كاتی زه‌كاتدان
نوسینی: مامۆستا کرێکار
بڕگه‌ی یه‌كه‌م: دواخستنی
ئیمامی نه‌وه‌وی له كتێبه گشتگیرییه به‌راورده‌كارییه‌كه‌ی خۆیدا (المجموع) كه شه‌رحی كتیبی (المهذب)ی ئیمامی ئه‌بو ئیسحاقی شیرازییە ره‌حمه‌تیان لێ بێت ئه‌م ده‌قه دێنێت و پاشان به‌ده‌ریاوانییه‌كه‌ی خۆی راڤه‌یده‌كات.. ئیمامی ئه‌بوئیسحاق ده‌فه‌رموێ: (هه‌ركه‌سێك زه‌كاتی له‌سه‌رفه‌رزبوو، توانای ده‌ركردنه‌كه‌ی هه‌بوو، بۆی جائیزنییه له كاتی خۆی دوایخات، چونكه زه‌كاته‌كه‌ی مافی خه‌ڵكه‌و ئه‌و بۆی نییه رایگرێت، یان دوایخات. ئه‌مه وه‌كو راسپارده‌یه‌كه كه لای دانرابێت، كاتێك خاوه‌نه‌كه‌ی داوایده‌كاته‌وه کابرای ئه‌میندار بۆی نییه نه‌یداته‌وه یان دوایخات. ئه‌و كه‌سه‌ی زه‌كاته‌كه‌ی له‌سه‌رفه‌رزبووه‌و ئه‌و كه‌سه‌ی راسپارده‌كه‌ی لایه، به‌رپرسن. ئه‌گه‌ر راسپارده‌كه (زه‌كاته‌كه‌ش) شتێكیان به‌سه‌ردابێت ئه‌میندارو خاوه‌ن زه‌كاتەكه ده‌بێت بيبژێرن.[1]
پێشتر باسمان له‌و كه‌سه كرد كه زه‌كاتنادات، وتمان یان باوه‌ڕی پێی نییه‌و كافره، یان چروكه‌و له به‌خیلیی و پاره‌وویستییدا نایبه‌خشێت. ئه‌م دووانه بەزۆر لێیان ده‌سه‌ندرێت. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی یاخیبوون، دەبێ خه‌لیفه یان دەسەڵاتداریی جێگر‌و نوێنه‌ری، جه‌نگیان به‌رامبه‌ر به‌رپابکه‌ن تا ناچاری زه‌كاتدانیان ده‌كه‌ن.. بەڵام ئه‌م باسه‌ی ئێستامان له‌و دووحاڵه‌ته جودایه.. ئه‌میان باوه‌ڕیشی به فه‌رزێتی زه‌كاتەكه هه‌یه‌و چروكیش نییه‌و ده‌یدات بەڵام دوایخستووه.
- ئه‌گه‌ر ده‌یوویست له كاتی خۆیدا ده‌ریبكات، بەڵام هۆیه‌ك _كه له ده‌ره‌وه‌ی وویست و توانای خۆیه‌تی_ رێیلێگرت، ئه‌مه خاوه‌ن عوزرە‌و هه‌ر كه توانای بۆ ره‌خسایه‌وه ده‌بێ ده‌سبه‌جێ ده‌ریكات.
- ئه‌گه‌ر دوای ره‌خسانی هه‌لی ده‌ركردنی، به‌ئه‌نقه‌ست دوایخست، ده‌بێ قه‌ره‌بوویبكاته‌وه.. چونكه له‌وانه‌یه له‌و كاته‌ی ئه‌و ده‌بوو زه‌كاتەكه بدات، شت هه‌رزانتربووبێت، یان نرخی پاره‌كه‌ی باڵاتربووبێت، یان زه‌كاته‌كه‌ی به‌روبوومی چاندن بوو، كه له كاتی خۆیدا ده‌رینه‌كرد، خراپببوو. ئه‌مه حه‌تمه‌ن ده‌بێ له سامانیتری خۆی قه‌ره‌بوویبكاته‌وه‌و تۆبه‌شبكات، چونكه له زه‌كاتدانه‌كه‌یدا كه‌متەر‌خه‌مبووه.. ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ: ئه‌مه راجوێی تێدا نییه.
