ئاوی تکاوە لە دەسنوێژو غوسڵ
نووسینی: مامۆستا کرێکار
-ئاوی تکاو لە دەسنوێژ: ئەو ئاوەیە کە لە دەموچاوو ئەندامانی دەسنوێژی موسوڵمان کەوتۆتە خوارەوە.. شەرعناسان ھەر لە کۆنەوە موناقەشەی ئەم جۆرە ئاوەیان لا بۆتە باس، کە ئایا ھەر بە پاکی دەمێنێتەوە یان بە بەکارھێنانەکەی پیس دەبێت و جارێکی دیکە ناشێت بۆ پاکژیی بەکار بھێنرێتەوە؟! شەرعناسان لەم مەسەلەیەدا دوو پۆلن:
پۆلی یەکەم: ئەوانەی فەرموویانە پاکە و پاکەرەوە ماوە: ئەمەش رای سەیدنا عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب و ئیبنوعومەرو ئەبو ئومامەو کۆمەڵێکی زۆری سەلەفە، ھەروەھا رای ناسراوو بەناوبانگی مەزھەبی ئیمامی مالیک و ریوایەتێکی لای ئیمامی شافیعی و ئەحمەدیشە، ھەروەھا رای ئیمامی ئیبنوحەزم و ئیبنولمونزیرەو شێخولئیسلام ئیبنوتەیمییەش ئەمیانی پێ پەسەندتر بووە..[1] ھەندێک لە بەڵگەی ئەمان:
١- ئەسڵ ئەوەیە کە ئاو پاکەو ھیچ شتێک پیسی ناکات، وەکو لە فەرموودەکەی پێغەمبەری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ھاتووە کە: (الْمَاءَ طَهُورٌ لاَ يُنَجِّسُهُ شَيْءٌ).[2] واتە: ئاو پاکەو ھیچ شتێک پیسی ناکات.. مەگەر تام یان بۆن یان رەنگی گۆڕا بێت، یان پێناسەی ئاوی رەھا (موتڵەق)ی بەسەردا نەچەسپێتەوە..
٢- ئەوە سەلمێنراوە کە یاوەران ئاوی ماوە لە دەسنوێژی پێغەمبەری خوایان صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەکار دەھێنایەوە:
* ئەبو جوحەیفە خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە: (خَرَجَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِالْهَاجِرَةِ، قَالَ: فَتَوَضَّأَ فَجَعَلَ النَّاسُ يَتَمَسَّحُونَ بِفَضْلِ وَضُوئِهِ).[3] واتە: دوای نیوەڕۆیەک پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ تەشریفی ھێنایە لامان، دەسنوێژی شت کە تەواو بوو کۆمەڵێک خەڵک پەلاماری ئاوی ماوەی دەسنوێژەکەیان داو دەستیان پێ تەڕ دەکردو بە دەموچاوو لەشی خۆیاندا دەھێنایەوە. ئیمامی ئیبنوحەجەری عەسقەلانی رەحمەتی خوا لێبێت دەفەرموێ: ئیحتیمالی ئەوە زۆرترە کە پەلاماری ئەو ئاوەیان دابێت کە لە شتنی ئەندامە پیرۆزەکانی دەسنوێژی تکابۆوە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئاوی بەکارھاتووی دەسنوێژ پاکە.[4]
* فەرموودەکەی مەسوەرەی کوڕی مەخرەمە خوا لێی رازی بێت کە دەگێڕێتەوەو دەفەرموێ: (وَإِذَا تَوَضَّأَ كَادُوا يَقْتَتِلُونَ عَلَى وَضُوئِهِ).[5] واتە: کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەسنوێژی دەشت، یاوەران خەریک بوو شەڕیان لەسەر ئەو ئاوی دەسنوێژەکەی دەکرد..).
