فه‌رمووده‌ناسی

هەواڵی ئاحاد (یەکڕێ)

 

١- پێناسەی :

 أ - لە زمانەوانییدا: ئاحاد(الاحاد) کۆی (احد) ە کە مانای (واحد:یەک)دێت، هەواڵی ئاحاد ئەو ڕیوایەتەیە کە یەک کەس گێڕاویەتیەوە.

ب- لە زاراوەییدا : ئەو هەواڵەیە کە مەرجەکانی هەواڵی متەواتری تێدا نیە.[1]

٢- حوکمی ئاحاد : زەروورەتی زانینی نەزەری (تیۆری) دەسەلمێنێت، واتە ئەکەوێتە ژێر توێژینەوەو ئیستیدلال پێکردن و بۆکردنی.

٣- بەشەکانی ئاحاد بە پێی زۆر و کەمی ڕێگاکانی گێڕانەوەیان : کە سێ بەشن:

 

أ –مشهور               ب-عزيز                   ج-غريب

 

أ- فەرموودەی مشهور (بەناوبانگ):

١- پێناسەی :

لە زمانەوانییدا: ناوی کراو (اسم مفعول)ە و لە (شَهَر: بەناوبانگ بوو : ناوبانگی دەرکرد)ە وە هاتووە ; شَهَرْتُ الأَمْر: مەسەلەکەم ڕاگەیاند، ئاشکراکرد.

 لە زاراوەییدا: ئەو فەرموودەیە کە لە سێ کەس لە هەموو چینێکی سەنەدەکەیدا هەبن، بەڵام نەگەشتبنە ژمارەی متەواتر (١٠ کەسوەکو فەرموودەی ( إِنَّ اللَّهَ لَا يَقْبِضُ الْعِلْمَ انْتِزَاعًا يَنْتَزِعُهُ...... )[2] خوای گەورە زانستی شەرعی بەوە نافەوتێنێت (لەناوتاندا هەڵناگرێت )بەوەی لە دڵ و هۆشی زاناکاندا بیسڕێتەوە.

تێبینی: هەندێک فەرموودەوانان دەفەرموون فەرموودەی جۆری موستەفیز (المستفیض)یش هەر ئەم فەرموودە ( مشهور:بەناوبانگ)ەیە و هەنێکی تر دەفەرموون : نا موستەفیز جودایە، موستەفیز دەبێ هەردوو جەمسەری سەنەدەکەی یەکسان بن، هەندێکی تر دەفەرموون موستەفیز گشتگیرە.

 

ب- لە ڕووی زاراوەییەوە :

١- بەناوبانگ لای فەرموودەوانان ئەوەیە کە لای خۆیان ئاشکرایە کە بەناوبانگە نەک لای شەرع ناس و زمانەوان و عەوام،وەکو فەرموودەی ( أَنَّ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَآلِهِ وسَلَّم قَنَتَ شَهْرًا بَعْدَ الرُّكُوعِ يَدْعُو عَلَى رِعْلٍ وَذَكْوَانَ )[3] ئەنەس خوا لێی ڕازی بێت دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  ماوەی مانگێک لە نوێژەکانیدا - دوای هەستانەوە لە ڕکوع- دوعای قنووتی دەخوێند کە دوعا کردن بوو لە دوو هۆزی ریعل و زەکوان، (کە حەفتا یاوەریان شەهید کردبوو).

٢- بەناوبانگ لای زانایان و شەرع ناسان و عەوام، وەکو ( الْمُسْلِمُ مَنْ سَلِمَ الْمُسْلِمُونَ مِنْ لِسَانِهِ وَيَدِهِ)[4] مسوڵمان ئەوەیە کە مسوڵمان لە زمان و دەستی سەلامەت بن.

٣- بەناوبانگ لای شەرعناسان ( الفقهاء) وەکو (أَبْغَضُ الْحَلالِ إِلَى اللَّهِ الطَّلاقُ)[5]  ئەوەی کە زیاتر ڕقی خوای گەورە هەڵدەستێنێ و حەڵاڵیشە تەڵاقدانە.

