جۆرەکان و ئەحکامی پیسی

چەند توێژینەوەیەک (مەنی، شلەی دامێنی ئافرەت، ئیستیمنائـ، پاکی شەراب)

 

چەند نوێژینەوەیەک:

 

 

توێژینەوەیەک لەسەر

پاکێتی مەنیی

 

  ئیمامی زەرکەشی (شافیعییە) دەفەرموێ: ئەوەی لە لەشی مرۆڤ دێتە دەرەوە سێ جۆرە:

١- جۆرێکیان شەرعناسان لەسەر پاکێتیەکەی رێکن، وەکو فرمێسک و چڵم و لیک و بەڵغەم و ئارەقی لەش..

٢- جۆرێکیان شەرعناسان لەسەر پیسێتیەکەی رێکن، وەکو پیسایی و میزو وەدی و مەزی و خوێن..

٣- لەسەر پاک و پیسێتی مەنی راجوێن، چونکە بە جێی میزدا دێت..

مەنی: ئەو شلە سپی و خەستەیە کە لە کاتی رەحەت بوونی پیاودا بە شێوەی ھەڵقوڵین لەگەڵ ھەست بە رەحەت بوون لە زەکەر دێتە دەرەوەو خاوبونەوەی لەشی بەدوادا دێت، بۆنی بە تەڕی وەکو ھەویری ترشاوە، کە ووشک دەبێتەوە بۆنی وەکو سپێنەی ھێلکەی ووشک بووەوە وایە  شێوەشی وەکو ووشک بوونەوەی ماستە بەسەر پەڕۆوە بە تایبەتی خام و کودەری..

  زانایانی لە حوکمی پاکی و پیسی مەنیدا دوو ران:

یەکەم: ئەو زانایانەی پێیان وایە مەنی پیسە: وەکو ئیمامی سوفیانی ثەوری و ئیمامی ئەبوحەنیفەو ئیمامی مالیک و ئیمامی ئەحمەد (لە یەکێک لە ریوایەتەکانیدا) بەڵگەی ھەمووشیان ئەو فەرموودەی عائیشەخانمە خوا لێی رازی بێت کە دەربارەی مەنی پرسیاریان لێکرد کە بەر پۆشاکی کەسێک دەکەوێت، فەرمووی: (كُنْتُ أَغْسِلُهُ مِنْ ثَوْبِ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فَيَخْرُجُ إِلَى الصَّلاَةِ وَأَثَرُ الْغَسْلِ فِي ثَوْبِهِ بُقَعُ الْمَاءِ).[1] واتە: کە بەر پۆشاکی پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەکەوت شوێنەکەیم دەشتەوە، کە دەچووە مزگەوت ئاسەواری شتنەوەکەی بە پەڵە ئاوی پێوە دیاربوو ئەو زانا بەڕێزانە دەفەرموون: دیارە کە شتنەوەی پۆشاکەکەی لەبەر پیسێتی مەنیەکە بووە.

  ھەروەھا دەفەرموون لەبەر ئەوەی بە شوێنی میزو مەزیدا دێت و لە خۆراکەوە پەیدا بووە کەوابوو حوکمیشی وەکو میزو پیساییە..   

دووەم: ئەو زانایانەی پێیان وایە پاکە: وەکو سەعیدی کوڕی موسەییەب و عەطاء و ئیمامی شافیعی و داوودی زاھیریی و ریوایەتێکی بەھێزتری ئیمامی ئەحمەد و ئیسحاق و ئیبنول مونزیر، کە دەیبەنەوە سەر سەیدنا ئیبنوعومەرو سەعدی کوڕی ئەبو وەققاص خوا لێیان رازی بێت. بەڵگەی ئەمانیش فەرموودەیەکی تری پێغەمبەرە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ کە ھەر عائیشەخانم دەگێڕێتەوەو دەفەرموێ: کە بە پۆشاکی پێغەمبەرەوە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ووشک دەبۆوە ھەر دەمپورواند[2] ئیبنوعەبباس دەیفەرموو حوکمی وەکو حوکمی بەڵغەم و چڵمە و سڕینیشی بەسە.. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەگەر پیس بوایە بە پرواندن کۆتایی پێ نەدەھات، ھەر وەکو کە نەبیستراوە پیسییەک بە پرواندن پاک بووبێتەوە..

   دیسان لەوەی کە مەنیەکە بە پۆشاکەوە ماوەتەوە تا ووشک بۆتەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە بە پیس دانەنراوە دەنا زۆرتر ئیحتیات دەکراو ھەر ئەو کاتی کە دەھاتە دەرەوە ئەوە جێ بایەخ دەبوو بەر ھیچ شتێک نەکەوێت، ھەر وەکو ئەو ئیحتیاتە زۆرەی بۆ دڵۆپێک میز یان پروژەکەی کراوە، ھەر وەکو بۆ میزی کابرای ئەعرابی کرا کە لە مزگەوتەکەدا (کە زەمینەی مزگەوتەکە لم بوو ھیچی تێدا رانەخرابوو) میزی کرد، یان پاککردنەوەی شوێنەواری میزی ئەو منداڵەی لە باوەشی پێغەمبەری نازداردا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ میزی کرد..

