ئایه‌تی پێنجه‌م و شه‌شه‌م
(إِنَّ الَّذِينَ يُحَادُّونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ كُبِتُوا كَمَا كُبِتَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ وَقَدْ أَنزَلْنَا آيَاتٍ بَيِّنَاتٍ وَلِلْكَافِرِينَ عَذَابٌ مُّهِينٌ * يَوْمَ يَبْعَثُهُمُ اللَّهُ جَمِيعًا فَيُنَبِّئُهُم بِمَا عَمِلُوا أَحْصَاهُ اللَّهُ وَنَسُوهُ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ).
واتە: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دوژمندارێتی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى ده‌كه‌ن شكست ده‌خۆن، زه‌لیل و ژێرده‌سته ده‌بن، هه‌ر وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ی پێش ئه‌وان زه‌لیل و ژێرده‌سته‌بوون (سه‌ره‌نجامی دوژمنایەتی خوای گه‌وره و پێغه‌مبه‌رانی سه‌لامی خوایان لێ بێت) زۆرمان نیشانه‌و به‌ڵگه‌ی رۆشن -له سه‌ر راستگۆیی پێغه‌مبه‌رانمان- هێنایه‌وه. ئه‌وانه‌ی كه باوه‌ڕیان نه‌هێناوه سزای سه‌ر شۆڕانه‌یان ده‌بێت.(٥) رۆژێك دێت كه خوای گه‌وره هه‌موویان زیندوو ده‌كاته‌وه و كار‌و كرده‌وه‌كانیان ده‌خاته‌وه پێش چاویان، ئه‌وان له بیریان نامێنێت، بەڵام خوای گه‌وره هه‌مووی بۆ هه‌ژمارو ئامار‌و تۆماركردوون، خوای گه‌وره ئاماده‌و بینه‌ری هه‌موو شتێكه و شاهیدی له‌سه‌ر ده‌دات.(٦)
ئایه‌ته‌كانی ده‌رسی یه‌كه‌م باسی حوکمی خوای گه‌وره‌یه له شوێنكه‌وتووانی دینه‌كه‌ی، كه چۆن به ئاگایی و بیسه‌ریی و بینه‌ریی خۆی، به زانایی و توانایی و دانایی خۆی سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات و ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌و نه‌شونمای كۆمه‌ڵكارییەکەیان ده‌كات و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان ده‌خاته به‌رده‌ستیان. له‌م دوو ئایه‌ته‌ی ده‌رسی دووه‌مماندا ده‌بینیت حوکمێکی توند به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی به‌رامبه‌ر ئیسلام و موسوڵمانان راده‌گه‌ێنێت. جه‌نگێكی ئاشكرای بێ مساوه‌مه بەرامبەر به‌ره‌ی دوژمنانی خۆی و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ -كه به پێچه‌وانه‌كاریی كه‌وتوونه‌ته دوژمندارێتی به‌ره‌ی ئیمان- رادەگەێنێت..