٤- بەناوبانگ لای زانایانی ئوصول وەکو (رُفِعَ عَنْ أُمَّتِي الْخَطَأَ وَالنِّسْيَانَ وَمَا اسْتُكْرِهُوا عَلَيْهِ)[6] چاوپۆشی لەهەڵەو بیرچونەوەو ناچارکردنی ئومەتەکەم کراوە.

- 5 بەناوبانگ لای ڕێزمانەوانان وەکو (نِعْمَ الْعَبْدُ صُهَيْبٌ، لَوْ لَمْ يَخَفِ اللَّهَ لَمْ يَعْصِهِ)[7]  باشترین عەبد سوهەیبە ئەگەر لە خواش نەترسایە گوناهی هەر نەدەکرد.

٦- بەناوبانگ لای عەوام و ڕەشۆکی خەڵکی ( العامة والسواد ) وەکو فەرموودەی (الْعَجَلَةُ مِنَ الشَّيْطَانِ) [8] واتە: پەلە کردن لە شەیتانەوەیە (ئەو وا لە مرۆڤ دەکات بکەوێتە پەلەپەل).

 

٢- حوکمی فەرموودەی بەناوبانگ:

 هەر بەوەندەی کە دەوترێت ئەمە فەرموودەیەکی بەناوبانگە،ئەمە نابێتە حوکمدان لەسەر فەرموودەکە کە ئایا سەحیحە یان زەعیف، چونکە بەناونگ دەشێت سەحیح بێت یان حەسەن هەروەکو دەشێت زەعیف بێت، یان هەر فەرموودە نەبێت و هەڵبەستراو (موضوع )بێت.

بۆیە دەبێت لە حوکمییدا بوترێت لای فەرموودەوانان بەناوبانگە (مەشهورە)تا بزانرێت لەسەرو ئاستی (عەزیز)و (غەریب)ەوەیە.

 

٣- سەرچاوە کتێبی مەشهور(بەناوباگ):

ئەو کتێبانەی لەسەر فەرموودەی بەناوبانگ (مەشهور)دانراون مەبەست لێیان ئەوانەیە کە لەناو خەڵکیدا بەناوبانگن زانا بن یان عەوام، نەک فەرموودەی بەناوبانگ کە لای فەرموودەوانان لە فەرموودەی(عەزیز)و(غەریب) لە پێشترە.

لەو کتێبانەی کە لەم بوارەدا نووسراون:-

- (المقاصد الحسنة فيما اشتهر على الألسنة) کە سەخاوی رحمە اللە نووسیوێتی.

- (كشف الخفاء و مزيل الالباس فيما اشتهر من الحديث على السنة الناس) کە عەجلونی رحمە اللە نوسیوێتی.

- (تميز الطيب من الخبيث فيما يدور على ألسنة الناس من الحديث ) کە ئیبنوددەیبەعی شەیبانی رحمە اللە نوسیوێتی.

 

ب- فەرموودەی عەزیز(پشت ڕاست):

 

١- پێناسەی :

 أ- لە زمانەوانیدا: سیفەتی چواو[9] ( الصفة المشبهة ) ی کرداری (عزّ یعِزُّ)ە واتە : دەگمەن بوو، یان سیفەتی چواوی (عزّ یعِزُّ) وە واتە بەهێزو قایمبوو، بۆیە وای پێ ووتراوە یان لەبەر ئەوەی کە کەمەو دەگمەنە،یان لەبەر ئەوەی بەهێزو قایمتر بووە بە شتی تر

ب- لە زاراوەییدا:

ئەو فەرموودەیە کە گێڕەرەوەکانی لە هەموو چینی سەنەدەکەیدا لە دووکەس کەمتر نەبن.

ڕاڤەی پێناسەکە: واتە لە هەموو چینێکی ڕاویەکاندا لانی کەم دەبێت دوو کەسی جیاواز بە دوو ڕێگای جیاواز گێڕابێتیانەوە، زیاتر لە دوو ئیشکالی (قەیدی ( نییە.

ئەوەش ئەو پێناسەو ڕاڤەیەیە کە ئیبنو حەجەر رحمە اللە پێی پەسەند بووە[10] بەڵام هەندێک فەرموودوانی تر لە فەرموودەی بەناوبانگ (مەشهور) یان جوێ نەکردۆتەوە، هەر فەرموویانە کە ئەمیش مەرجەکەی ئەوەیە کە دوو کەس یان سێ کەس گێڕابێتیانەوە.

