فەرموودە

هەستنەکردن بە چاودێریی خوایی

هەستنەکردن بە چاودێریی خوایی

   (عَنْ ثَوْبَانَ رَضِيَ الله عَنْهُ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنَّهُ قَالَ: لأَعْلَمَنَّ أَقْوَامًا مِنْ أُمَّتِي يَأْتُونَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ بِحَسَنَاتٍ أَمْثَالِ جِبَالِ تِهَامَةَ بِيضًا فَيَجْعَلُهَا اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ هَبَاءً مَنْثُورًا) قَالَ ثَوْبَانُ: يَا رَسُولَ اللَّهِ صِفْهُمْ لَنَا، جَلِّهِمْ لَنَا أَنْ لاَ نَكُونَ مِنْهُمْ وَنَحْنُ لاَ نَعْلَمُ، قَالَ: (أَمَا إِنَّهُمْ إِخْوَانُكُمْ وَمِنْ جِلْدَتِكُمْ وَيَأْخُذُونَ مِنَ اللَّيْلِ كَمَا تَأْخُذُونَ وَلَكِنَّهُمْ أَقْوَامٌ إِذَا خَلَوْا بِمَحَارِمِ اللَّهِ انْتَهَكُوهَا). [1]

كوردیه‌كه‌ى

   ثه‌وبان خوا لێی رازی بێت كه‌ گه‌نجێكى خزمه‌تكارى پێغه‌مبه‌رى خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌گێرێته‌وه‌: كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمووى: به‌ دڵنیایى ده‌ڵێم كه‌ خه‌ڵكانێك له‌ ئومه‌ته‌كه‌م ده‌ناسم كه‌ له‌ ڕۆژى دوایدا دێنه‌ پێش، چاكه‌كانیان به‌ قه‌ده‌ر چیاى (توهامه‌) ده‌بێت و سپى و پاك. بەڵام خواى گه‌وره‌ لێیان قبوڵ ناكات هه‌موویان لێ ده‌كاته‌ ته‌پ تۆزى په‌رش و بڵاو. ئه‌وانه‌ هه‌ر له‌ ئێوه‌ن، براتانن، له‌ زمان و پێستى ئێوه‌ن، شه‌و نوێژیشیان وه‌كو ئێوه‌ كردووه‌، بەڵام هه‌ر كه‌ ته‌نها و دوور له‌ چاوى خه‌ڵكى- دەر‌كه‌وتن- سنورى حه‌رامیان ده‌به‌زاند و ده‌کە‌وتنه‌ ناوى.

 

راویه‌كه‌ی

   سه‌یدنا ثه‌وبانی (ثَوْبَانَ) كوڕی به‌جده‌د كه‌ به‌ ئه‌بو عبدالله‌ بانگ ده‌كرا، خه‌ڵكی یه‌مه‌ن بوو، له‌ شه‌ڕو تاڵانیدا گیرابوو، كرابووه‌ كۆیله‌و فرۆشرابوو، پێغه‌مبه‌ری خواش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له‌ كه‌سێكی دیكه‌ی كڕییه‌وه‌و ئازادی كرد، پاشان پێی فه‌رموو: ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كه‌یت بگه‌ڕێیته‌وه‌ ناو ئه‌و تیره‌و هۆزه‌ی سه‌ر به‌وانی، ئازادبه‌و بڕۆ.. ئه‌گه‌ر حه‌زیش ده‌كه‌یت لای ئێمه‌ بمێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ ئه‌هل و به‌یتی خۆمانت هه‌ژمار ده‌كه‌ین.. ئه‌ویش له‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دا مایه‌وه‌، شه‌وورۆژ له‌ خزمه‌تیدا بوو تا پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كۆچی دوایی كرد.. پاشان به‌شداری فه‌تحی میسری كردو خانوویه‌كی له‌وێ بۆ خۆی دروست كرد، دواتر چووه‌ حیمس له‌ شام و خانوویه‌كی تری دروست كردو تێیدا مایه‌وه‌ تا ساڵی (٥٤ی كۆچی) كۆچی دوایی كرد خوا لێی رازی بێت..  سه‌یدنا ثه‌وبان له‌و یاوه‌رانه‌یه‌ كه‌ كه‌میان فه‌رمووده‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ویشه‌وه‌ سه‌یدنا شه‌ددادی كوڕی ئه‌وس و جوبه‌یری كوڕی نوفه‌یرو ئه‌بو ئیدریسی خه‌ولانی و ئه‌بوسه‌لامی مه‌متووری حه‌به‌شی و مه‌عدانی كوڕی ئیبنو ئه‌بوته‌لحه‌و ئه‌بو ئه‌شعه‌سی سه‌نعانی و چه‌ندینی تر فه‌رمووده‌یان لێوه‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌.

