زه‌كاتی کاڵای بازاڕ (زكاة عروض التجارة)
نووسینی: مامۆستا کرێکار
کاڵا: كه‌لوپه‌لوشمه‌كی كڕین و فرۆشتنه.. مه‌به‌ست له کاڵای بازاڕ هەموو شتێكه كه له بازاڕدا ده‌فرۆشرێت، جگه له زێڕو زیوو، وه‌كو خۆراك و پۆشاك و به‌رهه‌م و خشڵ و خانوو ئاژه‌ڵ و.. هتد.. له ده‌رزیه‌كه‌وە تا پیترۆل.. یان وه‌كو ووتوویانه (هه‌موو شتێكه كه به ئومێدی قازانج ده‌فرۆشرێت).
ئه‌م کاڵایه، سامانه، پاره‌یه، گه‌شه‌ونه‌شونماده‌كات، زیادده‌بێت. بۆیه زه‌كاتی لێده‌كه‌وێت، ئه‌و كه‌سه‌ی دووكانداره، یان پێشانگای فرۆشتنی سه‌یاره‌ی هه‌یه، یان بازرگانی قوماشه، هه‌موویان له بازاڕدا خاوه‌ن ئیعتیبارن، چونكه بەخاوه‌ن پاره ده‌ناسرێن، ئه‌گه‌رچی پاره‌شیان پێنه‌بێت، چونكه سامانه‌كه‌یان پاره‌یه.. ئه‌مه پێناسه‌و رای جمهوری كۆن و نوێی شه‌رعناسانه، بەڵام سه‌یره كه ئیمامێكی وه‌كو ئیبنوحه‌زم ده‌فه‌رموێ زه‌كاتی له‌سه‌ر نییه.. له‌ویش سه‌یرتر صدیق حسن خان و شێخی ئه‌لبانین ره‌حمه‌تی خوایان لێ بێت كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ژیاون و وا نابینن زه‌كات له بازرگانی بكه‌وێت!! له كاتێكدا ئێستا ووڵات ده‌بینیت له‌سه‌ر بازرگانی وه‌ستاوه! چۆن کابرایه‌ك ئێستا له كوردستاندا وه‌كاله‌تی ئه‌لیكترۆناتی چه‌ندین كۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، یان كۆمپانیای دروستكردنی خانووی هه‌یه، كه قازانجی ساڵانە‌ی به ملیۆنان دۆلار حسێبده‌كرێت، زه‌كاتی له‌سه‌ر نییه؟ كابرا له سلێمانی كۆمپانیای نه‌وتده‌رهێنان و فرۆشتنی هه‌یه، چۆن زه‌كاتی له‌سه‌رنییه؟ بەڵام لادێيیه‌ك ده‌بێ زه‌كات له مێوژه‌كه‌ی بدات؟!.
ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه نامۆیه وه‌رگیرا _خۆ زه‌كات كه روكنێكی دینه‌كه‌یه_ به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت. زه‌كات مافی هه‌ژارانه له سامانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا. كێ هه‌یه ئێستا له بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌مەندتر بێت.. ده‌ی چۆن ده‌شێت هه‌ژارو قه‌رزارو رێبواری لێقه‌وماوو موجاهیدو خاوەن پڕۆژه‌ی ئیسلامی کۆمەڵایەتی هه‌موو له سامانی ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌مه‌ندانه مه‌حروومبكرێن؟.
