پێشه‌وایانمان

ئیبن مستەوفی

#کەسایەتی_کورد_لەمێژوودا -٤-

ئیبن مستەوفی

یەکێک بوو لە بەناوبانگترین توێژەرەکان لە جیهانی ئیسلامیدا، بە یەکەم مێژوونووسی شاری هەولێر دادەنرێت، رەمزێک بووە لە رەمزەکانی کارگێڕی شارەکە لە سەردەمی خیلافەتی ئیسلامیدا.

 

ناوی تەواوی(مبارک احمد شرف الدین اللخمي)یە، ناسراوە بە ئیبن مستەوفی ئەربیلی. مێژوونووس و وەزیری سوڵتان موزەفەرەددین بووە لە شاری هەولێر، لە ساڵی ٥٦٤ک - ١١٦٩ز، لە قەڵای ھەولێر لەدایک بووە. [١]

ئیبن مستەوفی لە بواری ئەدەب، زمان و مێژوودا؛ زۆر بەرھەمی نووسیوە، گرنگترینیان پەرتووکی "مێژووی ھەولێر"ە کە لە چوار بەرگدا بڵاوکراوەتەوە، ئیبن خەلەکان دەربارەی دەڵێ: بۆ نوسینەکانم هەموو کات پێویست بوو بگەڕابامەوە سەر ئەو کتێبەی ئیبن مستەوفی(بێگومان ئەوەش موعتەبەری و پڕ زانیاریی ئەو کتێبە دەگەیەنێت لەو سەردەمەدا). [٢]

لەماوەی ژیانیدا گرنگی زۆری بە میوان داوە، هیچ کەسێکی نەبووە سەردانی شارەکەی کردبێ و لە لایدا نەمابێتەوە، یان بەبێ دیاریی ئەو گەڕابێتەوە. ئیبن خەلەکان دەربارەی میواندۆستیی ئەو دەفەرموێت: گەر باسی خانەدانی میواندۆستی بکرێ، راستەوخۆ ئیبن مستەوفیت بە بیردا دێت، ئەو کەسێکی رووخۆش و خاکڕەو بووە، بەتایبەت لە هەمبەر و شاعیران و زانا و فێرخوازاندا. شاعیرێکی لێهاتووش بوو، لە گفتوگۆدا زۆر پەند و قسەی نەسەتقی بەکاردەهێنا. هەروەها؛ شارەزاییەکی زۆریشی هەبوو لە بواری فەلسەفە و بیرکاری و ڕێزمان و زمانی عەرەبیدا، بە بەرپرسێکی کارامە و لێهاتوو دادەنرێ لە بەڕێوەبردن و کارگێڕیدا، بەرهەمێکیشی هەبووە دەربارەی چۆنییەتی بەڕێوەبردن و هونەری ئیدارەدانی وڵات بەناوی(ابو قمش).[٢]

ئەم زانا بەڕێزە؛ خاوەنی چەندین بەرهەمی تەفسیر و لێکدانەوەی ئەدەبیات بووە بە ناوەکانی(متنبی، ابی تمام، زمخشری)، ئەمانە و چەندین بەرهەمێکی تریش. ئیبن خەلەکان دەڵێ: کاتێ هەولێرم جێهێشت لە ساڵی ١٢٣٩ز؛ ئیبن مستەوفی سەرۆک لیژنەی دیوانی دەستەڵات بوو، ئەوەش یەکێک بوو لە پێگە بەرزەکانی دەستەڵاتداری، ئینجا دوای سێ ساڵ بوو بە وەزیر، بەردەوام بوو لە کارەکەی؛ تا کۆچی دوایی سوڵتان موزەفەر لەساڵی ١٢٣٧ز، دواتر خەلیفە موستەنسیر دەسەڵاتی گرتە دەست و ئیبن مستەوفی لە کار دوور خستەوە و خانەنشی کرد، بەڵام لەو ماوەیەدا هەر لە شاری هەولێر دا دەژیا؛ ڕێز و پلە و پایەی کۆمەڵایەتی خۆی هەر هەبوو، تا هاتنی تەتار بۆ ناوچەکە و، گەمارۆدانی شارەکە لە ساڵی ١٢٣٧ز، کە سەرەنجامێکی زۆر خراپ و دڵتەزێنی هەبوو بۆ هەولێر و دانیشتوانەکەی، ئیبن مستەوفیش یەکێک بوو لەوانەی کە بەژدار بوو لە بەرگری کردنی شارەکە، بەڵام لە کۆتاییدا دەستی بەسەر داگیرا و ئیبن مستەوفیش مەنفی کرا بۆ شاری موسڵ، هەر لەوێش؛ لە ساڵی ١٢٣٩ز کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی(السابلة یان سابیلاح) نێژرا.

شەمسەدینی ئەبو یوسفی شاعیر؛ لە کۆچی دوایی ئیبن مستەوفی هۆنراوەیەکی بۆ هۆنییەوە، کە دەڵێ:

ئای ئەبو موبارەک، من مردنم نەدەناسی

جا تۆ وا بەنرخی سەردەم؛ بێهاوتا بووی

ئەوەندە مەزن بووی کە، مردن توانای نەبوو لێیدا

یەکێک لە گەورەترین بەدبەختی لە میللەتانی ئیسلامدا

لە دەستدانی بوو، کە هەردوو مرۆڤ و فریشته‌ بۆی بوون لە تازیەباریدا.[٣]

 

 

سەرچاوەکان:

١ــ ویکیپیدیا

٢ـ https://kurdistantribune.com/poems-by-middle-ages-erbil-historian-ibn-mstawfi/

٣ـ سایتی مێژووی كورد

  www.historyofkurd.com

http://thesaurus.cerl.org/record/cnp01389666 — تاريخ الاطلاع: 1 أغسطس 2018

معرف أوجه تطبيق مصطلح الموضوع: http://id.worldcat.org/fast/103423 — باسم: Sharaf al-Dīn Abū al-Barakāt Ibn al-Mustawfīتاريخ الاطلاع: 9 أكتوبر 2017

معرف اتحاد مكتبات البحوث الأوروبية: https://data.cerl.org/thesaurus/cnp02147887 — باسم: Šaraf ad-Dīn Abū ăl-Barakāt Ibn al-Mustawfīتاريخ الاطلاع: 9 أكتوبر 2017 — الناشر: اتحاد مكتبات البحوث الأوروبية — الرخصة: Open Data Commons Attribution License و Creative Commons Attribution 2.0 Generic

باسم: Sharaf al-Dīn Abū al-Barakat ibn al-Mustawfī Irbilīمعرف ليبريس: https://libris.kb.se/auth/62754 — تاريخ الاطلاع: 9 أكتوبر 2017

"معلومات عن ابن المستوفي على موقع id.loc.gov”. id.loc.gov.

 

 

نوسینی: شێروان عبدالرحمن

هەڵەچنیی: زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی(زادی)

2509 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/07/2020
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.