رێنمایی

بۆچی لە زادی بخوێنم؟



خوێندنی زانستە شەرعییەکان لە کۆنەوە تا ئێستا بە چەند شێوازێکی جیاوازدا تێپەڕیوە، لە سەردەمانی دواییدا لە کوردستاندا حوجرەکان ئەو ئەرکە پیرۆزەیان ئەدا کردووە و تا ئێستاش لە خزمەتی خۆیان نەوەستاون. دواتریش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و چەسپاندنی خوێندنی ئەکادیمی و زانکۆ حکومییەکاندا، جۆرێکی تر لە خوێندن لە ھەموو دنیادا دەرکەوت؛ کوردستانیش لە نیوانیاندا، ئەویش خوێندنی ئەکادیمی بوو. ناچینە سەر باسی پڕۆگرامەکانی لە ژێر فلتەری ئیستیعمار و دواتریش حکوومەتە پلاستیکییەکانی سەر بە ئەوان، ئەوەی جێی باسە لێرەدا ئەوەبوو، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەھای کەمبوویەوە، بەجۆرێک ئەوەی کە تا ئاستێکی دیاریکراو توانیی خۆی لە گورزی شێواندنی پڕۆگرامەکەی بپاریزێت؛ ھەندێکی کەم لە حوجرە و زانکۆکان بوون کە بە پەنجەکانی دەست دەژمیردرێن. 

یەکێک لە خاڵە ھەرە لاوازەکانی خوێندنە ئەکادیمییە ڕەسمییەکان و بەشێک لە ناڕەسمی و ئۆنلاینەکانیش ئەوەیە، کە بەشێکی ئەو پڕۆگرامە بەرفراوانە گشتگیرە دەخەنە ڕوو کە پێشتر دەخوێندرا و ئێستاش بەشێکیان لە حوجرەکاندا پارێزراون، لەوەش زیاتر؛ دواتر گەشتە ئاستێک کە ئەو بەشەی پڕۆگرامەکان پوختە و دواتریش بەشێکی ئەو پوختەیە دەخوێندرا لە شێوەی مەلزەمە و کەمتر لە مەلزەمەدا! ئەمە بێ لەوەی کە دران لە قاڵب و فلتەری تریش، وەکوو دەرکردنی ڕۆحییەتی زانستەکە و، ھێشتنەوەی ھەندێک باسی کەمی بەو کتێب و سەرچاوانەی کە لایەنە ڕەسمییەکان دیارییان دەکرد.

لەولاشەوە، سەرەڕای قەدری گران و ڕۆڵی گەورەی حوجرەکان -کە تا ئێستاش ھەر بەو شێوەیەن-، لە چەندین باسی گرنگ دابڕان و توانییان تەنیا بەشێکی زانستە بەرفراوانەکەی پێشتر و زۆر کەمتری زانستە نوێیەکانی سەردەمیش جێ بکەنەوە لە خۆیاندا، بە تایبەتی دوای نەمانی دەسەڵاتی موسوڵمانان و ھاتنی ئیستیعماری وڵاتان بۆ خاکی ئیسلام، چوون ئەوان ھەر لە سەرەتاوە بڕیاریان دابوو، کە نابێت ئەزموونی شکستخواردووی سەدانساڵەی پێشتر دووبارە بکەنەوە لەگەڵ موسوڵماناندا؛ کە تەنیا شەڕی سەربازییە، بەڵکوو دەبێت ئەم جارە لە ناوخۆوە بە چەندین تاکتیکی نوێ دایڕووخێنن، لە نێویشیاندا جەنگی فیکری بوو بە گۆڕنی پڕۆگرامی خوێندنەکان و چەندین ڕێگای تری ھاوشێوەی. ئەو ھەموو فلتەر و چاوەی لەسەر حوجرە و زانکۆ بێنازەکانیش نەیھێشت بە ئاسانی بپەرژێنەوە سەر خۆڕێکخستنەوە و پڕکردنەوەی کەلێنەکان بە ئاستی پێوسیت.