زه‌كاتی کاڵا له سه‌رده‌مانی یاوه‌ران و تابعینه‌وه دراوه، كه‌سیش له رای خۆیه‌وه بێبه‌ڵگه فه‌تواینه‌داوه، چونكه له‌سه‌ری ناكۆكنه‌بوون،[1] هه‌ر ناكۆكییه‌كیان له ناودابوایه _وه‌كو باسه‌كانیتری شه‌رعناسی_ حه‌تمه‌ن بۆچوونه جیاوازه‌كان بەبه‌ڵگه‌كانیانه‌وه موناقه‌شه‌ده‌كران و تۆمارده‌كران و تابعین ده‌یانگواسته‌وه بۆ دوای خۆیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌كاتی کاڵا بۆته به‌ڵگه‌نه‌وویستێك لایان. ئیمامی ئیبنولمونزير _كه به‌نه‌قڵ كردنی كۆڕا (ئیجماع)ی شه‌رعناسان به ناو بانگه‌و كتێبی (الاجماع)ی له‌سه‌ر ئه‌وه نووسیووه_ ده‌فه‌رموێ: (ئه‌هلی زانستی شه‌رعیی له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه زه‌كاتی کاڵا له نرخه‌كه‌ی ده‌درێت).[2]
بڕگه‌ی یه‌كه‌م: حوكمی شه‌رعی زه‌كاتی کاڵا
هه‌ر چه‌نده زۆرینه‌ی زۆری شه‌رعناسان له‌وه‌دا ناكۆك نین كه کاڵای بازاڕیی زه‌كاتی له‌سه‌ره، بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند پێشه‌واو شه‌رعناسێكی ئوممه‌ت وای بۆچوون كه زه‌كات لەکاڵادانییه، بۆیه هه‌ر ده‌بێت بڵێین شه‌رعناسان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا دوو بۆچوونیان هه‌یه:[3]
یه‌كه‌م: کاڵا زه‌كاتی له‌سه‌ره: ئه‌مه بۆچوونی شه‌رعناسانی ئوممه‌ته‌و هه‌ندێك له زانایان فه‌رموویانه كۆڕا (ئیجماع)ی یاوه‌ران و تابعینی له‌سه‌ره. به‌ڵگه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه له قورئان و فه‌رمووده‌و كۆڕا (ئیجماع)دایە.
١- به‌ڵگه له قورئاندا: خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ أَنفِقُواْ مِن طَيِّبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ وَمِمَّا أَخْرَجْنَا لَكُم مِّنَ الأَرْضِ)البقرة/٢٦٧ واته: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتانهێناوه له‌و پاك و حەڵاڵه‌ی په‌یداتانكردووه، هه‌روه‌ها له‌وه‌ش كه ئێمه له زه‌وییه‌وه بۆمان به‌رهه‌مهێناون، ببه‌خشن.. زه‌كاته‌كه‌یده‌ركه‌ن.
ئیمامی بوخاری رەحمەتی خوای لێبێت له سه‌حیحه‌كه‌ی خۆیدا (كتاب الزَّكَاة/ باب صدقة الكسب والتجارة)دا مانای (مَا كَسَبْتُمْ)ی به بازرگانی لێكداوه‌ته‌وه هه‌روه‌ها موفه‌سییرانیش.[4]
٢- به‌ڵگه له فه‌رمووده‌دا: سه‌موره (یان سومره)[5]ی كوڕی جوندوب ده‌فه‌رموێ: (كَانَ رَسُولُ اَللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَأْمُرُنَا: أَنْ نُخْرِجَ اَلصَّدَقَةَ مِنَ اَلَّذِي نَعُدُّهُ لِلْبَيْعِ).[6] واته: پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمانی پێده‌داین كه زه‌كات له‌و شتانه ده‌ركه‌ین كه بۆ فرۆشتنه‌وه‌مان ئاماده‌ده‌كردن.
هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌كه‌ی لای ئه‌بوذه‌ر خوا لێی رازی بێت كه (مه‌رفوع)ـە‌و ده‌فه‌رموێ: (فِي الإِبِلِ صَدَقَتُهَا، وَفِي الْغَنَمِ صَدَقَتُهَا، وَفِي الْبَزِّ صَدَقَتُهُ).[7] واته: حوشتر زه‌كاتی خۆی هه‌یه، حوشتر زه‌كاتی خۆی هه‌یه، مەڕيش زه‌كاتی خۆی هه‌یه. واته پارچه قوماش (كوتاڵ)بێت یان كرا بێت به پۆشاك و پێداوویستیتر.. هه‌ندێكیتر فه‌رموویانه قاپ و قاچاخ و كه‌لوپه‌لی پێداوویستی ماڵیش ده‌گرێته‌وه..[8] واته: فێریان كه كه زه‌كاتێك له سامانه‌كانیانداهەیە کە گومانی تێدانیه. کاڵای بازاڕیش سامانی خه‌ڵكیه.
