پێشه‌وایانمان

ئیمام جه‌عفه‌ری سادق: (٨٠ ـ ١٤٨ ك / ٦٩٩ ـ ٧٦٨ ز)

ئیمام جه‌عفه‌ری سادق: (٨٠ ـ ١٤٨ ك / ٦٩٩ ـ ٧٦٨ ز)

جه‌عفه‌ری كوڕی محمدی كوڕی ئیمام زه‌ینولعابدینی كوڕی ئیمامی حوسه‌ین شه‌هیدی كه‌ربه‌لا.. ئیمامی شه‌شه‌می شیعه‌یه‌، كوڕی ئیمامی باقرو باوكی ئیمام موسای كازمه‌..

   دایكی ئوم فه‌روه‌یه‌، كه‌ كچی قاسمی كوڕی محمدی كوڕی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كری سددیقه‌ خوا لێی رازی بێت دایكی ئوم فه‌روه‌ش ئه‌سمائی كچی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كره‌ خوا لێی رازی بێت.. یه‌عنی ئیمامی جه‌عفه‌ر له‌ به‌ره‌بابی دایكیه‌وه‌ له‌ دوو كه‌سی به‌ڕێزی خانه‌واده‌ی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كره‌وه‌ خوا لێی رازی بێت هاتووه‌.. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ ئیمامی جه‌عفه‌ر ده‌فه‌رموێ: (وَلَدَني ابوبكر مَرَّتَين) واته‌ دووجار له‌ ئه‌بوبه‌كره‌وه‌ له‌دایكبووم..

   ساڵی ٨٠ ك له‌ دایكبووه‌.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رگیز درۆی لێ نه‌بیستراوه‌ ئه‌و نازناوی (صادق) واته‌ راستگۆی به‌سه‌ردا بڕراوه‌..

   یه‌كێكه‌ له‌ شه‌رعناسانی تابعین و قوتابیانی یاوه‌رانی وه‌كو سه‌یدنا ئه‌نه‌سی كوڕی مالیك و سه‌یدنا سه‌هلی كوڕی سه‌عدی ساعیدی خوا لێییان رازی بێت.. به‌هێزترین سه‌نه‌دی ریوایه‌ته‌كانی له‌ باوك و باپیریه‌وه‌یه‌تی كه‌ هه‌موویان جێمتمانه‌ن.. له‌ مامۆستاكانی تری له‌ تابعین: عه‌تائی كوڕی ئه‌بو ره‌باح و زوهری و عوروه‌و عیكره‌مه‌و محمدی كوڕی مونكه‌دیرو عبدالله‌ی كوڕی ئه‌بو رافیع و باپیره‌ قاسمی كوڕی محمدی كوڕی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كری سددیق.. ئه‌مانه‌ش هه‌موو جێ متمانه‌و شه‌رعناسانی تابعینن..

   له‌ قوتابیه‌كانیشی: یه‌حیای كوڕی سه‌عیدی ئه‌نساری قه‌تتان و یه‌زیدی كوڕی عبدالله‌ی له‌یسی و ئه‌ییوبی سه‌ختیانی و ئیمامی مالیك و سوفیانی سه‌وری و سوفیانی كوڕی عویه‌ینه‌و شوعبه‌و محمدی كوڕی سابیتی به‌نانی و ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌.. كه‌ هه‌موویان جێ متمانه‌و شه‌رعناسی تابعین و تابیعی تابیعینن..

   ئیمامی موسلیم و ئه‌بوداوودو ترمزی و نه‌سائی و ئیبنوماجه‌ ریوایه‌تیان لێوه‌ وه‌رگرتووه‌..

   هیاجی كوڕی بوستامی ته‌میمی كه‌ قوتابی ئیمامی جه‌عفه‌ر بوو، باس له‌ سه‌خاوه‌تی ئیمام ده‌كات ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یبوو ده‌یبه‌خشی، ته‌نانه‌ت به‌شی ماڵ و منداڵه‌كه‌ی خۆی نه‌ده‌مایه‌وه‌.. كه‌ داوه‌ری دوو لایه‌نی ناكۆكی ده‌كرد، له‌ ماڵ و سامانی خۆی قه‌ره‌بووی ده‌كردنه‌وه‌و رێكی ده‌خستنه‌وه‌!!

   فه‌رمایشته‌كانی هه‌موو حیكمه‌ت بوون.. له‌وانه‌:

ـ (چاكه‌ به‌ سێ سیفه‌ت ته‌واو ده‌بێت: به‌ خێرا ئه‌نجامدانی ، به‌ بچووك بینینی، به‌ په‌نهان كردنی)..

ـ ( ئه‌وی قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌یه‌تی، به‌سی ده‌بێت.. ئه‌وی چاوی له‌ ماڵی خه‌ڵكی بێت به‌ هه‌ژاریی سه‌ر ده‌نێته‌وه‌! ئه‌وی تێكه‌ڵ به‌ زانایان بێت به‌ڕێز ده‌بێت، ئه‌وی تێكه‌ڵ به‌ گه‌مژه‌و گه‌مبۆلێن بێت سووك ده‌بێت)..

