هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی سه‌ره‌تای سوره‌تی المجادلة
له جاهیلییه‌تی پێش ئیسلامدا ئه‌گه‌ر مێرد به ژنی خۆی بووتایه (أَنْتِ عَلَيَّ كَظَهْرِ أُمِّي) واته پشتت وه‌كو پشتی دایكمه، یان پشتت وه‌ك پشتی دایكم بێت، ئیتر ئه‌و ئافرەتە‌ی لێ حه‌رام ده‌بوو، نه به تەڵاقدراو هه‌ژمارد ده‌كرا تا شوویه‌كی تر بكاته‌وه، نه به خاوه‌ن مێرد! مێرده‌كه‌شی مافی خۆیی هەر پێوه دەما! ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی ئه‌و داب ونه‌ریته کۆمەڵایە‌تییه سته‌مكاره بوو كه سته‌می زۆری له ئافره‌ت كردبوو. له جاهیلییه‌تی پێش ئیسلامدا ئه‌م ره‌فتاره به تەڵاق حسێب بوو. چونكه ئافرەتە‌كه‌ی وه‌كو دایكی خۆی لێ حه‌رام ده‌بوو. کە ئیسلام هات ئه‌م یاسایه‌ی ئیلغاكرده‌وه.[1]
ریوایه‌ته‌كانی هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌تانه‌ی سه‌ره‌تای ئەم سوره‌تە زۆرن، بوخاری له سه‌حیه‌كه‌یدا كتاب التوحید به (موعه‌لـله‌ق)ی و ئیمامی ئه‌حمه‌دو ئه‌بوداوود و نه‌سائی و ئیبنوماجه‌و ئیبنوئه‌بوحاته‌م و ئیبنوجه‌ریر گێڕاویانه‌ته‌وه كه به‌هۆی حاڵه‌تی خاتوو خوه‌یله (یان خه‌وله، كچی ثه‌عله‌به) هاته‌خواره‌وه كه (ئه‌وسی كوڕی صامت)ی مێردی وای پێووتبوو.
ئیمامی ئه‌حمه‌د رحمه‌الله ده‌فه‌رموێ: سه‌عدی كوڕی ئیبراهیم و یه‌عقوب هه‌ردووكیان ووتیان: باوكم له محمـد ی كوڕی ئیسحاقییه‌وه گێڕایه‌وه كه مه‌عمه‌ری كوڕی عه‌بدواللەی كوڕی حه‌تره قسه‌ی بۆ كردن كه یوسفی كوڕی عبداللەی كوڕی سه‌لام له خوه‌یله‌ی كچی ثەعلەبە‌ی بیست كه فه‌رمووی: به‌خوا قه‌سه‌م ئه‌و ئایه‌تانه‌ی سه‌ره‌تای سوره‌تی موجاده‌له له‌سه‌ر من و ئه‌وسی كوڕی صامت (مێرده‌كه‌ی) هاته خواره‌وه، فه‌رمووی:
ژنی ئه‌وس بووم، لای بووم، پیاوێكی پیر بوو، ره‌فتاری زۆر خراپ بوو بوو، رۆژێك هاته‌وه ماڵه‌وه شتێكم له‌گه‌ڵدا باسكرد پێی توڕه بوو، ئیتر پێمی ووت: پشتت وه‌كو پشتی دایكم بێت، پاشان له‌ماڵ چووه ده‌رێ. پێم ووت: توخنم ناكه‌ویت هه‌تا خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ حوكمی خۆیانمان له‌سه‌ر نه‌ده‌ن، بۆم گه‌ڕایه‌وه و پەلاماری دام.. چونكه ئه‌و پیر بوو منیش گه‌نج، نه‌مهێشت بمخاته ژێر خۆی. وه‌كو هه‌ر ئافره‌تێكی گه‌نج كه ده‌ره‌قه‌تی پیاوێكی پیر بێت فڕێم دایه لاوه‌و ده‌رپه‌ڕیم. خۆم گه‌یانده ماڵه دراوسێیه‌ك و پۆشاكێكم لێ خواستن و پۆشیم.. چوومه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و له خزمه‌تییدا دانیشتم، به‌سه‌رهاته‌كه‌مم بۆ گێڕایه‌وه‌و باسی به‌دره‌فتارییه‌كه‌شیم بۆ كرد. پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمووی: (يَاخُوَيْلَةُ، ابْنُ عَمِّكِ شَيْخٌ كَبِيرٌ، فَاتَّقِي اللهَ فِيه) واتە: هۆ خوه‌یله ئامۆزاكه‌ت (مێرده‌كه‌ت) پیاوێكی پیری به‌ساڵدا چووه، له به‌ر خاتری خوا رێزی بگره. خوه‌یله (یان خه‌وله) ده‌فه‌رموێ: به‌خوا قه‌سه‌م له شوێنی خۆم نه‌جوڵابووم كه قورئان ده‌رباره‌م هاته‌خوارێ. پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه‌وته ئه‌و حاڵه‌ته‌وه كه عاده‌ته‌ن وه‌حی بۆ ده‌هات ده‌كه‌وته ناویه‌وه. پاشان كه ته‌واو بوو فه‌رمووی: (يَا خُوَيْلَةُ، قَدْ أَنْزَلَ اللهُ فِيكِ وَفِي صَاحِبِكِ قُرْآنًا) واتە: هۆ خوه‌یله به ته‌ئكید خوای گه‌وره قورئانی ده‌رباره‌ی خۆت و هاوسه‌ره‌كه‌ت نارده خواره‌وه. پاشان ئه‌م ئایه‌تانه‌ی بۆ خوێندمه‌وه (قَدْ سَمِعَ اللَّهُ قَوْلَ الَّتِي تُجَادِلُكَ فِي زَوْجِهَا وَتَشْتَكِي إِلَى اللَّهِ وَاللَّهُ يَسْمَعُ تَحَاوُرَكُمَا إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ بَصِيرٌ) تا ده‌گاته: (وَلِلْكَافِرِينَ عَذَابٌ أَلِيمٌ) پاشان پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پێی فه‌رمووم: (مُرِيهِ فَلْيُعْتِقْ رَقَبَة) بڕۆ فه‌رمانی پێبده (پێی بڵێ) با كۆیله‌یه‌ك ئازاد بكات، عه‌رزم كرد: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا نییه‌تی كۆیله‌یه‌ك بكڕێت و ئازادی بكات. فه‌رمووی: (فَلْيَصُمْ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْن) واتە: با دوو مانگ له‌سه‌ریه‌ك به ڕۆژوو بێت، عه‌رزم كرد: به‌خوا قه‌سه‌م ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پیره‌و توانای رۆژووگرتنی نییه. فه‌رمووی (فَلْيُطْعِمْ سِتِّينَ مِسْكِينًا) واتە: با خۆراكی شه‌ست هه‌ژار بدات، عه‌رزم كرد: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئه‌وه‌نده‌ی نییه، پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمووی: (فَإِنَّا سَنُعِينُهُ بِعَرَقٍ مِنْ تَمْر) واتە: ده‌ی سا ئێمه به زه‌مبیله‌یه‌ك خورما هاوكاری ده‌كه‌ین. عه‌رزم كرد: ده‌ی سا منیش به زه‌مبیله‌یه‌كی تر خورما هاوكاری ده‌كه‌م. فه‌رمووی (قَدْ أَصَبْتِ وَأَحْسَنْتِ فَاذْهَبِي فَتَصَدَّقِي بِهِ عَنْهُ، ثُمَّ اسْتَوْصِي بِابْنِ عَمِّكِ خَيْرًا) واتە: به ته‌ئكید پێكات و چاكت كرد، بڕۆ له جیاتی ئه‌و بیكه به‌خێر، دواتریش (بچۆره‌وه و) ره‌فتاری چاك له‌گه‌ڵ كوڕه‌مامه‌كه‌تدا بكه. خوه‌یله ده‌فه‌رموێ: منیش هه‌ر وام كرد.
[1] صحیح فقه السنة ابو مالك كمال ابو السيد ب٣ ل٣٧..