ئه‌گه‌ر له کابرایه‌ك بپرسیت ئه‌وه بۆچی خه‌ریكی فرۆشتنی فڵان شتیت؟ ده‌ڵێ: كاسبیه‌كی باشه‌و پاره‌یه‌كی باشم لێی ده‌ستده‌كه‌وێت.. یه‌عنی کاڵای فرۆشتنه‌كه‌ی پاره‌یه.
- ئه‌بوهوره‌یره خوا لێی رازی بێت ئه‌و ریوایه‌ته ده‌گێڕێته‌وه كه موناقه‌شه كه‌وته‌نێوان یاوه‌رانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خالیدی كوڕی وەلید خوا لێی رازی بێت قه‌ڵغان و كه‌لوپه‌له‌كانی جه‌نگكردنی _كه موڵكی خۆی بوون_ گه‌نجینه (خه‌زن) كردبوو، یاوه‌ران ده‌یانفه‌رموو بۆچی زه‌كاتی لێنادات؟! كه‌وابوو ئه‌وه به‌ڵگه‌یه كه‌لوپه‌ل مادام كڕین و فرۆشتن ده‌یگرێته‌وەو دانراوه، زه‌كاتی لێده‌كه‌وێت. ئه‌م موناقه‌شه‌یان به‌رده‌وام بوو، تا پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ناوكۆییكردن و فه‌رمووی: (وَأَمَّا خَالِدٌ فَإِنَّكُمْ تَظْلِمُونَ خَالِدًا قَدِ احْتَبَسَ أَدْرَاعَهُ وَأَعْتَادَهُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ).[9] واته: بەڵام ئەوەی خالید... بەڕاستی ئیوه زوڵم له خالید ده‌كه‌ن، چونكه بەته‌ئكید ئه‌و قه‌ڵغانه‌كانی داناوه، تا له پێناوی خوادا به‌كاریبهێنێت، له جیهاددا، نه‌ك داینابێت پاشه‌كه‌وتی بكات. كه له‌م حاڵه‌ته‌ی دووه‌مدا ده‌بوو زه‌كاتی لێبدات.
٣-ڕەفتاری یاوه‌ران و تابعین (سه‌له‌ف):
١- قاری ئیبنوعه‌بد خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: له زه‌مانی عومه‌ری كوڕی خه‌تتابدا به‌رپرسی به‌یتولمال بووم، كه ده‌یوویست مووچه‌بدات، سامانی بازرگانه‌كانی هه‌ژماردكرد، ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیاندابوایه‌و ئه‌وی له شوێنێ بوایه، ئه‌وی حازربووایه‌و ئه‌وی قه‌رزبووایه، پاشان زه‌كاته‌كه‌ی له هه‌موو فرۆشیاره ئاماده‌و غائیبه‌كان له سامانه‌كانی به‌رده‌ستیان، وه‌رده‌گرت.[10]
٢- ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: (لَيْسَ فِي العُرُوضِ زَكَاةٌ إِلَّا مَا كَانَ لِلتِّجَارَةِ).[11] واته: زه‌كات له كه‌لوپه‌لدا نییه، مه‌گه‌ر بۆ كاسبی پێوه‌كردن و بازرگانی دانرابێت.
٣- ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: (لاَ بَأْسَ بِالتَربُص حَتَّى يَبِيعُ وَ‌الزَّكَاةُ وَاجِبَةٌ فِيهِ).[12] واته: قه‌یدی چییه ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوان بكرێت تا ده‌فرۆشرێت، خۆ زه‌كات لێدانه‌كه‌ی فه‌رزه.
