بانگه‌واز

بانگەوازکردن بۆ ئیسلام پێویستە

بانگەوازو کارکردن بۆ ئیسلام پێویستە
رێڕەو:
   لە ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرەیەدا (ئیسلام چارەسەرە) ئەوەمان روونکردەوە کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا سەرجەم مرۆڤایەتی دوچاری چەندەھا کێشەی گیانیی و فیکریی و رامیاریی وئابووریی وکۆمەڵایەتیی و رەوشتیی و شارستانیی بووە، بە جۆرێک ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکانی سەر زەوی لە تەنگوچەڵەمەو نائارامییدا دەژین و لە ھەر لایەک دەردێکی نالەبار بەری لە کامەرانبوون و ئاسوودەکردنی ژیان گرتووە. لە ئەنجامی ئەو بارە ئاڵۆزەشدا روناکبیران و خەمخۆرانی مرۆڤایەتی بەردەوام لە بەرنامەگۆڕکێ و سەروبنکردنی یاساو دەستورو شێوەکانی مامەڵەی رۆژانەدان. سەربازگەو بلۆک و پەیماننامەو بەڵێن و رێکەوتن و رێڕەوە فیکریی و شارستانییەکان لە گۆڕانێکی سەرەمڕدان، کە ئەمەش بۆ خۆی مانای ئەوە دەگەیەنێت ھێشتا مرۆڤ بۆ ئاستی پێویست بەرزنەبۆتەوەو لە ئەزموونەکانی خۆی دڵنیانییە.
دووبارە ھەر لە ژمارەی پێشوودا ئەوەمان پیشاندا کە تەنھا ئیسلام دەتوانێت _لەبەر تایبەتمەندییە خودی و بابەتییەکانی، وەک بەرنامە _ لە پرۆژەیەکی جیھانی ھاوچەرخدا چارەسەری گونجاو بۆ کێشە تێکئاڵاوەکان فەراھەمبھێنێت و راستکردنەوەی گەورە لە روکارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵگاکاندا ئەنجامبدات و سەرنجام کاڵای کامەرانیی و ئارامیی بە بەرمرۆڤەکاندا بکات و گەورەترین مانا بە ژیانی سەرزەمین و ئارامیی ھەڵسوکەوتی مرۆڤەکان ببەخشێت.
   بەڵام شتێکی ئاشکراو بەڵگەنەویستە کە ئیسلام لە سەرێکەوە کۆمەڵێک رێنمویی و رێسای خوایییە بۆ مرۆڤ و بونەوەر _بە بێ پیادەکردن_ گونجاویی و چاکیی دەرناکەوێت و مانای تەواوی نابێت و وێنەی راستەقینەی رووننابێتەوەو دیارنابێت کە چ کامەرانیی و رەحمەتێکی بۆ خەڵک لە خۆیدا هەڵگرتووە. ئەو کەسایەتیی و کۆمەڵ و وڵاتەی کە ئیسلام ئاڕاستەی دەکات ئاسوودە دەبێت. بەڵام خۆ ئەمە ناکرێت هەر لە دنیای خۆزهەو هیواو ئاواتدا بمێنێتەوە.. ئەگینا خەڵکی زیاتر لێی دوورە پەرێز دەبن وزۆرتر دووری دەخەنەوە لەژیانیان. ئەمە بێجگە لەو دواکەوتنە زیاترەی لەسەرنجامیەوە بەسەر کۆمەڵگەی ئیسلامیدا دێت، لەسەرێکی تریشەوە بە واقیعکردنی چارەسەری ئیسلامی کۆسپ و تەنگوچەڵەمەی جۆراوجۆری لەبەردەمدایە، ھەر لە دواکەوتن و پارچەپارچەبوونی وڵاتانی ئیسلامیی و نەزانینی زۆرینەی گەلانی موسوڵمان بەرامبەریی و نەبوون یا داخستنی زۆر لە دەرگاکانی ژیان بەڕووی پرۆژە ئیسلامییەکان، تا دەگاتە کامڵبوون و تازەیی و کەمئەزمونیی، دڕندەیی و دڵڕەقیی و نەخشەو پلانی ناحەزو دوژمنانیش _کە لە رووی ماددییەوە بە حاڵی موسوڵمانان بەرداورد ناکرێت_ لەولاوە بوەستێت. کە ئەگەر لەسەر زۆر باس و بابەت ناکۆکبن ھەمیشە لەسەر لێدان و لاوازکردن و ناشیرینکردن و بچووککردنەوەو قەدەغەکردنی پرۆژە ئیسلامییەکان یەکدەنگن. ئەمانە ھەموو دەبنە بەربەست و رێگر لە ئاست چارەسەری ئیسلامیدا. ئەمانە ئەگەر نەتوانن پرۆژەی چارەسەرە ئیسلامییەکە بوەستێنن و رەتیبکەنەوە ئەوا لانی کەم هەوڵدەدەن کاتی ھاتنی دوابخەن.