 

 

واتا و مه‌به‌ستى

   ئیسلام كه‌ شوێنكه‌وتووانى په‌روه‌رده‌ ده‌كات، ده‌یه‌وێت هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ ژێر هه‌ستى چاودێرى زاتى ناخى خۆیدا بێت، بۆیه‌ ئه‌و هه‌سته‌ ده‌گه‌شێنێته‌وه‌ و ده‌یكاته‌ چاودیر كه‌ خواى په‌روه‌ردگارى ئاگاى له‌ هه‌موو هه‌ست و نه‌ست و ڕفتار و بڕیارێكییه‌تى و چاودێرى ده‌كات و هه‌موو شتێكى له‌سه‌ر تۆمار ده‌كات. له‌ ڕۆژى دواییدا هه‌موویانى ده‌خاته‌وه‌ پێش چاوى موحاسه‌به‌ى له‌سه‌ر هه‌ر ڕه‌فتارێكى ده‌كات. ئا ئه‌م هه‌ستكردنه‌ كه‌ ده‌بێته‌ (موراقیب)ێكى زیندوو و به‌ ئاگا و ووریاى ناخى كه‌سه‌كان كاریگه‌رى زۆر گرنگى هه‌یه‌. ئه‌م هه‌سته‌یه‌ واى لێ ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها كه‌وت، یان كه‌وته‌ شارو ناوچه‌یه‌كى نه‌ناسه‌وه‌ یان هه‌لى حه‌رامى بۆ ڕه‌خسا و هه‌ڵنه‌خلیسكێته‌ ناوى و دیندارێتیه‌كه‌ى له ‌كه‌دار ناكات و خۆى له‌ حه‌رام ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌ ئیمانى لاوازیشى كه‌وته‌ حه‌رامێكه‌وه‌، خێرا ده‌كشێته‌وه‌ و تۆبه‌ ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لاى خواى گه‌وره‌ و داواى لێبوردنى لێ ده‌كا، چونكه‌ دڵنیایه‌ كه‌ خواى گه‌وره‌ پێی زانیووه‌ كه‌ ئاوا كه‌وتۆته‌ حه‌رامه‌وه‌ و له‌سه‌ریشى نووسیوه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ گوڕێكى ئیمانى ده‌داته‌وه‌ خۆى و ویست و ئیراده‌ى به‌ هێز ده‌كات به‌ڵێن به‌ خواى تاك و پاكى ده‌دات كه‌ جارێكى تر ناهێلێت هه‌ستى چاودێریى و ئیمانى وا لاواز ببێت و جورئه‌تى گوناحكردنى وا زۆر بێت و بكه‌وێته‌ حه‌رامه‌وه‌.

    ئه‌م فه‌رمووده‌ى بانگهێشتێكى ئاشكراو ڕاشكاوى موسڵمانه‌ بۆ هه‌ستى موراقه‌به‌ى خوایى، بۆ به‌هێز كردنى چاودێرى زاتى ناخ و بەهێز كردنى عه‌زم و ویست و له‌ سه‌ر پابه‌ندى و پارسه‌نگى و لانه‌دان و نه‌كه‌وتن. هاندانى شه‌رم كردنه‌ له‌ خواى زاناو و بیسه‌ر و بینه‌ر، كه‌ هه‌روه‌كو به‌ ئاشكرا و له‌ به‌رچاوى خه‌ڵكى سه‌رپێچى فه‌رمانى خوا ناكات له‌ ته‌نهایى و غه‌ریبى و په‌نهانیشدا هه‌ر نایكات، هه‌رچه‌نده‌ هه‌لى حه‌رامى بۆ بڕه‌خسێت ناکەوێتە‌ ناویى. جا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌ستى چاودێریی و زاتیه‌ له‌ ناخى تاك تاكى موسڵماناندا بچه‌سپێت و به‌رده‌وام له‌ هزر و هۆش و دڵ و ده‌رون و ره‌فتاردا بێت، پێغه‌مبه‌رى خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هاندانه‌كه‌ى به‌ شێوه‌ى گێڕانه‌وه‌ى داستان و به‌ سه‌رهات نیشانداوه‌. تێمان ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ زانیارى یه‌قینى هه‌یه‌، كه‌ له‌ڕێى وه‌حییه‌وه‌ پێى گه‌یشتووه‌، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكانێك له‌ ئومه‌تیدا هه‌ن -كه‌ بێگومان هه‌ر له‌ موسڵمانانى سه‌رده‌مى خۆیدا نین- له‌ هه‌موو نه‌وه‌ى ئوممه‌ته‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ پۆله‌ خه‌ڵكێكى موسڵمانن له‌ هه‌موو كات و شوێن و نه‌وه‌یەكدا هه‌ن، ئه‌مانه‌ له‌ ڕۆژى دواییدا كه‌ دێن خێر و چاكه‌ى زۆریان پێیه‌ و گه‌نجینه‌یان پڕه‌.. ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ ده‌ڵێی دانه‌ى لم و ده‌نكه‌ زیخه‌كانى چیای (توهامه‌)یه‌.. جا ته‌سه‌ور بكه‌ چیایه‌كه‌ له‌ لم و زیخ و چه‌و؟ ئه‌مانه‌ش به‌قه‌ده‌ر ئه‌و بڕه‌ لم و زیخ و چه‌وه‌ كرده‌وه‌ى چاكى و سپى و سافیان هه‌یه‌ و دڵخۆشانه‌ هاتوون تا پاداشتى وه‌رگرنه‌وه‌، بەڵام خواى دادپه‌روه‌ر و كارزانى به ‌به‌زه‌یى هیچ نرخێك بۆ ئه‌م هه‌موو چاكه‌یه‌ دانانێت و به‌ خێرى و زایعه‌ و چاكه‌ى هه‌ده‌رى داده‌نێت. نهێنى ئه‌م حوكمه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌ كه‌ ئه‌و چاكانه‌شیان به‌ ئاشكرا ده‌كرد، بەڵام كه‌ هه‌لى گوناحیان بۆ ده‌ڕه‌خسا و ده‌كه‌وتنه‌ ده‌رفه‌تى حه‌رامه‌وه‌ لێ نه‌ده‌گه‌ڕان و ده‌كه‌وتنه‌ سه‌رپێچى فه‌رمانى خواى گه‌وره‌، له‌ سنوورى حەڵاڵه‌وه‌ خۆیان هه‌ڵده‌دایه‌ ئه‌و دیو و چێژیان له‌ حه‌رام ده‌كرد.

