جۆرەکان و ئەحکامی پیسی

پیسی و جۆرەکانی

 

 

پیسیی

 

   پاکژیی بەرجەستە (حەقیقی): بریتیە لە پاک راگرتنی جەستە و پۆشاک و جێگا لەوانەی بە پێناسەی شەرع پیسن، ئەو شتانەی کە ئەگەر موسوڵمانی بەشکێی لێیان بەرکەوت دەبێت رایدات و بیشوات، خوای گەورە دەفەرموێ: (وَثِيَابَكَ فَطَهِّر)الْمُدَّثِّر/٤ واتە پۆشاکت پاکەرەوە، ھەروەھا: (إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ وَيُحِبُّ الْمُتَطَهِّرِينَ) الْبَقَرَة/٢٢٢ واتە خوای گەورە تۆبەکاران و پاکژەوانانی خۆش دەوێت.. پێغەمبەری خواش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێ:  (الطُّهُورُ شَطْرُ الإِيمَانِ).[1] واتە: پاکژیی نیوەی باوەڕە. ئەمەش چەندین جۆرە:

جۆرەکانی پیسیی:

ئەو شتانەی کە بەڵگەی شەرعی بە پیسی داناون ئەمانەن:

١ و٢- پیسایی و میزی مرۆڤ: بە کۆڕای زانایانی ئیسلام ھەردووکیان پیسن: پیسایی: لەبەر ئەوەیە کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێ: (إِذَا وَطِئَ أَحَدُكُمْ بِنَعْلَيْهِ الأَذَى فَإِنَّ التُّرَابَ لَهُ طَهُورٌ).[2] واتە: ئەگەر یەکێکتان بە نەعلەکەی پێی بە پیساییەکدا نا، با بزانێت کە خۆڵ پاکی دەکاتەوە.. واتە بە خۆڵ پاک کردنەوەکەی بەسە بۆ حوکمی پاکژێتی. بەڵگەی تریش زۆرن وەکو ئەو فەرموودانەی فەرمان بە تارات گرتن و خۆپاکردنەوەی دوای دەس بەئاو گەیاندن دەکەن کە دواتر باسیان دەکەین إِنْ شَاءَ اللَّه..

   میز: پیسە، بە بەڵگەی ئەو فەرموودەی لای سەیدنا ئەنەسە خوا لێی رازی بێت کە دەفەرموێ: (أَنَّ أَعْرَابِيًّا بَالَ فِي الْمَسْجِدِ فَقَامَ إِلَيْهِ بَعْضُ الْقَوْمِ، فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: " دَعُوهُ، لا تُزْرِمُوهُ ". قَالَ: فَلَمَّا فَرَغَ دَعَا بِدَلْوٍ مِنْ مَاءٍ فَصَبَّهُ عَلَيْهِ).[3] واتە: ئەعرابیەک ھاتە ناو مزگەوت و میزی کرد، کۆمەڵە کەسێک پەلاماریان دا نەیھێڵن بەڵام پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: لێی گەڕێن، مەیشڵەژێنن (تا میزکردنەکەی پێ نەبڕن) کە تەواو بوو پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمانی دا دۆلکەیەک ئاویان ھێناو کردی بە شوێن میزەکەیدا.  

٣- مەزی: مەزی ئاوێکی روونی لینجە لە کاتی دەسبازی یان بیر کردنەوە لە سەرجێیی (جیماع) لە عەورەت دێتە دەرەوە، بە ژن و پیاودا دێت بەڵام لە ژناندا زۆرترو روونترە[4] ھیچ لەزەتێکی پێوە نیەو بە شێوەی ھەڵقوڵانیش نایات و خاوبوونەوەی لەشیشی بە دوودا نایات، ئەمە بە کۆڕای زانایان پیسە..[5] بۆیە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمانی بە شتنەوەی عەورەت داوە لێی..

- کە پرسیاریان لێ کردووە لێی فەرموویەتی (يَغْسِلُ ذَكَرَهُ وَيَتَوَضَّأْ).[6]واتە: زەکەری دەشواتەوەو دەسنوێژ دەگرێت..

- ھەروەھا ریوایەتەکەی سەیدنا عەلی کوڕی ئەبوطالیب خوا لێی رازی بێت فەرمووی بە میقدادی کوڕی ئەسوەدم ووت دەربارەی مەزی بۆم لە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بپرسێت،(عَنْ الْمِقْدَادِ بْنِ الْأَسْوَدِ: أَنَّ عَلِيَّ بْنَ أَبِي طَالِبٍ أَمَرَ أَنْ يَسْأَلَ لَهُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنْ أَحَدِنَا يَخْرُجُ مِنْهُ الْمَذْيُ مَاذَا عَلَيْهِ؟ فَإِنَّ عِنْدِي ابْنَتَهُ وَأَنَا اسْتَحْيِ أَنْ أَسْأَلَهُ، قَالَ الْمِقْدَادُ: فَسَأَلْتُهُ فَقَالَ: إذَا وَجَدَ أَحَدُكُمْ ذَلِكَ فَلْيَغْسِلْ فَرْجَهُ وَلْيَتَوَضَّأْ وُضُوءَهُ لِلصَّلَاةِ).[7] واتە: زۆرم مەزی لێدەھات شەرمیشم دەکرد لە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بپرسم (چونکە کچەکەی خۆی خێزانمە) بۆیە بە میقدادی کوڕی ئەسوەدم ووت لێی بپرسێت، کە لێی پرسی وەڵامی دایەوە فەرمووی: زەکەری دەشواتەوەو دەسنوێژ دەگرێت وەکو کە بۆ نوێژ دەسنوێژ دەگرێت..

٤- وەدی: ئەمیان ئاوێکی خەستی لینجە دوای میز کردن دێتە دەرەوە، ئەمیش بە کۆڕای زانایان پیسە.. ئیبنوعەبباس خوا لێیان رازی بێت فەرمووی: غوسڵ دەرکردن لە ھاتنە دەرەوەی مەنیە، ئەمما وەدی و مەزی  زەکەرتیان لێ بشۆرەوەو دەسنوێژت وەکو بۆ نوێژ بگرە.[8]

٥- خوێنی حەیز (عادەی مانگانەی ژنان): ئەمیش پیسەو بێنوێژییە، چونکە ئەسمائی کچی ئەبوبەکری صددیق خوا لێیان رازی بێت فەرموی: (جَاءَتِ امْرَأَةٌ إِلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَتْ إِحْدَانَا يُصِيبُ ثَوْبَهَا مِنْ دَمِ الْحَيْضَةِ كَيْفَ تَصْنَعُ بِهِ قَالَ:‏ تَحُتُّهُ ثُمَّ تَقْرُصُهُ بِالْمَاءِ ثُمَّ تَنْضَحُهُ ثُمَّ تُصَلِّي فِيهِ).[9] واتە: ئافرەتێک ھاتە خزمەت پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و لێی پرسی: ئەی پێغەمبەری خوا جاری وا ھەیە یەکێکمان خوێنی حەیز بەر پۆشاکەکانی دەکەوێت، چی بکات؟ فەرمووی: لایدە پاشان لەگەڵ ئاو پێدا کردنیدا دەستی لێ بخشێنە (ھەڵیگڵۆفە) پاشان ئاوی تری پێدا بپڕژێنە، ئینجا نوێژی پێوە بکە..

٦- تەرسی ئەو ئاژەڵانەی گۆشتیان ناخورێت: ئیبنومەسعوود خوا لێی رازی بێت فەرمووی: (أَتَى النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ الْغَائِطَ، فَأَمَرَنِي أَنْ آتِيَهُ بِثَلاَثَةِ أَحْجَارٍ، فَوَجَدْتُ حَجَرَيْنِ، وَالْتَمَسْتُ الثَّالِثَ فَلَمْ أَجِدْهُ، فَأَخَذْتُ رَوْثَةً، فَأَتَيْتُهُ بِهَا، فَأَخَذَ الْحَجَرَيْنِ وَأَلْقَى الرَّوْثَةَ وَقَالَ ‏ "‏هَذَا رِكْسٌ‏").[10] واتە: پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وویستی دەست بە ئاو بگەێنێت، فەرمووی سێ بەردوچکەم بۆ بێنە، منیش دوو بەردوچکەو تەرسێکی گوێدرێژ (پیسایی گوێ درێژە کە ووشک بووبێتەوە)م بۆ ھێنا، دوو بەردەکەی وەرگرت و تەرسەکەی فڕێدا فەرمووی: ئەویان پیسە. کەوابوو ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە تەرسی ھەموو ئاژەڵێک کە گوشتی نەخورێت پیسە..