   حاڵەکە بەم جۆرەیە کە باسمان کردو قەدەری ئێمەش لەم کۆتایی سەدەی بیستەمەدا ئاواگران و زەحمەتە. سەرزەمین ئاوا شێواوو پڕ ھاوارو ناڵەیە. کۆمەڵگای موسوڵمانان ئاوا پەراوێزو کەمتوانان. ئیسلامیش تەنھا چارەیە. بەربەست و رێگریش لە ئاستیدا زۆرن. خۆ فرمێسکڕشتن و خەفەتخواردن و ئاخھەڵکێشان ھیچ لە بارەکە ناگۆڕن و لە بەردەست خوای گەورەشدا نابنە تکاکارمان. خۆکەناردان و پاڵدانەوەو وازھێنان و کۆیلەبوون و دەسەوسانیی بارودۆخەکە بەرەو ئاڵۆزترو خراپتر دەبەن، چونکە ئەوانە فرمێسک و خەفەت و دەسەوسانیی و کۆیلەبوون و خۆکوشتن ئاییندە دۆڕاندنن.
   ئەگەرچی کارەکە ئاوا گەورەو گرانیش دەرکەوێت، بەڵام چارە تەنھا کاروان بەڕێکردن و ھیمەتبەرزیی و کارکردنی بەردەوامە. خۆماندووکردن وبەشداریی و بنیاتنانە. کۆت پچڕاندن و بەربەست بەزاندن و جموجووڵە. بوژانەوەی دەروون و ئازادبوونی ناخ و خۆسەلماندنە. ھیوابوونە بە پاداشت و دڵنیابوونە لەسەرکەوتن.
   چارەسەری ئیسلامی بەدیینایەت تا دەستەیەکی ئیماندار بە بیروباوەڕ پتەوو تێگەیشتنەوە پێشڕەوی کۆمەڵگە نەکەن، تا رای گشتی جەماوەر داواکاریی ئیسلام نەبێت، بە جۆرێک لە ئامانج و مەبەستەکانی بگات و پاڵپشتی ماددیی و مەعنەویی بکات. تا ھەڵوێستێکی جیھانی روون و ئاشکرا بەرامبەر راستیی و شارستانیەتی ئیسلامی دروستنەبێت و رای گشتی جیھانیش ترسی لە چارەسەری ئیسلامی نەڕەوێتەوەو باوەش بۆ ھێزێکی ئیسلامی لەو جۆرە نەکاتەوە، بارەکە بە ھیچ لادا ناکەوێت.
   چارەسەری ئیسلامی پاڵپشت و سەرخستنی خوایی لەگەڵدایە، ھەمیشە سەرکەوتنی ویست و تواناو دەسەڵاتی خودایی مسۆگەرە، بەڵام تا نیازپاکیی دڵ و دەروون و تێگەیشتن و لێبڕان و دڵسۆزیی نەسەلمێت، تا تاکی کۆمەڵگاکانی موسوڵمانان لەگەڵ خوادا راستگۆنەبن و بۆی یەکلانەبنەوە، ئەو کۆمەک و سەرکەوتنە وەدیینایەت.
   ھەموو ئەو ھەوڵانەی باسمانکردن دەبێ بۆ ھێنانەکایەی چارەسەری ئیسلامی بدرێن. بە کارکردن و بانگەوازکردن بۆ ئیسلام، کە پیرۆزترین کارو رەسەنترین وشەو جوانترین ھەڵوێست و گەورەترین خەمە.