- (یُحَادُّونَ) وێنه‌ی هێڵی سنورێك ده‌نوێنێت، كه لەوبەریەوە به‌ره‌ی كوفرە کە به‌و په‌ڕی نه‌فامیی و هه‌ڕاڵیی و لووتبه‌رزییه‌وه به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی ئیمان وه‌ستاونه‌ته‌وه، ئەمبەریش موسوڵمانان.. كه لێره‌دا ووشه‌ی (یُحَادُّونَ) دێنێته‌وه كه سنوور دیاریكردنه، به‌رامبه‌ر (تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ)ـه‌كەیە، كه موسوڵمانان پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بن و وه‌كو كافره‌كان سه‌ركه‌شانه سنوور نابەزێنن و یاخی نابن و ناكه‌ونه دوژمنداریی خوای گەورەو پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. ته‌نها ووشه‌ی (یُحَادُّونَ)ـە كه خۆی وێنه‌ی دوو به‌ره‌ی ناكۆك و دژبه‌یه‌ك ده‌كێشێت، جگه له‌وه‌ی كه دیدو هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی دوژمنیش وا ده‌ناسێنێت كه زۆر گه‌مژانەو موسته‌هیترانه به‌ره‌ی دوژمنایه‌تیان پێكهێناوه‌و شه‌ڕیان دژی بانگەوازی خوایی راگەیاندووە.، خوای گه‌وره ده‌یه‌وێت دژواریی هه‌ڵوێسته‌كه‌یان بخاته‌وە به‌ر چاویان، كه ئه‌مه كاری كردن نییه!! مه‌خلوقێكی بێ دەسەڵات و لاواز به‌و ده‌ست وسه‌رو دەسەڵاته مه‌غرووربووەیەوە كه هه‌ر خوای خاوه‌نی داوێتێ! ئاوا له‌خۆی بایی بووەو هاتۆته به‌ربه‌ره‌كانێیی خوای كردگارو مرێنه‌رو رۆزیده‌ری زانا و بەتوانا. هه‌ر به یاخیبوون و سه‌رپێچیه‌كه‌وه نه‌وه‌ستاوه كه به فه‌رمانەکانی خوای گه‌وره‌وە پابه‌ندنه‌بووه، به‌و بێ دەسەڵاتییه‌ی خۆیه‌وه جه‌نگی به‌رامبه‌ر خوای گه‌وره‌و دین و پێغه‌مبه‌ره‌کەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ راگه‌یاندووه‌و سنورێكی به حسابی خۆی بۆ به‌ره‌ی دیدو تێڕوانین و هه‌ڵوێست و موماره‌سه‌و هێزو دەسەڵاتی خۆی كێشاوه!!!.
خوای گه‌وره به شێوه‌ی دوعا بۆ ترساندن و بیرخستنه‌وەو بیركردنه‌وەیان له چاره‌نووسی ره‌شی خۆیان ده‌فه‌رموێ: (كُبِتُوا كَمَا كُبِتَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ) واتە: هه‌ی زه‌لیل و چاوشۆڕو ژێر ده‌سته بكه‌ون، هه‌ر وه‌كو ئه‌وانه‌ی پێش خۆیان کە زه‌لیل و چاوشۆڕو ژێرده‌سته كه‌وتن، چ ئه‌وانه‌ی به‌ره‌ی دوژمندارێتی پێغه‌مبه‌رانی پێشوویان پێكهێناو شكستیان خوارد، چ ئه‌م كافرانه‌ی قوڕه‌یش كه به مەغروورییه‌وه هاتنه شه‌ڕی ئیسلام و له یه‌كه‌مین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌دردا لووتیان شكاو زیاتر له حه‌فتا كوژراو حه‌فتا دیلیان دا‌و به سه‌ر شۆڕیی و واوه‌یلای ژنانه‌وه گه‌ڕانه‌وه مه‌ككه.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌مه دوعا بێت کە خوای گه‌وره لێیان ده‌كات، مانای بڕیاری قه‌ده‌ریانەشیەتی و تازه گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه. چونكه فه‌رمانی خوای گەورە كه ده‌رچوو ره‌تكردنه‌وه‌و وه‌ستاندن و ئاڕاسته گۆڕینی نییه. كه‌وابوو حه‌تمه‌ن ئه‌مانیش هه‌ر ئه‌و چاره‌نووسه‌یان ده‌بێت. بیست ساڵی پێنه‌چوو له فه‌تحی مه‌ككه‌دا ساڵی (٨ك) هه‌موو چاوشۆرو كز‌و كڵۆل كه‌وتن و چاوه‌ڕێی لێبوردنه گشتیه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا بوون صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. خۆ ئه‌مانه نیشانه‌و به‌ڵگه‌ی رۆشنن بۆ هه‌ر كه‌سێك ئه‌م روداوه مێژوویانه دیراسه بكات، زۆر زوو ده‌گاته حه‌قیقه‌تی ره‌های ئه‌م ئایه‌تانه: (وَقَدْ أَنزَلْنَا آيَاتٍ بَيِّنَاتٍ).