* لە ئەبو موسای ئەشعەرییەوە خوا لێی رازی بێت گێڕاوەتەوە: (دَعَا النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِقَدَحٍ فِيهِ مَاءٌ فَغَسَلَ يَدَيْهِ وَوَجْهَهُ فِيهِ وَمَجَّ فِيهِ ثُمَّ قَالَ لَهُمَا اشْرَبَا مِنْهُ وَأَفْرِغَا عَلَى وُجُوهِكُمَا وَنُحُورِكُمَا).[6] واتە: پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ داوای دەفر (قاپ)ێک ئاوی کرد، کە بۆیان ھێنا دەست و دەموچاوی تێدا شت و لە دەمی وەردا، پاشان بەم و بە بیلالی فەرموو: لێی بخۆنەوەو بیکەن بەسەر دەموچاوو ملتاندا..
٣- ئەو فەرموودەی کە ئیبنوعومەر خوا لێیان رازی بێت دەیگێڕێتەوە، دەفەرموێ: (كَانَ الرِّجَالُ وَالنِّسَاءِ يَتَوَضَّئُونَ فِي زَمَانِ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ جَمِيعًا).[7] واتە: لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ژن و پیاو پێکەوە دەسنوێژیان دەشت..
لە ریوایەتێکی تردا لە رێی عوبەیدواللەی کوڕی نافیعەوە، دەفەرموێ: (كُنَّا نَتَوَضَّأ نَحْنُ والنِّسَاءِ عَلَى عَهْدِ رَسولِ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِنْ إنَاءٍ وَاحِدٍ نُدْلِي فِيهِ أيدِينَا).[8] واتە: لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ژن و پیاو لە یەک تەشتێکدا دەسنوێژمان دەشت، ھەموومان لە یەک کاتدا دەستمان تێیدابوو..
٤- فەرموودەکەی کە ئیبنوعەبباس خوا لێیان رازی بێت کە دەفەرموێ: (أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كَانَ يَغْتَسِلُ بِفَضْلِ مَيْمُونَةَ).[9] واتە: پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ غوسڵی ھەر بەو ئاوە دەردەکرد کە خاتوو مەیموونەی خێزانی خوا لێی رازی بێت خۆی پێ شتبوو..
٥- روبەییعی کچی موعەوویز خوا لێی رازی بێت دەفەرموێ: (إنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مَسَحَ رَأْسَهُ مِنْ فَضْلِ مَاءٍ كَانَ بِيَدَيْهِ).[10] واتە: پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مەسحی سەری بەو ئاوە زیادە کرد کە بە دەستی پیرۆزیەوە مابوو..
٦- ئیبنولمونزیر کۆڕا (ئیجماع)ی شەرعناسانی نەقڵکردووە[11] کە فەرموویانە: ئەو ئاوەی لە دەسنوێژو غوسڵی موسوڵمان دەتکێتەوە سەر پۆشاکەکەی پاکە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پاکێتی ئەو ئاوەی لە دەسنوێژ تکاوەتەوە، جا کە ئەو حوکمە لەسەر پاکێتی ئاوا بنبڕانە بێت چی بە بێ ھەبوونی بەڵگە رێ لەوە دەگرێت دەسنوێژی پێ بشۆرێتەوە؟! ئەوی پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە چ بەڵگەیەکی پێیە؟!
پۆلی دووەم: ئەوانەی کە فەرموویانە پاک نەماوەو ناشێت بەکار بێتەوە: بەڵگەی ئەمان وەکو بەڵگەکانی ئەوان ئەوەندە بەھێز نیە رای شەرعناسانی پۆلی یەکەم لاواز کات:
١- (عَنْ حُمَيْدٍ الْحِمْيَرِيِّ قَالَ لَقِيتُ رَجُلًا صَحِبَ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَرْبَعَ سِنِينَ كَمَا صَحِبَهُ أَبُو هُرَيْرَةَ قَالَ نَهَى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ تَغْتَسِلَ الْمَرْأَةُ بِفَضْلِ الرَّجُلِ أَوْ يَغْتَسِلَ الرَّجُلُ بِفَضْلِ الْمَرْأَةِ زَادَ مُسَدَّدٌ وَلْيَغْتَرِفَا جَمِيعًا).[12] واتە: حومەیدی حیمیەری گێڕایەوە کە پیاوێکی بینی کە چوار ساڵ لە خزمەت پێغەمبەری خوادا بوو صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، ئەو گێڕایەوە کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەرھەڵستی کردووە لەوەی ژن بە ئاوی ماوەی بەر پیاو غوسڵی خۆی دەرکات، ھەر وەکو کە نابێت پیاو بە ئاوی ماوەی بەر ژن غوسڵی خۆی دەرکات، با ھەردووکیان ھەر لێی ھەڵھێنجن.. ئەم شەرعناسە بەڕێزانە دەفەرموون دیارە کە جائیز نیە ئاوی بەکارھێنراوی یەکتری بەکار بھێنن. کەوابوو ئاوی بەکارھێنراو پاکیش بێت پاک کەرەوە نەماوە..
