(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا نَاجَيْتُمُ الرَّسُولَ فَقَدِّمُوا بَيْنَ يَدَيْ نَجْوَاكُمْ صَدَقَةً ذَلِكَ خَيْرٌ لَّكُمْ وَأَطْهَرُ فَإِن لَّمْ تَجِدُوا فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ * أَأَشْفَقْتُمْ أَن تُقَدِّمُوا بَيْنَ يَدَيْ نَجْوَاكُمْ صَدَقَاتٍ فَإِذْ لَمْ تَفْعَلُوا وَتَابَ اللَّهُ عَلَيْكُمْ فَأَقِيمُوا الصَّلاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ).
واتە: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه ئه‌گه‌ر وویستان به ته‌نهاو به چرپه له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بدوێن ده‌بێت پێشتر خێر‌و خێراتێك بكه‌ن (تا شیاوی ئه‌و ڕه‌فتاره‌تان بكات و ببێته مایه‌ی پاكبوونه‌وه‌ی دینداریتان) ئه‌گه‌ر هه‌ژارو ده‌سكورته‌كانتان وویستیان به چرپه له‌گه‌ڵیدا بدوێن و توانای خێر‌و خێراته‌كه‌یان نه‌بوو، قه‌یدی نییه با بێ خێر‌و خێرات بچنه خزمه‌تی و به چرپه له خزمه‌تیدا بدوێن، (ئه‌م حوكمه دوایی نه‌سخ بۆوه، وه‌كو دواتر باسی دێت) خوای گه‌وره لێخۆش‌بوو به به‌زه‌ییه.(١٢) چما له هه‌ژاریی و ده‌سكورتیتان ده‌ترسان كه ئه‌م حوكمه‌تان به لاوه قورس بوو؟ ده‌ی سا وا خوای گه‌وره له سه‌ری سووك كردن و هه‌ر لایبردو له‌وانه‌شتان خۆش‌بوو كه گومانی خراپیان برد، نوێژه‌كانتان بكه‌ن و زه‌كات بده‌ن و گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی بن صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خوای گه‌وره شاره‌زایه به‌و ره‌فتارو گوفتارو كردارانه‌ی ده‌یكه‌ن.(١٣)
ئه‌م دوو ئایه‌ته‌ش باس له ئه‌ده‌بێكی تری یاوه‌ران ده‌كات له خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ به پێی سروشتی گشتی خه‌ڵكی و پێشه‌واو رابه‌رو سه‌رۆك، خه‌ڵكی حه‌ز ده‌كه‌ن ئاڕاسته‌و راوێژ‌و وه‌ڵامی تایبه‌ت به خۆیان له گه‌وره پیاوانه‌وه راسته‌وخۆ له خۆیانه‌وه وه‌رگرن. به هه‌زاران كه‌سیش هه‌ن كات و ماندووبوونی ئه‌و گه‌وره پیاوانه ره‌چاو ناكه‌ن، هەر یەکەیان وا ده‌زانێ هه‌ر خۆی داوای كاتی تایبه‌تی كردووه! دیاره له سه‌رده‌مانی گه‌وره‌ی سه‌روه‌ران و پێشه‌وای رابه‌ران پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خواشدا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هه‌ر وا بووه، كه‌سانێكی زۆر هاتوونه‌ته خزمه‌تی و كاتی تایبه‌تیان بۆ راوێژ‌و پرسیار‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان خواستووه. كاتی جه‌نابیشی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هه‌ر كاتی خۆی و ماڵ و منداڵی نه‌بوو كاتی ئوممه‌ته‌كه‌ش بوو، خوای گه‌وره خواستی وابوو یاوه‌ران فێری ئه‌ده‌بێكی تر بكات كه چۆن رێزی كاتی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌گرن و دۆخ و حاڵه‌تی ره‌چاو ده‌كه‌ن. فه‌رمانیدا كه هه‌ر كه‌سێكتان ده‌تانه‌وێت كاتی تایبه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بگرێ و به (چرپه) پرسیار‌و راوێژ‌و كێشه‌ی خۆیی لاباس بكات ده‌بێ پێش چوونه خزمه‌تی سه‌ده‌قه (خێر‌و خێراتێك) بكات، تا له لایه‌كه‌وه ببێته مایه‌ی پاڵفته‌بوون و گوناح هه‌ڵوه‌رینتان، له لایه‌كی تریشه‌وه لایه‌قی ئه‌وەتان كات كه بچنه خزمه‌تی و چوونه‌كه به خواپه‌رستی بزانن و بشبێته مایه‌ی یارمه‌تیدانی هه‌ژارو ده‌ستكورته‌كانتان. ئه‌مه به گشتی بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بوو كه ده‌خوازرا له زۆر رێگاوه یارمه‌تیدانی هه‌ژارانیان لا ببێته بواری مه‌ڵۆكردنی زه‌خیره‌ی قیامه‌ت. ئه‌و كه‌سانه‌ش كه نه‌دار بوون خوای گه‌وره فه‌رمووی خۆتان ته‌سلیم به میهره‌بانی خوای گه‌وره بكه‌ن كه هه‌م لێخۆشبووه و هه‌م به به‌زه‌ییه: (فَإِن لَّمْ تَجِدُوا فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ) پاشان كه كاته‌كانی جه‌نابی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ باشتر رێكخراو ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی جاران كه‌متر بۆوه، خوای گه‌وره له رووی گله‌یی ناڕاسته‌وخۆوه به ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی فه‌رموو چما ترسی ئه‌وه‌تان لا دروست بووه كه بۆ هه‌ر چرپه‌و راز‌و نیاز دركاندنێكتان له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خێروخێراتێك بكه‌ن خه‌می ئه‌وه‌تانه پاره‌و سامانتان كه‌م بێته‌وه؟!.
پاشان حوكمه‌كه‌ی له‌سه‌ر لابردن و داوای خواپه‌رستی نوێژ‌و زه‌كات و گوێڕایه‌ڵی و ملكه‌چی فه‌رمانی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لێ‌كردن: (فَإِذْ لَمْ تَفْعَلُوا وَتَابَ اللَّهُ عَلَيْكُمْ فَأَقِيمُوا الصَّلاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ) ئه‌هلی ته‌فسیر ده‌فه‌رموون كه یه‌كه‌مین كه‌س و كۆتا كه‌س كه خێراتی بۆ راز ده‌ركاندنی لای جه‌نابی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كرد سه‌یدنا عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب بوو خوا لێی رازی بێت، بەڵام هه‌مووی یاوه‌رانی پێ په‌روه‌ردە كرد.
موجاهیدی موفه‌سسیر ده‌فه‌رموێ: نه‌هی له یاوه‌ران كرا كه تا سه‌ده‌قه‌یه‌ك نه‌كه‌ن نابێت به ته‌نها له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بدوێن. عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب خوا لێی رازی بێت كه وویستی هه‌ندێك پرسیار له پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بكات دینارێكی ته‌رخان كرد بۆ خێر پێكردن. هه‌ر واشی كرد‌و كردی به خێر. بۆیه زۆر جار ده‌یفه‌رموو: ئایه‌تێك له قورئاندا هه‌یه نه كه‌س پێش من كاری پێكردووه‌و نه كه‌سیش دوای من، چونكه دوای سه‌یدنا عه‌لی حوكمه‌كه نه‌سخ بۆوه. ئه‌مه رای زۆرینه‌ی ئه‌هلی ته‌فسیرو سییره‌و زانایانی سه‌له‌فه.