کتێبخانە

ته‌فسیری سوره‌تی المنافقون

سورەتی المنافقون: شەست و سێیەم سورەتی قورئانەو یازدە ئایەتەو مەدەنیە، واتە لە مەدینە ھاتۆتەخوارەوە کە بە شێوەیەکی گشتی تەوەرە باسەکانیان یاساو رێساداڕشتنە، لەگەڵ ئیھمالنەکردنی تەوەرەکانی عەقیدەو ئاڕاستەکردنی گەشەی کۆمەڵگە موسوڵمانەکەی مەدینە، کە لە کۆچکەرو پشتیوانەکان پێکھات.. تەوەرەباسی ئەم سورەتەش باسی دووڕووەکانە، کە لە مەدینەدا بوونە توێژێکی کاریگەریی سلبی کۆمەڵگەکە! بۆیە ناوەکەشی بۆتە ئەو ناوە ئابڕووتکێنە ( سورة المنافقون )!

   باسی دووڕوویی و دووڕووەکان لە زۆر شوێنیتری قورئاندا ھاتووە، کەم سورەت ھەیە بە راشکاویی و راستەوخۆ یان بە ئاماژەی لاوەکیی باسیانینەکردبێت، بەڵام ئەم سورەتە تایبەت بەوان کراوەو تەنانەت ئەو یەک دوو ھەڕەشەی لە کۆتایی سورەتەکەدا لە موسوڵمانانیشی دەکات، کە نەکەونە ئەوەی بۆ خوا ساغنەبووبێتنەوەو سەروەت و سامان و ماڵ و منداڵەکانیان ئەوەندە بە خۆیانەوە خەریکیانکەن ئەرکی سەرشانیان لە ھەڵگرتنی دینەکەو بانگەوازەکەیدا لا سووکببێت! پێیان دەفەرموێت:  ھۆشیاربن ئەوەندە بە دەم ھەواوھەوەس و نەفسی خۆتاندا نەچن، نەبادا بێئاگایانە سیفەتی دووڕووییتان پێوەبلکێت و رواڵەت و رەفتارتان وەکو ھی دووڕووەکانی لێبێت و ببێتە جێگومانی موسوڵمانانیتر!!

   ئەم سورەتە ھەرچەندە، کورتە بەڵام تین و تەوژمی رەشەبایەکی بەھێز لەخۆدەگرێت، کە پەردەی سەر ناخ و داخی دووڕووەکان لا دەبات، کە چەند کرمێ و رەشداگەڕاووە! دڵ و دەروونیان دەردەخات کە چۆن قین و بوغز پەنگیتێداخواردۆتەوە، رەفتارو رەوشتیان فەزحدەکات کە بەردەوام پێویستیان بە سوێندی درۆ ھەیە، تا موسوڵمانان قەناعەتپێبکەن، کە ئەمانیش وەکو ئەوانن، باوەڕیان بە ئیسلام ھەیەو پێوەی پابەندن!  درۆودەلەسەو فاکوفیکیان دەخاتەڕوو، کە لە ھەموو کۆڕو کۆمەڵێکی خۆیاندا. دوورلەچاوی موسوڵمانان. خۆی پێوەبادەدەن و بەلاقرتێوە بە جوامێریی و ئازایەتیی دەزانن و دەناسێنن!! ھەروەھا بێغیرەتیی و ترسنۆکیی و گێلکەززابیان کەشفدەکات!



بینین:  3478
7/27/2018 6:20:59 PM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.