   (بوونی موسوڵمان و مانەوەی بەرنامەی ئیسلام، یەکێکە لە حەتمیەتە مێژووییەکانی رابردوو ئێستا، لە داھاتووشدا تا قیامەت ھەر وا دەبێت، چونکە حەقیقەت و راستی کۆڵەکەی ئەم بوونەن، بێگومان ناڕاست و تێگەیشتنە چەوتەکان ھەر دەشکێن و لەناودەچن. ئەگەر ئەمڕۆ رۆژی ئیسلام گیرابێت ئەوا بەدڵنیاییەوە ئاوا نەبووە. بەڵام ئەم حەتمیەتە لێرەدا بێھەوڵدان و ماندووبوونی موسوڵمانان شتێکی بێمانایە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا بوارێکیتری بانگەوازەکەیە.
   رەنگە کە رۆژدەگیرێت وسەرزەوی تاریکدەبێت باڵندەکان دڵەڕاوکێیان پێبکەوێت ومبچنەوە لانەکانیان، بەڵام نانوون. چونکە دەزانن رۆژئاوا نەبووە، ھیوای زۆریان بە ھەڵھاتنەوەی خێراو رۆشنکردنەوەی زەمین و ئاسمان ھەیە. دڵە زیندوەکانیش وان. دەزانن لاچوون و دیارنەمانی ئیسلام _لە روکارە جیاجیاکانی شانۆی ژیان_ تەنھا کاتییەو دیاردەیەکی نامۆیە. ئیسلام و بانگەوازەکەی مانای بەردەوامبوونی ژیانی سەرزەوین، بۆیە ھەمیشە شوێنکەوتووانی راپەڕیوو ئامادەباشن. تا ماندووتربن زیاتر ھەست بە پشووی گیانیان دەکەن) . 
   ئەو کڕنوشانەی دڵەکان رزگاردەکەن، بێنیازیی لە خەڵک و بەرەوخوابوون پیشاندەدەن. زنجیرو کۆتەکانی نزمبوونەوە لە ئاست ئارەزووەکاندا دەشکێنن. بارانی ئارامیی و سکونەت دادەبارێنن. فرمێسکی خۆشەویستی خواو بەزەیی بۆ مرۆڤ و پاڕانەوە بۆ لێخۆشبوونیان لێ دێتەخوارێ. ئەوانە پەیکەری ئازادیبەخشی بانگەوازن.
    ملکەچکردنی خەڵک بۆ خواو ھەڵنانی مرۆڤ بۆ بریکاری  راستەقینە لەسەر زەوی و برەوپێدانی خۆشەویستیی و ئاشتیی و یەکترناسین لە نێوانیانداو بەجێھێنانی دادپەروەریی لە مامەڵەکانیاندا، ھەموو خزمەتێک لەم ئاستەدا سیماو جەوهەری بانگەوازەکەی ئیسلام پیشاندەدەنەوە.. پێشەوا ئیبن تەیمیە دەفەرموێ: (بانگەوازکردن بۆ لای خوا باوەڕکردن و گوێڕایەڵیی و فەرمان و دوورکەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکان و بەڕاستزانینی خوای گەورەو ئەو بەرنامەیەیە کە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم لە خواوە ھێناویەتی، کە شایەتمان و نوێژکردن و زەکاتبەخشین و بەرۆژووبوون و حەجکردن. بانگەوازکردنە بۆ باوەڕھێنان بە خوای گەورەو فریشتەکان و پەیامەکان و پێغەمبەران و رۆژی قیامەت و قەزاو قەدەری خێرو شەڕ. بانگەوازە بۆ پەرستنی خوا، بە جۆرێک وەک ئەوەی ببینرێت وابێت)  واتە: بانگەوازکردن بۆ بنەماکانی باوەڕو ئیسلام و ئیحسان.
   ھەندێک لە زانایانیتریش لە پێناسەیتریدا دەفەرموون: (گەیاندنی بانگەوازی ئیسلامە بە خەڵک لە ھەموو کات و شوێنێکدا بەو شێوازو ھۆکارانەی لەگەڵیاندا دەگونجێت) .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
   محمـد أحمد الراشد: المنطلق . مؤسسة الرسالة بیروت ل: 67_68.
   ئیبنوتەیمیە: مجموع الفتاوی بەرگی1 ل: 157_158.
   أحمد أحمد علوش: الدعوة الإسلامیة.. أصولها ووسائلها. ل:10.
 

1047 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
17/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.