ئه‌مانه به‌و دیدو هه‌ڵوێسته كوفرینانه‌یان كافر بوون. چاره‌نووسی كافرانیش له‌قیامه‌تدا دیاره‌كه چییەو چۆنه (وَلِلْكَافِرِينَ عَذَابٌ مُّهِينٌ) چاره‌نووسی كافران هەر سزا‌و ئازار‌و ژان و سه‌رشۆڕیی و سووكایه‌تییانه.
ئایه‌ته‌كه باس له دیدو هه‌ڵوێستی دژواری ئه‌و به‌ره شه‌ڕانیه‌ی كوفره ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته به‌ڵگه نه‌وویست كه: مادام ئه‌وان له نه‌زانی و دیدلێڵییانەوە نییه كه ئه‌و به‌ره دوژمندارێتیه‌یان پێكهێناوه. به‌ڵكو: (عن عمد وسبق الاصرار) واته به‌ئه‌نقه‌ست و سووربوونی پێشتره‌وه ئەو هه‌ڵوێسته‌یان گرتۆته‌به‌ر. كه‌وابوو ده‌بێ ئه‌وه باش بزانن كه سزای دنیا‌و قیامه‌تیان بەسەردا دەدرێت، ئه‌مه‌ش رۆشن و ئاشكرایه.
پاشان چاره‌نووسه‌كه‌یان كه له رۆژی قیامه‌تدا حه‌تمه‌ن دێته‌رێییان به شوازێكی دڵهه‌ژێن و دانایی و په‌روه‌ردكارانه باس ده‌كات، کە دەفەرموێ: (يَوْمَ يَبْعَثُهُمُ اللَّهُ جَمِيعًا فَيُنَبِّئُهُم بِمَا عَمِلُوا أَحْصَاهُ اللَّهُ وَنَسُوهُ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ) رۆژێك دێت كه خوای گه‌وره هه‌موویان زیندوو ده‌كاته‌وه و كار‌و كرده‌وه‌كانیان ده‌خاته‌وه پێش چاویان، ئه‌وان له بیریان نامێنێت، بەڵام خوای گه‌وره هه‌مووی بۆ هه‌ژمارو ئامار‌و تۆماركردوون، خوای گه‌وره ئاماده‌و بینه‌ری هه‌موو شتێكه و شاهیدی له‌سه‌ر ده‌دات
هه‌ر هه‌موویان زیندوو ده‌كاته‌وه، هه‌موویان پێكه‌وه (كۆمه‌ڵ نیشانه‌ی هێزه) بەڵام ئه‌مانه به هه‌ر هه‌موویان ناتوانن كه‌سێكیان له‌و چاره‌نووسه ره‌شه قوتار بكه‌ن.. هه‌مووشیان سزای سه‌رشۆڕانەو سووكایه‌تی ده‌چێژن. ئه‌م وه‌سفی ئازار‌و سزایه به‌م سیفه‌تی (مُهین)ـه لێره‌دا مه‌به‌ستە. چونكه سزای هه‌ڕاڵیی و لووتبه‌رزیی و خۆبه‌زلزانینه. سزای ده‌مهه‌راشی گاڵته‌جاریی و جنێودان و سوكایه‌تیكردنه‌كه‌یانه به خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. به دین و دینداران. با ئاوا چاوشۆڕ بكرێن، ئه‌و چاوانه‌ی له هه‌ڕه‌شه‌كردنیاندا زه‌ق ده‌بوون، لا لغاوه‌یان كه‌فی تێده‌په‌ڕیی و سوور ده‌بوونه‌وه. با ئێستا داخ كرێن، زنجیركرێن، رابكێشرێن. ئه‌م زه‌لیلییه له‌به‌ر چاوی هه‌موو مرۆڤایه‌تییە كه زیندووكراونه‌ته‌وه، له ساحه‌یه‌كدا، له ساحه‌ی گاڵته‌جاریی و هه‌ڕه‌شه مه‌غرووره‌كانی ئه‌وان