٤- عه‌تائی كوڕی ئه‌بوره‌باح (قوتابی ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت) ده‌یفه‌رموو: (مرواری زه‌كاتی له‌سه‌ر نییه، هه‌روه‌ها یاقوتو زوبه‌رجه‌دو نقێم و کاڵاو هه‌ر شتێكی‌تر كه بۆ فرۆشتنه‌وه‌و كاسبی و بازرگانی دانه‌نرابێت، هه‌ر كامێكیان بۆ كاسبی پێوه‌كردن دانرا، ده‌بێ كاتی فرۆشتنه‌وه‌ی هەشتیەکی (١/٨) بكرێت به زه‌كات).[13]
٥- عومه‌ری كوڕی عبدالعه‌زیز نامه‌ی بۆ (زریق)ی والی نووسی (ئه‌و موسوڵمانانه‌ی له لاتن سه‌یری کاڵاكانیان بكه، هه‌ر سامانێكیان بۆ كاسبیكردن دانابوو زه‌كاته‌كه‌ی وه‌رگره، له‌هه‌ر چل دینار دینارێك.[14]
هیچ بۆچوونێكی پێچه‌وانه‌ی رەفتاره‌كه‌ی سه‌یدنا عومه‌رو بۆچوونی ئیبنوعومه‌ر و ئیبنوعه‌بباس له یاوه‌ران خوا لێیان رازی بێت و لە تابیعینه‌وه نه‌قڵ نه‌بووه، هه‌ر به‌و بۆچوونه‌ش رەفتاركراوه.. نا‌بینیت عومه‌ری كوڕی عبدالعزیز رەحمەتی خوای لێبێت كه ساڵی (٩٩ك)ی بوو به خه‌لیفه هه‌روای رەفتاركردووه له‌گه‌ڵ سامانی بازرگانه موسوڵمانه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا، له هه‌رشوێنێك بووبن .. ئه‌مه جگه له رێكه‌وتنی شه‌رعناسان له‌سه‌ر فه‌رزبوونی زه‌كات له سامانی كاسبی پێوه‌كردن به هه‌موو جۆرێكیه‌وه.
ئیبنولمونزيرو ئه‌بوعوبه‌ید كۆڕا (ئیجماع)ی زانایان و شه‌رعناسانیان له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌قڵكردووه.. ئه‌بوعوبه‌ید به نه‌زانراویی و نه‌ناساندن ده‌فه‌رموێ: (ئه‌مما ئه‌و قه‌وله‌یتر(كه دەڵێ زه‌كاتی لێ‌نادرێت) ئه‌وه لای ئێمە بۆچوونی زانایان نییه).
٤- لێكچواندن و به‌راووردكردن(قیاس): ئه‌و کاڵاو كه‌لوپه‌لانه‌ی كاسبیان پێوه‌ده‌كرێت، مه‌به‌ست لێیان پاره په‌یداكردن و زۆركردن و گه‌شه‌ونه‌شونمای كاسبییه‌كه‌یه (به زۆر كڕین و فرۆشتنی کاڵاكان) ئه‌مه‌ش هیچ جیاوازییه‌كی نییه له‌گه‌ڵ هه‌بوون و زیادكردنی سامانەكانیتری زه‌كات، وه‌كو: زێڕو زیوو پاره، یان ئاژه‌ڵ، یان چاندن و به‌روبووم.
٥- له پێناسه‌و ئیعتیباردا: له هه‌ر لایه‌نێكه‌وه بڕوانیته کاڵای كاسبی، هه‌ر به‌نرخی پاره‌كه حسێبده‌كرێته‌وه، چونكه له دابونه‌ریتی هه‌موو گه‌لانی سه‌رده‌مدا، له هه‌موو بازاڕێكدا کاڵا پاره‌یه.. جیاوازی چییه له نێوانی درهه‌م و دیناری كۆن یان پارچه زێڕو زیووی كۆن و کاڵای سه‌رده‌م؟ خۆ داگیركردنی ووڵاتان له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ به‌هارات و نه‌وت و ئه‌ڵماسه!! وا خه‌ریكه یۆرانیۆمیش ده‌بێته هۆکار.. هه‌موو کاڵایه‌ك ده‌شێت بكرێته سامانی زه‌كات چ به خۆی چ به‌نرخه‌كه‌ی.. ئه‌گه‌ر زه‌كات له‌سه‌ر کاڵا نه‌بێت وه‌كو شێخ محمد ره‌شید ره‌زای ره‌حمه‌تی ده‌فه‌رموێ: (هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌تواننن پاره‌ی خۆیان بخه‌نه بازرگانی کاڵاوه.. كه ساڵ به‌سه‌ریاندا دێته‌وه نيصابیان نامێنێت زه‌كاتی لێبده‌ن)!.[15]
ئه‌مه بەڕاستیی ئیلغاكردنه‌وه‌ی روكنی زه‌كاته.. ئه‌مه زه‌لكاوی خۆش گه‌شه‌ی پێكوڕه‌ی سه‌رمایه‌دارییه.. خۆرۆژئاواش ئه‌مه‌ی له (حاكم و مه‌حكوم)ی ووڵاتانی ئێمه ده‌وێت!!!.