٧- لیکی سەگ: ھەرچەندە لە شوێنی تردا باسمان کردووە بەڵام لێرەدا مەبەست ریزبەندییەتی لەگەڵ ئەوانی تردا، لیکی سەگ بێگومان پیسە چونکە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: (طُهُورُ إِنَاءِ أَحَدِكُمْ إِذَا وَلَغَ فِيهِ الْكَلْبُ أَنْ يَغْسِلَهُ سَبْعَ مَرَّاتٍ أُولاَهُنَّ بِالتُّرَابِ).[11] واتە: ئەگەر سەگێک دەمی خستە ناو دەفر (قاپ) ی یەکێتانەوە با حەوت جار بیشواتەوەو یەکەمجارەکەیان با بە گڵ بێت.

٨- گڵاوی سەگ: یەکێک لە کێشەی ئەو موسوڵمانانەی لەگەڵ رۆژئاواییەکان و ھاونەریتیاندا دەژین، کێشەی سەگەکانیانە، ئەوان کە بە سابوون و شامپۆ دەیانشۆن و وەک منداڵێک بایەخی پێ دەدەن، زۆر ناڕەحەت دەبن لە ھاوڕێ و دراوسێ موسوڵمانەکانیان کە ھەر بە گڵاویان دەزانن!! بێگومان ئەوان سەیری ئەوە ناکەن کە ئێمەی موسوڵمان سەیری حوکمە شەرعیەکە دەکەین، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا بۆ موسوڵمانانی ئەو کۆمەڵگانەش ھەر کێشەیە، چونکە جاری وا ھەیە لە پاسدا لە شەمەندەفەردا کەسانێک سوار دەبن سەگیان پێیەو جاری وا ھەیە لە تەنیشت کابرای موسڵمانەوە جێیان بۆی دەست دەکەوێت، لەم جێ و رێیانەدا موسوڵمان بۆی ھەیە ئەوەندە سڵ نەکاتەوە، چونکە جاری وا ھەیە سەگەکان (بە تایبەتی ھی پۆلیس) راھێنراون لەسەر پەلاماردانی ئەو کەسەی سڵیان زۆر لێ دەکاتەوەو لێیان دەترسێت، بۆیە ئەگەر سەگێک بەر موسوڵمانێک کەوت (لەشیان) مادام ھەر دوولا ووشک بن گڵاو نابێت، لەوەش دڵنیا بە کە زۆرجار سەگ دەمیت لێ نزیک دەکاتەوە بەڵام ھەر بۆنت دەکات، بۆیە ئەگەر زانیت لووتی تەڕ نەبووە یان لیکیت بەر نەکەوتووە، مەکەوەرە وەسوەسەوەو ھەر وا حسێب بکەیت گڵاو بوویت، ئەگەر سەگەکە یان موسوڵمانەکە تەڕ بوو گڵاو دەبێت، بێگومان ئەگەر لیکی یان میزو پیسایی سەگ بەر موسوڵمان بکەوێت مەعلوومە کە گڵاو دەبێت. بە دەردی کورد دەڵێ بۆ بیسمیل کردنیشی (واتە گڵاو دەرکردنی) دەبێت حەوت جار بیشۆیت، گەر گڵت دەست کەوت ئەوە یەکەمین جاریان بە قوڕاوەکەی، ئەمما ئەگەر گڵ و خۆڵت دەست نەدەکەوت، وەکو ئەوانەی لە شارە سەرەکیەکان دەژین، یەکەمجارەکەیان -لەسەر مەزھەبی مالیکی-بە سابوون بیشۆ، ئومێدە إِنْ شَاءَ اللَّه گڵاوییەکەی دەرچووبێت. فەتوای ئەنجومەنی ئیسلامی ئەوروپاش (کە ٣٢ زانان) لەسەر ئەوەیە.