   پێغه‌مبه‌رى خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مه‌به‌ستى له‌ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌ته‌ پێدانى په‌ند و ئامۆژگارییه‌ به‌ ئومه‌ته‌كه‌ى به‌ هه‌موومان تا پێش ئه‌وه‌ى كاتمان له‌ ده‌ست چێ به‌ خۆماندا بێینه‌وه‌ و نه‌كه‌وینه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ به‌ده‌و ئه‌نجامى به‌دتره‌وه‌. خواى گه‌وره‌ش دەفەرموێت: (فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الأَبْصَارِ) الحشر/ ٢  واته‌: خاوەن دیدو زەینەکان هۆش کەنەوەو پەندو ئامۆژگاری بگرنە گوێ.

   له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ستى چاودێرى خوایى له‌ ناخى موسڵماناندا ده‌بێته‌ (موراقیبێكى زاتى) و به‌رده‌وام ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێكى سه‌ره‌كى پابه‌ند بوونى موسڵمانان به‌ دینه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ له‌و دوو كه‌سایه‌تیەی ‌نزیكه‌ له‌ دوو ڕووییه‌وه‌ ده‌یپارێزێت. ده‌شێت باس له‌م هه‌ستى چاودێرییه‌ى ناخى موسڵمان به‌ دووخاڵى سه‌ره‌كى بخه‌ینه‌ ڕوو:

یه‌كه‌م: ئه‌و  پاڵنه‌رانه‌ى هه‌ستى چاودێرى خواى له‌ ناخماندا به‌ هێز ده‌كه‌ن:

١- دڵنیا بوونى ته‌واو و قه‌ناعه‌تى كامڵ كه‌ خواى گه‌وره‌ زانایه‌ و ئاگاى له‌ هه‌موو هه‌ست و نه‌ست و نیاز و مه‌به‌ستێكه‌ چ جاى ڕەفتار و بڕیار. هه‌رچه‌ند شاراوه‌ بێت وه‌كو ختووره‌ى دڵ یان ئاشكرا ده‌بێت وه‌كو هه‌ر كارێك كه‌ عه‌بد ده‌یكات. خواى گه‌وره‌ له‌ چه‌ندین ئایه‌تدا له‌م سیفه‌ته‌ بێ سنوور و بێ بنه‌ییه‌ى كردۆته‌وه‌، وه‌كو كه‌ دەفەرموێ: (وَهُوَ اللَّـهُ فِي السَّمَاوَاتِ وَفِي الْأَرْضِ ۖ يَعْلَمُ سِرَّكُمْ وَجَهْرَكُمْ وَيَعْلَمُ مَا تَكْسِبوون) الأنعام/٣  واته‌: خواى په‌روه‌ردگار خوایه‌ له‌ ئاسمان و و زه‌ویدا و نهێنى و ئاشكراتانى ئاگا لێیه‌ و ده‌زانێت چى ده‌كه‌ن.

   ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ ڕاستى بێ دوو دڵى و گومان -كه‌ جائيزیش نین- ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ڕه‌هایه‌ى لا چه‌سپاو له‌ ناخى دڵ و ده‌وروونیدا جێگیر بوو، حه‌تمه‌ن له‌وه‌ شه‌رم ده‌یگرێت كه‌ خواى زانا و به‌ ئاگا له‌ كات و شوێنێكدا بیبینێت كه‌ سه‌رپێچى فه‌رمانى خوا ده‌كات و خه‌ریكى گوناح و تاوانه‌. خواى گه‌وره‌ ته‌ئكیدى له‌م هه‌سته‌ى ناخ كردۆته‌وه‌ كه‌ دەفەرموێ: (وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّـهَ يَعْلَمُ مَا فِي أَنفُسِكُمْ فَاحْذَرُوهُ )البقرة‌/٢٣٥ واته‌: ئه‌وه‌ش بزانن كه‌ خواى گه‌وره‌ ئاگاى له‌و خورپه‌و ختورانه‌شه‌ كه‌ به‌ دڵ و ده‌روونتاندا دێت و ده‌یانزانێت، جا كه‌وابوو هۆشتان له‌ خۆ بێت به‌ حه‌زه‌ر بن.

٢- دڵنیا بوونى ته‌واو و قه‌ناعه‌تى كامڵ كه‌ خواى گه‌وره‌ هه‌موو هه‌ست و نه‌ست و نیاز و مه‌به‌ست و گوفتارو كردارو بڕیارێك كه‌ عه‌بدێك به‌ نهێنى ده‌یكات یان به‌ ئاشكرا ده‌ینووسێت له‌سه‌رى و ده‌یكاته‌ ماڵ له‌سه‌رى.. سه‌دان جار خواى گه‌وره‌ له‌ قورئاندا ته‌ئكیدى له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ و ده‌شفه‌رموێ كه‌ ده‌شهێنمه‌وه‌ به‌رده‌ستان لێپرسینه‌وه‌ى وردتان لەگەڵ ده‌كه‌م له‌سه‌ر یه‌ك به‌ یه‌كیان، ئه‌وانه‌ى چاكه‌ن پاداشتى له‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و ئه‌وانه‌ى خراپیشن ده‌بى سزاكه‌ى بخۆن.

   مرۆڤى دیندار و خواناس، مرۆڤى هه‌ستیار و خواویست كه‌ ئه‌م (یه‌قین)ـە‌ى لا ده‌چه‌سپێت حه‌تمه‌ن هه‌وڵ ده‌دات به‌ خۆدا بچێته‌وەو پێش ئه‌وه‌ى كار له‌ كار بترازێت و كات له‌ ده‌ست چێت، دیدو هەڵوێستى خۆى رٍاستی كاته‌وەو خێرا بێته‌وه‌ سه‌ر ڕێگاى ڕاستى خواناسان، ڕێی پێغه‌مبه‌ران و صدیقان و شه‌هیدان و پیاو چاكان، پیش ئه‌وه‌ى بگاته‌ بنبه‌ستێك و ته‌ماشاى (نامه‌ى ئه‌عمال)ى بكات و په‌شیمان بێته‌وه‌، خواى گه‌وره‌ بۆ بیر هێنانه‌وه‌مان دەفەرموێ: (وَوُضِعَ الْكِتَابُ فَتَرَى الْمُجْرِمِينَ مُشْفِقِينَ مِمَّا فِيهِ وَيَقُولُونَ يَا وَيْلَتَنَا مَالِ هَـٰذَا الْكِتَابِ لَا يُغَادِرُ صَغِيرَةً وَلَا كَبِيرَةً إِلَّا أَحْصَاهَا ۚ وَوَجَدُوا مَا عَمِلُوا حَاضِرًا ۗ وَلَا يَظْلِمُ رَبُّكَ أَحَدًا) الكهف/٤٩ واته‌: نامه‌ى ئه‌عمال (تیانووسى كار و كرده‌وه‌) هه‌موویان ده‌هێنرێته‌وه‌ پێش له‌ ته‌رازوودا داده‌نریت و ده‌درێته‌وه‌ ده‌ستیان، جا ده‌بینیت ئه‌وانه‌ى تاوانبارو جینایەتكارن له‌ ترس و بیمدان، چونكه‌ ده‌ترسن له‌وه‌ى له‌سه‌ریان تۆمار كراوه‌، ده‌شزانن هه‌قه‌ و ڕه‌وایە و هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆیان كردوویانه‌، نه‌ زیادیان پێوه‌ نراوه‌ و نه‌ فەرامۆش كراوه‌، بۆیه‌ دوعا له‌ خۆیان ده‌كه‌ن و شین و زارى ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن قوڕمان به‌سه‌ر خۆ ئه‌م (نامه‌ى ئه‌عمال)انه‌مان هیچ گوناحێكى فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ نه‌ گچكه‌ نه‌ گه‌وره‌ ئیلا هه‌ر هه‌مووى تێدا تۆمار كراوه‌. جا ده‌بینن تاوان و سزاكه‌ ئاماده‌یه‌ و نوسراوەو بوارى سڕینه‌وه‌ و لابردن و گۆڕینى نییه‌، خواى په‌روه‌ردگارت خۆ سته‌م له ‌كه‌س ناكات، حاشا وەلیللا، سزاى كه‌س نادات له‌سه‌ر گوناحێك كه‌ نه‌یكردبێت، پاداشتى چاكه‌كانیشى به‌وه‌ نافه‌وتێنێت كه‌ گوناحى گه‌وره‌شى (غەیرى شیرك) كردووه‌.