- ئه‌گه‌ر كاتی زه‌كاتدانی هات و سامانه‌كه‌شی له‌به‌رده‌ستدابوو، بەڵام كه‌س نه‌بوو لێی وه‌رگرێت نه هه‌ژارو نه فه‌رمانبه‌رانی زه‌كاتكۆكردنه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی دووره‌ده‌ست ده‌ژی، ده‌بێ پشكی زه‌كاته‌كه‌ی جیاكاته‌وە‌و داینێ، تا به‌ڵگه‌بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی فه‌رزه‌كه‌ی سه‌رشانی. ئه‌گه‌ر نه‌یده‌زانی چه‌نده، ده‌بێ ته‌قدیریبكات و لایدا. ئه‌گه‌ر ده‌یزانی تا كه‌سێكی ده‌گاتێ وه‌ریگرێت خراپده‌بێت، ده‌بێت بیگه‌ێنێتە شوێنی خۆی.
ئه‌مه ئه‌گه‌ر سامانه‌كه‌ی له‌به‌رده‌ستدا بوو، ئه‌گه‌ر له شوێنێكیتربوو، نه‌ده‌توانرا جیابكرێته‌وه، خاوه‌ن عوزره. بەڵام ئه‌گه‌ر ده‌یتوانی په‌یوه‌ندیبكات و راسپێرێت زه‌كاتەكه ده‌ركات و نه‌یكرد، قه‌ره‌بووه‌كه‌ی له گه‌ردندایە، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی له ئه‌وروپایه‌و سامانه‌كه‌ی له كوردستانه، خۆ ده‌توانێت په‌یوه‌ندیبكات و راسپێرێت تا بیده‌ن.
- ئه‌گه‌ر زه‌كاته‌كه‌ی له‌سه‌رفه‌رزبووبوو بەڵام نه‌یداو مرد، به مردنه‌كه‌ی زه‌كاته‌كه نافه‌وتێت، ده‌بێت وه‌ره‌سه‌كه‌ی _پێش دابه‌شكردنی میراته‌كه‌ی_ پشكی زه‌كاتەكه جیابكه‌نه‌وه‌و بیده‌ن.
ئه‌مه بۆچوونی عه‌تاء و حه‌سه‌نی به‌صری و زوهری و قه‌تاده‌و ئیمامان شافیعی و ئه‌حمه‌د و ئیسحاق و له‌یس و ئه‌وزاعی و ئەبوثەور و ئیمامی داودو ئینولمونزیره، به‌ڵگه‌ی پۆله شه‌رعناسانی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: (قَالَ رَجُلٌ يَا رَسُولَ اللَّهِ إِنَّ أَبِي مَاتَ وَلَمْ يَحُجَّ أَفَأَحُجُّ عَنْهُ قَالَ أَرَأَيْتَ لَوْ كَانَ عَلَى أَبِيكَ دَيْنٌ أَكُنْتَ قَاضِيَهُ قَالَ نَعَمْ. قَالَ: فَدَيْنُ اللَّهِ أَحَقُّ).[2] واته: کابرایه‌ك له پێغه‌مبه‌ری خوای صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پرسی: باوكم كۆچی دوایی كرد‌و حه‌جینه‌كرد، ئایا ده‌شێت من حه‌جی بۆ بكه‌م؟ فه‌رمووی: ئه‌گه‌ر باوكت قه‌رزی له‌سه‌ر بوایه بۆت ده‌دایه‌وه؟ كابرا ووتی: به‌ڵێ. پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمووی: ده‌ی خۆ قه‌رزی خوا شایانتره بدرێته‌وه.
پۆله شه‌رعناسانیتر ده‌فه‌رموون: ئه‌گه‌ر وه‌سێتی كردبوو، زه‌كاتەكه‌ده‌درێت، ئه‌گه‌رنا نادرێت و به مردنه‌كه‌ی زه‌كاته‌كه ده‌فه‌وتێت، ئیبنولمونزیر ده‌فه‌رموێ: ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌یه‌و هه‌روەها بۆچوونی ئیبنوسیرین و شه‌عبی و نه‌خه‌عی و حه‌ممادی كوڕی ئه‌بوسوله‌یمان و داوودی كوڕی ئه‌بوهیندو حومه‌یدی ته‌ویل و سوفیانی ثەوریشه.