٩- گۆشتی بەراز: ئەمەش بە کۆڕای شەرعناسان پیسە. چونکە ئایەتی راشکاو دەربارەی دەفەرموێ: (قُل لاَّ أَجِدُ فِي مَا أُوْحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَى طَاعِمٍ يَطْعَمُهُ إِلاَّ أَن يَكُونَ مَيْتَةً أَوْ دَمًا مَّسْفُوحًا أَوْ لَحْمَ خِنزِيرٍ فَإِنَّهُ رِجْسٌ) الأَنْعَامِ/١٤٥ واتە: بڵێ: من لەوەدا کە وەحیم بۆ ھاتووە خواردنێک نابینم کە حەرام کرابێت مەگەر ئەوەی کە مردارەوەبوو بێت، ھەروەھا خوێنی رژاوو گۆشتی بەراز، چونکە ئەمانە پیسن.. جێی خەمە کە موسوڵمان دەبینیت لە چێشتخانەیەکی بەراز فرۆشیدا کار دەکات و رۆژانە دەست لە گۆشتەکە دەدات بێئەوەی ئەم بەربەستە دەروونیەی لا مابێت! بێگومان ئەوە کارێکە ھەم حەرامەو ھەم پیسە..

١٠- مردارەوەبوو: کە ئەو گیانلەبەرانەن کە ھەر لە خۆوە مردار بوونەتەوەو سەرنەبڕراون، ئەمیش ھەر پیسە. بە بەڵگەی ئایەتەکەی پێشوو (الأَنْعَامِ /١٤٥) و ئەو فەرموودەی پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ کە دەفەرموێ: (إِذَا دُبِغَ الْإِهَابُ فَقَدْ طَهُرَ).[12] واتە: ئەگەر پێستە خۆشکرا ئەوە بێگومان پاک بۆتەوە  کەوابوو پێستەی مردارەوە بوو پێش خۆشکردنی پیسە.

ئەم حوکمەی مردارەوە بوو ئەمانەی خوارەوە ناگرێتەوە:

أ- مردارەوەبووی دەریا: ماسی بێت یان گیانلەبەری دیکە. چونکە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: (أُحِلَّتْ لَنَا مَيْتَتَانِ وَدَمَانِ فَأَمَّا الْمَيْتَتَانِ فَالْحُوتُ وَالْجَرَادُ وَأَمَّا الدَّمَانِ فَالْكَبِدُ وَالطِّحَالُ).[13] واتە: دوو مردارەوەبوو و دوو خوێنمان بۆ حەڵاڵکراوە، دوو مردارەوەبووەکە ماسی و کوللـەن، دوو خوێنەکەش جگەرو سپڵن..

ب- کولـلە: پاکەو خواردنیشی جائیزە بە پێی ئەو فەرموودەی پێشوو.

جـ- مردارەوەبووی ئەو حەشەراتانەی خوێنی شلەیان تێدا نیە: ئەمە بە پێناسەی زانایانی پێشینە، دەنا خوێنیشیان تێدایەو شلەشە، بەڵام لە جێی ھیمۆگڵۆبین کە خوێنەکە سوور دەکات ھیمۆسیانینیان تێدایە کە خوێنەکەیان زەرد دەکات، وەکو ھەنگ و مێروولەو مێش و مێشوولە. ئەمانە بە زیندوویی و بە مردوویی پاکن.. پێغەمبەری نازدار صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێ: (إِذَا وَقَعَ الذُّبَابُ فِي إِنَاءِ أَحَدِكُمْ، فَلْيَغْمِسْهُ كُلَّهُ، ثُمَّ لْيَطْرَحْهُ، فَإِنَّ فِي أَحَدِ جَنَاحَيْهِ شِفَاءً وَفِي الآخَرِ دَاءً).[14] واتە: ئەگەر مێش کەوتە قاپی یەکێکتانەوە با ھەموو لەشی تێدا نقوم کات یان فڕێی دات، چونکە نەخۆشی بە باڵێکیەوەیەتی و چارەسەرەکەش بە باڵەکەی تریەوەیەتی.. ئەمە یەکێکە لە موعجیزەکانی پێغەمبەری صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مەزن کە ئەوەی فەرمووە چونکە ئەمڕۆ پزیشکی دەریخستووە کە باڵێکی مێش میکرۆب ھەڵدەگرێت، باڵەکەی تریشی جۆرە دژە بەکتریایەکی تێدایە کە پێی دەوترێت (باکتریۆفاج) واتە ھەڵلووشی بەکتریا، کە زۆر گچکەیەو درێژیەکەی وا لە نێوان ٢٠-٢٥ میلی میکرۆندا، لەبەر ئەوەی نازانرێت مێشەکە بە چ باڵێکیدا کەوتۆتە شلەمەنیەکەوە بۆیە نقومکردنی ھەموو گیانی مێشەکە وا دەکات باکتریۆفاجەکە خێرا بڕژێت و ھەموو میکرۆبەکان لەناو بەرێت.[15]