٢- نموونەی فەرموودەی پشت ڕاست(عەزیز):بوخاری و موسلیم لە ئەنەسەوە خوا لێیان ڕازی بێت دەگێڕنەوەو بوخاریش بە تەنها لە ئەبو هورەیرەوە خوا لێی ڕازی بێت دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  فەرموویەتی: (لاَ يؤمِنُ أَحَدَكُم حَتّى أَكُونَ أَحَبّ إِلَيهِ مِن وَلَدِهِ وَوَالِدِهِ وَالنّاسِ أَجمَعِينَ)کەستان باوەڕی دانامەزرێت تا منی لە دایک و باوک و مناڵەکانی و هەموو خەڵکی زیاتر خۆش نەوێت.

هەر ئەم فەرموودەیە قەتادەو عەبدوعەزیزی کوڕی سوهەیب لە ئەنەسەوە ڕیوایەتیان کردووە و شوعبەو سەعیدیش لە قەتادەوەو ئیسماعیلی کوڕی عولەییەو عەبدولواریث لە عەبدولعەزیزەوەو لەهەر یەک لە مانیشەوە کۆمەڵێکی تر گێڕاویانەتەوە.

 تێبینی: فەرمودەوانان کتێبی تایبەتیان لەسەر ئەم جۆرە فەرموودەیە دانەناوە، دیارە لەبەر کەمی هەبونی و نەبوونی سوودێکی ڕۆشن لە نووسینی کتێبی تایبەت دەربارەی واللە اعلم.


ج-فەرموودەی (غەریب):

 

١- پێناسەی:

أ- لە زمانەوانیدا : غەریب سیفەتی چواوەو بەمانای تاک کەوتوو، یان دوور لە خزمانە.

 

ب- لە زاراوەییدا: ئەو فەرموودەیەیە کە تەنها یەک کەس گێڕاوێتیەوە.

 

 ڕاڤەی پێناسەکە: یەک ڕاوی لە چینێکی ڕاویەکاندا گێڕاوێتیەوە، گرنگ نییە کە لە هەندێ ئاڵقەی زنجیرەکەدا دوو کەس و زیاتر گێڕابێتیانەوە،چونکە هەبوونی یەک ڕاوی بە تەنها لەهەر ئاست و ئاڵقەیەکی زنجیرەی سەنەدەکەدا بێت بەسە بۆ ئەوەی بیکاتە فەرموودەی نامۆ.

 

٢-  ناوێکی تری ئەم جۆرە فەرموودەیە(فرد:تاک)ە :

بەلای هەندێک فەرموودەوانەوە غەریب و فەرد (نامۆو تاک ) هەر یەکن و بەڵام ناویان جیاوازە، بەڵام هەندێک فەرموودەوانی تر دەفەرموێ : نا ناوو جۆریان لێک جیاوازن حافز ئیبنو حەجەری عەسقەلانی بۆچونی وایە یەکن بۆ وەڵامی ئەوانەی کە بە جیاوازیان دەزانن دەفەرموێ: (زاراوەناسانی فەرموودەوانی لەبەر زۆر بەکارهێنانیان ناوی تریان لێ ناون ئەو جۆرەی کە زۆریان بەکارهێناون ناویان ناون تاکی ڕەها (الفرد المطلق) بە ئەوی تریشیان کە (نامۆ: غەریب) ە فەرمووە: تاکی ڕێژەیی (الفرد النسبی).[11]

 

٣- بەشەکانی نامۆ: بەو شێوەیەی کە ئیمام ئیبنو حەجەری عەسقەلانی ڕوونی کردۆتەوە، ئەم فەرموودەیەش دوو جۆری ناوخۆی هەیە کە تاکی ڕەها(الفرد المطلق ) وە تاکی ڕێژەیی (الفرد النسبی) ن.

