ئیمامی ئه‌وزاعی: (٨٨ـ ١٥٧ ك / ٧٠٧ ـ ٧٧٤ ز)
فه‌رمووده‌وانی شه‌رعناس، پارێزه‌ری مافی ئه‌هلی كیتاب و موسوڵمان، موفتی گه‌وره‌ی شام عبدالرحمانی كوڕی عه‌مری ئه‌وزاعی، له‌دایكبووی شاری بەعلەبەک لوبنان و گۆشكراوی شام.. قوتابی نه‌جیبزاده‌ی زانست.. چووه به‌سره‌و زانستی قه‌تاده‌ی وه‌رگرت، چووه كوفه‌و زانستی ئیمامی شه‌عبی وه‌رگرت كه له پێنج سه‌د یاوه‌ره‌وه دینه‌كه‌ی وه‌رگرتبوو.. چووه مه‌ككه‌و زانستی عه‌تائی كوڕی ئه‌بو ره‌باحی وه‌رگرت، چووه مه‌دینه‌و زانستی نافیع و زوهری وه‌رگرت، هاته‌وه شام و گوڵه گه‌نمه‌كانی مه‌حكوولیشی هه‌موو كۆكرده‌وه.. ئه‌م گه‌شته‌ی بردیه ئاستی ئیمامی مالیك و سوفیانی سه‌وری و عبدالله‌ی كوڕی موباره‌ك بۆیه په‌یوه‌ندی به هه‌ر سێكیانه‌وه هه‌بوو!
ئاوا بووه سه‌ر مه‌زهه‌بێكی سه‌ربه‌خۆی فه‌رمووده‌وانی و شه‌رعناسیی، بەڵام قوتابیه‌كانی بۆچوونه‌كانیان كۆنه‌كرده‌وه‌و مه‌زهه‌بی ئه‌میش وه‌كو مه‌زهه‌بی له‌یسی كوڕی سه‌عد پووكایه‌وه، ته‌نها ئه‌و رایانه‌ی ماون كه خه‌ڵكانی تر ئیستیدلالیان پێ كردووه..
ئیمامی ئه‌وزاعی جێمتمانه‌ی هه‌موو فه‌رمووده‌وانانی ئه‌هلی سووننه‌ت و جه‌ماعه‌ته، بوخاری و موسلیم و ئه‌بوداوودو نه‌سائی و ترمزی و ئیبنوماجه‌و داریمی و داره‌قوتنی و ئیمامی ئه‌حمه‌دو محمدی كوڕی حه‌سه‌نی شه‌یبانی و ته‌به‌ریی و داوودی زاهیریی و ئه‌وانی تر لێیانه‌وه گێڕاوه‌ته‌وه..
كاتێك مه‌سیحیه‌كانی جه‌به‌ل لوبنان شۆڕ‌شیان دژی ساڵحی كوڕی عه‌لی والی عه‌بباسی راگه‌یاندو كه‌وتنه كوشتنی ئه‌و گوندنشینانه‌ی لێیانه‌وه نزیكبوون، ساڵحیش په‌یمانی دا ته‌فروتوونایان كات، هاته سه‌ریان و ئه‌وه‌ی به‌شداری شه‌ڕیشی نه‌كردبوو له جێ و رێی خۆیان ده‌ری كردن و زیانی لێدان.. ئیمامی ئه‌وزاعی كه بیستی چووه لای والی و پێی ووت: ئه‌وانه به پێی شه‌رعی خوا ئه‌مانیان له ووڵاتی خۆیاندا دراوه‌تێ، ناهه‌قییه سزای تاوانی كه‌سانێك به‌سه‌ر هه‌موویاندا بدرێت.. خوای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێ: (وَلا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى) الأنعام/١٦٤ واته: گوناحی كه‌س نادرێت به‌سه‌ر كه‌سێكی تردا.. پێغه‌مبه‌ری خواش صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ: (مَن ْظلَمَ مُعَاهِداً أو كَلَّفَهُ فَوقَ طاقَتِهِ فَأنَا حَجِيجُهُ) واته: هه‌ر كه‌سێك سته‌م له هاوپه‌یمانێك بكات یان زیاد له توانای خۆی به‌سه‌ردا بدات، ئه‌وه من له دادگای قیامه‌تدا وه‌ك ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ری راده‌وه‌ستمه‌وه.. به‌رده‌وامیش بوو له‌سه‌ر سه‌ندنه‌وه‌ی مافی ئه‌و مه‌سیحیانه‌و گێڕانه‌وه‌یان بۆ جێ و رێی خۆیان و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌یان له به‌یتولمال.. كۆڵی نه‌دا تا قه‌ناعه‌تی به والی كرد‌و هه‌موویانی هێنایه‌وه جێی خۆیان..
ئه‌م زانا به‌ڕێزه له ١٥٧ك / ٧٧٤ز له به‌یرووت كۆچی دوایی كردووه، ئێستاش كۆلیجی ئیمامی ئه‌وزاعی له به‌یرووت به ناوی ئه‌وه‌وه‌یه كه چه‌ند قوتابیه‌كی به‌ڕێزی كورد له‌وێ بڕوانامه‌یان وه‌رگرتووه.. والحمد لله..