به‌رفراوانتره‌و له ده‌شتێكی به‌ریندایه. ته‌ماشاوان زۆرترن. به‌ربه‌ستی نه‌دیتنیان نییه. دوژمندارێتییه‌كه‌ی ئه‌وان، سزا‌و ئه‌شكه‌نجه‌كانی دنیای ئه‌وان و مه‌حروومكردنی موسوڵمانان له نان و ئه‌مان، زوڵم بوو، ناڕه‌وایی بوو، چونكه موسوڵمانان هیچیان نه‌كردبوو، ته‌نها دیندارێتییان راگه‌یاندبوو. بەڵام ئه‌م ئازار‌و سزا سه‌رشۆڕیی و سووكایه‌تی پێكردنه‌ی قیامه‌تی ئه‌مان حه‌قه و ره‌وایه، خوای گه‌وره كرده‌وه دوژمنكارانه‌كانیان نیشان ده‌داته‌وه، پێیان ده‌ڵێته‌وه. هه‌ر چه‌نده ئه‌وان بیریان چۆته‌وه. بەڵام خوای گه‌وره هه‌ر هه‌مووی تۆمار كردوون، هه‌موو ره‌فتارێكی هه‌ژمارد كردوون: (فَيُنَبِّئُهُم بِمَا عَمِلُوا أَحْصَاهُ اللَّهُ وَنَسُوهُ) ئێستا له قیامه‌تدان و هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كان به‌ره‌هایی له واقیعێكی به‌رچاوانیاندا ده‌بینن: هه‌بوونی خوا، قیامه‌ت، كار تۆماركردن، بیستن و بینین و به‌ئاگایی خوای گه‌ورەو هێزو دەسەڵات ومه‌زنیی، زانایی ودانایی و بەتوانایی. له‌سه‌ر ئه‌مانه‌شه‌وه (سجل)ی تۆماركردنی كرده‌وه‌كانیان. خۆشیان ئێستا هه‌ست ده‌كه‌ن كه له خۆوه سزا نادرێن، بۆ حه‌زو ئاره‌زوو ناخرێنه ژێر ئه‌شكه‌نجه‌وه، بۆ سه‌لماندنی هێزو ئازایه‌تی زنجیربه‌ند نه‌كراون. نا، (بِمَا عَمِلُوا) ئینجا سه‌یری كۆتاییی ئایه‌ته‌كه بكه: (وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ) شهید: صیغه‌ی موباله‌غه‌ی (شاهد)ـه، كه (اسم فاعل)ـه، واته زۆر شاره‌زای شاهیدیدان و زۆری شاهیدی داوه، وه‌كو (عالم) كه بووه به (علیم)، (ناصر) كه‌بووه به (نصیر) شاهدیش به ئاماده‌بوونی یان له‌رێی هه‌واڵی راستگۆوه زانیاری لا دروست بووه، ئینجا (زانیاری)ـیه‌كه‌ی کردووە به روونكردنه‌وه‌و ئیقرار، شاهید بوونییه‌كه‌ی به (ئاماده‌بوون) و (دیتن) په‌یدا كردووه. ئینجا بێ ترس و بێ ته‌ماع ئه‌وه‌نده‌ی شاهیدی داوه له‌سه‌ر حه‌ق زه‌وت كردن، تا بووه به شه‌هید. ئه‌مه شاهیدو شه‌هیدی مرۆڤه.. بەڵام خوای نادیارزان (علام الغیوب)، خوای شاهیدو شه‌هید خۆی داوه‌رییان ده‌كات.. خۆی ناكۆكی و راجوێییان یه‌كلا ده‌كاته‌وه. خۆی حه‌ق و ناحه‌ق و راست و درۆ لێك جودا ده‌كاته‌وه‌و به زانستی خۆی تاوانبار ده‌ناسێنێت و بە داد پەروەریی و دەسەڵاتی بێ وێنەی خۆی سزاكه‌یان به‌سه‌ردا ده‌دات. ئیتر ئه‌م گه‌مژه‌و نه‌فامانه‌ی دنیا، ئه‌م خوا نه‌ناسانه بۆچی هه‌ڵوێسته‌یه‌كی بیركردنه‌وه ناكه‌ن؟! بۆچی كه‌مێك هزریان ناخه‌نه‌كار؟ ئاخر خۆ ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌مانیش هه‌ر وابوون: رقن و بوغزن و گه‌وج و نه‌فام. سه‌ركه‌ش و مه‌غروورو هه‌ڕاڵ، خۆیان به‌خاوه‌ن هێزی له‌بن نه‌هاتوو ده‌زانی. بەڵام كه به سه‌ریشیاندا هات هزرو هێزیان نه‌ما. ئه‌وه‌تا ئێستا به زه‌لیلی په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زن و ده‌ڵێن: (لَوْ كُنَّا نَسْمَعُ أَوْ نَعْقِلُ مَا كُنَّا فِي أَصْحَابِ السَّعِيرِ)الملك/١٠ ئاخر ئه‌گه‌ر گوێمان بگرتایه‌و ئه‌قڵمان پێ بشكایه چۆن ئاوا ده‌بووینه ئه‌هلی دۆزه‌خ؟!
ئاوا له چه‌ند ئایه‌تێكی كورتی ره‌وانبێژییدا دوو وێنه خراونه‌ته روو، به هه‌موو بزاوت و سره‌وتێكی ده‌رون و ره‌فتاره‌وه. وێنه‌یه‌كی سۆز‌و به‌زه‌یی و سه‌رپەر‌شتیارێتی و بایه‌خ پێدان و به هاناوه‌چوونی ئافرەتە موسوڵمانێك.. وێنه‌یه‌كی تری غه‌زه‌ب و خه‌شمی خوای گه‌وره‌و وویست و دەسەڵاتی تۆڵه‌و فه‌رمانده‌ێتی بۆ به‌ره‌ی ئیمانداران دەکات لەو بەرەی شه‌ڕه‌دا كه فاجرانی نه‌فام و رقن، به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی ئیمان و ئیمانداران رایانگه‌یاندووه. وێنه‌كان توانا‌و زانیینی خوای گه‌وره نیشان ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی هه‌موو سره‌وت و بزاوت و ره‌فتاره‌كان و زانینی (غه‌یب)ی چاره‌نووسی قیامه‌تی ئه‌و شه‌ڕانییه هیچ له باردا نه‌بووانه! خوای گه‌وره خۆی ئاماده‌ی هه‌ر دوو به‌ره‌كه‌یه، به بیستنی و بە دیتن، به شاهیدیدان و تۆمار كردنی هه‌ڵوێسته جیاكان به‌ره‌ی ئیمان له ناخ و واقیعیاندا هه‌ست به (وجود)ی خوای كردگارو په‌روه‌ردگارو میهره‌بان و به دەسەڵات ده‌كه‌ن كه وه‌لیاندایه.. به‌ره‌ی كوفریش ده‌زانن كه خوای گه‌وره وەلیاندا نییه و هۆشداریی و ئینزاره خواییه‌كان به جیددی وه‌رناگرن، یان باوه‌ڕیان پێیی نییه، بۆیه شایانی ئه‌و سووكایه‌تی و چاوشۆڕییه‌ن.
ئینجا خوای گه‌وره بۆ سه‌لماندنی شاهیدیی و شه‌هیدییه‌كه‌ی خۆی باس له توانا‌و زانین و به‌ئاگایی خۆی ده‌كات، به شێوه‌یه‌ك كه ژێیه‌كانی دڵ هه‌ستی پێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ئایه‌ته‌كانی حه‌وته‌م و هه‌شته‌من. كه له ده‌رسی سێیه‌مماندان:
* * *