  منیش پێم وایە مەنی پاکەو بە تەڕی وەکو چڵم و بەڵغەم سەیر دەکرێت و دەسڕرێت و شوێنەکەی بۆ پاک و خاوێنی و دیمەنی جوانتر دەشۆرێت  کە ووشکیش بووبۆوە دەپروێنرێت. چونکە ئەو ریوایەتانەی دەچنەوە لای عائیشەو لای ئیبنوعەبباس خوا لێیان رازی بێت دەمانبەنەوە ئەم ئەنجامە کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خۆشی ئاوا رەفتاری لەگەڵ مەنی سەر پۆشاکی خۆی کردووە وەکو ئەو فەرموودەی لای دارەقوطنی و بەیھیقی و تەحاوی لە ئیبنو عەبباسەوە کە دەفەرموێ: (سُئِلَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، عَنِ الْمَنِيِّ يُصِيبُ الثَّوْبَ، فَقَالَ: إِنَّمَا هُوَ بِمَنْزِلَةِ الْبُصَاقِ وَالْمُخَاطِ، إِنَّمَا كَانَ يَكْفِيكَ أَنْ تَمْسَحَهُ بِخِرْقَةٍ).[3] واتە: لە پێغەمبەریان صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەربارەی مەنی پرسی کە بەر پۆشاک دەکەوێت، ئەویش فەرمووی: وەکو چڵم و بەڵغەم وایە، بەوەندەی بە پەڕۆیەک بیسڕیت بەسە..

  ئەم زانا بەڕێزانەی پۆلی دووەم وەڵامی زانایانی پۆلی یەکەمیشیان داوەتەوەو بەڵگەھێنانەوەکەیان بە فەرموودەکەی یەکەمی دایکە عائیشە خوا لێی رازی بێت لاواز کردۆتەوە بەوەی کە فەرموویان: کە عائیشە خانم دەفەرموێ بە تەڕی بە چوکڵە چیلکەیەک (لە ھەندێک فەرموودەدا بە ناوی (إِذْخِرٍ) ھاتووە کە چیلکەی روەکێکە) رام دەداو بە ووشکی دەمپرواند باسی شێوەی لابردنی مەنیەکە دەکات و نابێتە بەڵگەی پیسێتی مەنیەکە، چونکە خۆ پۆشاک لە چڵم و بەڵغەم و پەڵەش پاک دەکرێنەوەو پیسیش نین.. کەوابوو بۆچوونەکەی ئیمامی نەوەوی رەحمەتی لە شەرحی ئەو فەرموودەی موسلیمدا بەھێزترە کە فەرموویەتی: کارەکەی عائیشە لە لایەنی پاکوخاوێنیەوە بووە نەک لەبەر پیسێتی مەنی. ئەمە ئیختیاری ئیمامی ئیبنوتەیمییەشە وەک دەفەرموێ: بەڵگەکانی پاکی مەنیی زیاترو بەھێزترن، ئەوەش بەھێزتریان دەکات کە حەتمەن ئەو سەحابە بەڕێزانە ئیحتیلام دەبوون و مەنی بەر پۆشاکەکانیان دەکەوت و بۆیان دەبووە روداوی گشتی رۆژانە، ئەگەر حوکمی مەنی پیس بوایە ھەر دەبوو وەکو حوکمی تارات گرتن و خۆپاککردنەوە لە میزو پیسایی لەو بەڕێزانەوە نەقڵ بکرایا، کە ئەمە نەبووە دیارە کە وا رەفتاریان کردووە کە مەنی پاکە.[4]

   کەوابوو مەنی پاکە، گەر بە پۆشاکی کەسێکەوە بوو دەتوانێت لێی کاتەوەو شوێنەکەی ھەر بۆ پاکوخاوێنی و دیمەنی جوانتر بشوات، ئەگەر نەیشت و نوێژی پێوە کرد پاشان بیری کەوتەوە یان کەوتەوە بەرچاوی ھیچ ئیشکالێک لە نوێژەکەیدا نیەو ئەو ساتە مەنیەکە لە پۆشاکەکەی بکاتەوە..

  زیادەیەک: ئیمامی نەوەوی رەحمەتی خوای لێبێت دەفەرموێ: رای زانایان دەربارەی تۆوی گیانلەبەران بە گشتی سێ رایە:

١- تۆوی ئاژەڵ و گیانلەبەران (جگە لە سەگ و بەراز) پاکەو لەوەدا وەکو حوکمی مەنیی ژن و پیاو کافر بن یان موسوڵمان ھەر پاکە..

٢- ھەندێکی تر فەرموویانە تۆوی ھەموو گیانلەبەرێک پیسە.

٣- ھەندێکی تر فەرموویانە تۆوی ئەو گیانلەبارانە پاکن کە گۆشتیان دەخورێ و ئەوی گۆشتی ناخورێت مەنیەکەشی پیسە..

 

........................