- ئه‌گه‌ر لاكۆڵانی وا بۆخۆدزینه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بكرێته‌وه، جاخۆ نه‌ك پاڵفته‌نابن ،به‌ڵكو دڵیان ئه‌وه‌نده‌یتر ره‌شده‌بێت، دوو ئه‌وه‌نده‌یتر چاوچنۆك و پیسكه‌و چروك ده‌رده‌چن. مه‌گه‌ر زه‌كاتدان بۆ پاڵفته‌ی ده‌روون و ره‌وشت و سامان و كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵمان نییه؟!.. پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌یزانی رۆژانه چ چڵك و ژه‌نگێك ده‌روون و ره‌وشتی كاسبكاران و بازرگانان داده‌پۆشێت، بۆیه داوای لێ ده‌كردن كه _وەکو كاری مزگه‌رێتیی، بەڵام به زه‌كات و خێروخێرات_ دڵییان سپیبكه‌نه‌وه. ده‌یفه‌رموو: (يَا مَعْشَرَ التُّجَّارِ إِنَّ الْبَيْعَ يَحْضُرُهُ اللَّغْوُ وَالْحَلِفُ فَشُوبُوهُ بِالصَّدَقَةِ).[16] واته: هۆ ده‌سته بازرگان و كاسبكارانی بازاڕ؛ شتفرۆشتن هه‌میشه سوێندو قسه‌ی بێجێی تێده‌كه‌وێت، بۆیه پێویسته به‌زه‌كات و خێركردن، پاكژییبكه‌نه‌وه.[17]
دووه‌م: کاڵا زه‌كاتی له‌سه‌ر نییه: ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی ئیبنوحه‌زمه و له‌م سەرده‌مه‌شدا ئیمامی شه‌وكانی قوتابیه‌كه‌ی صدیق حسن خان و پاشان شێخی ئه‌لبانی رحمهم الله وای بۆچوون، كه کاڵای بازرگانی زه‌كاتی لێناكه‌وێت به‌ڵگه‌شیان ئه‌مانه‌یه:
١- فه‌رمووده‌ی: (لَيْسَ عَلَى اَلْمُسْلِمِ فِي عَبْدِهِ وَلَا فِي فَرَسِهِ صَدَقَةٌ).[18] واته: زه‌كات له‌سه‌ر كۆیله‌و ئه‌سپی موسوڵمان نیه.. جمهوریش ئه‌م ئیستیدلاله‌یان به‌هه‌ڵەداناوه‌و فه‌رموویانه كه زه‌كات له كۆیله‌دا نییه، چونكه كۆیله كه خزمه‌ت به خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كات و ئه‌سپه‌كه‌ش بۆ سواریی خۆیه‌تی، ئه‌مانه پێداوویستین.
٢- ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه كه سامانی موسوڵمان حه‌رامه‌و ناشێت به‌بێبه‌ڵگه‌ی شه‌رعی، هیچی لێبسه‌نرێت.. جمهور ده‌فه‌رموون ئه‌مه له كاتێكدایه كه به‌ڵگه‌مان به‌ده‌سته‌وه نه‌بێت، ده‌ی خۆیاوه‌ران و تابیعین ئه‌م زه‌كاته‌یان له‌م سامانە وه‌رگرتووه.