د- ئێسک و قۆچ و نینۆک و چڕنوک و پەڕو مووی مردارەوەبوو: ئەمانەو ھەرچی وەکو ئەمانە ھەمووی پاکن، ھیچ بەڵگەیەک لەسەر پیسییان نەھاتووە.. ئیمامی بوخاری لە صەحيحەکەی خۆیدا (١/٣٤٢) ئەوەی نەقڵکردووە کە ئیمامی زوھری دەربارەی ئێسکی مردارەوە بووی وەکو فیل و ئەوانە فەرمووی: (زۆرم لە زانایانی سەلەف بینی کە بێخەمانە سەریان بە شانەیەک دادەھێنا کە لە ئێسکی فیل دروست کرابوو  یان خۆیان بە رۆنی لەشی چەور دەکردو ھیچ مەناعەتیشیان لێی نەبوو.. ھەروەھا ئەوەی کە ئیبنوعەبباس خوا لێیان رازی بێت گێڕاوێتیەوە کە بزنێکیان بە خێر دا بە کەنیزەکێکی خاتوو مەیمونەی خێزانی پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەڵام دوایی مردار بۆوەو فڕێیاندا، پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەوێوە تێپەڕی فەرمووی: (هَلاَّ أَخَذْتُمْ إِهَابَهَا فَدَبَغْتُمُوهُ فَانْتَفَعْتُمْ بِهِ) واتە: ئەدی بۆچی نەتانگروو تا پێستەکەی لێکەنەوە؟ (فَقَالُوا إِنَّهَا مَيْتَةٌ) ووتیان: ئاخر مردار بووبۆوە، فەرموی: (إِنَّمَا حَرُمَ أَكْلُهَا).[16] واتە: ئێ خۆ خواردنی حەرام کراوە، ئیبنوعەبباسیش ئایەتەکەی ١٤٥ی سورەتی ئەنعامی بۆ خوێندنەوە.. کەوابوو پێستەکەی حەرام نەبووە..

ھـ- فرۆو شیرو ئەوی لە ریخۆڵەی مردارەوەبوودا بووە: ئەمانەش زاھیرەن پاک و حەڵاڵن، چونکە کاتێک موسوڵمانان عێراقیان ئازاد کرد پەنیری فارسیان بۆ دەھات و دەیانخوارد کە ئاشکرایە ئەوانە مەجووسی بوون و سەربڕاویشیان وەکو مردارەوەبوو حسێب کراوە، پەنیرەکەشیان بەو فرۆیە دەمەیاند کە لە ریخۆڵەی ئاژەڵەکانیان دوای سەربڕین یان مرداربوونەوەیان دەریان دەھێنان، چونکە کە دەربارەی پەنیرو رۆن و فرۆیان لە سەلمانی فارسی پرسیبوو خوا لێی رازی بێت کە ئەو کاتە ئەو والی سەییدنا عومەری کوڕی خەطاب بوو خوا لێی رازی بێت لە عێراق فەرموبووی: (حەڵاڵ ئەوەیە کە خوای گەورە لە کتێبەکەیدا حەڵاڵی کردووەو حەرامیش ئەوەیە کە خوای گەورە لە کتێبەکەیدا حەرامی کردووە، ئەوەی کە لێی بێ دەنگ بووە ئەوەیە کە عەفوی لێ دراوە).. (فقە السنة ١/٢٤)..  حەممادی کوڕی سەلەمەش دەیفەرموو: ھیچ ئیشکالێک لە بەکارھێنانی پەڕ دا نیە..

١١- ئەو پارچە گۆشتەی لە گیانلەبەرێکی زیندوو دەکرێتەوە: ھەر حوکمی مردارەوەبووی ھەیەو پیسە. چونکە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێ: (مَا قُطِعَ مِنَ الْبَهِيمَةِ وَهِيَ حَيَّةٌ فَمَا قُطِعَ مِنْهَا فَهُوَ مَيْتَةٌ).[17] واتە: ئەو پارچە گۆشتەی لە گیانلەبەرێکی زیندوو دەکرێتەوە ھەر مردارەوە بووە.