لەم نێوانەشدا، لە ھەستیارترین ئەو شتانەی کە بە لای ئەوانەوە گرنگ بوو کە نەیھێڵن؛ عەقیدە، فیکر، سیاسەت، مێژوو، زانستە ئیمانی و عەقڵییە بزوێنەرەکانی تر بوون. زانکۆکانی خۆیان ئاوەدان کردوەوە بە زانستە زیندووەکان، تەنانەت زانستە ئیسلامییەکانیش! تا ئیتر ئەوان بوون بە سەنتەری بڵاوکردنەوەی زانست و گۆڕەپانی پێگەیشتنی زانا و بیرمەندەکان و ئاراستەی دونیایان بە زانست و تەکنەلۆژیا دەکرد. 

لەملاشەوە موسوڵمانان بە ڕەچاوکردنی کەلێنەکانی خوێندنی حوجرەکان و گرنگیی پڕکردنەوەیان؛ کەوتنە نووسین و لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەو بۆشاییە زانستییانە و گرنگیی پڕکردنەوەیان، شێوازی نوێی خوێندنی ئەکادیمی بە تایبەتی ئۆنلاین؛ ھاوکار بوو بۆ سەرھەڵدانی ھەندێک ئەکادیمیای زانستە شەرعییەکانی و دواتریش زانستە مرۆییەکانی سەردەم لە لایەن موسوڵمانانەوە. 
زۆر بە داخەوە کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆرێک لە حوجرەکان بە تایبەتی ئەوانەی کوردستان؛ لەبەر دەستێوەردانی حکومەت و چاودێریی بەردەوامی لە لایەک و کەمتەرخەمیی خۆمان لە لایەکی ترەوە، ئەو کەلێنە زانستییانە ھێشتا بە تەواوی پڕنەکراونەتەوە.

جەنابی مامۆستا کرێکار (خوای گەورە ئازادی کات)، وەکوو مەلایەکی پێگەیشتووی نێو حوجرەکان و بیرمەندێکی بەئاگا لە واقیع و جوڵەی نوێی دونیا، یەکەم ئەکادیمای ئۆنلاینی بۆ خوێندنی زانستە شەرعییەکان بە زمانی کوردی دامەزراند، بۆ تەواوکردنی ئەرکی تەواونەکراوی حوجرە و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان و، پەروەدەکردنی نەوەی نوێ بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات و تاراوگەدا، ئەویش بە دانانی ١٥ کتێب وەکوو پڕۆگرامی خوێندنێک بە ناوی (پەیمانگای ئیبنو تەیمییە). ھەر خۆشی کەوتە نووسین و وەرگێڕانی کتێب و پاشان شیکردنەوەیان تا پەیمانگاکە ئامادە بێت و ھەنگاوی یەکەمی بەرەو ڕۆشنبیرکردن ھەڵگرێت. ئاماژەشی بەوە دەدا کە ئەمە ناونانێت "زانستی شەرعی"، بەڵکوو ئەمە "ڕۆشنبیرییەکی زانستی شەرعی"یە و، بۆ خوێندنی زانستی شەرعی دەبێت ئاوڕ لە خوێندنی شێوازی فەقێیەتیی حوجرەکان بدرێتەوە. یەکەم وانەشی لە ٢٠٠٨/٥/٥ دا پێشکەشکرد لە شیکردنەوەی کتێبی (جیھانبینیی ئیسلامی)، کە ئێستا لە پۆلی سێی ئامادەییدا دەخوێندرێت.