 أ- تاکی ڕەها (الفرد المطلق) : یان نامۆی تەواو : ئەوەیە کە نامۆیەتییەکەی لەسەرچاوەی سەرەوەی سەنەدەکەیدا بێت، واتە لەسەرەتایەوە یەک کەس گێڕابێتیەوە.[12] بۆنموونە فەرموودەی (إِنَّمَا الأعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ)[13] هەموو کردەوەیەک بە پێی نیازو مەبەستی خاوەنەکەی حسێبی بۆ دەکرێت. ئەم فەرموودەیە لە ناو یاوەراندا تەنها سەیدنا عومەری کوڕی خطاب خوا لێی ڕازی بێت گێڕاوێتیەوە، دەشێت ئەم جۆرە فەرموودەیە ئاوا یەک یاوەر گێڕابێتیانەوە بەڵام لە ئاڵقەی تابعین و دواتریاندا دوو کەس یان سێ کەس بیگێڕنەوە لەوانیشەوە زۆرتر، بەڵام هەر بە تاکی ڕەها حسێبە .

 

ب- نامۆی ڕێژەیی :

 یان تاکی ڕێژەیی ئەوەیە کە نامۆیی (تاککەوتن) لە ئاڵقەیەکی سەنەدەکەیدا بێت، دەشێت لە ئەسڵی سەنەدەکەیدا لە سەرچاوەی سەرەتاوە دوو یان زیاتر لە یاوەرێک گێڕابێتیانەوە، بەڵام لە چینێکی ڕاویەکاندا یەک کەس گێڕابێتیەوەو لەویشەوە زۆر، بۆ نموونە ئیمامی مالیک لە زوهری و ئەمیش لە ئەنەسەوە خوا لێی ڕازی بێت لە پێغەمبەری خواوە صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ (أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دَخَلَ مَكَّةَ عَامَ الْفَتْحِ وَعَلَى رَأْسِهِ الْمِغْفَرُ)[14] ، جەنابی صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ تەشریفی بردە مەککەوە لە (ساڵی ٨ ی کۆچی کاتی فەتحی مەککە)و خودەیەکی لەسەردابوو ئەم ڕیوایەتە تەنها ئیمامی مالک لە زوهریەوە گێڕاوێتیەوە.  

٤- جۆرەکانی نامۆی ڕێژەیی :چەند جۆرە ڕیوایەتی تری فەرموودە هەیە کە دەشێت لە خانەی نامۆی ڕێژەیی دا پۆلێن بکرێن، چونکە نامۆیەتیەکەی (تاککەوتن)ی ڕاویەکەی بە ڕەهایی و گشتی نیە بەڵکو لەچاو ڕیوایەتی تردا نامۆ/تاککەوتوە، ئەو جۆرانەش ئەمانەن  :

أ- ئەو تاکەی تەنها کەسێکی جێمتمانە گێڕاوێتیەوە بۆیە لەناساندنیدا دەڵێین (لم یروە ثقة الفلان) واتە جگە لە فلان کەس کە جێمتمانەیە کەسی تری (جێمتمانە) نەیگێڕاوەتەوە.

ب- ڕاوییەکی دیاریکراو لە ڕاویەکیی تری گێڕاوەتەوە بۆیە دەڵێین (تفرد بە فلان عن فلان ) واتە تەنها فڵان کەس لە فڵانی گێڕاوەتەوە .

ج- تەنها خەڵکی ناوچەیەک گێڕاویانەتەوە، بۆ نموونە دەلێن (تفرد بە اهل مکة أو أهل الشام) واتە تەنها خەڵکی مەککە یان خەڵکی شام گێڕاویانەتەوە.

د- تەنها خەڵکی ناوچەیەک لە خەڵکی ناوچەیەکی تریان گێڕاوەتەوە، وەکو دەڵێن ( تفرد بە اهل البصرة عن أهل المدينة ) ( أو تفرد به أهل الشام عن اهل الحجاز ) واتە تەنها خڵکی بەسرە لە خەڵکی مەککەیان گێڕاوەتەوە یان تەنها خەڵکی شام لە خەڵکی حیجازیان گێڕاوەتەوە .

 

٥- دابەش کردنێکی تری نامۆ بە پێی نامۆیی دەق یان سەنەدەکەی:

 

 أ-نامۆیی دەق و سەنەدەکەی : وەکو ئەو فەرموودەیەیە کە وەکو سەنەدیش یەک کەسەو تەنها ئەویش ئەو دەقەی گێڕاوەتەوە .