١٢- بەرماوەی ئەو گیانلەبەرانەی گۆشتیان ناخورێت: ئەگەر لە دوو قوولـلە کەمتربوو (٢٠٠ کلگم لە ئاوی شیرین)  وەکو ئەوەی دوای خورادنەوەی ئەو گیانلەبەرانە لە قاپێکدا ماوەتەوەو کەمە، ئەسڵیش لەمەدا فەرموودەی قولـلەتەینەکەیە کە فەرمووی: (إِذَا كَانَ اَلْمَاءَ قُلَّتَيْنِ لَمْ يَحْمِلْ اَلْخَبَثَ).[18] واتە: ئەگەر ئاو گەیشتە بڕی دوو قوللـە ئیتر ھەرچی تێکەوێت پیسی ناکات..

١٣- گۆشتی ئەو گیانلەبەرانەی گۆشتیان ناخورێت: چونکە ئەنەس خوا لێی رازی بێت دەفەرموێ: رۆژی غەزای خەیبەر گۆشتی کەرمان دەست کەوت  پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بانگی کرد فەرمووی: (إِنَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ يَنْهَاكُمْ عَنْ لُحُومِ الْحُمُرِ فَإِنَّهَا رِجْسٌ أَوْ نَجِسٌ).[19] واتە: خواو پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەرھەڵستی خواردنی گۆشتی کەرتان لێ دەکەن، چونکە پیسە. ھەروەھا فەرموودەکەی سەلەمەی کوڕی ئەکوەع کە لە رۆژی غەزای خەیبەردا ئێوارەیان بەسەردا ھاتبوو، ئیتر ئاگرێکی زۆر کرابۆوە  پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لێی پرسیبوو: (مَا هَذِهِ النَّارُ عَلَى أَىِّ شَىْءٍ تُوقِدُونَ) واتە: ئەو ئاگرانە چین و چیان لەسەرە؟ فەرمووی: گۆشتیان لەسەرە  پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: (عَلَى أَىِّ لَحْمٍ) واتە: گۆشتی چی؟! فەرمووی: گۆشتی گوێدرێژ (کەر)ی خۆماڵی، پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: (أَهْرِيقُوهَا وَاكْسِرُوهَا) واتە: بیڕێژن و بیشکێنن، یەکێک ووتی: ئەی پێغەمبەری خوا بیشیڕێژین و بیشیشکێنین؟! فەرموی: (أَوْ ذَاكَ)[20] واتە: یان ھەر ئەویان.. ئەم فەرموودانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە گۆشتی گوێدرێژی خۆماڵی پیسە چونکە فەرموودەی یەکەم راشکاوانە فەرمووی پیسە، دووەمیشی ھەر فەرمووی بیڕێژن و مەنجەڵەکانیش بشکێنن بەڵام دواتر رێیدا مەنجەڵەکانیان بشۆنەوەو ھەڵیگرنەوە..

 

 

 

 

***   ***   ***

 

 



[1] مُسْلِم (١/٢٠٣ ژمارە ١)، التِّرْمِذِيّ (٣٥١٧)، الدَّارِمِيّ (٦٥٩)، مەسنەدی أَحْمَدُ (٤/٢٥٠ و ٥/٣٤٢)..

[2] أَبُودَاوُد بە ژمارەی (٣٨٥) ھەروەھا  اِبْنُ حِبَّانَ بە صەحیحیان داناوە، شێخی ئەلبانی رەحمەتیش لە صەحیحی سونەنی أَبُودَاوُد ژمارە(٨٣٤) لە ریزی صەحیحدا ھێناوێتیەوە. 

[3] مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ: بُخَاري (٦٠٢٥)، مُسْلِم (٢٨٤).

[4] فَتْحِ اَلْبَارِي (١/٣٧٩) و شَرْحُ صَحِيحٌ مُسْلِمٍ (١/٥٩٩ و ٣/٢١٣).

[5] بڕوانە: النَّوَوِي: المَجْمُوع (٢/٦)، إِبْنُ قُدَامَة المَقْدِسِيُّ: الْمُغْنِي  (١/١٦٨).

[6] بُخَاري (٢٦٩)، مُسْلِم (٣٠٣)، النَّسَائِيَّ (١٥٢)، أَحْمَدُ (١/١٢٥).