   جارێك له‌ كۆڕی ئه‌بو جه‌عفه‌ری مه‌نسووردا بوو، مێشێك ئه‌بو جه‌عفه‌ری زۆر ئیزعاج كرد، هه‌ر ده‌ری ده‌كردو ده‌هاته‌وه‌، مه‌نسوور له‌ ئیمام جه‌عفه‌ری پرسی: ئه‌رێ خوا مێشی بۆچی دروست كردووه‌؟ ئیمام فه‌رمووی: بۆ ئه‌وه‌ی سته‌مكاران زه‌لیل كات..

   ئیمامی ئیبنوحه‌جه‌ر ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ:( أبو عبد الله المعروف بالصادق فقيه صدوق)  واته‌: ئه‌بوعه‌بدوالله‌ی راستگۆ شه‌رعناسێكی راستبێژه‌..

    ئه‌بوحاته‌می رازی ده‌فه‌رموێ: (متمانه‌ پێكراوه‌، له‌و جۆره‌ نیه‌ لێی بپرسرێت) .

   ئیمامی ئیبنوته‌یمیه‌ ده‌رهه‌قی ده‌فه‌رموێ: جه‌عفه‌ری كوڕی محمد به‌ كۆڕا (ئیجماع)ی ئه‌هلی سووننه‌ت له‌ پێشه‌وایانی دینه‌ ..

  شیعه‌و گێله‌سووننی قسه‌یه‌ك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ دووساڵ ده‌رسی لای ئیمام جه‌عفه‌ر خوێندووه‌و فه‌رموویه‌تی:( لولا سنتان لهلك النعمان) واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دووساڵه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌بو حه‌نیفه‌ به‌ هیلاك ده‌چوو! هه‌روه‌ها گوایه‌ هه‌موو زانستیه‌كانی له‌و به‌ڕێزه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌میش ئیمامی سێ پێشه‌واكه‌ی تره‌، ده‌ی كه‌وابێت ئیمام جه‌عفه‌ر له‌ هه‌مووان مه‌زنتره‌و شایانتره‌ شوێنی كه‌وین.. ئه‌مه‌ هه‌م درۆیه‌ هه‌م گێل كه‌ززابییه‌، هه‌م به‌ ده‌ردی ئێرانی ده‌ڵێن: : کڵاو له‌سه‌ر نانه‌! :

یه‌كه‌م: ئیمامی جه‌عفه‌رو ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ له‌ ساڵی ٨٠ ك كۆچیدا له‌ دایكبوون و ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ ساڵی ١٥٠ ك دوو ساڵ دوای ئیمامی جه‌عفه‌ر كۆچی دوایی كردووه‌.. كه‌وابوو هه‌ردووكیان زانای هاوشانی یه‌كن و ده‌شێت ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ به‌شێكی له‌ زانستی له‌ ئیمامی جه‌عفه‌ره‌وه‌ وه‌رگرتبێت، ئه‌مه‌ش له‌ نێوان زانایاندا زۆره‌ وه‌كو ئیمامی ئیبنوته‌یمییه‌و ئیمامی زه‌هه‌بی.. یان ئیمامی شافیعی و ئیمامی ئه‌حمه‌د كه‌ هاوده‌نگی كۆڕی یه‌كتریی بوون..

دووه‌م: ریوایاتی شیعه‌ وا ده‌ناسێنن كه‌ ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ دوژمنی ئیمامی جه‌عفه‌ر بووه‌ . كه‌ واش نیه‌.. بەڵام خۆ دیاره‌ ئیمامی جه‌عفه‌ر زۆر دژی ره‌ئی و قیاس بووه‌و ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ش مه‌زهه‌به‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و دوانه‌یه‌.. ئیمامی مالیك و شافیعی و ئه‌حمه‌دیش دوورن له‌ ئوسوڵی مه‌زهه‌بییانه‌ی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و له‌ هیچ شتێكدا نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌وه‌وه‌..

سێیه‌م: هه‌رچی لاپه‌ڕه‌ی مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌یه‌ شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ مامۆستای هه‌ره‌ گه‌وره‌و كاریگه‌ریی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ حه‌ممادی كوڕی ئه‌بو سوله‌یمانه‌ كه‌ قوتابی ئیبراهیمی نه‌خه‌عییه‌و ئه‌میش قوتابی عه‌لقه‌مه‌ی كوڕی ئه‌سوه‌ده‌و عه‌لقه‌مه‌ش قوتابی سه‌یدنا عبدالله‌ی كوڕی مه‌سعووده‌ خوا لێی رازی بێت.. مامۆستای دووه‌می ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ عه‌تائی كوڕی ئه‌بو ره‌باحه‌.. له‌ هیچ شوێنێكدا یه‌ك ریوایه‌ت نیه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ یه‌ك راوبۆچوونی ئیمامی جه‌عفه‌ری وه‌رگرتبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ مه‌تحی جوانی كردووه‌، به‌وه‌ی كه‌ شه‌رعناسترین زانایه‌..

چواره‌م: ئه‌گه‌ر له‌به‌ر زۆربڵێیی ئه‌وه‌مان وه‌رگرت كه‌ چوار مه‌زهه‌به‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ ئیمامی جه‌عفه‌ره‌وه‌ هاتووه‌، ئێ باشه‌ وه‌كو ئیوه‌ له‌ ئیمام موساتانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، ئێمه‌ش له‌ قوتابیه‌كی تریه‌وه‌مان به‌ به‌ڵگه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.. ئیتر ئاو بێنه‌و قاچت بۆ ده‌سنوێژ بشۆ..

812 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/03/2016
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.