ھەر ئەم خوێندنە دوای ئەوەی بە بێنازی دەستی پیکرد و، بە زیندانیی خودی مامۆستا کرێکاریش تا چەند ساڵێک وەستا؛ دوای ئازادبوونەوەی و لە ساڵی ٢٠١٥ بە دواوە، دەستی دایەوە چالاککردنەوەی و ناوەکەی گۆڕی بۆ (زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی)، کە بە کورتکراوەیی دەبوو بە (زادی). خوێندنێکی بەرفراوانی لێ دامەزراند، ئەویش سێ پۆلی ئامادەیی بە ناوی (ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی) و، پڕۆگرامی (پەیمانگای ئیبن تەیمییە)ش کرا بە پۆلی یەکەمی ئامادەییەکە، دواتر پۆلی دووەم و سێیەمی لە دوای زیندانیکردنی خۆی لە مانگی ٧ی٢٠١٩ کرانەوە و، لە کاتی خۆشیدا قۆناغی ناوەندیی بە ناوی (ناوەندیی دیراساتی ئیسلامی) کردەوە، کە بە کورتکراوەیی دەبێت بە (ندا/نیدا)، ئەمەش بۆ ئاسانکاریی خوێندنەکە بۆ ئەو کەسانەی کە تەمەنیان کەمە یان ئاستی زانستییان لاوازە و توانای خوێندنی ئامادەییەکەیان نەبوو. ھەرچەندە پلانی وابوو کە قۆناغی سەرەتاییش بکاتەوە، بە ناوی (سەرەتایی دیراساتی ئیسلامی)، کە کورتکراوەکەی دەبێت بە (سدا/سەدا)، بۆ منداڵ و پێش قۆناغی ناوەندی، بەڵام زیندان دایبڕی، لەولاشەوە قۆناغی پەیمانگا ھەر بە ھەمان ناوی یەکەمجارییەوە بۆ دوای ئامادەیی ئامادە دەکرا، بەڵام بە پڕۆگرامێکی تر و ئاستێکی بەرزتر بە زمانی عەرەبی، بۆ دەرچوانی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی، یان ئەوانەی کە فەقێیەتییان تەواو کردبێت، داتریش قۆناغی (تایبەتمەندێتی/تخێێ)، بۆ دەرچوانی قۆناغی پەیمانگا، تا لەوێ لە بوارێکی دیاریکرداودا قاڵ ببنەوە و تایبەتمەندێتی وەرگرن. ئێستا قۆناغی ناوەندی تەواو بووە و ئامادەیی لە تەواوبووندایە بە فەزڵ و منەتی خوا، کە بەشێکی لە دوای زیندانیکردنەوەی مامۆستا تەواو کراون و فێرخوازان بەژدارییان تێیدا کردووە. 

بەم جۆرە (زادی) لە قۆناغی خوێندنێکی ئەکادیمیی ئاساییەوە بەرەو خوێندنی گشتگیری زانستیتر ھەنگاو دەنێت، چوون ئێستا لە ھەر بوارێک لە بوارەکان؛ دوو بۆ سێ ئەوەندە و زیاتری جاران دەخوێندرێت، ئەمەش تەنیا لە ناوەندی و ئامادەیی، دواتریش لە پۆلی سێیەمی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی و پەیمانگادا بەشێکی زۆری ئەو دەرسانەی لە پڕۆگرامی حوجرەکاندا ھەن دەخوێندرێت، بەمەش ئاستی سەرەتایی زانستەکانی حوجرەشی تێکەڵ بەو پڕۆگرامە ڕۆشنبیرکردنە بەرفراوانە بەھێزەی خۆی دەکات. 

ئەوەی لێرەدا خاڵی ھاوبەشی نێوان خوێندنی (زادی) و حوجرەکانە، دوو خاڵە:
- خوێندنی بەشێکی زۆر لە کتێبە زانستییەکانی حوجرەکان، بە تایبەتی لە پۆلی سێیەمی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی و قۆناغەکانی پەیمانگا و تایبەتمەندێتیدا.
- تەواوکردنی ھەر کتێبێک کە لە پڕۆگرامی خوێندنی (زادی)دا دانرابێت، بەبێ لێبڕینی ھیچ بەش و بابەتێکی. ئەمەش خاڵی ھەرە لاوازی زۆرێک لە خوێندنە ئەکادیمییە ڕەسمی و ناڕەسمییەکانی ئێستایە.