[7] بُخَاري (٢٦٩)، النَّسَائِيَّ (١٥٢)، أَحْمَدُ (١/١٢٥) الْبَيْهَقِيُّ (١/١١٥)، شێخی ئەلبانی لە صَّحِيح  أَبِي دَاوُد (١٩٠)دا دەفەرموێ صەحیحە..

[8] سُنَن الْبَيْهَقِيُّ (١/١١٥) ئەلبانی لە صەحیحی سُنَن أَبِي دَاوُد ژمارە (١٩٠) و لە  الْبَيْهَقِيُّ (١/١١٥) بە صەحیحی داناوە..

[9] مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ: بُخَاري (٢٢٧)، مُسْلِم (٢٩١).

[10] بُخَاري (١٥٦)، التِّرْمِذِيّ (١٧)، النَّسَائِيَّ (٤٢)، إِبْنُ خُزَيْمَةَ، زیادەی باسی گوێژدرێژەکە لای ئەمە ئەلبانیش لە صەحیحی إِبْنُ مَاجَهْ (٢٥٣) و صەحیحی إِبْنُ خُزَيْمَةَ (١/٣٩ و١/٧٠) بە صەحیحی ناساندووە)..

[11] مُسْلِم (١/٢٣٤ ژمارە ٩١ و ٢٧٩) ئەلبانی لە صَحِيحُ الجَامِعُ الصَّغِير ژمارە (٣٩٣٣).. 

[12] مُسْلِم (١/٢٧٧ ژمارە  ٣٦٦ )، وأَبُودَاوُد لە عَوْنُ المَعْبُودِ (١١/١٨١ ژمارە ٤١٠٥)، و ئەلبانی لە (صَحِيحُ الجَامِعُ الصَّغِير ١/٥١)..

[13] إِبْنُ مَاجَهْ (٣٢١٨ و ٣٣١٤)، ئیمامی أَحْمَدُ (٢/٩٧ بە سەنەدی صەحیح) ھەروەھا ئیمامی  الْبَيْهَقِيُّ (١/٢٥٤)، ئەلبانی لە (صَحِيحُ الجَامِعُ الصَّغِير ٢١٠)..

[14] بُخَاري ( ٣٣٢٠)، ئەلبانی لە صَحِيحُ الجَامِعُ الصَّغِير(٨٣٧)..

[15] دکتۆر ئەمین رەزا مامۆستای شکاویی ئێسک لە کۆلیجی پزیشکی زانکۆی ئەسکەندەرییەی میسر باسێکی جوان و دورودرێژی ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر زانستیانە لەسەر ئەم مەسەلەیە کردووە کە چۆن پێش ساڵانی سیەکانی چەرخی رابوردوو پێش کەشف کردنی سلفا چارەسەری شکاوی و برینی گەنیویان بە مێش دەکرد..

[16] بُخَاري(٤/١٠)، مُسْلِم (١/٢٧٦ ژمارە ١٠٠)،أَبُودَاوُد (٤/٣٦٥ و ٣٦٦ ژمارە ٤١٢٠)، النَّسَائِيَّ (٧/١٧٢ ژمارە ٤٢٣٥)، التِّرْمِذِيّ (٤/٢٢٠ ژمارە ١٧٢٧)، إِبْنُ مَاجَهْ (٢/١١٩٣ ژمارە ٣٦١٠) الدَّارَقُطْنِيُّ لە سُنَن (١/٤٧).

[17] التِّرْمِذِيّ (١٤٨٠)، أَبُودَاوُد (٢٨٥٨)، إِبْنُ مَاجَه (٣٢١٦).

[18] رَوَاهُ اَلْخَمْسَة: أَبُودَاوُد (١/١٧)، النَّسَائِيَّ (١/٤٦)، التِّرْمِذِيّ ژمارە (٦٧) أَحْمَدُ (١/٣١٤)، الدَّارَقُطْنِيُّ (١/١٨٧) اَلْحَاكِمِ لە مستەدرەکەکەیدا (١/١٣٣) بە صەحیحیشی ناساندووە، ھەروەھا شێخی ئەلبانی لە (صَحِيحُ الجَامِعُ  ٧٥٨) دا..

[19] حەدیسێکی صەحیحە، بڕوانە: أَحْمَدُ (٥/٣٠٣) و بۆ خاوەن سونەنەکان بڕوانە ألبانی: إِرْوَاءُ الغَلِیل (١٧٣).

[20] مُسْلِم (١٨٠٢)..

1968 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
01/10/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.