 

 

 

توێژینەوەیەک لەسەر

شلەو شێی عەورەتی ئافرەت

 

حوکمی ئەو شلەمەنیانەی لە عەورەتی ئافرەت دێتە دەرەوە:

   رای زانایان لەسەر شێی عەورەتی ئافرەت لە دوو بۆچووندایە:

یەکەم: ئەوانەی فەرموویانە پیسە: فەرموویانە لەبەر ئەوەی لە فەرجەوە دێت، کەوابوو وەکو مەزیی پیاوان وایەو بێ نوێژییە.. بەڵگەیان:

١- ئەو فەرموودەیەی کە زەیدی کوڕی خالیدی جوھەنی لە سەیدنا عوسمانی کوڕی عەففانی خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە خۆی لە پێغەمبەری نازداری صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بیستووە: (أَخْرَجَ الْبُخَارِيُّ فِي صَحِيحِهِ مِنْ طَرِيقِ زَيْدِ بْنِ خَالِدٍ الْجُهَنِيِّ أَنَّهُ سَأَلَ عُثْمَانَ بْنَ عَفَّانَ فَقَالَ: أَرَأَيْتَ إِذَا جَامَعَ الرَّجُلُ امْرَأَتَهُ فَلَمْ يُمْنِ فَقَالَ عُثْمَانُ يَتَوَضَّأُ كَمَا يَتَوَضَّأُ لِلصَّلَاةِ وَيَغْسِلُ ذَكَرَهُ، وَقَالَ عُثْمَانُ سَمِعْتُهُ مِنْ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَسَأَلْتُ عَنْ ذَلِكَ عَلِيَّ بْنَ أَبِي طَالِبٍ وَالزُّبَيْرَ بْنَ الْعَوَّامِ وَطَلْحَةَ بْنَ عُبَيْدِ اللَّهِ وَأُبَيَّ بْنَ كَعْبٍ فَأَمَرُوهُ بِذَلِكَ).[5]واتە: زەیدی کوڕی خالیدی جوھەنی پرسیاری کرد: ئەگەر پیاوێک چووە لای خێزانەکەی و لەگەڵیدا جووت بوو، بەڵام ئاویان نەھاتەوە، غوسڵیان لەسەر نابێت؟ سەیدنا عوسمان فەرمووی: دەسنوێژ دەگرێت ھەر وەکو کە بۆ نوێژی دەگرێت، زەکەری دەشوات و بەس.. دەفەرموێ: من خۆم ئەوەم لە پێغەمبەری خوا  صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بیستووە و پاشان پرسیارم دەربارەی لە عەلی کوڕی ئەبوطالیب و زوبێری کوڕی عەووام و طەلحەی کوڕی عوبەیدواللە ئوبەی کوڕی کەعب خوا لێیان رازی بێت کردووە، ھەموو ھەر وایان فەرمووە..

٢- ئەو فەرموودەی کە ئوبەی کوڕی کەعب گێڕاوێتیەوە کە دەفەرموێ: (عَنْ أُبَيِّ بْنِ كَعْبٍ قَالَ: قُلْت: يَا رَسُولَ اللَّهِ إذَا جَامَعَ أَحَدُنَا فَأَكْسَلَ؟ فَقَالَ لَهُ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: لِيَغْسِلْ مَا مَسَّ الْمَرْأَةَ مِنْهُ وَلْيَتَوَضَّأْ ثُمَّ لِيُصَلِّ).[6] واتە: لە پێغەمبەرم صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پرسی: ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر پیاوەکە جیماعی لەگەڵ خێزانیدا کردو ئاوی نەھاتەوە، ئایا غوسڵی دەکەوێتە سەر؟ فەرمووی: ئەو شوێنەی دەشواتەوە کە بەر ئافرەتەکە کەوتووە پاشان دەسنوێژ دەشوات و نوێژی خۆی دەکات.

 ٣- ئەم زانا بەڕێزانەی ئەمە بۆچوونیانە ئەوەشیان فەرمووە کە دیسان حوکمی پیسیەکە وەردەگرێت مادام لە یەکێک لەو دوو رێیەی پاش و پێشەوە دێت، چونکە رێسا شەرعیەکە دەفەرموێ: (ھەرچی شتێک لە دوو رێی پاش و پێشەوە جگە لە مەنی ھات پیسە)..

ھەروەھا فەرموویانە: فەرمانکردن بە شتنەوەی زەکەری پیاو بەڵگەیە لەسەر پیسێتی شێی عەورەتی ئافرەت..

   دووەم: ئەوانەی فەرموویانە پاکە:[7] ئەو زانا بەڕێزانەی فەرموویانە ئەو شێیەی لە عەورەتی ئافرەتەوە دێت پاکە پشتیان بەم بەڵگانە بەستووە:

١- فەرموویانە: ئەم فەرموودانەی کردووتانن بە بەڵگەی پیسێتی ئەو شێیە، نەسخ بوونەتەوە (سڕراونەتەوە) و حوکمیان نەماوە.[8] بەو فەرموودانەی تر نەسخ بوونەتەوە کە لە حاڵەتی وادا فەرمانی راشکاو بە غوسڵ  دەرکردن دەدەن.