٣- قه‌یسی كوڕی ئه‌بوغه‌رەزه ده‌فه‌رموێ: (خَرَجَ إِلَيْنَا رَسُولُ اللهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَنَحْنُ نَبِيعُ الرَّقِيقَ، نُسَمَّى السَّمَاسِرَةَ فَقَالَ: يَا مَعْشَرَ التُّجَّارِ، إِنَّ بَيْعَكُمْ هَذَا يُخَالِطُهُ لَغْوٌ، أَوْ حَلِفٌ، فَشُوبُوهُ بِصَدَقَةٍ، أَوْ بِشَيْءٍ مِنْ صَدَقَةٍ).[19] واته: پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ته‌شریفی هێنایه لامان، ئێمه كۆیله‌مان ده‌فرۆشت، پێیان ده‌وتین سه‌ماسیره (دەڵاڵ)، فه‌رمووی هۆ ده‌سته‌ی بازرگان، ئه‌م كاری فرۆشتنه‌تان قسه‌ی بێجێ و سوێندخواردنی تێده‌كه‌وێت، بەزه‌كات و خێر، یان به‌شتێك له زه‌كات و خێركردن پاڵفته‌ی كه‌نه‌وه.
ئیبنوحه‌زم رەحمەتی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: ئه‌مه زه‌كات و خێرێكی فه‌رزكراوی نادیاریكراوه، بۆیه هه‌ر چۆره بڕێكی لێبكه‌ن به‌خێر به‌سه بۆ پاڵفته‌كردنی كاسبیه‌كه‌یان.[20]
پێم وایه بۆچوونی جمهور په‌سه‌ندتره و یاسای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بڕگه‌ی دووه‌م: مه‌رجی زه‌كاتی کاڵا و نيصاب و چۆنیه‌تی ده‌ركردنی زه‌كاته‌كه‌ی
* مه‌رجه‌كانی زه‌كاتی کاڵا: ئه‌و کاڵایه‌ی سامانی كاسبیكردنه‌و زه‌كاتی لێده‌درێت ئه‌مانه مه‌رجه‌كانین:
١- جۆرێك نه‌بێت له‌وانه‌ی كه له ئه‌سڵدا زه‌كاتیان له‌سه‌ره وه‌كو زێڕو ئاژه‌ڵ.. چونكه ناشێت دوو زه‌كات له یه‌كجۆر سامان ده‌ركرێت.. زه‌كاتی ئه‌و جۆره سامانه له خودی سامانه‌كه‌یه.. كابرا كه چل سه‌رمه‌ڕی هه‌یه مه‌ڕێكی زه‌كات لێده‌دات، بەڵام ئه‌و كه‌سه‌ی جه‌ڵه‌بكڕه (كاسبی بەكڕین و فرۆشتنی مه‌ڕو ماڵاته‌وه ده‌كات) ئه‌گه‌ر ٣٩ سه‌ر مه‌ڕی بۆ كاسبیكردن هه‌بوو ده‌بێ زه‌كاتی لێبدات چونكه سه‌رمایه‌ی مه‌ڕه‌كان دوو ئه‌وه‌نده‌ی بڕی پاره‌ن[21] كه نرخی ٨٥ گرام زێڕی عه‌یاره ٢٤ـە.
٢- بایی ئه‌وه‌نده ببێت كه ٨٥گرام زێڕی پێ بكرێت.
٣- ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ ببێت.
* بڕی نيصاب كه‌ی له نرخی کاڵادا هه‌ژمار ده‌كرێت؟ سێ بۆچوون وەڵامێتی:
یه‌كه‌م: كۆتایی ساڵی تێپه‌ڕیوو به‌سه‌ر هه‌بوونییدا، ئه‌وه بۆچوونی ئیمامی مالیك و ئیمامی شافیعیه.
دووه‌م: له‌هه‌ر كاتێكی ساڵه‌كه‌دا بێت، مادام بڕی نيصاب كه‌مینه‌كردووه، ئه‌گه‌ر كه‌میكرد ساڵه‌كه ده‌پسێت و دیسان له سه‌ره‌تاوه هه‌ژمارد ده‌كرێته‌وه. ئه‌مه‌ش رای زۆرینه‌ی شه‌رعناسانه.
سێیه‌م: یان له سه‌ره‌تای ساڵه‌كه‌یدا، یان له كۆتاییه‌كه‌یدا، له‌ناوه‌ندیدا نابێت، ئه‌وه‌ش بۆچوونی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌یه. پێم وایە رای ئیمامی مالیک و ئیمامی شافیعیی پەسەندتر بێت، چونکە لەم سەردەمەدا کەم کاسبی هەیە نرخی کاڵاکەی لە ساڵێکدا نەگۆڕ بمێنێتەوە، بۆیە کە ساڵ بەسەر هەبوونی نیصابی کاڵاکەدا هاتەوە، زەکاتی لێدەرکات. واللە اعلم.