ئەوەشی خاڵی لاوازی (زادی) و ھەموو خوێندنەکانی ترە بەراورد بە سیستمی خوێندنی حوجرەکان:
- خوێندنی حوجرەکان مەیدانین، فەقێ ئەژنۆ بە ئەژنۆی مامۆستا بەڕێزەکەی خۆیەوە دەنێت بۆ خوێندن، تەنیا کتێب ناخوێنێت، بەڵکوو ئەدەبیشی لێوە فێردەبێت، ھەروەھا بەردەوام دەیبینێت و ئامۆژگاریی لێوە وەردەگرێت. 
- فەقێ لە حوجرەدا بەشێک لە زانستەکەی جێبەجێ دەکات بە کرداری، وەکوو کە خوێندکارێکی بەشی پزیشکی لەگەڵ نەخۆشخانەکاندا جێبەجێی دەکات، یان مامۆستایەک لە قوتابخانە دەیخاتە بواری کردارییەوە. 
- خوێندنی حوجرەکان لە زانستەکانی (ئالە)دا زۆر زیاتر دەخوێنن، ھەروەھا بناغەیەکی پتەوی زانستی دەبەخشنە فێرخواز.
- ئەمانە و چەندین خاڵی تری گرنگ.

خاڵی بەھێزی (زادی) و بەشێک لە خوێندنە ئەکادیمییەکان بە بەراورد بە حوجرەکان:
- (زادی) خوێندنێکی زۆر گشتگیرە، کە ڕەنگە نەک تەنیا حوجرەکان؛ بەڵکوو زۆرێک لە ئەکادیمیا و زانکۆکانیش لەو ئاستەدا نەبن، ئەمەش تەنیا قسەیەک نییە، بەڵکوو لە پڕۆگرامەکەیدا بە ئاشکرا خراوەتە ڕوو بۆ ھەرکەس بییەوێت بە دوایدا بچێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ھێشتا زۆر بواری تر ھەن کە دەشێت تێیدا بخوێندرێت لە داھاتوودا.
- (زادی) و بەشێک لە خوێندنەکانی تری ھاوشێوەی، لە ژێر فشار و سانسۆری ھیچ کەس و وڵاتێکدا نین، بە تایبەتی خوێندنە ئۆنلاینەکان، ئەمەش ھەلی بۆ ڕەخساندوون کە ئەو کەلێنەی پێشتر باسکران پڕ بکەنەوە.
- (زادی) ڕۆشنبیرییەکی گشتگیری تۆکمەی بەرفراوان دەبەخشێتە فێرخوازانی؛ تەریب بە زانستە شەرعییەکان، ئەمەش لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم خوێندنەیە و لە پایە گرنگەکانییەتی.
- (زادی) ھەلێکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی دەستیان بە حوجرەکان ناگات، یان تەمەن و کاتیان ڕێگەیان پێ نادات، یاخوود خاوەن تایبەتیمەندیی ترن و پیشەکەیان ڕێگرە بۆ خوێندنی مەیدانی، ھەروەھا بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، یان ئەو خوشکە بەڕێزانەی حوجرەیەک نییە ئەوان بگرێتە خۆ بۆ فێربوونی زانستی شەرعی.
- (زادی) گرنگییەکی زۆری دواوە بە بواری فیکر و ململانێ زیندووەکانی واقیعی ئێستا، ئەمەش وا لە فێرخوازەکانی دەکات؛ جیاواز لە ھەستکردنیان بە فێربوونی زاسنتەکان، ھەست بە زیندوویی ئەو وانانە بکەن کە دەیانخوێنن، چونکە لە ھەموو ساتێکی ژیانیاندا ھەست دەکەن بەرچاوڕوونیان دەکات لە ئاست ڕووداوەکانی چواردەوریان.