ب- نامۆیی سەنەدەکەی نەک دەقەکەی: وەکو ئەو فەرموودەیەیە کە کۆمەڵێک یاوەر دەقەکەیان گێڕابێتەوە بەڵام لە شوێنێکی سەنەدەکەیدا یەک ڕاوی هەیە کە لە یاوەرێکەوە گێڕاوێتیەوە، ترمذي دەربارەی ئەم جۆرە دەفەرموێ (غریب من هذا الوجه ) واتە لەم لایەنەوەیە کە نامۆیە .

٦- لەکوێدا هەیە؟: زیاتر لە موسنەدی بەززار و ( المعجم الاوسط ) ی تەبەڕانیدا هەیە .

٧-کتێب دەربارەی : (غرائب مالک ) ی دارەقوتنی و (الافراد) ی دارەقوتنی و (سنن التی تفرد بکل سنة منها اهل بلده ) نوسینی ئەبو داودی سەجستانی.

نووسینی: شێخ محمود تەححان

 

*   *   *



[1] ابن حجر عسقلانی : نزهة النظر ( لا ٢٦). 

[2] بوخاری و موسلیم و ابن ماجە و ئەحمەد.

[3] بوخاری و مسلم.

[4] متفق علیە.

[5] حاکم بە سەحیحی داناوەو زەهەبیش لایەنگری بووە بەڵام بە لەفزی : (مَا أَحَلَّ اللَّهُ شَيْئًا أَبْغَضَ إِلَيْهِ مِنَ الطَّلاقِ) خوای گەورە شتێک نیە کە حەڵاڵی کردبێت و زۆری پێ ناخۆش بێت وەکو تەڵاقدان.

[6] ئیبنو حیببان و حاکم بە سەحیحیان ناساندووە.

[7] شێخی ئەلبانی بەرەحمەت بێت لە " السلسلة الضعيفة و الموضوعة " ( ٣/٥٦ ) ئەفەرموێت :لا أصل له . واتە: ئەسڵی نیە.

[8] ئیمامی ترمذی گێڕاویەتەوەو بە حەسەنی ناساندووە.

[9] سیفەتی چواو (الصفة المشبهة) ئەو سیفەتەیە کە بەناوی بکەر (اسم فاعل) یان چواندووە (شوبهاندووە)، لە کردارێکەوە وەردەگیرێت و  دەبێت بە سیفەتی نەگۆڕ،لەسەر کێشی (وەزنی) افعل و فعول و فعیل دەبێت وەکو (ذلول ) لە ئایەتی (إِنَّهَا بَقَرَةٌ لَا ذَلُولٌ تُثِيرُ الْأَرْضَ وَلَا تَسْقِي الْحَرْثَ....)البقرة/٧١ وە هەروەها علیم حکیم.

[10] النخبة وشرحها ( ل ٢١ )و ( ٢٤)

[11] نزهة النظر (ل ٢٨).

[12] مەلا عەلی القاری رحمە اللە ئاوا دەربارەی ئەو بۆچوونەی ئیبنو حەجەر نووسیوێتی:(ئەسڵی سەنەد (سەرچاوەکەی) ئەو سەرەتایەیە کە سەنەدەکەی لێوە دەست پێ دەکات، ئەوەش یاوەرانن، مادام یاوەرانیش هەموویان جێمتمانەن کەوابوو نامۆ(غەریب) بەسەر یاوەراندا نابڕێت، بەڵکو لە ئاڵقەکانی دوای یاوەرەوەیە، بۆیە وا دەزانم (مەلا عەلی قاری دەفەرموێ) مەبەستی ئیبنو حەجەر ئاڵقەکانی دوای یاوەرانە واللە اعلم.) بەم بۆچوونە بێت پێناسەکە ئاڵقەی یاوەران ناگرێتەوە کە ئاڵقەیەکی سەنەدن، منیش (كرێكار) پێم وایە ئەم بۆچوونەی مەلا عەلی لە جێی خۆیدا بێت و پەسەند بێت، مادام ئەهلی سوننەت و جەماعەت لەسەر ئەوە ڕێکن کە (الصحابة كلهم عدول) واتە هەموو یاوەران جێ متمانەن . واللە اعلم

[13] بوخاری و موسلیم .

[14] بوخاری و موسلیم

 

2177 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/11/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.