٢- عائیشەخان خوا لێی رازی بێت ھەموو جارێک مەنیی پێغەمبەری صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە پۆشاکەکانی دەپرواند، ئاشکرایە کە ئەو مەنییە سەرەنجامی جیماع بووە، چونکە ھیچ پێغەمبەرێک ئیحتیلام نەبووە.[9] ئەو مەنییەش بە ھەمان جێدا ھاتووە کە شێی پێوەیە، مادام حوکمی مەنیەکە پاکە، کەوابوو ئەو شێیەش پاکە، بەمەش دەگەینە ئەوەی کە ھەر جۆرە شلەو شێیەک لە عەورەتی ئافرەتەوە دێت پاکە..

٣- ئاشکرایە کە ئەم جۆرە شلەو شێیەی بە عەورەتی ئافرەتی ئەم سەردەمەدا دێت، خۆ ھەر ئەو شلەو شێیەیە کە بە عەورەتی ئافرەتانی سەردەمی یاوەراندا ھاتووە، دیاردەیەکی رۆژانەی ھەموو ئافرەتێکیشە، دەی بۆچی لە پێغەمبەری خواوە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ یان لە یاوەرێکیەوە نەبیستراو نەقڵ نەکراوە کە فەرمانی بە شتنەوەی یان بە دەسنوێژ لێگرتنەوەی دابێت؟!

٤- دەرچەی ئەم شلەو شێیە ھەمان دەرچەی میز نیە تا حوکمی پیسیی ئەو وەرگرێت. زانستی پزیشکی ئێستاش ئەوە دەسەلمێنێت..

٤- ئەو رێسایەی شەرعناسان دایانناوە: (ھەرچی شتێک لە دوو رێی پاش و پێشەوە جگە لە مەنی ھات پیسە) خۆ ئایەت و فەرموودە نیە، کۆڕا (ئیجماع)ی زانایان و شەرعناسانی لەسەر نیە، مەرج نیە ئەوە ئاوا بە شێوەیەکی رەھا بێت، خۆ خوێنی جاری داوێنی ئافرەتان (ئیستیحازە) ھەر لەوێوە دێت و کەسیش نەیفەرمووە پیسە.

 

 

پوختەی حوکمەکە بە لامەوە ئەوەیە کە

- ئەگەر سەرەنجامی دەسبازی ژن شلە لە عەورەتی ھاتە دەرەوە، ئەوە حوکمی وەکو مەزی پیاو وایەو ھەم دەسنوێژ دەشکێنێت و ھەم پیسە.

- ئەگەر سەرەنجامی ماندوو بوون یان دووگیانی (حەمل) بە بێ ئاگایی ئافرەتەکە ھاتە دەرێ، ئەوە پیس نیە، چونکە بەڵگەی پیسێتیمان لەسەری نیە، کەوابوو لەسەر ئەسڵی پاکێتی دەمێنێتەوە.. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.

 

 

..............................

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

باسێکی لاوەکی لەسەر

خۆرەحەت کردن (ئیستیمناء)

   پێناسەی: خۆ رەحەتکردنی مرۆڤ، واتە ھێنانەوەی ئاوی خۆی، بە دەست یان بە شتێکی تر کە بە عەرەبی پێی دەوترێت ئیستیمناء، بە زارەوەی رەشۆکی کوردەواری پێی دەڵێن: دەسپەڕ..

   خۆڕەحەتکردن و حوکمی، یەکێکە لەو باسانەی زانایان ئیختیلافیان لە کۆنەوە لەسەری ھەیە، چونکە لە لایەکەوە ھیچ فەرموودەیەکی لەسەر نییە، ھەر فەرموودەیەکیش ئاماژەی بەو رەفتارە کردبێت سەنەدەکەی ساغ نەبۆتەوەو بە فەرموودە حسێب نەکراوە، مەگەر فەرموودەیەک کە مانای گشتی خۆپاراستن بدات، بە ھەر حاڵ  را وبۆچوونەکانیان دوو پۆلە:

پۆلی یەکەم: ئەوانەی فەرموویانە: حەرامە: جمھوری پێشەوایانی شەرع (ئیمامی ئەبوحەنیفەو ئیمامی مالیک و ئیمامی شافیعی و قەولێکی ئیمامی ئەحمەد) لەسەر ئەوەن کە حەرامە، بەڵگەشیان:  

١- خوای گەورە دەفەرموێ: (فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ) الْمُؤْمِنُون/٧ واتە: ھەرکەس لەوە بیترازێنێ (لە خۆ رەحەتکردن بە ھاوسەرو جاریەی خۆی) ئەوە دیارە سنوری شکاندووە.. ئەم بەڕێزانە دەفەرموون: ھەرچی رەحەتکردنێک لەو دوو شێوەیە بترازێت بەر سنور بەزاندن دەکەوێت..