جیاوازیی (زادی) لەگەڵ بەشێک لە خوێندنە ئەکادیمییەکانی تر:
- (زادی) لە دیراسەی ھەموو بوارە سەرەکییەکانی زانستی شەرعیی لەخۆ گرتووە.
- (زادی) تەنیا زانستە شەرعییەکان نییە بەبێ بوارەکانی تەزکییە، فیکر، مێژوو، پەروەردە و ھاوشێوەیان، تەنیا ئەو بوارانەش نییە بەبێ گرنگیدانی ئەوتۆ بە زانستە شەرعییەکان، بە تایبەتی ئوسوڵ و قەواعیدی زانستەکان، بەڵکوو تێکەڵەیەکە لە ھەموویان.
- (زادی) لەژێر فشار و فلتەری ھیچ کەس و لایەنێکدا نییە، بەڵکوو تەواوی زانستەکان بە تەواوی سەراحەتەوە فێری فێرخوازانی دەکات، ئەمەش ئەو تایبەتمەندییەیە کە زۆر دەگمەن ماوەتەوە لە سیستمی خوێندنی ھاوچەرخدا!
- ئێستا دامەزرێنەری سەرەکیی (زادی) خۆی خوێندنەکە بەڕێوە نابێت، چونکە لە زینداندایە (خوای گەورە ئازادی کات)، بەڵکوو سپاردوویەتی بە "مامۆستایانی زادی"، کە لە کاتی خۆشیدا ھەر ھاوکاری بوون لە بەڕێوەبردنیدا. ئەمەش لە یەککاتدا خاڵی لاواز و بەھێزی (زادی)یە، خاڵی لاوازیەتی، چوونکە مامۆستا کرێکار ئێستا ناتوانێت پەیوەندی بە فێرخوازانییەوە بکات و وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە، ناشتوانێت کتێبە شینەکراوەکانی تر شیبکاتەوە. خاڵی بەھێزیشیەتی، چونکە ئێستا تەنیا یەک کەس ھەموو وانەکان شی ناکاتەوە، بەڵکوو ئەو کتێبانەی کە لە پڕۆگرامی خوێندنی زادیدا دانروان، بەشێکیان لە پێشتر لە لایەن مامۆستای بەڕێزی ترەوە شیکراونەتەوە و (زادی) لیی سوودمەند بووە، ئەمەش لە زۆرێک لە ئەکادیمییە نوێیەکاندا پەیڕەو دەکرێت.

بێگومان ھەموو ئەم خوێندن و سیستمە جیاوازانە تەواوکەری یەکترن و ھیچیان لەوانی تر بێمنەت نین، (زادی)یش زۆری ماوە خۆی بگرێت و ئێمەش بانگەشەی نەبوونی ھەڵە یان کەموکورتی ناکەین، بەڵکوو دەمانەوێت زیاتر بەرچاوی فێرخوازانمان ڕۆشن بێت، تا بزانن خەریکی چین و چۆن ئەنجامی ئەدەن. ھەروەھا زادی بناسێنین بەو کەسانەی کە باش نەیانناسیوە یان پرسیاریان دەربارەی ھەیە. جگە لەم نوسراوەش، لە بەشی "ڕینمایی" لە ماڵپەڕی (زادی ڕێمان - zadyreman.com) ڕوونکردنەوەی ترمان لەم بارەیەوە داوە. لە کۆتاییشدا، فەزڵ و منەتی تەواو ھەر لە خوای گەورەوەیە، ھەر ئەویش ھەڵسووڕێنەری کاری بەندەکانییەتی و شایستەی تەواوی سوپاس و ستایشە.

بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی (زادی)   

2744 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/02/2022
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.