دووه‌م: ئه‌و شێواز و  ره‌فتارانه‌ى هه‌ستى چاودیرى خوایى له‌ ناخماندا به‌ هێز ده‌كه‌ن:

١- به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى فه‌رزه‌كان له‌ كات و شوێنى خۆیاندا به‌و چۆنیه‌تانه‌ى كه‌ پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كردوونى له‌ نوێژه‌ فه‌رزه‌كان و زه‌كات و ڕۆژوو گرتن و حه‌ج.. پاشان سوونه‌ته‌كان: نوێژى سوونه‌ت و ڕۆژووى سونه‌ت و خێر و خێرات و حه‌جى ئیزافى، و یاد و زیكرى خواى گه‌وره‌ و قورئان خوێندن و دوعا و پاڕانه‌وه‌ و  هیتد.  هه‌روه‌ها زیاد كردنى سه‌رنجدانمان له‌ ژیان و گه‌ردوون و موفره‌داته‌كانى. ئینجا خۆ موحاسه‌به‌ كردن له‌سه‌ر كه‌مته‌رخه‌مى و سستى و درێغى كردن له‌ لۆمه‌و گله‌یى و سه‌رزەنشتى نەفس و ناچاركردنى  وویست و دڵ و به‌ده‌ن له‌سه‌ر پابه‌ندى زیاترو بۆ ساغ بوونه‌وه‌ى ڕاست و بۆ خوا لێبڕانى ڕاسته‌قینه‌ و خۆ (كۆنترۆل) كردن به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ ئاستى (مه‌قبول) نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ به‌زاندنى سنوورى شه‌رع.

٢- كۆمه‌ڵكارى و گه‌شه‌پێدانى هه‌ستى كۆمه‌ڵكارى و ژیانى كۆمه‌ڵكارى دانه‌بڕان و ته‌ره‌ نه‌بوون تاك نه‌كه‌وتن چونكه‌ هه‌موو چوست و چالاكیه‌كى كۆمه‌ڵكارى قەڵا و قوولـله‌ى به‌رگرییه‌ و شه‌یتان ناتوانێت ئاسان زه‌فه‌ر به‌ كۆمه‌ڵكار بگه‌یه‌نێت. شه‌یتان هه‌لى فریودانى كۆمه‌ڵكارێكى كه‌متره‌ وه‌ك له‌ كه‌سێكى تاك  و ته‌ره‌، شه‌یتان له‌ ڕێى (وه‌سوه‌سه‌)ى خۆیه‌وه‌ زیاتر و ئاسانترو خێراتر دزه‌ ده‌كاته‌ كه‌لێنه‌كانى دڵ و ده‌روونى موسڵمانى تاك و ته‌ره‌ وه‌ك له‌ موسڵمانى كۆمه‌ڵكار. بۆیه‌ پێغه‌مبه‌رى خواش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  موسڵمانه‌ تاك و ته‌ره‌كه‌ى به‌ مه‌ڕى تاك كه‌وتوو چواندووه‌ كه‌ حه‌تمه‌ن گورگ ده‌یخوات، وه‌ك دەفەرموێ: (إنَّمَا یَأکُلُ الذِّئبُ مِنَ الغَنَم القَاصِیَة).[2] واته‌: گورگ مه‌ڕى تاك ده‌خوات كه‌ له‌ ڕان دابڕاوه‌.