٢- فەرموودەی صەحيحی عبداللەی کوڕی مەسعوود خوا لێی رازی بێت ھەیە کە بە ئاشکراو راشکاوانە دەفەرموێ: (كُنَّا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ شَبَابًا لا نَجِدُ شَيْئًا فَقَالَ لَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ مَنِ اسْتَطَاعَ الْبَاءةَ فَلْيَتَزَوَّجْ فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ).[10] واتە: کۆمەڵێک گەنج بووین لە خزمەت پێغەمبەردا بووین صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ کەسمان ژنمان لەو کاتەدا پێ نەدەھات، پێی فەرمووین: گەنجینە، ھەر کەس توانای جەستەی و دارایی ھەیە با ژن بھێنێت، چونکە ژن ھێنان مایەی چاوگرتنەوەی زیاترو پاراستنی داوێنە! ھەر کەسیش نەیتوانی با بەڕۆژوو بێت، چونکە رۆژووەکە بۆی دەبێتە قەڵغان!

   ئەم شەرعناسە بەڕێزانە فەرموویانە ئەگەر ئیستیمنا جائیز بوایە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئاماژەی بۆ پێدەکردن، کە نەیکردووە مانای وایە جائیز نییە..

٣- رەفتارێکی ناشیرینەو لەگەڵ کەسایەتی موسوڵمان ناوەشێتەوە.

٤- سەلمێنراوە کە زیانی پزیشکی ھەیە. ئەمە رای بەرھەڵستکارانی بە حەڵاڵ زانینێتی لەم سەردەمەدا..

 پۆلی دووەم: کە پێیان وایە مەکرووھە: ھەندێکیشیان فەرموویانە: جائیزە.. لەوانە: ئیبنوعەبباس و شێخ حەسەنی بەصری و قەولێکی ئیمامی ئەحمەدو یەحیای کوڕی مەعینی مامۆستای ئیمامی ئەحمەد و عبدالرزاق و طەبەری و ئیبنوحەزم و ئیبنول عەرەبی، ھەروەھا شەوکانی..[11] بەڵگەیان:

١- ئەو ئایەتە ھیچ حوکمێکی راشکاوی تێدا نییە کە ئیستیمنا حەرام کات، تەنانەت ھیچ ئاماژەیەکیشی تێدا نییە بۆ ئەوە.. ھەروەھا فەرموودەکە..

٢- کە دەوترێت رەفتارێکی جوان نییە، چونکە لە رووی عورف و عادەت و داب و نەریتەوە لەگەڵ جوامێری و پارسەنگی شەخسییەتدا ناگونجێت.. وەڵامی ئەوەیە کە ئەو کەسە کارێکی عەیبەی لە ناو خەڵکیدا نەکردووە تا لە کەسایەتی نەوەشێتەوە، نە لێی دەبینرێت، نە خۆشی باسی دەکاتەوە، ئیتر لە کوێوە زانرا کە کەسایەتی ئەمیان پارسەنگەو کەسایەتی ئەوی تریان لاسەنگە؟!

٣- ئەوەش کە دەڵێن لە رووی پزیشکیەوە زیانی ھەیە، زۆر بە پێچەوانەوەیە، نوێترین کۆنگرەی پزیشکی و ئاڕاستەی تەندروستی کە لە رۆژئاوا دەخوێندرێت ئەوەیە کە مومارەسە کردنی ئیستیمنا زیانی نیە، ئەگەر نەبێتە مومارەسەیەکی نامۆ..

   ھەندێک لە زانایانی تر فەرموویانە ئەگەر کەسێک دووربوو لە ھاوسەری خۆی، یان ھاوسەری نەبوو، لە جێیەکیش بوو کە بواری زینای لەبەردەمدا ئاسان بوو، یان دەبوو بە تووشیەوە پێویستە لەسەری بیکات نەبادا بکەوێتە زیناکەوە..

ئیمامی ئیبنوتەیمییە دەفەرموێ: بەلای جمھوری زانایانەوە ئەسڵ لە ئیستیمنادا ئەوەیە کە حەرامەو ئەوی دەیکات تەمێ دەکرێت، بەڵام ئەمە وەکو زیناکردن نییە.. ئەمما فەرمایشتەکەی ئیبنوعەبباس و قەولەکەی ئیمامی ئەحمەد کە فەرموویانە کارێکی جائیزە، ئەوە بۆ کپکردنەوەی ئارەزووی کەسێکە کە مەترسی ئەوەی ھەبوو بکەوێتە زینا یان لیواتەوە...[12]

   لە شوێنێکی تردا دەفەرموێ: ئیمام ئەحمەد رایەکی تری ھەیە کە دەفەرموێ: مەکروھە، حەرام نییە..[13]

   ئەمە بە شێوەیەکی کورت پێناسەو بۆچوونی ئەو زانایانەیە.

   منیش ئەوەی پێم پەسەندترە رای ئەو زانایانەیە کە ئیستیمنایان بە جائیز زانیووە.. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.

.....................

 

 

 

 

 

 

توێژینەوەیەک لەسەر

پاکی شەراب

      ئەو شەرابەی کە سەرخۆش دەکات جۆرێکە لە دوازدە جۆر ئەلکھۆڵ، ئەمە جۆری ئیسانۆلە (C2H5OH) کە رادەی ٦٠-٩٠% ئیسانۆلی تێدایە کە بە ھۆیەوە ھەندێ زانا بە پیسیان داناوە کە کورد پێی دەڵێن ئیسپرتۆو لە نەخۆشخانەکاندا بۆ پاکژیی پزیشکی (تەعقیم) بەکاری دەھێنن ئەمەیە کە بە ئینگلیزی (Spirit) و بە فەرەنسی (Espirit) و بە ئیتالی (Spirito) یە  کە بە مانایی رۆحی شەرابەکەیە، جۆرەکانی تری وەکو میسانۆل (CH3OH) و بریبانۆ (C3H7OH)مەست ناکەن بۆیە ئەو زانایانە لە بە پیس دانانی ئەمانە خۆیان بواردووە..