- ئه‌گه‌ر زه‌كاتی نه‌داو شاردیه‌وه كه هه‌یه‌تی، یان شاردیه‌وه كه نه‌یداوه‌و دوایی ده‌ركه‌وت، چوار پێشه‌واكه‌و زۆرینه‌ی زانایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن كە هه‌ر زه‌كاته‌كه‌ی لێ ده‌سه‌ندرێت، بەڵام ئیمامی ئه‌حمه‌دو قه‌ولی قه‌دیمی ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموون زه‌كاتەكه‌و نیوه‌ی سامانه‌كه‌شی لێوەردەگیرێت! بەڵام پێشتر ووتمان كه ئه‌مه پێویستی به به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزه كه له‌به‌رده‌ستدانییه.. ده‌بێ ئه‌وه‌ش ره‌چاوكه‌ین كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌وڵه‌مه‌ندی موسوڵمان هه‌یه سامانه‌كه‌ی به ملیارات دۆلاره، ئه‌گه‌ر زه‌كاته‌كه‌ی نه‌دا _كه چل یه‌كه_ ئایا ده‌شێت نیوه‌ی بكرێتە سزا؟! ئه‌و بیست ملیاری هه‌یه، كه پێنج سه‌د ملێونی نه‌دا، ده ملیاری لێ دەسه‌ندرێت؟ وەڵامی به‌ڵێ، بەڵگه‌یه‌كی به‌هێزی ده‌وێت وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
- ئه‌گه‌ر چه‌ندین ساڵ‌بوو شاردبوویه‌وه‌و پاشان ده‌ركه‌وت كه زه‌كاتینه‌داوه، ئایا زه‌كاتی هه‌موو ساڵه‌كان ده‌دات یان ساڵی ئه‌خیریان؟ شافیعیه‌كان ده‌فه‌رموون: زه‌كاتی هه‌موو ساڵه‌كان، چونكه مافی هه‌ژارانه‌و ئه‌و لای خۆی هێشتۆێتیه‌وه. كات به‌سه‌رچوون له‌م مه‌سه‌له‌دا كاریگه‌ریی نییه، ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی مالیك و شافیعی و ئەبوثەورو هه‌ندێكیتره، بەڵام ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه و مه‌دره‌سه‌ی ره‌ئی ده‌فه‌رموون زه‌كاتی لێ وه‌رناگیرێت!![3] پێم وایە رای شافیعییەکان دەبێ وەربگیرێت، دەنا هەموو دەوڵەمەندەکان دەتوانن لە حساب بانکی ولاتانی تردا سەروەت و سامانیان بشارنەوەو مافی هەژاران بفەوتێنن. لە وڵاتانی دنیادا ئەوی دوای دە ساڵیش دەرکەوێت کە باجی نەداوە، هی هەر دە ساڵەکەی لێدەستێنن و دەشیدەنە دادگا. لە کاتێکدا ئەو باجە هی حکومەتەو زەکات پشکی هەژارانە، کە ئەگەر حکومەتی ئیسلامی‌یش کەمتەرخەم بێت لە وەرگرتنی زەکاتدا، موسوڵمانان لەناو خۆیاندا دەبێت نەهێڵن ئەو مافەی هەژاران بفەوتێت واللە اعلم.
بڕگه‌ی دووه‌م: پێشخستنی زه‌كاتدان
له مه‌رجه‌كانی زه‌كات: هه‌بوو نيصاب و تێپه‌ڕبوونی ساڵێكه به‌سه‌ر سامانه دانراوه‌كه‌دا. موناقه‌شه‌یه‌ك له كۆنه‌وه له‌سه‌ر مه‌رجی دووه‌میان هه‌یه، كه به‌م پرسیاره ده‌ستیپێكردووه: ئه‌گه‌ر كه‌سێك له سامانی زه‌كاتدا نيصابی هه‌بوو، بەڵام وویستی پێشتر (پێش تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ریدا) زه‌كاته‌كه‌ی بدات، ئایا جائیزه یان نا؟
شه‌رعناسان له وەڵامیدا دوو پۆله بۆچوونن:
پۆلی یه‌كه‌م: دەفەرموون: به‌ڵێ جائیزه: ئه‌مه بۆچوونی ئیمامان ئه‌بوحه‌نیفه‌و شافیعی و ئه‌حمه‌دو كۆمه‌ڵێكی زۆره له شه‌رعناسانی سه‌له‌ف[4] به‌ڵگه‌شیان:
١- سه‌یدنا عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: (أَنَّ الْعَبَّاسَ، سَأَلَ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي تَعْجِيلِ صَدَقَتِهِ قَبْلَ أَنْ تَحِلَّ فَرَخَّصَ لَهُ فِي ذَلِكَ).[5] واته: عه‌بباسی كوڕی عه‌بدولموتته‌لیب (مامی پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پرسیاری له پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كرد كه زه‌كاته‌كه‌ی پێشخات، پێش ئه‌وه‌ی ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕببێت، جه‌نابیشی رێی پێدا.
