تەیەمموم

صه‌عید (صَعيد) چیه‌ كه‌ ته‌یه‌ممومی پێ ده‌كرێت؟

   شه‌رعناسان دوو پێناسه‌یان بۆ ئه‌م زاراوه‌ هه‌یه‌ :

یه‌كه‌میان : هه‌رچی به‌ رووی زه‌ویه‌وه‌ دیاره‌، له‌ گڵ و لم و چه‌وو زیخ و شتی وا :

ئه‌مه‌ بۆچوونی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و ئه‌بویوسفی قوتابیی و ئیمامی مالیكه‌و ئیبنو ته‌یمییه‌ش پێی په‌سه‌ندترینه‌، هه‌روه‌ها ئیبنو حه‌زم بەڵام ئه‌وه‌ی به‌ مه‌رج داناوه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ زه‌ویه‌وه‌ چه‌سپاو بن[1] .. به‌ڵگه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ :

١- فه‌رمایشتی خوای گه‌وره‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ : (صَعِيدًا جُرُزًا) الكهف/٨ واته‌ : ره‌قه‌ن وبه‌رده‌لێن. هه‌روه‌ها: (صَعِيدًا زَلَقًا) الكهف/ ٤٠ واته‌ : خلیسك و بێ پیت و لووس ، كه‌ هیچیان روه‌كیان تێدا ناڕوێت !

٢- پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ : (وَجُعِلَتْ لِي الْأَرْضُ كُلُّهَا لِي وَلِأمَّتِي مَسْجِدًا وَطَهُورًا)[2] واته‌ : هه‌موو زه‌وی بۆ خۆم و ئوممه‌ته‌كه‌م جێ نوێژه‌و پاكه‌ُ .

٣-  پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ : (يُحْشَرُ النَّاسُ يَومَ القِيامَةِ عَلَى صَعِيدٍ وَاحِدٍ)[3]  واته‌: هه‌موو خه‌ڵكی له‌ رۆژی قیامه‌تدا له‌ سه‌ر یه‌ك پارچه‌ زه‌وی كۆ ده‌كرێنه‌وه‌ ..

٤- پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ : (وَجُعِلَتْ لِي الْأَرْضُ كُلُّهَا لِي وَلِأمَّتِي مَسْجِدًا وَطَهُورًا فَأَيُّمَا أدْرَكَتْ رَجُلاً مِنْ أُمَّتِي الصَّلَاةُ فَعِنْدَهُ مَسْجِدُهُ وَعِنْدَهُ طُهُورُهُ)[4] واته‌: هه‌موو زه‌وی بۆ خۆم و ئوممه‌ته‌كه‌م جێ نوێژه‌و پاكه، هه‌ر كه‌سێك له‌ ئوممه‌ته‌كه‌م له‌ هه‌ر شوێنێك كاتی نوێژی گه‌یشتێ، ئه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی مزگه‌وته‌و پاكه‌. ده‌توانێت نوێژه‌كه‌ی لێ بكات ..

٥- فه‌رمووده‌كه‌ی لای ئه‌بو جوهه‌یمی ئه‌نساری خوا لێی رازی بێت كه‌ ده‌فه‌رموێ : (أَقْبَلَ رَسُولُ اللَّهِ - صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ - مِنْ نَحْوِ بِئْرِ جَمَلٍ ، فَلَقِيَهُ رَجُلٌ فَسَلَّمَ عَلَيْهِ ، فَلَمْ يَرُدَّ عَلَيْهِ السَّلَامَ حَتَّى أَقْبَلَ عَلَى الْجِدَارِ ، فَمَسَحَ بِوَجْهِهِ وَيَدَيْهِ ، ثُمَّ إِنَّهُ رَدَّ - عَلَيْهِ الصَّلَاةُ وَالسَّلَامُ - السَّلَامَ )[5] واته‌ : پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ له‌ لای بیری ووشتره‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌، كابرایه‌كی موسوڵمانی پێ گه‌یشت ، سڵاوی لێ كرد ، پێغه‌مبه‌ر صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ وەڵامی نه‌دایه‌وه‌، رۆیشت تا گه‌یشته‌ دیوارێك  مه‌سحی ده‌موچاوو ده‌ستی كرد و پاشان سه‌لامی خوای لێ بێت وەڵامی سه‌لامه‌كه‌ی دایه‌وه‌ ..

   دووه‌میان : سه‌عید هه‌ر گڵ و خۆڵه‌و هیچ تر :

 ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی شافیعی و حه‌نبه‌لیه‌كان و ئه‌بوسه‌وره‌و ئیبنول مونزیریش وای بۆ چووه‌‌[6] ، به‌ڵگه‌شیان :

١- فه‌رمووده‌ی (وَجُعِلَتْ لِي الْأَرْضُ مَسْجِدًا)[7] له‌ ریوایه‌تی تردا زیاده‌ی تری هه‌یه‌، كه‌ ده‌فه‌رموێ : ( وَجُعِلَتْ تُرْبَتُهَا لِي طَهُورَاً )[8] واته‌ : حوكمی گڵ و خۆڵه‌كه‌شیمان بۆ پاكه‌ . به‌ رای ئه‌م شه‌رعناسه‌ به‌ڕێزانه‌ ئه‌م زیاده‌یه‌ حوكمه‌ گشتیه‌كه‌ی پێشوو تایبه‌ت ده‌كات كه‌ مه‌به‌ست له‌ سه‌عیده‌كه‌ گڵه‌كه‌یه‌تی نه‌ك شتی تر ..

