، ئەو قۆناغە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ دوای ئامادەیی دێتە پێشەوە. بەڵام ناوی زانکۆ، لە ڕووی زمانەوانییەوە، واتای کۆکەرەوە، یان شوێنی کۆکرانەوەی زانستەکان لەخۆی دەگرێت، بۆیەش زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی؛ دەبێتە ناوێك کە سەرجەم ئاستەکانی تێدا کۆ دەبێتەوە.



کاتم نییە، چۆن لە زادی بخوێنم؟!😬

بە ڕەچاوکردنی ئەوەی فێرخوازانی زادی لە کاری ڕۆژانەیاندا، سەرقاڵی ئەرك و پیشەی جودا و، لە وڵاتی جیاوازن؛ هەوڵمانداوە، بەبێ کەمکردنەوەی ئاستی پڕۆگرامی خوێندنەکە، گونجاوییەکی گشتیی تێدا بێت بۆ هەموو فێرخوازان. تۆ لە ئەرکەکانی ڕۆژانەتدا کاتێکی دیاریکراوت پێویستە بۆ سەقاڵبوون بە خوێندنەکەتەوە، بەڵام لە هەر کاتێکی شەو و ڕۆژدا بێت کێشەی نابێت، چونکە چالاکی و وانەکانت بە ئەلیکترۆنی دەبێت، نەك ئۆنلاین، واتە نایەوێت ڕۆژانە لە کاتێکی دیاریکراودا وەکوو دەوامی خوێندن ئامادەی وانەکان بیت، بەڵکوو بە ئامادەکراوی دەخرێتە بەردەستت، تۆش لەو کاتەی بۆت تەرخانکردووە سەرقاڵی دیراسەکردنیان دەبیت. بۆ زیاتر پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە؛ هەوڵی تەواو دەدەین کە لە داهاتوودا، شێوازێك لە ڕیکخستنی کاتەکان لەگەڵ فێرخوازاندا دابنێین، کە کاتی بۆ خوێندن، بەسەرداچوونە و پشووی تێدا بێت.



بەڕیوەبەرایەتیی زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی – زادی



کەناڵی زادی لە تیلیگرام

زادی لە فەیسبووك

زادی لە یوتیووب

ماڵپەڕی فەرمیی زادی

ئەم زانیارییانە بە ڤیدیۆ

2662 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/09/2021
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.