* كاسبكار چۆن بڕی نيصاب و زه‌كاته‌كه‌ی حسێبده‌كات؟:
كه كاتی زه‌كاتدانی هات (وه‌ك ئه‌وه‌ی راهاتبێت له ره‌مه‌زاندا بیدات، یان له تێپه‌ڕ بوونی ساڵه‌كه‌یدا) کابرای كاسبكار یان بازرگان، یانخاوه‌ن کاڵاكه، پاره‌ی هه‌موو جۆره کاڵاكانی كۆده‌كاته‌وه:
١- سه‌رمایه‌و قازانج و پاره دانراوه‌كه‌ی و نرخی کاڵاكه‌ی (هه‌رچی هه‌یه‌تی).
٢- ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه ئومێدی زۆره بۆی بهێننه‌وه، چونكه موڵكی خۆیه‌تی و هه‌یه‌تی.
نرخی هه‌ر هه‌مووی حسێبده‌كات.. پاشان ئه‌گه‌ر قه‌رزاربوو، قه‌رزه‌كه‌ی لێده‌رده‌كات، له‌وه‌ی كه دەمێنێتەوە، ئه‌گه‌ر بڕی نيصاب بوو، زه‌كاته‌كه‌ی ده‌رده‌كات، كه چلیه‌كە (٥ر٢٪) به پێی نرخی ئه‌و رۆژه‌ی بازاڕ كه ده‌یفرۆشنه‌وه، نه‌ك نرخی كڕینه‌كه‌ی.. هه‌موو ساڵێك ئاوا زه‌كاتی حێسبدەكات. ئه‌مه بۆچوونی زۆرینه‌ی شه‌رعناسانه. منیش پێم پەسەندە وا‌بکات، چونکە حسێبکردنی ساڵانە‌ی ئاسانترە واللە اعلم.
* ئایا بڕی زه‌كاته‌كه له کاڵاكه ده‌رده‌كات یان له نرخی؟:
جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون له نرخه‌كه‌ی، نه‌ك له کاڵاكه، چونكه نرخه‌كه ئیعتیباری هه‌یه، ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه و ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموون، کابرای خاوه‌ن زه‌كات سه‌رپشكه له كامیان زه‌كاتده‌دات[22] ئیمامی ئیبنوته‌یمییه ده‌فه‌رموێ: به‌رژه‌وه‌ندی زه‌كاتوه‌رگر ره‌چاوده‌كرێت.[23]
پێم وایه له به‌رژه‌وه‌ندی وه‌رگره كه به پاره‌ی زه‌كات وه‌رگرێت وه‌ك له کاڵا. رێبوارێكی موحتاج چی له پۆشاكی منداڵان بكات، خۆ هه‌ر ده‌بێ بیفرۆشێته‌وه.. یان موجاهیدێك چی له‌كارتۆنێك بازنه‌و موتوموورو بكات؟! یان بێوه‌ژنێك چی له پارچه‌ی ئیحتیاتی سه‌یاره بكات؟ سه‌دان نموونه‌یتری وای دوورلەیه‌كتریی هه‌یه.. کاڵاكه به خاوه‌نه‌كه‌ی ئاسان ده‌فرۆشرێته‌وه، بەڵام به هه‌ژاری موحتاج زه‌حمه‌تتره و له‌وانه‌شه گومانی دزینیشی لێ بكرێت!!.
[2] حسن أيوب: الزكاة في الاسلام ل٤٥.
[3] لە (فقه الزكاه ١/٣٤٠)ی شێخ یوسف قه‌ره‌زاویدا به ته‌فسیل باسكراوە.
[4] ته‌فسیری طه‌به‌ری ٥/٥٥٥ وته‌فسیری (احكام القرا‌ن) ی ئیبنولعه‌ره‌بی ١/٢٥٣ و ته‌فسیره‌كانیتریش. ئیمامی شه‌وكانی دەفەرموێ: (من جید ما كسبتم و مختاره. كذا قال الجمهور) فتح القدیر ١/٢٨٢.