ئیمامی ئیبنوحەجەری عەسقەلانی کە بەرگری لە صەحیحێتی فەرموودەکە کردووە دەفەرموێ، فەرموودەکانی تریش صەحیحن، کەوابوو ئەوەی روون دەبێتەوە ئەوەیە کە ئەم فەرموودەیەی حومەیدی دەیگێڕێتەوە بۆ پاک و خاوێنی زیاترە، نەک بۆ رێ لێگرتنی تەواوی..
.........................
- ئاوی تکاوە لە غوسڵ: ئەو ئاوەیە کە لە غوسڵەوانێک تکاوەتەوە، رای شەرعناسان لە پاکێتیی و بەکارھێنانەوەی ئەم ئاوەش وەکو بەکارھێنراوی دەسنوێژ دوو پۆلن:
پۆلی یەکەم: ئەوانەی فەرموویانە پاک ماوەو دەشێت بەکاربێتەوە:
ئەمەش رای سەیدنا عومەرو ئەبوھورەیرەو ئیبنوعەبباس و ئیبنوعومەرو سەعدوی کوڕی ئەبو وەققاص و کۆمەڵێک لە شەرعناسانی سەلەف و ئەبو عوبەیدو ئیبنولمونزیرو ئەوانەیە، ھەروەھا مەزھەبی حەنەفی و مالیکی و شافیعی و ریوایەتێکی ئیمامی ئەحمەدە،[13] بەڵگەشیان:
١- فەرموودەکەی ئیبنوعەبباسە خوا لێی رازی بێت کە فەرموویەتی:(أنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كانَ يَغْتَسِلُ بِفَضْلِ مَيمُونَةَ).[14] واتە: پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەو ئاوەی لە خۆشتنی مەیمونەی خێزانی دەمایەوە غوسڵی خۆی دەردەکرد.
٢- عائیشەخان خوا لێی رازی بێت دەفەرموێ: (من و پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە جەنابەتدا بووین، لە یەک تەشتدا غوسڵمان دەردەکرد..).[15]
٣- ئەو فەرموودەش بەڵگەیە کە ئەبوھورەیرە -خوا لێی رازی بێت-دەگێڕێتەوە کە (أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَقِيَهُ فِي بَعْضِ طَرِيقِ الْمَدِينَةِ وَهْوَ جُنُبٌ، فَانْخَنَسْتُ مِنْهُ، فَذَهَبَ فَاغْتَسَلَ، ثُمَّ جَاءَ فَقَالَ " أَيْنَ كُنْتَ يَا أَبَا هُرَيْرَةَ ". قَالَ كُنْتُ جُنُبًا، فَكَرِهْتُ أَنْ أُجَالِسَكَ وَأَنَا عَلَى غَيْرِ طَهَارَةٍ. فَقَالَ " سُبْحَانَ اللَّهِ، إِنَّ الْمُؤْمِنَ لاَ يَنْجُسُ).[16] واتە: جارێک لە کۆڵانێکی مەدینەدا پێغەمبەری بینی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەڵام لەبەر ئەوەی لەشی گران بوو (لە جەنابەتدا بوو) نەھاتە خزمەت پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پاشان -دوای غوسڵ دەرکردن- ھاتەوە خزمەتی، پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لێی پرسی: ئەرێ ئەبوھورەیرە لە کوێ بوویت؟ ئەویش فەرمووی: لە جەنابەتدا بووم، بۆیە حەزم نەکرد بە لەشی پیسەوە لە خزمەتتدا بم. ئەویش فەرمووی: پاک و بێخەوشی بۆ خوا، موسوڵمان پیس نابێت.
کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێ: (موسوڵمان پیس نابێت) کەوا بوو ئەو ئاوەش کە خۆی پێ شتووەو ئەوی لە غوسڵ و دەستنوێژی تکاوەتەوە ھەمووی ھەر پاک ماوەو بەکارھێنانەوەشی ئاساییە.
ئیبنولمونزیر دەفەرموێ: عەلی کوڕی ئەبوطاليب و ئیبنوعومەرو ئەبو ئومامەو عەطاء و حەسەن و مەکحول و نەخەعی دەفەرمون: ھەر کەس مەسحی سەری لە بیر چوو، ئەو کاتەی بیری دەکەوێتەوە دەتوانێت ھەر بە تەڕی ڕیشی -ئەگەر پێوەی ما بوو-دەستی تەڕ کات و مەسحی سەری پێبکات.
ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئاوی بەکارھێنراو بەلای ئەو بەڕێزانەوە پاک و پاکەرەوەیە.. ئیمامی مالیک و ئیمامی شافیعی خۆیان ئەم رایەیان وەرگرتووە، ئیبنوحەزم دەفەرموێ سوفیانی ثەوری و ئەبوثەورو ھەموو زاھیریەکانیش رایان وایە.
پۆلی دووەم: ئەوانەی فەرموویانە پاک نەماوەو ناشێت بەکار بێتەوە:
ئەمە مەزھەبی ئیبنوعومەرو عبداللەی کوڕی سەرجيس (عَبْدِ اللَّهِ بْنِ سَرْجِسَ) و جوەیرییەی کچی حارسە خوا لێیان رازی بێت، ھەروەھا رای حەسەنی بەصری و ئەحمەدو ئیسحاق و شەعبی و ئیمامی مالیک و ئەوزاعی و شافیعی (لە یەکێک لە قەولەکانیدا) ھەروەھا شەرعناسانی مەدرەسەی رەئی.. داوودی زاھیریی و،[17] بەڵگەشیان:
١- حەکەمی کوڕی عەمر خوا لێی رازی بێت گێڕایەوە کە: (نَهَى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ يَتَوَضَّأَ الرَّجُلُ بِفَضْلِ طَهُورِ الْمَرْأَةِ).[18] واتە: پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەرھەڵستی لەوەکردووە کە پیاو دەسنوێژ بە ئاوی ماوەی دەسنوێژی ژن بشوات..
٢- فەرموودەکەی لای حەمیدی حیمیەری کە دەفەرموێ: (لَقِيتُ رَجُلًا صَحِبَ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَرْبَعَ سِنِينَ كَمَا صَحِبَهُ أَبُو هُرَيْرَةَ قَالَ نَهَى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ تَغْتَسِلَ الْمَرْأَةُ بِفَضْلِ الرَّجُلِ أَوْ يَغْتَسِلَ الرَّجُلُ بِفَضْلِ الْمَرْأَةِ زَادَ مُسَدَّدٌ وَلْيَغْتَرِفَا جَمِيعًا).[19] واتە: پیاوێکم بینی کە چوار ساڵ لە خزمەت پێغەمبەری خوادا بوو صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، ئەو گێڕایەوە کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەرھەڵستی کردووە لەوەی ژن بە ئاوی ماوەی بەر پیاو غوسڵی خۆی دەرکات، ھەر وەکو کە نابێت پیاو بە ئاوی ماوەی بەر ژن غوسڵی خۆی دەرکات، با ھەردووکیان ھەر لێی ھەڵھێنجن..
یەعنی لە یەک کاتدا بۆ نموونە بە جام لە سەتڵێک یان لە تەشتێکی دەرکەن و بیکەن بەسەرو لەشی خۆیاندا.