   هه‌ر له‌به‌ر نه‌فه‌وتان و کاریگه‌رى كۆمه‌ڵكارییه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمانى به‌ پابه‌ند بوون به‌ كۆمه‌ڵكارییه‌وه‌ داوه‌، تا شه‌یتان زه‌فه‌رمان تاك و ته‌را پێ نه‌بات. دەفەرموێ: (عَلَيْكُمْ بِالْجَمَاعَةِ، وَإِيَّاكُمْ وَالْفُرْقَةَ، فَإِنَّ الشَّيْطَانَ مَعَ الْوَاحِدِ، وَهُوَ مِنَ الاثْنَيْنِ أَبْعَدُ).[3] واته‌: نه‌كه‌ن ته‌فره‌قه‌تان تێكه‌وێت و بهێڵن په‌رته‌وازه‌ ببن، به‌ كۆمه‌ڵكارییه‌وه‌ پابه‌ند بن، چونكه‌ شه‌یتان زه‌فه‌ر به‌ تاكى ته‌ره‌ ده‌بات، بەڵام له‌ دووكه‌س دوورتره‌ و (ئاسان ده‌ره‌قه‌تیان نایه‌ت).

 ئه‌و په‌ند و ئامۆژگارییانه‌ى له‌م فه‌رمووده‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن:

١- هه‌ستكردن به‌ چاودێرى خواى گه‌وره‌ له‌ هه‌موو كات و شوێن و حاڵه‌تێكدا، تا ئه‌م هه‌سته‌ له‌ دڵ و ده‌روونى هه‌ر یه‌كه‌ماندا ده‌بێته‌ پاسه‌وانێكى شه‌ونخون و موراقیبێكى زاتى ناخى خۆمان.. گه‌شه‌ پێدانى ئه‌م هه‌ست و هۆش لێبوونه‌ -والله أعلم- یه‌كه‌مین و سه‌ره‌كیترین په‌رژینى دیندارى و سه‌ر ڕاستیه‌ و قەڵا و قوولـله‌ى خۆ پاراستنه‌ به‌ ئیزنى خواى گه‌وره‌. هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ زیته‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ زه‌نگى هۆشیار كردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر موسڵمانه‌كه‌ نزیكى سنووره‌كانى حه‌رام ببێته‌وه‌ -ئه‌م هه‌سته‌ ئه‌گه‌ر شه‌ونخون و چاودێره- و خواش ده‌زانێت ده‌بێته‌ باشترین یارمه‌تیده‌رى موسڵمان له‌سه‌ر پارسه‌نگى و پابه‌ند بوون به‌ مه‌نهه‌جى خواى تاك و پاكه‌وه‌. ده‌یان ئامۆژگارى و به‌سه‌ر هات له‌ سه‌له‌فه‌وه‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ سووربوون له‌سه‌ر (زه‌رع) كردنى ئه‌م هه‌سته‌ چاودێرى خواى له‌ منداڵه‌كانیاندا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى فامكردنیانه‌وه‌ -له‌ ئه‌بولقاسم جونه‌یده‌وه‌- رەحمەتی خوای لێبێت گێڕدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕۆژێك ویستوویه‌تى قوتابیه‌ گچکه‌كانى تاقیبكاته‌وه‌ و بزانێ هه‌ستى چاودێرى خواى گه‌وره‌یان چه‌ند له‌ دڵدایه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا فێریان ده‌كات، به‌ قوتابیه‌كانى دەفەرموێ كه‌ سبه‌ینێ ده‌چینه‌ سه‌یران له‌ ده‌شتێكى چۆڵ، بەڵام هه‌ر یه‌كه‌تان مریشكێكى سه‌ربڕاو بهێنێت كه‌ خۆى له‌ جێیه‌ك سه‌رى ببڕێت كه‌ هیچ یه‌كێك نه‌یبینێت، بۆ سبه‌ى هه‌ریه‌كه‌یان مریشكێكى سه‌ربڕاوى هێنا و گێڕایه‌وه‌ كه‌ له‌ كوێ و چۆنى سه‌ر بڕیوه‌ كه‌ هیچ یه‌كێك نه‌یدیووه‌... ته‌نها یه‌كێك له‌ قوتابیه‌كان نه‌بێت، كه‌ شێخ جونه‌ید لێی پرسى: بۆچى تۆش به‌ سه‌ربڕاوى نه‌تهێنا؟ قوتابیه‌كه‌ وەڵامی دایه‌وه‌: ئاخر جه‌نابت فه‌رمووت له‌ شوێنێك سه‌رى ببڕن كه‌ هیچ یه‌كێك نه‌تانبینێت. منیش چوومه‌ كۆڵان، چوومه‌ سه‌ربان، چوومه‌ هه‌ر جێیه‌ك یه‌كێك هه‌ر وه‌لمدا بوو و ده‌بینیم و ته‌ماشاى ده‌كردم. شێخ پرسى: ئه‌و یه‌كه‌ كێ بوو؟ قوتابیه‌كه‌ ووتى: خواى گه‌وره‌ بوو. شێخ باوه‌شى پێدا كرد وووتى به‌ڕاستى تۆ كوڕى منى).[4] ئێمه‌ش ده‌بێت خۆمان و ئه‌ولاد و قوتابى و شوێنكه‌وتووانمان ئاوا په‌روه‌رده‌ بكه‌ین.