  زۆرینەی زانایانی ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی شەرابیان بە پیس داناوە، بەڵام ھەندێک لە شەرعناسانی کۆن و نوێ بە پیسیان دانەناوە:

پۆلی یەکەم کە دەفەرموون: شەراب پیسە: ئەو بەڕێزانەی کە شەراب بە پیس دەزانن، لەوانیش چوار ئیمامە بەڕێزەکەو ئیبنوحەزم و ئیبنوتەیمییە، بەڵگەشيان ئەوەیە کە:

یەکەم: خوای پەروەدگار فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالأَنصَابُ وَالأَزْلاَمُ رِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) الْمَائِدَة/٩٠ واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان ھێناوە شەراب و قومارو یانسیب و بە زار پیسن، کاری شەیتانن، توخنیان مەکەون تا سەرفراز بن.. (رجس) لە ئایەتەکەدا ھەر (نجس)ـە.. لای ئەم زانا بەڕێزانە شەراب پیسە، ئەگەر بەر شوێنێک کەوت دەبێ بشۆرێتەوە تا پاک دەبێتەوە.[14]

دووەم: فەرموودەی صەحیحیش لەسەر پیسێتی خوێن ھاتووە وەکو:

١- فەرموودەکەی ئەبو سەعلەبەی خوشەنی خوا لێی رازی بێت کە دەفەرموێ کە لە پێغەمبەریان  صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پرسی کە کاتێک دەچنە سەر شوێنی کافرەکان و مەنجەڵ و قاپ و کەوچکیان ھەڵدەگرنەوە ئاسەواری گۆشتی بەرازو شەرابیان تێدا ماوە، ئایا چی لەو کەلوپەلانە بکەن؟ فەرمووی: (إِنْ وَجَدْتُمْ غَيْرَهَا فَكُلُوا فِيهَا وَاشْرَبُوا وَإِنْ لَمْ تَجِدُوا غَيْرَهَا فَارْحَضُوهَا بِالْمَاءِ).[15] واتە: ئەگەر ھی ترتان بەردەست کەوت لەودا بخۆن، ئەگەر نا بە ئاو بیانشۆنەوەو بەکاریان بھێنن..

   لەمەوە ئیمامی خەطابی[16] و ئیبنو دەقیق العیید[17] (کە  شافیعین) و زەیلەعی[18] وئیبنو الھوممام (کە حەنەفین) و ئیمام مەجدالدین ئیبنوتەیمیەی (باپیری ئیبنوتەیمییەی بەناوبانگ)[19] دا فەتوای پیسێتی شەرابیان داوە..

   پۆلی دووەم کە دەفەرموون: شەراب پیس نیە:

یەکەم: ئایەتەکە بەڵگە نیە لەسەر پیسێتی شەراب چونکە:

١- سیانە باسکراوەکەی تر لە خۆیاندا پیس نین، نە قومارو نە یانسیب و نە زارھەڵدان بۆ قومارو پارە بردنەوە ھیچیان پیس نین، ناشکرێت خبری موبتەداکە کە (رجس)ـە تایبەت بکرێت بە خمرەکەوەو بەس چونکە خبری ھەر چوار موبتەداکەیە جگە لەوەش ئەسڵ لە شتدا پاکی و حەڵاڵیە، ھەرکەس حوکمی شتێک بدات کە پیسە دەبێ بەڵگەی بەھێزی ھەبێت.. ئەمەش رای رەبیعەو لەیس و موزەنی و داوودی زاھیری و شەوکانی و صەنعانی و ئەلبانی و سید سابق و ئال بەسسام و ئیبن عوثێمین و ئەوانەن..[20]

٢- ووشەی (رِّجْس) مانای تریشی زۆرە وەکو: پیسایی، حەرام کراو، ناشیرین، سزا، لەعنەت و نەفرین، کوفر، خراپەکاریی، تاوان و گوناح، پیسی.. ئیتر بۆچی تایبەتتان کردووە بە مانای پیسییەوە.[21]

دووەم: ووشەی رجس لە سێ شوێنی تری قورئاندا جگە لەم ئایەتە ھاتووە، ھیچیان بە مانای نجس نەھاتووە، بۆ نموونە:

- لە الأَنْعَامِ /١٣٥: (كَذَلِكَ يَجْعَلُ اللّهُ الرِّجْسَ عَلَى الَّذِينَ لاَ يُؤْمِنُونَ) واتە: ئەئاواھی خوای گەورە سزا بۆ ئەو کەسانە دادەنێ کە باوەڕ ناھێنن.. کەوابوو رجس بە مانای سزا ھاتووە.