٣- ئەوەی کە لە سەیدنا عەلی کوڕی ئەبوطالیبەوە خوا لێی رازی بێت گێڕراوەتەوە کە: (كَانَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَأَهْلُهُ يَغْتَسِلُونَ مِنْ إِنَاءٍ وَاحِدٍ وَلاَ يَغْتَسِلُ أَحَدُهُمَا بِفَضْلِ صَاحِبِهِ).[20] واتە: پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەگەڵ خێزانیدا لە یەک تەشتدا خۆیان دەشت بەڵام ھیچیان ئاوی تکاوەی ئەوی تریانی بەکار نەدەھێنا..
٤- ئەم زانا بەڕێزانە بەڵگە بەو فەرموودەش دێننەوە کە ئەبوھورەیرە خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: (لَا يَغْتَسِلُ أَحَدُكُمْ فِي اَلْمَاءِ اَلدَّائِمِ وَهُوَ جُنُبٌ).[21] واتە: کەستان کە جەنابەتتان لەسەر بوو خۆ لە ئاوێکی وەستاودا نەشوات یان ئەوەی کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ (نَهَى أَنْ تَغْتَسِلَ الْمَرْأَةُ بِفَضْلِ الرَّجُلِ أَوْ يَغْتَسِلَ الرَّجُلُ بِفَضْلِ الْمَرْأَةِ).[22] واتە: بەرھەڵستی لەوە کردووە کە ژن بە ئاوی بەکارھێنراوی پیاو بۆ غوسڵ خۆی بشوات و پیاویش بەو ئاوەی ژنێک بۆ غوسڵ دەرکردنی بە کاری ھێناوە خۆی بشوات..
شافیعییەکان دەفەرموون: ئەم بەرھەڵستی کردنەی پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەبەر پیس نەکردنی ئاوەکەیە، کەوابوو ئاوە بەکار ھێنراوەکە سیفەتی ئاوی پاکژی نەماوە..
ئیمامی ئەبوحەنیفەو ئەبو یوسف دەفەرموون: ھەر پیس بووە!
٥-ھەروەھا ئەو فەرموودەیە دەکەنە بەڵگەی بۆچوونی خۆیان کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێ: (لاَ يَبُولَنَّ أَحَدُكُمْ فِي الْمَاءِ الدَّائِمِ وَلاَ يَغْتَسِلْ فِيهِ مِنَ الْجَنَابَةِ).[23] واتە: کەستان میز نەکاتە ئاوی وەستاوەو، کە جەنابەتیشی لەسەر بوو خۆی لە ئاوێکی وەستاودا نەشوات. دەفەرموون: ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو ئاوە بەکارھێنراوەش وەکو میز پیسییە!.
ئەمانی تریش لە وەڵامیاندا فەرموویانە: ئەگەر ئەمە وابوایە! دەبوایەو ئەو تەشت و مەنجەڵ و لەگەنانەی دەستنوێژیان تێدا دەگیرێت دواتر بشۆرانایەتەوە، یان ئەو بەرگ و پۆشاکانەی ئاوی بەکارھێنراوی دەسنوێژو غوسڵیان بەردەکەوت دەبوو بشۆرانایەوە!! ئەمەش کەسی تر وای نەفەرمووە، چونکە ئەو تەشت و مەنجەڵانە بە کۆڕای ھەموو شەرعناسان، پاکن. سەنعانی لە کتێبی (سُبُلُ السَّلامِ)دا دەفەرموێ: دیارە فەرموودەکە بەرھەڵستی لە میزکردن و خۆشتنەکە پێکەوەو لەیەک کاتدا لە ھەمان ئاودا دەکات. واتە میز مەکەنە ئاوێکی وەستاوەوەو پاشانیش خۆتانی تێدا بشۆنەوە. مالیکییەکان دەفەرموون بەکارھێنانەوەی ئاوێک کە بە کارھاتبێت، مەکروھە.[24]
ئەوەی بۆچوونی ووردەکارترو بەڵگەی بەھێزترە رای پۆلی یەکەمە، بەڵام زۆر لە شەرعناسان فەرموویانە: دەشێت بەڵگەی ھەردوولا لێکدرێت و بووترێت:[25] لە لایەنی ئیحتیاتەوە باشتر وایە ئاوی بەکارنەھێنراو بۆ دەسنوێژو غوسڵ بەکاربھێنرێت، ئەگینا بەڵگەیەکی بەھێز لەسەر ئەوە نیە کە ئاوی تکاوە لە دەسنوێژو غوسڵ پیس بووبێت.. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.[26]
..........................