٢- زۆر هێنانه‌وه‌ى به‌سه‌رهات و ڕووداوى زه‌مانى سه‌له‌ف (یاوه‌ران و دواتریان) هه‌روه‌ها دید و هه‌ڵوێست و ئامۆژگارى پیشه‌وایان و زانایان و فه‌رمانده‌ و كاربه‌ده‌ستانى خواناس و سه‌ر ڕاست و بایه‌خ پێدانى ئه‌مانه‌ كه‌ وه‌كو چیرۆك و له‌ كاتى ئاڕاسته‌ و په‌روه‌رده‌كردندا بگێڕێته‌وه‌، چونكە چیرۆك و به‌سه‌رهات به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ بیر ناچێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌مووشى له ‌یاد نه‌مێنێت ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى بزر نابێت، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نهێنیه‌كانى چیرۆك له‌ قورئانى پیرۆز و سووننه‌تى پێغه‌مبه‌رى خودا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خواى گه‌وره‌ زیاتر له‌ چارەكێكى بۆ باس  و به‌سه‌ر هات و رووداوى تاك و كۆمه‌ڵه‌كانى پێش ئوممه‌تى محمـد صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ته‌رخان كردووه‌، دیاره‌ كه‌ گاریگه‌رى ئێجگار زۆره‌. هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ ده‌یان چیرۆك و به‌سه‌ر هاتى قورئان و سووننه‌تى لایه‌.. بۆیه‌ خواى گه‌وره‌ دەفەرموێ: (وَكُلًّا نَّقُصُّ عَلَيْكَ مِنْ أَنبَاءِ الرُّسُلِ مَا نُثَبِّتُ بِهِ فُؤَادَكَ)هود/١٢٠  واته‌: چیرۆك و به‌سه‌ر هاتى هه‌ر یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌رانت كه‌ بۆ باس ده‌كه‌ین مه‌به‌ستمان ووره‌ به‌رزى و خۆگریى و دڵ پته‌وییه‌تى. هه‌روه‌ها (لَقَدْ كَانَ فِي قَصَصِهِمْ عِبْرَةٌ لِّأُولِي الْأَلْبَابِ) یوسف/١١١ واته‌: له‌ چیرۆك و به‌سه‌ر هاتى هه‌ر یه‌كێكیاندا (له‌ پێغه‌مبه‌رانى به‌ڕێز عَلَیهِمُ السَّلَام قه‌ومه‌كانیان) په‌ند و ئامۆژگارى زۆر هه‌یه‌ بۆ خاوه‌ن هزر و ژیره‌كان.

٣- به‌شدار بوون له‌ كۆمه‌ڵكاریى و ئه‌ندام بوون له‌ كۆڕ و كۆمه‌ڵێكدا و پابه‌ند بوون به‌ ئاراسته‌ و ئامۆژگاریى به‌رنامه‌ى دید و بزاووتیه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵكارییه‌كى ئیسلامى كه‌ بۆ خوا دامه‌زرا بێت و به‌ پێى شه‌رع كار بكات و بۆ مه‌به‌سته‌كانى ئیسلام پێكهێنرابێت، حه‌تمه‌ن وزه‌ى هه‌موو ئه‌ندامه‌كان كۆمه‌ڵكارانه‌ به‌گەڕ ده‌خات ئه‌وه‌ش بێگومان كاریگه‌رتره‌ و زووتر ئامانجه‌كان ده‌هێنێته‌ دى. جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ كات و تواناى موسڵمانان له‌ كۆمه‌ڵكاریدا سه‌رف ده‌بێت و كاتى (فه‌راغ)ى نابێت. بێگومان شه‌یتانیش وه‌كو وتمان ئاسان زه‌فه‌رى پێ نابات. -به‌ده‌گه‌ن زۆر ده‌گمه‌ن- ده‌بینیت كه‌سێكى سه‌له‌ف گۆشه‌گیر بووبێت كۆمه‌ڵكارانه‌ له‌ كاردا نه‌بووبێت. سه‌یدنا عومه‌ر خوا لێی ڕازى بێت  ده‌فه‌رموێ: (لَا إِسْلَامَ إِلَّا بِجَمَاعَةٍ، وَلَا جَمَاعَةَ إِلَّا بِإِمَارَةٍ، وَلَا إِمَارَةَ إِلَّا بِطَاعَةٍ، وَلَا طَاعَةَ‌ إِلَّا بِبَیعَة).[5] واته‌: ئیسلام به‌ بێ كۆمه‌ڵكارى وجوودى نابێت، و كۆمه‌ڵكارى به‌ بێ ئه‌میرێتى نابێت، ئه‌میرێتى به‌ بێ گوێڕایه‌ڵیه‌تى نابێت، گوێڕایه‌ڵیش به‌ بێ به‌یعه‌تدان نابێت.