- لە التَّوْبَة/٩٥: (سَيَحْلِفُونَ بِاللّهِ لَكُمْ إِذَا انقَلَبْتُمْ إِلَيْهِمْ لِتُعْرِضُواْ عَنْهُمْ فَأَعْرِضُواْ عَنْهُمْ إِنَّهُمْ رِجْسٌ وَمَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ جَزَاء بِمَا كَانُواْ يَكْسِبُونَ) واتە: ئەوانە کە ئێوە دەگەڕێنەوە شار سوێندتان بۆ دەخۆن تا وازیان لێبھێنن، لێیان گەڕێن و روویان مەدەنێ، ئەوانە بەراستی پیسن یەعنی کردەوەیان بەدەو حەتمەن لە سزای ئەو کارانەیاندا کە دەیان کرد، شوێن ھەواریان دۆزەخ دەبێت!!    

- ھەروەھا لە سورەتی الحج/٣٠: (فَاجْتَنِبُوا الرِّجْسَ مِنَ الْأَوْثَانِ) واتە: توخنی بتە پیسەکان مەکەون.. بتەکان پیسن چونکە دەبنە مایەی سزاو ئەشکەنجەی دوایی نەک خۆیان پیس بن وەکو پیسایی، چونکە بەرد خۆی پیس نیە..

سێیەم: لە کەسێکی سەلەفەوە ھیچمان پێنەگەیشتووە کە یاوەرێک یان تابعینێکیان رجسی لەو ئایەتەدا بە مانای (نجس)  واتە پیسیی لێک دابێتەوە، بەڵکو ئیبنوعەبباس خوا لێیان رازی بێت دەیفەرموو: رجس یەعنی مایەی رق ھەستان، ئیبنو زەیدیش دەیفەرموو رجس یەعنی خراپەکاریی.

چوارەم: ھاتنی ووشەی شەراب لە ریزی قومارو ئەوانی تردا لەو ئایەتەدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە مانای پیسێتی مەبەست نیە، بەڵکو مەبەستی پیسێتی مەعنەوییە، ئەمەش وەکو ئەو ئایەتەی دیکەیە کە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِنَّمَا الْمُشْرِكُونَ نَجَسٌ)التَّوْبَة/٢٨ واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان ھێناوە موشریکەکان پیسن.. بەڵگەش لەسەر ئەوە زۆرە کە موشریکەکان لەبەر شیرکیان نیە کە پیسن.

پێنجەم: حەرام کردنی شەراب پیسێتی ناگەێنێت، بەڵام پیسێتی حەرامی لە خۆدا ھەڵگرتووە، خۆ کەس نەیفەرمووە پۆشینی ئاوریشم (حەریر) یان ئاڵتون بۆ پیاوی موسوڵمان حەرامە یان بڵێ: ئاوریشم و ئاڵتون پیسن! ھەردووکیان بە پێی شەریعەتی ئیسلام و بە کۆڕای زانایان پاکن.

شەشەم: ئەو رجسە لەو ئایەتەدا پەیوەست کراوەتەوە بەوەوە کە کاری شەیتانە بۆیە وا پیسە، کەوابوو پیسییەکی کردەوەییە بە مانای ناشیرین و بەدو ناھەموار، نەک بە مانای پیسێتی زاتی خۆی..

حەوتەم: لەو فەرموودە صەحيحەی ئەنەسدا خوا لێی رازی بێت کە باسی چۆنیەتی حەرامکردنی شەراب دەکات، دەفەرموێ: (فَأَمَرَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مُنَادِيًا يُنَادِي ‏"‏ أَلاَ إِنَّ الْخَمْرَ قَدْ حُرِّمَتْ ‏"‏‏... قَالَ: فَخَرَجْتُ فَهَرَقْتُهَا، فَجَرَتْ فِي سِكَكِ الْمَدِينَةِ).[22] واتە: کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمانی دا بە کەسێک جاڕ بدا کە: ئەرێ خەڵکینە شەراب حەرام کرا.. خێرا چوومە دەرەوەو رشتم، تا بە کۆڵانی مەدینەدا بڵاو بۆوە.. ئەگەر شەراب پیس بوایە نەدەبوو ئاوا بیڕێژنە کوچەو کۆڵان کە ئیحتیمالی زۆر ھەیە بەر بڕێژەکان و بەر خەڵکی تریش بکەوێت..

ھەشتەم: فەرموودەیەکی تر: کابرایەک کە ھاتە خزمەت پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و بە دیاری دوو جەوەندە (کوندە: مەشکە)  شەرابی بۆ ھێنابوو، کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رەفزی کرد لێی وەرگرێت و فەرمووی حەرامە، یەکێک بە کابرای ووت بڕۆ بیانفرۆشەوە، پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: (الَّذِي حَرَّمَ شُرْبَهَا حَرَّمَ بَيْعَهَا ‏"‏ ‏ فَفَتَحَ الرَّجُلُ الْمَزَادَتَيْنِ حَتَّى ذَهَبَ مَا فِيهِمَا).[23] واتە ئەو خوایەی خواردنەوەی حەرام کردووە فرۆشتنیشی حەرام کردووە، ئیتر کابرا دەمی ھەردوو جەوەندەکەی کردەو تا ھەموو ئەوەی تێیاندابوو رژا. جا ئەگەر شەراب پیس بوایە حەتمەن پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمانی دەکرد کە ئاوی پێدا کەن، ھەروەکو کە فەرمانیدا ئاو بکەن بە جێ میزی کابرای ئەعرابیدا کە ھاتە مزگەوتەکەوەو میزی کرد، یان فەرمانی بەو یاوەرە عەزیزانەی دەکرد کە ئاگاداربن پریشکیتان بەر نەکەوێت!