[1] إِبْنُ قُدَامَة: الْمُغْنِي (١/٣١)، النَّوَوِيّ: المَجْمُوع (١/٢٠٥)، إِبْنُ حَزْم: المُحَلّىٰ (١/١٨٣)، إِبْنُ تَيْمِيَةَ: مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ (٢٠/٥١٩)، إِبْنُ الْمُنْذِرِ: الأَوْسَطُ (١/٢٨٥).
[2] أَبُودَاوُد (٢٦٦)، التِّرْمِذِيّ (٦٦)، النَّسَائِيَّ (١/١٧٤)، كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم لە صَحِيحُ فِقْهُ السُّنَةَ (١/١٠٤)دا دەفەرموێ: حەسەنە.
[3] بُخَاري (١٨٧)، أَحْمَدُ: مُسْنَدُ الْكُوفِيّيْنِ (١٨٣٧٩) دەشفەرموێ: عَلَى شَرْطِ الشَّيْخَيْنِ.
[4] اِبْنِ حَجَرٍ: فَتْحِ اَلْبَارِي (١/٣٥٣).
[7] بُخَاري (١٩٣)،أَبُودَاوُد (٧٩)، النَّسَائِيَّ (١/٥٧)، إِبْنُ مَاجَه (٣٨١) .
[8] ئەبوداود ھێناوێتیەوەو دەرھەقی دەفەرموێ: صەحيحە.
[9] مُسْلِم (٣٢٣)، لە فەرمودەیەکی تری مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ دا ھاتووە کە: (كاَنا يَغْتَسِلانِ فِي إنَاءٍ واحِدٍ) واتە: پێکەوە لە یەک تەشتی گەورەدا غوسڵیان دەردەکرد..
[10] كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم لە صَحِيحُ فِقْهُ السُّنَةَ (١/١٠٥) دا دەفەرموێ: حەسەنە، لای ئەبوداود ژمارە (١٣٠) و لای الدَّارَقُطْنِيُّ (١/٨٧).
[11] إِبْنُ الْمُنْذِرِ: الأَوْسَطُ (١/٢٨٨).
[12] أَبُودَاوُد (٨١) بە صەحيحی داناوە.. شەوکانی لە بەرگری لە سەنەدەکەی دەفەرموێ: الْبَيْهَقِيُّ وای راگەیاندووە: گوایە مورسەلە (یاوەرێک لە زنجیرەی سەنەدەکەیدا نەماوە) ئیبنو حەزمیش ئیددیعا دەکات گوایە داوود کە لە حەمیدی کوڕی عبدالرحمانی دەگێڕێتەوە زەعیفە.. نەوەویش فەرموویەتی: حافزانی فەرموودە لەسەر ئەوە کۆن کە ئەمە فەرموودەیەکی زەعیفە.. بەڵام ئیمامی اِبْنِ حَجَرٍی عەسقەلانی دوای ئەوەی لە بلوغ المرامدا سەنەدەکەی بە صەحیح ناساندووە، سەرسامی خۆی لەم قەولەی نەوەوی دەربڕیووە چونکە دەفەرموێ پیاوانی سەنەدی فەرموودەکە ھەموویان جێمتمانەن و کەسم لە فەرموودەوانان نەدیووە بە زەعیفی دانابێت.. ئال بەسسامیش دەفەرموێ ئیبنوحەزم لە ناوی حەمیددا بە ھەڵەدا چووە چونکە ئەو حەمیدە کوڕی عبدالرحمان نیە کە زەعیفە، ئەمە حەمید کوڕی عبداللەیە کە شەرعناس و جێمتمانەیە (فقیەٌ ثقة). تَيْسِيرُ العّلَام (١/١٠٣).