[5] ئیمامی نه‌وه‌وی دەفەرموێ (سومره)، شێخی ئەلبانی دەفەرموێ: (سه‌موره) چونكه عه‌ره‌بی ده‌نوسرێت ٠سمرە).
[6] ئەبوداوود ١٥٦٢ ئەلبانی لە الاروا‌ء ٨٢٧ دا دەفەرموێ زەعيفە.
[7] ئەحمەد ٥/١٧٩ بەیهەقی ٤/١٤٧ ئەلبانی لە (سلسلة الاحادیث الضعيفة ژ ١١٧٨) دا دەفەرموێ: زەعيفە.
[9] بوخاری ١٤٦٨ موسلیم ١٦٤٠.
[10] المُحَلّىٰ ٥/٢٣٤ . شێخی ئەلبانی رحمەاللە دەفەرموێ: بەڵام ئيبنوحەزم رحمەالله تەئويلیكردووە. بڕوانە: (الاختیارات الفقهیة للامام الالباني ل:٢٠٥)
[11] ئیمامی شافیعی رحمەاللە لە کتێبی: (الام ٢/٦٨) بە سەحیحیشی داناوە. هەروەها ئیبنو ئەبی شەیبە لە: المصنف ٢/٤٠٦، عبدالرزاق لە: المصنف ٤/٩٧، بەیهەقی لە: السنن الکبری ٤/١٤٧. ئیمامی ئیبنوحەزم لە: (المحلی ٤/٤٠) و ئیمامی نەوەوی لە: (المجموع ٥/٦)دا بە سەحیحیان داناوە.
[12] الاموال ل٨٨٢، المُحَلّىٰ ٥/٤٣٤ بە صەحيح ناساندوويانە.
[13] عبدالرزاق ٧٠٦١ ، ئیبنوئەبی شەیبە ٣/١٤٤ صەحيحە. بڕوانە: صَحِيحُ فِقْهُ السُنَةَ ٢/٥٤.
[14]ئیمامی مالیک لە: الموطأ ٥٩٤، ئیمامی شافیعی لە الأم ٢/٦٨. صەحيحە. بڕوانە: صَحِيحُ فِقْهُ السُنَةَ ٢/٥٤.
[15] محمد رشيد رضا: تفسير المنار ١٠/٥٩٠.
[16] ئەبوداوود ٣٣٢٦، ترمذي ١٢٠٨، نەسائی ٣٧٩٧، ئيبنو ماجە ٢١٤٥، ئەحمەد ٤/٢٨٠. شێخی ئەلبانی رحمەاللە لە: (صحیح ابن ماجە ٢١٤٥)دا بە سەحیحی داناوە.
[17] هه‌موو كتێبی شه‌رعناسیی مه‌زهه‌به‌كان موناقه‌شه‌ی ئه‌م باسه‌یان به ته‌فسیل كردووه‌و ره‌دیان له ئیمامی ئیبنوحەزمی رەحمەتی داوه‌ته‌وه، بەڵام به تایبه‌ت و دووردرێژیی: ابن المنذر لە: الاجماع ل١٤، ابوعبید لە: الاموال ل٤٢٩ ئیمامی نه‌وه‌وی لە: المجموع ٦/٤٧، ابن رشد لە: بدایه المجتهد ١/٢٥٤، ابن ابی شیبه لە: المصنف ٣/٣٦-٤٤.
[18] بوخاری ١٤٦٤ موسلیم ٦٢٨.
[19] ئەبوداوود ٣٣٢٦، نەسائی ٣٨٠٠، ترمذي ١٢٠٨، ئیبنوماجه ٢١٤٥، ئەحمەد ١٥٧٠٢، صەحیحە: صحیح فقە السنة ٢/٥٦. شێخ شوعەیبی ئەرنائووطی کە قوتابی ئەلبانی بوو، هەروەها عەللامە ئەحمەد شاکر کە هاوشانی شێخی ئەلبانی بوو رحمهم اللە دەفەرموون: بە پێی مەرجەکانی بوخاری و موسلیمەو سەحیحە.
[21] مه‌به‌ست له ئێستای باشوری كوردستانه.
[22] البدائع ٢/٢١ المغني ٣/٣١.
[23] مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ ٢٥/٨٠.