نۆیەم: مادام لە دیدی شەرعەوە ئەسڵی شت پاکژیی و پاکییەو دەربارەی پیسێتی شەرابیش بەڵگەیەکی بنبڕمان دەسنەکەوت..

   شێخ ئیبنو عوثێمین دەفەرموێ وا نابینم شەراب پیس بێت بۆیە پێم وایە ئەلکھۆڵ پاکەو حەرەجیش لەوەدا نابینم کە لە کاتی پێویستی وەکو تەعقیم کردنی برینێکدا بەکاری بھێنم.. کەوابوو ھەموو ئەوەی ئەلکھۆلِیشیان تێدا بەکار دێت ھەر پاکن.. دەرمان بن یان کەرەستەی تەعقیم، یان قۆڵۆنیاو عەترو بۆنی شلەمەنی.

 کەوابوو رای ئەو زانایانە پەسەندە کە فەرموویانە شەراب پاکە..

 

 

..........................

 



[1] مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ: بُخَاري ژمارە(٢٣٠) و مُسْلِم ژمارە (٢٨٩).

[2] صەحيحی مُسْلِم (٢٨٨) و خاوەن سوننەكان..

[3] شێخی ئەلبانی رەحمەتی بە صەحیحی داناوە بڕوانە إِرْوَاءُ الغَلِیل (١/١٩٧)..

[4] إِبْنُ تَيْمِيَةَ: (مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ  ٢١/٦٠٤)

[5] بُخَاري (٢٨٨ و٢٨٩) مُسْلِم (٣٤٧).

[6] بُخَاري (٢٣٩) و مُسْلِم (٣٤٦).

[7] الشَّيْخ مُصْطَفَى بِنْ عَدَوُّي: جَامِع أَحْكَامُ النِّسَاءِ (١/٦٨).

[8] فَتْحِ اَلْبَارِي (١/٤٧٣).

[9] إِبْنُ قُدَامَة: الْمُغْنِي (٢/٨٨)

[10] بُخَاري (٥٠٦٦)، مُسْلِم (١٤٠٠).

[11] عَبْدُ الرَّزَّاقِ: المُصْنَّف (٧/٣٩٠)، الطَّبَرِي: اِخْتِلَافُ الفُقَهَاءِ (ل/١٢٣)، إِبْنُ حَزْم: المُحَلّىٰ: ( ١٢/٤٠٧)، إِبْنُ العَرَبِي: أَحْكَامُ القُرْآنِ (٣/٣١٥).

[12] الفَتَاوَىٰ الكُبْرَىٰ (٣/٤٩).

[13] مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ  (٣٤/٢٢٩).

[14] بڕوانە: الاِخْتِيَار (١/٣٣)،الإِنْصَافُ (١/٣٧٨)، المَجْمُوع (٢/٥٦٩)، المُحَلّىٰ (١/١٦١)، والتَّاج (١/٢٠).

[15] ئەمە لەفزی أَبُودَاوُد بوو لە سُنَن (٣/٣٦٣) و ترمذیش لە سێ شوێنی سوننەکەی خۆی ھێناوێتیەوەو بە صەحیحی داناوە، ئەسڵی حەدیسەکەش لە ھەردوو صەحیحی بُخَاري و مُسْلِمدا ھەیە..

[16] مَعَالِمُ السُّنَن (٤/٢٥٧) کە شەرحی سونەنی ئەبو داودە..

[17] لە كتێبی(الأُمُام فِي أَحَادِيثِ الكَلَامِ).

[18] الزَيلَعي: نَصْبُ الرَّايَةَ فِي تَخْرِيجِ أَحَادِيثِ الهِدَايَةِ (١/٩٥)،إِبْنُ الهَمَام: فَتْحُ القَدِيرُ ١/٥١

[19] لە كتێبی (مُنْتَقًى الأَخْبَارُ).

[20] بۆ تەفسیلی رای ئەمانیش:المَجْمُوع (٢/٥٦٩) و الدراري المُضِيئَةُ (١/٢٨) و فِقْەُ السُّنَّە (١/ ٢٨).

[21] تەفسلی وا لە کتێبی النِّهَايَة ی ئیبنو ئەسیر و لِسَانُ العَرَبُ وَمُخْتَارٌ الصِّحَاحَ.

[22] بُخَاري  (٢٣٣٢)،  مُسْلِم (١٩٨٠).

[23] مُسْلِم (١٢٠٦) و ئیمامی مَالِک لە الْمُوَطَّأ (١٥٤٣).

5270 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/10/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.