[13] عَبْدُالرَّزَّاقِ: المُصْنَّف (١/١١٠)، إِبْنُ أَبِي شَيْبَةَ (١/٣٨)، إِبْنُ الْمُنْذِرِ: الأَوْسَطُ (١/٢٧٩)، أَبُوعُبَيد: الطُّهُورُ (٢٣٦)، السَّرَخْسِيُّ: المَبْسُوطُ (١/٦١)، الشَّافِعِي: الأُمُ (١/٨)، إِبْنُ قُدَامَة: الْمُغْنِي (١/٢٨٣).
[14] أَبُودَاوُد (٦٨)، التِّرْمِذِيّ (٦٥)، شێخی ئەلبانی بە صەحيحی داناوە لە: صَحِيحُ الجَامِعُ (١٩٢٧).
[15] بُخَاري (٢٩٩)، مُسْلِم (٣٢١).
[16] رَوَاهُ الجَمَاعَةُ: بُخَاري (١/٧٩ و٨٠)، مُسْلِم (١/٢٨٢ ژمارە ١١٥)،أَبُودَاوُد (١/٥٢)، النَّسَائِيَّ (١/١٤٥)، التِّرْمِذِيّ (١/٢٠٧ و ٢٠٨ ژمارە ١٢١) دەربارەشی دەفەرموێ: (حَدِيثٌ حَسَنٌ صَحِيحٌ)، إِبْنُ مَاجَهْ (١ / ٧٨ ژمارە ٥٣٤)، وَمُسْنَدٌ أَحْمَدُ (٢/ ٢٣٥).
[17] الأَوْسَطُ (١/٢٩٢ )، الْمُغْنِي (١/٢٨٢).
[18] ئیمامان أَبُودَاوُد (٨٢)، التِّرْمِذِيّ (٦٤)، النَّسَائِيَّ (١ / ٧٩)، إِبْنُ مَاجَه (٣٧٣)، أَحْمَدُ (٥/٦٦) ھێناویانەتەوەو ئیبنو حەجەرو شێخی ئەلبانی بە صەحیحیان داناوە بەڵام ئیمامی بوخاری و الدَّارَقُطْنِيُّ و نەوەوی بە زەعیفیان داناوە..
[19] أَبُودَاوُد (٨١)، النَّسَائِيَّ (١/١٣٠)، الْبَيْهَقِيُّ ١ / ١٩٠). كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم لە صَحِيحُ فِقْهُ السُّنَةَ (١/١٠٦)دا دەفەرموێ: سەنەدەکەی صەحیحە، لە پەڕاوێزی ژمارە ٣٤ دا باس کرا.
[20] إِبْنُ مَاجَهْ (١/١٣٣)، كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم لە صَحِيحُ فِقْهُ السُّنَةَ (١/١٠٦) دا دەفەرموێ زەعیفە.
[21] مُسْلِم، شەرحی ئيمامی نەوەوی (١/٥٧٨).
[22]أَبُودَاوُد، كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم لە صَحِيحُ فِقْهُ السُّنَةَدا دەفەرموێ: سەنەدەکەی صەحیحە بڕوانە: العَوْنُ المَعْبُودِ (١/١٤٨).
[23] أَبُودَاوُد بەم لەفزە گێڕاوێتیەوە، ئەسڵەکەشی لە صَّحِيحین دایە، بڕوانە العَوْنُ المَعْبُودِ (١/١٣٣) بۆ رای حەنەفیەکانیش بڕوانە فَتْحُ القَدِيرُ (١/٨٧).
[24] بِدَايَة المُجْتَهِدُ (١/٣٧).
[25] اِبْنِ حَجَرٍ العَسْقَّلَانِي: فَتْحِ اَلْبَارِي (١/٣٠٠)، الصَنْعَانِي: سُبُلُ السَّلَامِ (١/٢٨)، الشَوكَانِي: نَيِلُ الْأَوْطَار (١/٢٦).
[26] بۆ تەفسیلی زیاتر دەتوانرێت جگە لەو سەرچاوانەی ناوبراون تەماشای ئەم سەرچاوانە بکرێت: ألْاِسْتِذْكار (١/٢٥٣)، التَّمْهِيدُ (٤/٤٣)، الْمُغْنِي (١/١٩)، الأَوْسَطُ (١/٢٨٥).