٢- پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ به سه‌یدنا عومه‌ری خوا لێی رازی بێت فه‌رموو: (إنَّا كُنَّا تَعَجَّلْنَا صَدَقَةَ الْعَبَّاسِ لِعَامِنَا هَذَا عَامَ أَوَّلَ).[6] واته: ئێمه داوای زه‌كاته‌كه‌ی عه‌بباسمان كرد كه ئه‌م ساڵ زووتر بیدات.
٣- ئه‌مه پێش خستنی به‌خشینی سامانێكه كه زه‌كاتی تێكه‌وتووه‌و مافی هه‌ژارانیشه، تا زووتر بیاندرێتی باشتره.. ئه‌م شه‌رعناسانە ده‌فه‌رموون ئه‌مه وه‌كو قه‌رزدانه‌وه‌ی پێشوه‌خته. كه پێشهاتنی كاتی دانه‌وه‌كه‌ی قه‌رزاره‌كه، ده‌یداته‌وه.. یان كه‌فاره‌تی خوێنی كوژراوێك، كه هێشتا گیانی دەر‌نه‌چووه.
ته‌نانه‌ت ئه‌مان ده‌فه‌رموون ده‌شێت زه‌كاتی دووساڵی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه پێشخات و بیدات [7].
پۆلی دووه‌م: جائیز نییه: ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی مالیك و هه‌ندێكیترە له شه‌رعناسان، وه‌كو سوفیانی ثەوری و ئه‌بوعوبه‌یدی كوڕی حارث و ره‌بیعه‌و داوودو ئیبنوحه‌زم، ده‌فه‌رموون: ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كی كه‌می مابوو ساڵ ته‌واوكات جائیزه، نه‌ك له سه‌ره‌تای ساڵه‌وە.[8]
به‌ڵگه‌ی ئه‌مانیش:
ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت به (مه‌رفوع)ی ریوایه‌تیكردووه كه: (لاَ زَكَاةَ فِي مَالٍ حَتَّى يَحُولَ عَلَيْهِ الْحَوْلُ).[9] واته: زه‌كات له هیچ سامانێك ده‌رناكرێت تا ساڵی به‌سه‌ردا نه‌یاته‌وه.
_ لە ریوایەتێکی تردا دەفەرموێ: (عَنْ مَالِكٍ، عَنْ نَافِعٍ، أَنَّ عَبْدَ اللَّهِ بْنَ عُمَرَ، كَانَ يَقُولُ : لاَ تَجِبُ فِي مَالٍ زَكَاةٌ حَتَّى يَحُولَ عَلَيْهِ الْحَوْلُ)
_ ریوایەتی خاتووعائیشە خوا لێی رازی بێت: حَدَّثَنَا حَارِثَةُ بْنُ مُحَمَّدٍ، عَنْ عَمْرَةَ، عَنْ عَائِشَةَ، قَالَتْ سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ ـ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ـ يَقُولُ: (لاَ زَكَاةَ فِي مَالٍ حَتَّى يَحُولَ عَلَيْهِ الْحَوْلُ ) .
٢- رەفتاری سه‌یدنا ئه‌بو به‌كر خوا لێی رازی بێت كه: (إِنَّ أَبَا بَكْرٍ الصِّدِّيقَ لَمْ يَكُنْ يَأْخُذُ مِنْ مَالٍ زَكَاةً حَتَّى يَحُولَ عَلَيْهِ الْحَوْلُ).[10] واته: زه‌كاتی سامانی وه‌رنه‌ده‌گرت تا ساڵێكی ته‌واوی به‌سه‌ردا نه‌گوزه‌رایه.
٣- تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر هه‌بوونی نيصابه‌كه‌یدا وه‌كو نيصابه‌كه مه‌رجه ناشێت بۆ هیچیان پێشتر بێت.
٤- زه‌كاتیش وه‌كو نوێژ كاتی دیاریكراوی خۆی هه‌یه و ناشێت پێشخرێت.