پێویسته‌ موسڵمانى دیندار و ژیر ئه‌و كرده‌وه‌ خێر و چاكانه‌ى ئه‌نجامى داون و بۆى بوون به‌ زەخیره‌ى قیامه‌تى به‌ رەفتارى دووڕووانه‌ له‌ ده‌ستى نه‌دات... ئه‌و هه‌موو چاكه‌یه‌ى كه‌ به‌ قه‌ده‌ر لم و زیخ و چه‌وى چیایه‌ك بێت له‌و لاوه‌ خۆى مایه‌ پووت نە‌كات!! ئه‌مه‌ چ دیندارییه‌كه‌؟! ئه‌مه‌ چ ژیریى و ئه‌قڵ و پێى شكانێكه‌؟! ئه‌مه‌ وه‌كو ئه‌و گه‌لۆرانه‌یه‌ كه‌ به‌ كاسبى پاره‌ په‌یدا ده‌كه‌ن و به‌ قومار ده‌یدۆڕێنن!! موسڵمان سوور ده‌بێت له‌سه‌ر هیدایه‌تى خوایى كه‌ پابه‌ند بوونیه‌تى به‌ دینه‌كه‌وه‌ تا خواى گه‌وره‌ زیاتر هیدایه‌تى بدات وه‌كو كه‌ ده‌فه‌رموێ: (وَالَّذِينَ اهْتَدَوْا زَادَهُمْ هُدًى وَآتَاهُمْ تَقْوَاهُمْ) محمـد/١٧ هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ: (وَمَن يَقْتَرِفْ حَسَنَةً نَّزِدْ لَهُ فِيهَا حُسْنًا ۚ إِنَّ اللَّـهَ غَفُورٌ شَكُورٌ) الشورى: ٢٣ واته‌: هه‌ر كه‌سێك كارێكى چاكه‌ بكات چاكه‌ى ترى بۆ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر خواى گه‌وره‌ لێخوشبووه‌ و له‌ عه‌بده‌كانى ده‌بوورێت و سوپاسكاریشه‌ و سوپاسى چاكه‌كاران ده‌كات.

 

 



[1] ئیبنوماجه‌ (4245) و شێخى ئه‌لبانى رحمه الله له‌ (صحیح سنن ابن ماجە) و لە (سلسلة الأحادیث الصحیحە ب2ژ505) و لە(صحیح الجامع الصغیر/3904)دا بە سەحیحی ناساندووە.

[2]  ئەبوداوود (459)، نەسائی (838)، ئەحمەد (21168)، ئیبنوخوزەیمە (1408).

[3] ترمذي (2165) )ئه‌حمه‌د (1/18) ئەلبانی رحمەاللە لە (صحیح ابن ماجە/2363)دا دەفەرموێ:سەحیحە.

[4] ئیمامى غەززالى له‌ به‌سه‌ر هاته‌كه‌ى به‌ ته‌فسیلتر له‌ (احیاء علوم الدین 4 / 384)دا هێناوه‌ته‌وه‌.

[5]   ئەبوداوود (3664)، ئەحمەد (2/338)، داریمی (257)، ئیبنوعەبدولبەڕ لە (جامع بیان العلم وفضله ژ/326)، هەر خۆشی دەفەرموێ لاوازییەک لە سەنەدەکەیدا هەیە بەڵآم بە کۆی ریوایەتەکانی دەگاتە پلەی حەسەن. ئەمەش دەقەکەیەتی: عَنْ تَمِيمٍ الدَّارِيِّ ، رَضِيَ اللهُ عَنْهُ ، قَالَ : تَطَاوَلَ النَّاسُ فِي الْبِنَاءِ فِي زَمَنِ عُمَرَ رَضِيَ اللهُ عَنْهُ ، فَقَالَ عُمَرُ : يَا مَعْشَرَ الْعُرَيْبِ ، الْأَرْضَ الْأَرْضَ ، إِنَّهُ لَا إِسْلَامَ إِلَّا بِجَمَاعَةٍ ، وَلَا جَمَاعَةَ إِلَّا بِإِمَارَةٍ ، وَلَا إِمَارَةَ إِلَّا بِطَاعَةٍ ، فَمَنْ سَوَّدَهُ قَوْمُهُ عَلَى الْفِقْهِ ، كَانَ حَيَاةً لَهُ وَلَهُمْ ، وَمَنْ سَوَّدَهُ قَوْمُهُ عَلَى غَيْرِ فِقْهٍ ، كَانَ هَلَاكًا لَهُ وَلَهُمْ).

453 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/08/2018
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.