٢- له‌ پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ هاتووه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی : (أُعْطِيت مَا لَمْ يُعْطَ أَحَدٌ مِنْ الْأَنْبِيَاءِ ، قُلْنَا : يَا رَسُولَ اللَّهِ ، مَا هُوَ ؟ قَالَ : نُصِرْت بِالرُّعْبِ ، وَأُعْطِيت مَفَاتِيحَ الْأَرْضِ وَسُمِّيت أَحْمَدَ وَجُعِلَ لِي التُّرَابُ طَهُورًا وَجُعِلَتْ أُمَّتِي خَيْرَ الْأُمَمِ )[9] واته‌ : ئه‌وه‌ی به‌ من به‌خشراوه‌ به‌ هیچ پێغه‌مبه‌رێكی پێشوو نه‌به‌خشراوه‌، ووتمان : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ ئه‌وانه‌ چین؟ فه‌رمووی : ترس و تۆقین مایه‌ی سه‌ركه‌وتنمه‌، كلیلی زه‌مینیم دراوه‌تێ ، ناو نراوم ئه‌حمه‌د ، گڵم به‌ پاك بۆ حسێب كراوه‌، ئوممه‌ته‌كه‌شم به‌ باشترین ئوممه‌ت دانراوه‌ ..  

   به‌ڵگه‌كانی پۆلی دووه‌می شه‌رعناسان وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت زه‌عیفه‌و له‌ رووی سه‌نه‌دیانه‌وه‌ قسه‌یان له‌سه‌ره‌ .. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ گیردانی ماناكانی صه‌عید له‌ گڵدا جێی سه‌رنجه‌ .. چونكه‌ ئیبنو مه‌نزوور له‌ فه‌رهه‌نگی ( لسان العرب )دا ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌  پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ : (خَلَقَ اللهُ التُّرْبَةَ يَومَ السَّبْتِ) واته‌ : خوای گه‌وره‌ له‌ رۆژی شه‌ممه‌دا زه‌وی دروست كردووه‌، ده‌فه‌رموێت : التربة‌ : الارض ..

   وا دیاره‌ رای شه‌رعناسانی پۆلی یه‌كه‌م به‌هێزتره‌، بۆیه‌ من پێم وایه‌ :  هه‌رچی به‌ رووی زه‌ویه‌وه‌ دیاره‌، له‌ گڵ و لم و چه‌وو زیخ و شتی وا ته‌یه‌ممومی پێ ده‌كرێت .. والله‌ اعلم ..

 

نووسینی : مامۆستا کرێکار

 

*   *   *



[1] الاستذكار ( ٣/١٥٧)، المبسوط (١/١٠٨) ، مجموع الفتاوى (٢١/٣٦٤ ) ، المحلى ( ٢/١٥٨).

[2] ئەحمەد ( ٢/٢٢٢ )، كەمال ئيبنو السەيد لە صحيح فقه السنة (٢/ ١٨٨)دا دەفەرموێ : حەسەنە .

[3]  بوخارى ( ٤٧١٢ )، موسليم ( ٤٧٢ ) .

[4] ئه‌حمه‌د ( ٢/٢٢٢ ) ، كه‌مال ئیبنو السه‌ید له‌ صحیح فقه السنة (١/ ١٨٨)دا ده‌فه‌رموێ: حه‌سه‌نه‌ .

[5]  بوخارى ( ٣٣٧ ) ، موسليم (٨٠٠) .

[6] المغني ( ١/١٥٥) ، المجموع (٢/٢٤٦) ، الاستذكار ( ٣/١٥٩) ، الاوسط (٢/٤٣) .

[7] ئەحمەد ( ٢/٢٢٢ ) ، كەمال ئيبنو السەيد لە صحيح فقه السنة (١/ ١٨٨)دا دەفەرموێ : حەسەنە.

[8] موسليم ( ٥٢٢ ) ، ئيبنو حيببان ( ١٦٩٧ ) ، دارەقوتني ( ١/١٧٥ ) ، بەيهيقي ( ١/٢١٣ ).

[9] ئه‌حمه‌د ( ١/٩٨ ) ، به‌یهیقی ( ١/٢١٣ ) كه‌مال ئیبنو السه‌ید له‌ صحیح فقه السنة‌ (١/ ٢٠٠)دا ده‌فه‌رموێ : مونكه‌ره‌.. مونكه‌ر له‌ فه‌رمووده‌وانیدا جۆرێكه‌ له‌ فه‌رمووده‌ی زه‌عیف ، پێناسه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ : له‌ سه‌نه‌ده‌كه‌یدا راویه‌ك هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ی زۆربه‌ یان فسقی لێوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ یان گێله‌ .. بڕوانه‌ محمود الطحان : تیسیر مصطلح الحدیث ل ٩٥ . 

1340 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/10/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.