پولی یه‌كه‌م وەڵامی هه‌موو به‌ڵگه‌كانی پۆلی دووه‌میان دا وه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه زه‌كاتدانی پێش وه‌خت قه‌ده‌غه‌بكات ئه‌و ریوایەتەش: (لاَ زَكَاةَ فِي مَالٍ حَتَّى يَحُولَ عَلَيْهِ الْحَوْلُ). ئاماژه به‌وه ده‌كات كه زه‌كاتدانی پێشوه‌خت فه‌رزنییه، نه‌ك شیاونیه.. ئه‌مه‌ش كه ده‌فه‌رموون (زه‌كاتیش وه‌كو نوێژكانی دیاریكراوی خۆی هه‌یه) ئه‌م قیاسه (به‌راووردكردن و لێكچواندن)ـە له شوێنی خۆیدانییه، چونكه كاته دیاریكراوه‌كانی نوێژ به شه‌رع سه‌لمێنراوه، نه‌ك به عه‌قڵ، چه‌سپاوو نه‌گۆڕیشه، قیاسی خواپه‌رستییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كترییدا ناكرێن.. راستتر ئه‌وه‌یه كه زه‌كاتی پێشوه‌خت جائيزه وه‌كو كه دانه‌وه‌ی قه‌رز پێش وه‌خت جائیزه وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
رای شێخ یوسف قەرەزاوییش وایە، چونکە هەرچوار ریوایەتەکەی ئەم بابەی بە زەعیف داناوە.. پێم وا نییە لە دوو فەرموودەیاندا پێکابێتی کە ئەلبانی رحمەاللە لە (إرواء الغلیل)دا بە (حەسەن)ی ناساندوون، وەکو لە پەڕاوێزدا ئاماژەم پێکردوون..
پێم وایه رای جمهوری پێشه‌وایانی پۆلی یه‌كه‌م به‌هێزتره و په‌سه‌ند تره به تایبه‌تی كه زەکاتدانە پێشوەختەکەی سەیدنا عەبباس خوا لێی رازی بێت سەلمێنراوە کە حەسەنە. هەروەها ئه‌وه سه‌لمێنراوه كه ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت سه‌رفتره‌كه‌ی كه هه‌ر زه‌كاته پێش جه‌ژن به رۆژو دوو رۆژ ده‌دا.[11]
ئیمامی نه‌وه‌وی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: (زۆرینه‌ی ئه‌هلی عیلم له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ن كه زه‌كاتدانی پێشوه‌خت جائیزه).[12]
هەروەها ئیمامی ئیبنوتەیمییە دوای توێژینەوەو بەدواداچوونی رای پێشەوایان دەفەرموێ: جمهوری یاوەران و زۆرینە پێشەوایانی شەرع لەسەر ئەوەن کە جائیزە[13]. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
[2] بوخاری ١٨٥٢ موسلیم ١٣٣٥ نەسائی ٥/١١٨ ئەبو داوود١٨٠٩.
[4] السرخسي المبسوط ٢/١٧٦ الشافعي الام ٢/٢٠ المجموع ٦/٨٦ المغني ٢/٤٧٠.
[5] ئەبو داوود١٦٢٤ ترمذي ٦٧٨ نەسائی ١/١٠٤ ئيبنوماجه ١٧٩٥ شێخی ئەلبانی لە ارواء الغليل ژ٨٥٧ دا دەفەرموێ حەسەنە.
[6] هەمان سەرچاوەکان ئەبو داوود١٦٢٤ ترمذي ٦٧٩ ، ئەحمەد ١/١٠٤، داریمی ١٦٣٦. و ئەلبانیش لە صحیح سنن الترمذي ١/٢٠٧ دا دەفەرموێ حەسەنە.
[7] نَيِلُ الْأَوْطَار یەکبەرگی ٧٧٢.
[8] المدونة ١/٢٨٤ بداية المجتهد ١/٢٣٢ المُحَلّىٰ ٦/٩٥، فقه الزکاة ١/١٦٣ و ١/٤٩٢.
[9] ئەبو داوود١٥٧٣ ترمذي ٦٣١ ئينبو ماجه ١٧٩٢ بەيهیقی ٤/١٠٤ دار قوطبي ١٩٨ ئه لبانيش له الاروا‌ء ٧٨٧ دەفەرموێ صەحيحه.
[10] مصنف عبدالرزاق ٧٠٢٤.
[12] ئیمامی نه‌وه‌وی له المجموع ٦/١٥٧ دا دەفەرموێ ریوایه‌تی ره‌فتاره‌كه‌ی ئیبنوعومه‌ر سه‌حیحه‌و ئیبنوخوزه‌یمه ٤٢١ ئیبنوحیببان ٣٢٩٩ ئه‌بوداوود ١٦١٠ و ئه‌حمه‌د ٢/١٥١ و ١٥٤ و ١٥٥ داریمی ١/٣٩١ و نه‌سائی ٥/٤٥ و مالیك له الموطا ١/٢٨٥ دا هێناویانه‌ته‌وه‌و به‌سەحیحیان ناساندووه.
[13] المجموع ٥/٣٦١ و ١٤/٢٥.